لوقمان مستەفا ساڵح: قەیرانی متمانە.
بە بڕوای شارەزایان، لەدەستدانی متمانە بە گشتی و لە دەستدانی متمانەی سیاسی بە شێوەیەکی تایبەتی، هەر بەسرووشتی خۆی زۆر خێراتر لە دەست دەچێت، بەڵام بۆ بەدەستهێنانەوەی كاتێكی زۆرتریی پێویستە تا دەبیتەوە جێی بڕواو متمانە.
هەر بۆیە کاتێک خەڵکی متمانەی بە حیزبە سیاسیەکان و کەسایەتیە سیاسیەکان و دەسەڵاتی سیاسی و حکومەت نامێنێت هەر لە خۆڕا نیە.! لەبەر ئەوەی پێیان وایە پارتە سیاسیەکان و کەسایاتی سیاسی و دەسەڵاتی سیاسی، ئەوەندەی بۆ بەرژەوەندی خۆیان هەوڵدەدەن و کاردەکەن ئەوەندە بۆ بەرژەوەندی و خۆشگوزەرانی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان هەوڵ نادەن، ئەوەندەی حیزبە سیاسیەکان خەریکی ناشیرنکردنی سیاسەت و خراپ بە کارھێنانی سیاسەتن، تا کار گەیشتۆتە ئەوەی بەشێوەیەک ژینگەی سیاسیان شێواندووەبە جۆرێک زانستی سیاسیان شەرمەزارکردووە.
هەر بۆیە بەشێک لە چاودێرانی سیاسی و پسپۆرانی ئەوبوارە پێیان وایە سیاسەتکردن لە هەرێمی کوردستان، هیچ خەسڵەتێکی زانستی سیاسی تیانابینن، بۆیە دەرهاویشتەکانی کێشەی جۆراوجۆری لێدەکەوێتەوە.
هەرچی خەڵکە گشتیەکەشە پێیان وایە سیاسەتکردن بەوشێوەیەی کە ئێستا دەگوزەرێت تەنها ئاو لەژێرپێ کردنە و درۆیەکی شاخدارە، ئامانجەکەی قازانجێکی بازرگانیەوهیچی تر، ئاخر کە دەبینن هێزە سیاسیەکان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا چۆن گاڵتە بە هەستیان دەکرێت، کاتێک بەڵێن بە خەڵکی دەدەن و پاشان لێی پەشیمان دەبنەوەو ھیچ ئەنجامێکی نابینن ئیدی چۆن متمانەیان بە دەسەڵاتی سیاسی دەمێنێت.!
ئی خۆ لە سیاسەتیشدا، ئەگەر رەوشت وەک پێویست نەبوو، ئیتر دەسەڵاتداران بە ئارەزوی خۆیان بەڵێن دەدەن و جێبەجێی ناکەن. دەشبێت بزانین کە بۆچی ڕەوشتی سیاسی پێویستیەکی حەتمیە و دەبێت ئەخلاق وەک ھۆکارێک سەیربکەین، چونکە ئەگەر رەوشت لەهەرکایەیەکی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و… هتد، ھەبوو، ئەوا دەسەڵاتداران بەڵێنێک نادەن کە جێبەجێی نەکەن. ئەوکات خەڵکیش لەگەڵ یەکتردا زیاتر راستگۆدەبن و ئەو کاتەش متمانە بە یەکترو بەو دەسەڵاتەش زیاتر دەبێت. لە هەلومەرجێکی واهەستیاری ئەمڕۆی کوردستاندا پێویستمان بە نوێکردنەوەی میکانیزمەکانی پەیوەندی نێوان دەسەڵات و خەڵک هەیە بەسەرجەم دەسەڵاتەکانی پەرلەمان و حکومەت و بە دەزگای دادوەریشەوە، بۆ دووبارە دروستکردنەوەی متمانە، ئەرکی پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگاو و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و سەروەری یاسا و دابینکردنی پێداویستییەکانی گوزەرانی خەڵک دەکەوێتە ئەستۆی ئەوحکومەتەی کە دەسەڵاتی سیای درووستی کردووە، لە هەمان کاتیشدا پاراستنی ئاسایشی گشتی ئەرکێکی کۆمەڵگاییەو بەرپرسیارێتی گشتی خەڵکە. فراوان بوونی ئازادی سیاسی و دیموراسی لە کۆمەڵدا و فراوان کردنی سەرجەم وبوارەکانی ئازادی ڕادەڕبڕین بە شێوازی جۆراوجۆری دیموکراسیانە، ئەو زەمینەیە و ئەو پێداویستییانە دەخوڵقێنن بۆ ئەوەی دەسەڵات ئەرکی خۆی بەئەنجام بگەیەنێ و بیسەلمێنێ کە جێی بڕواو متمانەیانە.
کاتێک متمانە لە نێوان هاوڵاتی و دەسەڵاتدا دێتەکایەوە کە دەسەڵات لە ڕێگای دامودەزگاکانییەوە لە هەوڵی ئەوەدابێت باشترین خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان پێشکەش بکات و خواست و ئاوات و پێویستییەکانیان دابین بکات و هاوڵاتی هەست بەجیاوازی و نادادپەروەری نەکات و مافی هاوڵاتیبوونی پارێزاراو بێت و دەنگی بیستراوبێت و مافی ڕادەربڕین و دەنگدانی بە ئازادی و بەبێ ترس و هەڕەشە و نانبڕینی نەبێت.
ئەوەی دەبێتە مایهی لەدەستدانی متمانەی هاوڵاتی بە دەسەڵاتی سیاسی ئەوەیە، کاتێک بەرپرسان و سیاسەتمەداران بەڵێن و پەیمان دەدەن و دووبارە و دەبارەی دەکەنەوە بە بێ هێنانەدی بەڵێنەکانیان. بۆ نموونە باس لە ئازادی ڕادەربڕین و هەڵبژاردنی ئازاد و سەروەری یاسا و عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەکەن و پەیمان بە هاوڵاتیان دەدەن کە دیموکراسی پەیڕەو بکەن، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیعدا ئەو بەڵێنانە بوونی نییە و هاوڵاتی هەست بەوە دەکات ئەو بەڵینانە تەنیا خوڵکردنەچاو زیاتر هیچیتر نییە، کە دەبینرێت دەزگاکانی حکومەت و میدیا و داهاتی نیشتمانی لەلایەن حیزبەوە قۆرخ دەکرێت و خزمخزمێنە و تەزکییەی حیزب دەخرێتە پێش توانا و لێهاتووییەوە بۆ دامەزراندن لە دەزگا فەرمییەکاندا، ئەوا بێگوومان دەسەڵات متمانەی خۆی لەدەست دەدات و هاوڵاتیش بیرلەڕێگا چارەی دیکە دەکاتەوە کە مافێکی سروشتی خۆیەتی.
دەسەڵات کاتێک دەتوانێت متمانەی هاوڵاتیان بەدەست بێنێت کە وەڵام بە داواکاری و دەنگی ناڕەزایەتییان بداتەوە و بەکردەوە نەک تەنیا بە بەڵێن و وتاری بریقەدار و رازاندنەوەی مانشێتی رۆژنامەکان.
هاوڵاتی کە متمانەی بەدەسەڵاتی سیاسی نەما، ئامادە نابێت گوێ رایەڵی فەرمان و داواکارییەکانی دەسەڵات بێت، لە بری هاوکاریکردن زۆر جار پەنا دەباتە بهر سەرپێچکردن و ناڕەزایەتی دەربڕین، بە ڕهخنەگرتن و میتینگ و خۆپیشاندان. بۆیە دەتوانین بڵێین متمانەی هاوڵاتییان بە دەسەڵات شەرعییەتدانە بەو دەسەڵاتە، بە پێچەوانەشەوە کاتێک هاوڵاتییان متمانەیان بە دەسەڵات نامێنێت، ئەو دەسەڵات لە لایەن هاوڵاتییانەوە بە دەسەڵاتێکی سەپێنراو و ناشەرعی دیکتاتۆر دەناسرێتەوە.
نەهێشتنی قەیرانی متمانەی خەڵک بە دەسەڵات و حزبە سیاسییەکانەوە، دەبێ لە ڕێگای بایەخدانی حزبی سیاسی بەو بەرنامەیەی کە لە هەڵبژاردندا ڕایدەگەیەنێ، و کارکردنی نوێنەرانی لە پەرلەمان و دامەزراوە هەڵبژێردراوەکاندا لە سەر ڕۆشنایی ئەو بەرنامەیەوە بێت.
شایەنی ئاماژە پێکردنە متمانە لە نێوان هاوڵاتیان و دەسەڵاتی سیاسی لایەنێکی گرنگی سەرمایەی کۆمەڵایەتییە لە پاڵ بەها و مۆڕاڵ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، کە کاریگەری هەیە لەسەر گرێدانی پەیوەندی نێوان تاکەکانی کۆمەڵدا.
بۆیە پێویستە دەسەڵاتی سیاسی بایەخ و گرنگی تەواو بدات بە سەرمایەی کۆمەڵایەتی وەک سەرمایە جۆراوجۆرەکانی تری وڵات. لانی کەم بۆ ئەوەی ڕووی بێت بۆ جارێکیتر بتوانێ داوی دەنگیان لێبکات و ببێتەوە جێی متمانەو گرنگی پێدانیان.
پێویسته ههوڵی ئهوه بدرێت دیالۆگی راستەقینە دروست بێت له نێوان حکومهت و جهماوهر له رێگهی دهسهڵاتی پهرلهمانهوه که زوبان حاڵی چین وتوێژهکانی ئهو خهڵکهن، ههڵبهته ئهمه رێگهی دهربڕینێکی شارستانی و دروسته له بری توند و تیژیی، کە بێشک توندوتیژی بهر له ههموو شتێک ماڵ وێرانیی بهدواوهیه.
بۆ نەهێشتنی و بنەبڕکردنی قەیرانی متمانەی نێوان خەڵک و دەسەڵاتی سیاسی نۆژەن کردنەوەی پردی پەیوەندی نێوانیان، بەر لەهەر شتێک داوای لێبوردن لە کۆمەڵانی خەڵک بکرێت، داننان بەهەڵەو کەموکوڕی و کارە دزێوو نەشیاوەکانیان، کەچۆن بونەتە هۆکاری داخستنی دەرگای پەڕلەمانی کوردستان و بڕینی قوتی خەڵک، هەروەها بوونی شەفافیەت لە سێکتەرە ئابوری و داراییەکاندا، بەتایبەت کۆمپانیا نەوتیەکان و ژێرخانە ئابوریەکانی تری ووڵات، ڕێزگرتن لەیاساو سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی نەک بە پێچەوانەوە دەستێوەردان و تێکدان و… هتد.
- Latest Posts by لوقمان مستەفا سالح
لوقمان مستەفا: ھەسەدە نەبنەماڵەیە و نە میرنشین.
-لوقمان مستەفا: هەڵبژاردن تەنھا ڕێگایە بۆ گۆڕانکاری.
-لوقمان مستەفا: لە پشتی یاساوە لە کەرکوک چی دەگوزەرێ!
- All Posts