دیار عومەر کاکە: ئایا هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوك، سیاسەتێکی نوێی ئیدارەی تازەی ئەمریکایە؟
ئاشکرایە لە ڕابردودا بەرپرسانی کورد هیچ هەنگاوێكیان نەناوە بەبێ ڕەزامەندی ئەمریکا. پاش ئازادکردنی کەرکوك لە 2003 بەرپرسانی کورد نەیانتوانی ئاڵای کوردستان لەسەر پارێزگاکە بەرزەوە بکەنەوە، بگرە ئەمریکیەکان ڕازی نابون بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگا حیزبیە کوردیەکان لەو شارەدا و، چەند جارێك پێیانیان داگرتن. هەروەها پاش گرتنی موسڵ لەلایەن داعشەوە لە 2014 بوارێکی زۆر گونجاوتر لە ئێستا هەبو بۆ بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لە کەرکوك، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردودا بەرپرسانی کوردستان و پارێزگاری کەرکوك جورئەتیان نەکرد ئەو ئاڵایە بەرزەوە بکەنەوە لە کەرکوك. لە ساڵی ڕابردودا لە چاوپێکەوتنێکی پاریزگاری کەرکوك لەگەڵ کەناڵی ڕوداو بە ئاشکرا بێ ئومیدی خۆی نیشاندا لە گەڕانەوەی کەرکوك بۆ سەر کوردستان و داوای بەهەرێمکردنی کەرکوکی کرد. هەروەها خۆی سەردانی زانکۆی کەرکوکی کرد بۆ داگرتنی ئاڵای کوردستان لەسەر زانکۆی کەرکوك، پاش هەڵکردنی لەلایەن فێرخوازە کوردەکان بەبۆنەی ڕۆژی ئاڵاوە.
بەڵام لە ئێستادا پارێزگاری کەرکوك بڕیاری بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستانی دا لەسەر بینای پارێزگاکە، دیارە ئەمە دوای گەڕانەوەی پاریزگاری کەرکوک دێت لە ئەمریکا و جاوپێکەوتنی بە چەند بەرپرسێکی ئیدارەی ئەمریکا. هەر ئەم ئەگەرەشە دەکرێت بوترێت پارێزگاری کەرکوك و بەرپرسانی کوردستان، ڕەزامەندیان لەئەمریکا وەرگرتبێت. هەروەها لە ئێستادا ئیدارەی ئەمریکا بێدەنگە لەسەر بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لە کەرکوك، ئەمریکا بێدەنگە لەسەر ئەو هەموو ناڕەزایەتی و هەڵایەی عەرەب و تورك! ئایا ئەم بێدەنگ بونە بریتی نیە لە ڕەزامەندی ئەمریکا و تەعبیر ناکات لە سیاسەتی نوێی تڕەمپ و کۆماریەكان لەسەر کەرکوك و کوردستان و ناوچەکە بەگشتی؟
بەڵام لەلایەکی ترەوە ئایە ئەمە تەنها بەنجێك نیە هاوشێوەی بەنجی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی لە کاتی نەورۆزدا؟ ئایا ئەمە یاریکردن نیە بە سۆزی نەتەوەیی هاوڵاتیان وەك نیشاندانی دەستکەوتی پاریزگاری کەرکوك و ئیدارەی کەرکوك و دەسەڵاتدارانی کوردستان، ئەمەش بەهۆی نزیکبونەوە لە هەڵبژاردن، ئاشکرایە لە دو ساڵی رابردودا پارێزگاری کەرکوك و ئیدارەی کەرکوك و حیزبە دەسەڵاتدارە کوردیەکان ڕووی زۆرترین رەخنە بونەوە لەلایەن هاوڵاتیانی شارەکە. بگرە متمانەی هاوڵاتیان زۆر لاواز بوو بە حیزبە کردستانیەکان و ئیدارەی کەرکوك، بەتایبەتی پاش هاتنی داعش بۆ ناو شارەکە و نەمانی هێزە کوردستانیەکان و بەرگریکردنی هاوڵاتیانی شارەکە، هەروەها بەهۆی لاوازی خزمەتگوزاریەکان و بێ پلانی ئیدارەی شارەکە و تەخشان و پەخشانی زەوی شارەکە و زۆر هۆکاری تر.
ئایا ئەمە تەنها هەڵکردنی ئاڵایەك نیەو هیچ پەیوەندی بە گەڕاندنەوەی ئەو شارە نیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان؟. لەبەر ئەوەی ئاشکرایە ئەوەی سەردانی ئەم شارە بکات هیچ هەنگاوێک نابینێت بۆ بەکوردستانیبونی کەرکوك، پرۆسەی تەعریب بەردەوامە لە فەرمانگەکانی شارەکە، بگرە ڕێژەی دانیشتوانی عەرەب لە ئێستادا زۆر زیادی کردووە.
لە لایەکی ترەوە، ئایە دەسەڵاتی کوردستان ئەم هەڵکردنی ئاڵایە وەك دەستکەوت بەکار ناهێنن؟ ئەوەش بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو هەموو شکستەی دوو ساڵی ڕابردو کە بەسەر خەڵکی کوردستانیان هێنایان. دیارە دەسەڵاتدارانی کورددستان هیچ دەسکەوتێکیان نیە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارە کە چەند مانگێکی ماوە، هەر بۆیە ناچارن یاری بکەن لەسەر راکێشانی سۆزی نەتەوەیی هاوڵاتیان.