عیماد عه‌لی: هه‌ولێر و سلێمانی و كه‌ركوك و دهۆك و هه‌ڵه‌بجه و گه‌رمیان و گه‌رمه‌سێر و پشده‌ر و بتوێن به‌یه‌كه‌وه جوانن.
به‌داخه‌وه له‌م سه‌رده‌مه زۆر تاڵه‌دا گه‌لی كوردستان و خه‌مخۆرانی میله‌ت خه‌مێكی زۆر زه‌قی تریشیان هاتۆته سه‌رخه‌مه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی تر. دیارده‌یه‌ك كه ماوه‌یه‌كی دوورودرێژه تا راده‌یه‌كی باش بنبركرابوو یان به‌ره‌و بنبربوون ده‌چو؛ ئه‌ویش شارچێتی به‌شێوه‌یه‌ك، كه ته‌نها شاره‌كه‌ی خۆت به شار بزاینت ئه‌ویتر به هه‌موو شێوه‌یه‌ك له هه‌موو بواره‌كاندا ره‌تبكه‌یته‌وه، به ته‌نها به شانوباڵی شاره‌كه‌ی خۆتدا هه‌ڵبێیت و ئه‌ویتریش زۆرجار ته‌نانه‌ت نه‌ك رهخنهئاژنی بكه‌یت به‌ڵكو به نه‌شیاو باسی بكه‌یت.
كه گوێت له‌م جۆره لێدوانانه ده‌بێت وئه‌م ره‌فتارانه ده‌بینیت، ئه‌وه‌ی بۆ یه‌كه‌مجار به خه‌یاڵی خۆت و دڵسۆزانی گه‌لدا دێت ئه‌وه‌یه، له‌وانه‌یه ئه‌م دیارده‌یه‌ش وه‌كو ئه‌وانیتر به مه‌به‌ست و له پشته‌وه ململانێی سیاسی و ده‌سڵاتداران و كه‌سه دهسترۆیشتوهكانی نێو حزبه‌كان له دوایه‌وه بێت و بۆ مه‌به‌ستی سیاسی له‌م كاته‌دا به‌كاری دێنن و وه‌ك ئامرازێكی قێزه‌ون له ململانێی حزبی و شه‌خسیدا بكاری دێنن. ئه‌گینا بۆچی له‌م كاته‌دا زه‌ق بۆته‌وه، كه ناكۆكی سیاسی له نێوان لایه‌نه‌كان زۆربۆته‌وه.
ئه‌مه چ بێ مۆراڵیهكه كه له خودی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆتدا ببیت به هۆكاری ناكۆكی و جیاوازی و دژایه‌تی یه‌كتر و فاكته‌ری جیاكاری زیاتر بخه‌یته سه‌ر ئه‌وانیتر.
ئه‌مه چ بێ مروهتیهكه كه تۆ هه‌وڵی ته‌بایی و یه‌كریزی نه‌ده‌یت، كه‌چی به رۆژی روناك و به زه‌قی هه‌وڵی ئه‌وه بده‌یت ده‌لاقه له نێو كۆمه‌ڵگادا دروست بكه‌یت و جیاوازی و ناكۆكیه‌كان فراوانتر بكه‌یته‌وه.
ئه‌مه چ بێ ئاكاریهكه كه دوژمنان هه‌وڵی ته‌فروتونا كردنت بده‌ن و تۆش یارمه‌تیده‌ریان بیت به‌و شێوه بیر‌و بۆچون و ره‌فتار و ههڵوێستانهت.
ئه‌مه چ بێ ئه‌خلاقیه‌كه كه له سه‌روی ململانێ هه‌مه‌جۆره سیاسیه‌كان هۆكارێكی لابه‌لای زیاتر بخه‌یته سه‌ر خه‌رمانی كه‌ڵه‌كه‌بووی ئه‌وانیتر بۆ زیاتر ململانێ و دوور كه‌وتنه‌وه له یه‌كتری و دوور خستنه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت لێكتێگه‌یشتنی سیاسیش، كه له پێویستیه تایبه‌تیه‌كانی ئه‌مرۆیه.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه، كه خه‌ڵكه به‌ناو بژارده و نوخبه‌كه رۆڵی سه‌لبی زیاتر له‌م كاره بێفهرهدا ده‌بینن و، هه‌وڵ ده‌ده‌ن میله‌ت به‌گشتی بۆ نێو ئه‌م به‌زمه په‌لكێش بكه‌ن و، ده‌یانه‌وێت وه‌زعی گشتی میله‌ت به ئاقارێكدا به‌رن كه ئه‌گه‌ر به مه‌به‌ست بێت یان نا، به راسته‌وخۆ بێت یان ناراستوخۆ، كه زیاتر گیرۆده‌ی خۆخۆری و دژایه‌تی و ملشكاندنی بكه‌نه‌وه و ئاسانكاری بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی دوژمنان بكه‌ن.
ئه‌م ره‌فتاره نه‌شاز و زۆر سلبیه له كاتێكدایه كه وه‌زعی سیاسی كوردستان پێویستی به لێكنزیكبونه‌وه و لیكتێشگهیشتن و سازش كردنه له‌گه‌ڵ یه‌كتردا نه‌ك دوور كه‌وتنه‌وه و ركابه‌ری نابه‌جێ و ململانێی نادروستی دوور له كێبركێی زانستیانه‌ی جوان كه خه‌ڵك به‌ره‌و پێشه‌وه ببات نه‌ك دوایبخات.
ئه‌مرۆ له قۆناغێكی سیاسی هه‌ستیاری پر له جه‌نجاڵیدا ده‌ژین، كه پێوستمان به بیری قووڵ و ره‌فتاری جوان و پر له به‌رپرسیارێتی هه‌یه نه‌ك رقه‌به‌رایه‌تی به هۆكارێكی روكه‌شانه‌ی مه‌یلی خودپه‌رستانه‌ی بێ قازانج.
ئه‌ی چاره‌سه‌ری واقعی دوور له قسه‌كردنی خه‌یاڵی بۆ ئه‌م دیاردهكۆن و تازه‌یه چیه؟ پێویسته خه‌ڵكی به‌رپرسی كۆمه‌ڵگه له‌هه‌موو چین و توێژه‌كان رووی ده‌میان ئاراسته‌ی هه‌موو لایه‌ك بكه‌ن بۆ سه‌ركۆنه كردنی ئه‌م جۆره ئاراسته‌یه له بیر و قسه و هه‌ڵوێست و، له‌سه‌ر میدیا هه‌ست به برپرسیارێتیهكانهوه رایه‌كی گشتی له‌مباره‌وه دروست بكه‌ن و ئه‌م ره‌فتارانه به شێوه‌یه‌كی قێزه‌ون پیشان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خاوه‌نه‌كانیان نه‌وێرن له‌مباره‌وه وشه‌یه‌ك بڵێن.
دیاره كوردستان به گشتی دوورنیه له كێشه‌ی سیاسی و ئابووری گه‌وره، با به هه‌موو لایه‌ك رێگه بگرین له‌م دیارده نامۆیه كۆمه‌ڵایه‌تیه، كه له‌م كاته‌دا به‌تایبه‌تی و له‌م وه‌زعه پر له گیروگفت و له‌م بێ یاسایی و جه‌نگه‌ڵستانه‌دا په‌ره‌بسێنێت. لێكه‌وته سه‌لبیه‌كانی ئه‌وه‌نده گه‌وره ده‌بێت، جگه له دوژمنان هیچ كوردێك قازانجێكی لێناكات و ده‌وروبه‌ر به تاسه‌وه لێی ده‌روانن، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ مه‌به‌ست گه‌لێك به‌كاری بێنن. بۆیه با ئه‌وه زاڵكهین له نێو میله‌تدا كه هاورا بین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه سه‌رجه‌م شاره كوردستانیه‌كان جوانن و، هه‌ر یه‌كه‌و تایبه‌تمه‌ندی و جوانی خۆی هه‌یه و به یه‌كگرتوویی و ته‌بایی كۆمه‌ڵایه‌تیی نێوان خه‌ڵكی سه‌رجه‌م شاره‌كانی كوردستان به‌تایبه‌تی پێنج پارێزگا خنجیلانه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئامانجه‌كانمان به‌دیدێنین. ئه‌گه‌ر ئێمه لافوگهزافی مرۆڤدۆستی ده‌ده‌ین و له پێناو پێكه‌وه‌ژیان و ئاشته‌وایی هه‌تاهه‌تایی، نه‌ته‌وه و ئاین و مه‌زهه‌ب و هه‌موو جۆره ئایدیۆلۆجیایه‌ك ناكه‌ینه فاكته‌ری جیاكاری و ناكۆكی نێوان گه‌لان، ده‌بێت هاوكۆكی و هاوژینی و ته‌بایی كۆڵه‌كه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پهوهندیهكانی نێوان شاره‌كانی كوردستان بن نه‌ك جیاوازیه‌كان بكه‌ینه هۆكاری له‌یه‌ك دوور كه‌وتنه‌وه.