شاخەوان سەنگاوى: سەربەخۆى لە نێوان واقیعەت و خەوندا.
لە دێر زەمانەوە تەماشا هەر کونجێکی ئەم جیهانە بکەین کە مرۆڤى تێدا ژیابێت و بژى، کاتێک حزب تێدا دروست بووبێ، بەو ئامانجە بووە کە هۆکارێک بێت بۆ ئەوەى کێشە ڕەواکانى ئەو ناوچەیە رێکبخات وە چوارچێوەیەکى رێکخراوەیى پێببەخشێت و رزگارى بکات لە خۆرسکى، فرە جەمسەرى. سەرئەنجامى ئەم جۆرە لە خزمەتگوزارى حزب بۆ کۆمەلگاکەى هۆکارێک بووە بۆ دەستەبەرکردنى ئامانجە سیاسیەکانى خۆى و نەتەوەکەى.
بەڵام بە داخەوە لە کوردستاندا بە رۆژگارى ئەمرۆشمانەوە هێندەى حزبکان کاریان کردووە بەو ئامانجەى کە ئامانجە نەتەوایەتیەکان بخاتە خزمەت ئامانجە حزبیەکانى خۆى، بە نیو هێندە بە پێچەوانەوە کارى لە پێناو سەرپێخستنى ئامانجە نەتەوایەتیەکان نەکردووە بەتایبەتى سەربەخۆى کوردستان. هەر ئەمیش هۆکارێک بووە بۆ ئەوەى حزبگەرایەتى لە لاى تاکى کورد بە چەشنە پیرۆزیەک پیرۆز کراوە کە شەن و کەو کردنى دەرئەنجامى کارەکانیان و رەخنە گرتن لێى کفرێکى ئیلاهیە و لێخۆشبونى دەچێتە خانەى مەحاڵ بوونەوە، کە ئەمەش خالێکى سەرەتایە بۆ حزبى کوردى کە پێش نەیەرانى کورد بە چەند هەنگاوێک پێشبرکێ بکەن لە پێناو داماڵینى تاکى کوردى لە ئەرک و مافەکانى بەرامبەر بە خاک و نەتەوەکەى، ئەمیش بە ئامانجى پەیوەستکردنێتى بە چوارچێوەیەکى تەسکى حزبگەرایەتى ڕاهێنان پێکردنیان لە سەر پیرۆزاندنى حزب و سەرکردە پەرستى.
پێش هەموو تاکێک و گروپێک، شەرمەزاریە بۆ حزب و سەرکردایەتى حزبى کوردى لە سەدەى بیست و یەکدا کار لە سەر بنیاتنانى ئەم جۆرە لە پەتایى حزبگەرایەتى بدەن نەک خزمەتگەرایەتى لە کۆمەلگاى کوردیدا چونکە ترسناکى ئەم جۆرە پەتایە کاتێک بدەر دەکەوێت کە دەبێتە هۆى لێکهەڵوەشاندنى هێزى گەورەى گەڵ و پەرتەوازەکردنى بەهرەو تواناکان و بەگژدا دانى ئاراستى جیاوازەکانى فکر لە کۆمەلگادا. ئەمە لە جیاتى یەکخستن و کۆکردنەوەى سەرجەم ئایدیاو تواناکان و ئاراستەکردنیان بە ئاڕاستەى سەنگەرى ڕاستەقینەى دووژمنانى نەتەوەیمان. هەر بۆیە پێویستە لە سەر سەرکردایەتى سیاسى حزبى کوردی تێبگەن لە کوشندەى ئەم پەتایى حزبگەرایەتیە لە کۆمەڵگادا، وە چى دیکە ڕێگە بەخۆیان نەدەن کە ئامانجە نەتەوایەتیەکان بکرێتە قوربانى لەپێناو مانەوە یان دەسکەوتە شەخسیەکان.
چونکە سەربەخۆى خەونى لە مێژینەى هەموو تاکێکى کوردە کە لە ژێر یەک ئالادا و لە چوارچێوەى سنوریکدا کە کوردستان بە سەربەستى بژێت. باشتر وایە لە سەر سەرکردایەتى سیاسى پارتى و یەکتیى ئەگەر سیاستکردنتان بەو ئامانجەیە کە ئەم نەتەوەیە بگەیەنن بە کەنارەکانى ئارامى و بەردەبازێکیش بن بۆ بەدیهێنانى ئاوات لە مێژینەکەى، ئەوا پێویستە تێبگەن لەوەى کە ریفراندۆم یان سەربەخۆى کوردستانى باشور تەنها بۆ لایەنگران و ئەندامانى هەردووپارت نیە ! بەڵکو بۆ سەرجەم دانیشتوانى ئەم هەرێمە بە ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى هەرێمەیشە بە سەرجەم پێکهاتەکانیەوە، کەواتە بە دیوەکەى تردا هەر کەس و لایەنێک ( پارتى یان یەکێتى ) کە بیەوێت سەربەخۆى کوردستان بەدەنگى زولالى ئەو ڕابگەیەنرێت، دەبێت سازش کردن بۆ تاکەکانى نێو ئەم چوار چێوە جوگرافیایەى لەلا شورەیى نەبیت بە بێ ئەوەى خوێندنەوە یان لایەنگرى بۆ هیچ ئاین و نەتەوە و پارت بکەن تا بگەنە ئەو دەروازە قەناعەت پێهێنەرەى کە سەرجەم پێهاتەکان و پارتەکانى باشور لە بنیاتنان و سەرپێخستى ئەم جۆرە هەوڵانە بەشداربن، بە ئامانجى دابەشکردنى ماف و ئەرک و بەرپرسیارێتیە چاوەڕوانکراوەکان کە لە دەرئەنجامى وەها هەوڵێکەوە کە دێتە ڕێمان . بۆیە ریفراندۆم و سەربەخۆى کوردستان پێویستى بە کەسایەتى و حزبى سۆپەرمان نیە! بە ڵکو پێویستى بە بەرنامە و ئەقلیەتێکى سۆپەرمانى هەیە تا دەرگای واقیعەت لە سەر سەربەخۆى کوردستان واڵابکات.