Newshirwan-Barzani

کامەران وریا قانع: عینادى پارتى و عینادى گۆڕان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئه‌وه‌ى یه‌كیه‌تى ده‌یڵێت: ڕاسته،‌ كه‌ كه‌وتۆته‌ نێوان دوو هێزى عیناد و كه‌له‌ ره‌ق. ئه‌وه‌ى گرنگه‌ باسى بكه‌ین ئه‌وه‌یه‌ ئایا كامیان له‌م دوو عیناده‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌بن، كامیان زیاتر به‌رگه‌ ده‌گرن تا كۆتایی له‌سه‌ر هه‌مان هێڵى نه‌گۆڕ ده‌مێنه‌وه‌.
سه‌ره‌تا هێزێكى وه‌كو پارتى له‌ مێژوودا به‌ عینادیى ناسراوه‌، به‌ڵام زۆربه‌ى عینادى ئه‌م هێزه‌ له‌وه‌وە سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌ كه‌ به‌رگریی بێت له‌ هه‌ڵه‌كانى، به‌جۆرێك ده‌یه‌وێت ئه‌و وێنه‌یه‌ پیشانى هێزه‌كانى تر بدات، ئه‌و هه‌رچیه‌كى بوێت ده‌توانێت به‌ ده‌ستى بهێنێت بێگوێدانه‌ هیچ یاسایه‌ك و، هێزه‌كانى ترى گۆره‌پانه‌كه‌. دوا عینادى ئه‌م هێزه‌ به‌رامبه‌ر بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌ ،كه‌ دواى ده‌ركردنى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و ئیفلیجكردنى حكومه‌ت، هه‌موو هه‌وڵێكى پارتى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ژیان و پرۆسه‌ى سیاسى له‌ هه‌رێم به‌ نۆرماڵ پیشان بدات به‌ ده‌ره‌وه‌ى خۆیی. ئه‌م هێزه‌ بۆ پیشاندانى ئاسایی بوونى ژیان جه‌سته‌ى عینادى خۆى به‌ دار و به‌رد ئه‌دات، ئه‌وه‌نده‌ ماندو بووه‌ په‌لامارى هه‌موو پرۆسه‌یه‌ك و هه‌موو دروشمێك ئه‌دات ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ى به‌ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان پیشان بدات كه‌ چه‌ند بێ منته‌ لێی. لێپسراوه‌كانى رۆژانه‌ ئه‌وه‌نده‌ لێدوانى نا لۆجیكى ئه‌ده‌ن كه‌ زیاتر ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ لێدان له‌ ڕه‌وایه‌تى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان. (به‌یعه‌ت دان به‌ سه‌رۆك، ریفراندۆم بێ په‌رله‌مان، نه‌وت فرۆشتن به‌ ئاره‌زوى خۆی، دروست كردنى لیواى پێشمه‌رگه‌ى عه‌ره‌ب، رازانه‌وه‌ى مانگى هه‌نگوینى له‌گه‌ڵ سوڵتانێكى نه‌خۆش و بێ مانا و دژه‌ كوردى وه‌ك ئۆردوگان، شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر نه‌وت و بودجه‌و موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و…هتد)، ئه‌م هه‌موو عینادیه‌كوشندانه‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه‌ پیشانى بدات كه‌ ده‌توانێت به‌ ته‌نها به‌ ناوى كورده‌وه‌ قسه‌ بكات و، به‌ڵام بێئاگا له‌وه‌ى ئه‌م عینادیانه‌ پاشه‌كشه‌ى زۆر گه‌وره‌ى به‌ دواوه‌یه،‌ نموونه‌ زۆرن له‌ مێژوو كه‌ هێزه‌ عیناده‌ ناڕه‌واكان به‌ ته‌سلیم بوون كۆتایان دێت.
له‌ به‌رامبه‌ردا بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان زۆر به‌ هێمنى و عینادێكى گه‌وره‌ به‌رامبه‌رى ڕاوه‌ستاوه‌و داواكارى زۆر ڕوونى هه‌یه‌ كه‌ پێویستى به‌وه‌ نیه‌ ئه‌م هه‌موو هه‌ڵبه‌زو ڕاكردن و خۆ به‌ دارو دیواره‌ بدات. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ به‌ چاوى خۆى ده‌بینێت عینادى پارتى وه‌كو دێوێكى شه‌كه‌ت و ماندوو به‌ هه‌موو لایه‌كدا په‌لامار ئه‌دات، ئه‌میش له‌سه‌رخۆ به‌ حیكمه‌تى پیاوێكى پیر پێی پێده‌كه‌نێ.
گرنگترین جیاوازى ئه‌م دوو عیناده‌ ئه‌وه‌یه‌ عینادى پارتى له‌سه‌ر داواكاریى ناره‌واو و نا یاساى بنیات نراوه‌، عینادى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌سه‌ر داواكاریى ڕه‌واو پشت ئه‌ستور به‌ یاسا بنیات نراوه‌. واته‌ به‌كورتى له‌ مێژوودا به‌مجۆره‌ شه‌ڕه‌ ئه‌ڵین: شه‌ڕیى هه‌ق دژیى نا هه‌ق. یاخو ململانێى نێوان هێزى خێرو هێزى سته‌مكار!. ئه‌وه‌ى پارتى لێى بێئاگایه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ پارتى ناچار كردوه‌ به‌رده‌وام شانۆگه‌رى دروست بكات له‌ گۆره‌پانه‌كه‌، به‌ڵام بێهیچ ئه‌نجامێك، به‌رده‌وام درۆى گه‌وره‌ به‌ پارتى ئه‌كات بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر له‌ حه‌قیقه‌ت به‌ تاڵى بكاته‌وه‌.

پارتى به‌ عینادى خۆیی كاتێك سزاى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانى دا، له‌گه‌ڵیشدا سزاى میلله‌تیشى دا به‌ بارمته‌كردنى داهاتى دارایی خه‌ڵك له‌ قاسه‌كانى حزب و بانكه‌كانى ئۆردوگان، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كى نا راسته‌خۆیه‌ كه‌ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ ده‌نگى هه‌ره‌ راسته‌قینه‌ى جه‌ماوه‌ره‌ له‌م هه‌رێمه‌، كه‌ ره‌نگه‌ له‌ هه‌ڵبژاردانى داهاتوو ئه‌م جووت سزایه‌ بۆ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان گه‌نجینه‌كه‌ى زۆر به‌هادار بێت.

ئامانجى هه‌ره‌ سه‌ره‌كى پارتى له‌ ده‌ركردنى ستافى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ بوو كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتوو ئه‌م هێزه‌ هیچ خه‌ون و مژده‌یه‌كى نه‌مێنێت به‌ خه‌ڵكى بدات، چونكه‌ ده‌یزانى به‌ به‌رده‌وام بوونى ئه‌م ستافه‌ كاریى زۆر گه‌وره‌ ده‌كرا، هه‌م له‌ ڕووى چۆنیه‌تى به‌رێوه‌بردنى هه‌رێمه‌كه‌ هه‌م له‌ڕووى سه‌روه‌رى یاساكان. به‌ڵام ئه‌و به‌ وێرانكردنى هه‌موو ده‌زگاكان حه‌بێكى كاتى ئازارشكێنى هه‌ڵبژارد كه‌ دواتر نه‌خۆشییه‌كه‌ به‌ ته‌واوى جه‌سته‌ى بێهێز ده‌كات، كه‌ ره‌نگه‌ به‌ نه‌شته‌رگه‌ریى زۆر قورسیش له‌ ژێرى ده‌رنه‌چێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت