بورهان شێخ ڕەئوف: عێراق دواى 14 ساڵ بەرەو کوێ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێستا لە پاش 14 ساڵ لە پرۆسەى ئازادى عێراق کە هەر ئێمەى کورد بە ئازادى ناوى دەبەین ئەگینا ئەمریکیەکان خۆیشیان بە یاسا خۆیان بە داگیرکەرى عێراق ناساندو ئەوە عەرەب بە هەردوو باڵى شیعەو سوونەوە ئەو پرۆسە بە داگیرکردنى عێراق و کەوتنى بەغداد ناودەبەن، بەهەرحاڵ ئەگەر ئاوڕێک بۆ دواوە بدەینەوە بزانین چ باسە دواى ئەو ساڵانە لە حوکمڕانى نوێ.
عەهدى بائیدو حوکمى دکتاتۆرى بەعس و شەڕە بەردەوامەکانى سەرۆکى فەرماندە سەدام حسین، چى بە سەر کوردو شیعەو هەموو نەیارەکانى داهێنا، هەمووى بە سەر خۆیدا هاتەوە بە زیادیشەوە و گەلى عێراقیش لە دواى ئەو پرۆسەیە بە هیواى ژیانێکى نوێ و ئازادى و دیموکراسى و مافى مرۆڤ و حکومەتى دامەزراوە و خۆشگوزەرانى لە سایەى دەستوورى نوێ و ڕاپرسى و هەڵبژاردن لە بارودۆخێکى زۆر پڕ مەترسیدا شانى دایە بەر. بەڵام ئەوانە هەموو بوون بە بڵقى سەر ئاوو وڵات نوقمى شەڕو خوێن و بێخزمەتگوزارى و لە سایەى پارت و لایەنى ئایینى و تائیفى و گەڕانەوە بۆ دواوە.
ئێستا ئەوەى مەبەستمە لە کۆتایى ئەم باسەدا بیخەمە ڕوو بۆ خوێنەرانى خۆشەویست هەندێ ئامارە کە ماڵپەڕى (العربى الجدید ) دەستى کەوتووە لە هەندێ وەزارات و دامو دەزگاى حکومەتى عێراق و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى و کۆمیتەى ئاسایش و بەرگرى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە سەر ڕووداوەکانى عێراق لە 14 ساڵى ڕابردوودا کە بەڵگەن لە سەر شکستى ئەو فۆرم و میکانیزمەى کە عێراقى پێ بەڕیوەبراوە لە لایەن کابینەکانى حکومەتى بنکە فراوانى تائیفى لە عێراقدا و ئاکامەکەى ئەو بنبەست و قەیران و ئاژاوەو ماڵوێرانییە کە هەموو پێکهاتەکانى عێراقى پێوە دەتلێتەوە:

ئامارەکان
430 هەزار کوژراو لە ساڵى 2003 تاوەکو سەرەتاى 2017 هەروەها 620 هەزار بریندار کە 30لە سەد ى ئەمانە توشى کەمئەندامى هەمیشەیى بوون ،58 هەزار ونبوو بێسەرو شوێن کە چارەنووسیان دیارنیە تائێستا ،271هەزار زیندانى کە لە نێویاندا تا ئێستا 187 هەزار ئیحالەى دادگا نەکراون . 3.4 ملیۆن عێراقى کۆچیان کردووە لە 64 وڵاتى عەرەبى و بێگانە نیشتەجێن . 4.1 ملیۆن ئاوارەى ناوخۆ لە ناو عێراقدا کە زۆریان لە سەربازگە کۆنەکاندا نیشتەجێن لە پارێزگا جیاوازەکانى عێراقدا ، 5.6 ملیۆن هەتیو لە عێراقدا هەیە کە تەمەنیان لە یەک مانگەوە تا 17 ساڵە ، هەروەها 1 ملیۆن بێوەژن کەتەمەنیان لە 14 ساڵەوە تا 52 ساڵە ، هەروەهل 6 ملیۆن کەس نەخوێندەوارن ، لە سەدا 31 خەڵکى عێراق بێکارن ، هەروەها لە سەدا 35 خەڵکى عێراق لە ژێر هێڵى هەژاریەوەن کە داهاتی ڕۆژانەیان لە 5 دۆلار کەمترە . هەروەها لە سەدا 6 خەڵکى عێراق هۆگرى تلیاک و مادەى هۆشبەر بووە کە ئەمە ڕادەیەکى ترسناکە کە پێشتر نەبووە لە عێراقدا ،هەروەها لە سەدا 9 مناڵ کاریان پێدەکرێت کە لە 15 ساڵ کەمترن . کەرتى تەندروستى لە خرابترین دۆخدایە هەر هەزار نەخۆش یەک سیسەمى بەردەکەوێت نەخۆشى شێرپەنجە بە ڕێژەیەکى زۆر بڵاوە جگە لە نەخۆشى شەلەلى مناڵ چەندین پەتاو دەردى تر . هەروەها کەرتى پیشەسازیش لە دۆخێکى خراپتردایە 13328 کارگەو دامەزراوە لە کارکەوتوون و بەرهەمیان نیە بە هۆى بارودۆخە شەڕەولە سەدا 75 ى موادى خۆراکى لە دەرەوە هاوردەدەکرێت هەروەها لە سەدا 91 مەوادى بیناسازى لە دەرەوە هاوردە دەکرێت ،کەرتى کشتوکاڵیش پاشەکشەى کردووە لە 2002 بەشى پێویستىناوخۆ بەرهەمى هەبووە ئێستا ڕووبەرى زەوى بە پیت لە 48 ملیۆن دۆنمەوە دابەزیووە بۆ 12 ملیۆن دۆنم .کەرتى نیشتەجێ بوونیش لە ئاستى پێویستدا نیە و عێراق پێویستى بە 2.6 ملیۆن یەکەى نیشتەجێبوون هەیە.
کەرتى پەروەردەش لە ئێستادا 14658 قوتابخانەى سەرەتایى و ناوەندى و ئامادەیى هەیە کە 9 هەزاریان زیانى بەرکەوتووەو 800 قوتابخانە بە قوڕ دروستکراوە و کە وەزارەتى پەروەردە دەڵێت ئێستا پێویستمان بە 11 هەزار قوتابخانەى تر هەیە .لە ڕووى دارییەوە باس لە زیاتر 124 ملیلر قەرز دەکرێت .باسى بە فیڕۆدانى 450 ملیار دۆلار دەکەن، هەروەها باس لە بوونى 371 حزب و قەوارەى سیاسى بە گوێرەى ئامارى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکتنى عێراق و 11670 ڕێکخراوى کۆمەڵگەى مەدەنى و 980 هەزار سەربازو هێزى ئەمنىو 126 کۆمپانیاى ئاسایشى ناوخۆیى و بیانى و 73 میلیشیا ى چەکدارو کە 117 هەزار چەکدارن .
.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت