دوکتۆر حوسەین عەزیز: ده‌نگی خوێن و په‌له‌قاژه‌ی مه‌رگ.
کاژێر (40: 9)ی سه‌رله‌به‌یانیی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی ڕێکه‌وتی (24. 04. 1974) بوو، فڕۆکه مه‌رگچێنه‌کانی ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری (به‌عس)، له‌بریی بارانی پڕسۆزی فه‌ڕ و خۆشیی خوا، بۆمبای (ناپاڵم)یان به‌سه‌ر دانیشتووانی شارۆچکه‌ی بێ پشتوپه‌نای (قه‌ڵادزێ)دا باران!
به‌ڵێ، چه‌ند فڕۆکه‌یه‌کی (باجه‌ر) و (سیخۆی)، شاره‌که‌یان خه‌ڵتانی خوێن کرد. مناڵانی ساوایان، له خهونهچۆلهکهی سه‌وز و سوور ڕاچڵه‌کاند، بۆنی بارووت بڵاوبووه‌وه، هاوار و قیژه‌ی خه‌ڵکی ڕه‌شوڕووت، گوێی ئاسمانی که‌ڕده‌کرد. نێو کۆڵان و سه‌رجاده‌کان سوورهه‌ڵگه‌ڕان، هه‌ر دایکبوو، کۆرپهساواکهی له باوه‌ش گرتبوو، ڕایده‌کرد و ده‌گریا، بۆ که‌نارێکی ئارام ده‌گه‌ڕا و ده‌یه‌ویست، گیانی خۆی و جگه‌رگۆشه‌که‌ی، له ده‌س چه‌قۆی مه‌رگی دێوی داگیرکه‌ر قووتارکا. هه‌ر کوڕوکاڵانی خێرنه‌دیوی کوردبوو، شاریان به‌جێده‌هێشت و به‌ره‌و ده‌شتوده‌ر ڕایانده‌کرد! به‌ڵێ، ڕاکه ڕاکهیهکبوو، که‌س ئاگای له که‌س نه‌مابوو! ئه‌ی هاوار، دیسان خوێنبارانه، کوردقڕانه، دێوه‌زمه‌ی مه‌رگی عه‌ره‌ب، له‌سه‌رده‌می (عومه‌ری کوڕی خه‌تاب)ه‌وه، ده‌سی له بینه‌قاقای ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌م گیرکردووه، نایه‌ڵێ، تاوێ بێوه‌ی بژین!
فڕۆکه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارانی فاشیسته‌کانی پایته‌ختی (به‌غدا)ی خوێن و تاوان، ده‌سی چه‌په‌ڵی خۆیان وه‌شان، شارۆچکه‌که‌یان له خوێندا گه‌وزان، (163) کوردیان شه‌هید و (300) که‌سیشیان بریندارکرد، (23) خانوو، (36) دووکان و (9) فهرمانگهشیان، ژێروژوورکرد و له‌گه‌ڵ زه‌ویدا تهختیانکرد. له‌نێو ئه‌و پۆله شه‌هیده کوردپهروهرانهشدا، چه‌ند خوێندکارێکی زانکۆی (سوله‌یمانیی) تێدابوو، هه‌موویان خاوه‌ن به‌هره و کادێری پێگه‌یشتووی دواڕۆژی ئه‌م نه‌ته‌وه هه‌ژاره بوون، ده‌تگوت، مه‌رگ هه‌ڵیبژاردوون!
ئاخر کاکه (سه‌روه‌ر عه‌لی قادر)ی خۆشنووس به فڵچه‌که‌ی، (سۆران موحه‌ممه‌د سه‌ڵته) به ژێی که‌مانه‌که‌ی، (ئازاد حوسێن) به ده‌نگه خۆشه‌که‌ی، (بورهان عه‌بدوڵڵا شاسوار) به هۆنراوه جوانه‌کانی، (حه‌مه ساڵح سامسام) و (هیوا عه‌بدولغه‌فوور)یش، به بیری تیژ و سه‌رنجی وردیان، مژده‌ی پاشه‌ڕۆژێکی گه‌ش و پرشنگداریان، به ئه‌م نه‌ته‌وه هه‌ژاره ده‌دا، به‌ڵام مه‌رگ مه‌ودای نه‌دان و به خوێنی سووری خۆیان، خاکی (کوردستان)یان پاراوکرد!
ئاخ بۆ ئه‌و زامه سه‌خته! داخ بۆ ئه‌و برینه قووڵه‌ی، عه‌ره‌به چاوڕه‌شه‌کانی برا و هاوئایینمان، له جه‌سته‌ی هه‌لاهه‌لای نه‌ته‌وه‌که‌مانی کرد! تۆ بڵێی، ڕۆژێ بێ، جێگه‌که‌ی ساڕێژبێته‌وه؟!!
با لێره‌دا، قسه‌یه‌ک بۆ دزی ویژدانی داگیرکه‌ریش بکه‌م: ئاخر، له دۆزه‌خی چ نیشتمانێکی داگیرکراودا، له شۆڕشی چ گه‌لێکی ژێرده‌سی چه‌وساوه‌دا، بینراوه و بیسراوه، زانکۆ له شارۆچکه‌یه‌کی چکۆلانه‌ی بێ توانا و بێ پشتوپهنادا بکرێته‌وه؟
گریمان، هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی گه‌ل توانی، ئه‌و نێوچه‌یه ڕزگار بکاو بیپارێزێ، ئه‌ی ئاسمانه‌که‌ی، له هێرشی داڵی فڕۆکه جه‌نگییه‌کانی ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌که، چۆن ده‌پارێزێ؟ ئه‌ز پێم وایه، ئه‌و بڕیاره‌ی سه‌رکردایه‌تی شۆڕشی ئه‌و کاته، گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌بوو، لێخۆشبوونی نییه! چونکه، جگه له ئه‌وه‌ی، پێویست نه‌بوو، زانکۆ بکرێته‌وه، هیچ جۆره ئاماده‌کارییه‌کیشی بۆ نه‌کرابوو، نه‌به‌شی نێوخۆی قوتابیان، نهتهلاری فه‌رمانگه و کارگێڕیی، نههۆڵی خوێندن، نهتاقیگه، نهپهرتووکخانه و نه‌هیچ شتێکی دیکه نه‌بوو، ئیدی زانکۆی چی و خوێندنی چی؟!! بۆچی ئه‌و هه‌موو مامۆستا و خوێندکاره کوردپه‌روه‌رانه، بۆ خوێندن و زانکۆ شاریان چۆڵکردبوو، پێوه‌ندییان به ڕیزه‌کانی شۆڕشه‌وه کردبوو، یا بۆ کوردایه‌تی بوو؟
هه‌ڵبه‌ته، سه‌رکردایه‌تی ئه‌وڕۆی پارته‌کانی (کوردستان)یش، له ئاستی ئه‌و کۆسته گه‌وره‌یه‌دا، زۆر که‌مته‌رخه‌من. چونکه ئه‌و هه‌موو قوربانییه گهورهرانه دراوه، وه‌ک ئه‌وه وایه، ئه‌و شاره نه‌بایان دیبێ و نه‌بۆران! ئه‌ی نه‌ده‌بوو، هه‌وڵێکی دڵسۆزانه‌ی ڕامیاریی و دیپلۆماسیی زۆریان بدایه، بۆمبارانکردنی خه‌ڵکی بێ تاوان و شارێکی له‌خوێن ههڵکێشراویان، له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیی، به جینۆساید بناساندایه؟
گه‌ر سه‌رکرده و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م هه‌رێمه، ئه‌و کاره‌ساته نه‌ته‌وه‌یی و مرۆییه‌یان بیرچووبێته‌وه، ئه‌وا که‌سوکاریی شه‌هیدان، ڕۆڵه به‌ئه‌مه‌ک و دڵسۆزه‌کانی کورد، هه‌رگیز ئه‌و تاوانه‌ی ده‌وڵه‌تی (به‌عس)ی داگیرکه‌ریان بیرناچێته‌وه. بۆیه هه‌ر کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی شارۆچکه‌ی ڕه‌وانشادی (قه‌ڵادزێ) بوون، ڕۆژی (24. 04. 1982)، له یادی ئه‌و بۆمبارانه دڕندانه‌یه‌ی، فڕۆکه‌کانی هێزی ئاسمانیی ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ر کردیان، خۆپیشاندانێکیان سازکرد، دژی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و کاته‌ی (به‌عس)، ناڕه‌زایی و توڕه‌یی خۆیان ده‌ربڕی. هێزه‌کانی سوپای داگیرکه‌ریش، به گوله‌باران وه‌ڵامیاندانه‌وه، جارێکی دیکه‌ش، چه‌ندین بریندار و شه‌هیدی دیکه‌یان دا! له‌به‌رئه‌وه تا ئه‌وڕۆش، هه‌موو ساڵێ، یادی هه‌ردوو ڕه‌شه‌کوژییه‌که‌ی (به‌عس) ده‌که‌نه‌وه!
شتێکی سه‌یر نییه، (102) ساڵی ڕێک له‌مه‌وبه‌ر، ڕۆژی (24. 04. 1915)، هێزه دڕنده‌کانی سوپای ده‌وڵه‌تی فاشیزمی ئیسلامیی توورکه مه‌غۆله‌کانی (عوسمانیی) و (کۆمه‌ڵه‌ی یه‌کگرتن و پێشکه‌وتن)، به ناوی ئایینه‌وه، یه‌ک میلیۆن و نیویان، له گه‌لی (ئه‌رمه‌ن)ی فه‌له کوشت! به‌ڵام ڕۆڵه ئازا و بوێره‌کانی، له ئاستی ئه‌و ڕه‌شه‌کوژیی و تاوانه مه‌زنه‌دا، دۆش دانه‌مان و دهسهوەسان نه‌وه‌ستان، به‌ڵکوو هه‌ر زوو له (ئه‌ورووپا)، هه‌ردوو سه‌رکرده‌ی ئه‌و ڕێکخراوه تێرۆریستییه، تاوانباران (ئه‌نوه‌ر) و (ته‌ڵعه‌ت) پاشایان، به سزای مه‌رگ گه‌یاند و تۆڵه‌یان لێ کردنه‌وه. جگه له ئه‌وه‌ی، تا ئه‌وڕۆش بێده‌نگ نه‌بوون، زۆر به کوڵ و دڵه‌وه، یادی ئه‌و کاره‌ساته نه‌ته‌وه‌ییه‌ی خۆیان ده‌که‌نه‌وه و توورکه داگیرکهرهکانیشیان، له هه‌موو جیهاندا سووک و ڕیسواکردووه، به شیوه‌یه‌کی به‌رده‌وامیش، لهڕیێ که‌ناڵه‌کانی دیپلۆماسییه‌وه هه‌وڵده‌ده‌ن، کێشه‌که‌یان له‌سه‌ر ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی، به جینۆساید بناسێنن. ئه‌ی ئێمه چیمان بۆ بۆمبارانی (قه‌ڵادزێ)، ژاهربارانی (هه‌ڵه‌بجه)، شاڵاوی (ئه‌نفال)ه‌کان و هه‌موو (کوردستان)ی بریندار و له‌خوێن ههڵکێشراومان کردووه؟!!
ئه‌ز وه‌ک کوردێکی نیشتمانپه‌روه‌ر، تا ماوم، بیره‌وه‌ریی ئه‌و ڕۆژه ڕه‌شه‌ی، له خانه‌کانی مێشکمدا هه‌ڵکه‌نراوه، دیمه‌نه سامناکه‌کانی ئه‌و ڕه‌شه‌کوژییه‌ی، له‌نێو گلێنه‌ی چاوه‌کانم دایه، هه‌رگیز وون نابن، مه‌گه‌ر مه‌رگ لهبیرمبهرنهوه، ئه‌گینا به هیچ شێوه‌یه، له یادم ناچن!
ئه‌وڕۆ، (43) ساڵی ڕێک، به‌سه‌ر بۆمبارانی شارۆچکه‌ی (قه‌ڵادزێ)دا تێپه‌ڕده‌بێ، له ئاستی ئه‌و یاده غه‌مگین و کۆسته گه‌وره‌یه‌دا، خه‌م و په‌ژاره‌ی خۆم ده‌رده‌بڕم، به چۆکدا دێم و له یه‌زدانی مه‌زن ده‌پاڕێمه‌وه، گیانی پاکی شه‌هیده‌کانمان، به به‌هه‌شتی به‌رین شادکا!