ئومێد كەریم: مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی پارتی و یەكێتی!.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
لەوە ئەچێ بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی دەردەكەی پارتییان گرتبێ، بەوەی لەسلێمانی هەڵوێستێكیان هەیە، كە لەبازگەی دیگەڵەش ئاودیو ئەبن، رایەكی تر. لەسلێمانی نەخشەرێگا دائەڕێژن، لەنزيك سەیتەرەی پردێ لەژێر كوشنی سایقەكانیاندا ئەیشارنەوە، نەوەكا توشی تەتفیشات بن ئەو مەمنوعاتەیان لێ كەشف بێ و راپێچی ئاسایشی پارتی بكرێن. لە كۆبونەوەی سەركردایەتی یەكێتیدا بڕیار ئەدەن بەبێ پەرلەمان ریفراندۆم سەرناكەوێ، كە ئە گەنە پیرمام، نەغمەی گۆرانییە خەمناكەكانیان ئەگۆڕن، بۆ هەڵپەركێ و ڕەشبەڵەك لەگەڵ پارتی.
حەیفە یەكێتییەك كە سەرقافڵەی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان بێت و، مێژوەكەشی پڕاوپڕ تێكۆشان و داستانی سەروەری بێت و، خەباتی پێشمەرگەكانی شاخ و شارو ئازاری جەستەی سەدان كادیرو ئەندامانی لەزیندانەكانی رژێمی بەعس و، تێكۆشانی سیاسی نزیكەی پەنجا ساڵی خۆی بكاتە قوربانی چوار پێنج ئەندامی روخاوی مەكتەبە سیاسییەكەی كە بەرژەوەندییە تایبەتیەكانیان لەهەولێرە.. ئایا یەكێتی خەباتی بۆ سەرجەم كوردستان بو، یاخود بۆ چوار گەڕەكی ئەو ئەندامانەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە مێژوی یەكێتییان سوكو ریسوا كردوە؟!. لەویش سەیرتر ئەوەیە كە ئەو سەركردانەی یەكێتی پشت لەهاوسەنگەرەكانی خۆیان لەگۆڕان بكەن و، باوەش بكەنەوە بۆ حزبێك كە نیو سەدە زیاتر بەخوێنی سەركردەكانی یەكێتییەوە تینوە، حزبێك كە سەروەرییەكانی كوشتارگەی هەكاری و هێنانی دەبابەكانی بەعس بێ بۆ سەر هەولێرو پەرلەمانە ئەتككراوەكەی میللەتەوە.
لەناو هەمو حزبێكدا هەر ئەندامێك كار لەبەرژوەوندی حزبێكیتر بكات و بەرژەوەندی حزبەكەی خۆی پشتگوی بخات، بەخائین و جاسوس حسێب ئەكرێ، ئەو سەركردانەی یەكێتی كە ئەمڕۆ لەناو حزبەكەی خۆیاندا لەبەرژەوەندی پارتی دا هەڵوێست وەرئەگرن، بەبێ هیچ گومانێك سەركردەی روخاوو خەتمایلن، ئەوەتا پارتی بەشانازییەوە باس لەباڵی خۆیان ئەكەن لەناو سەركردایەتی یەكێتیدا.
پێرێ مورتەزەقەیەكی پارتی كە خودی پارتی باوكیان تیرۆرکردووە، ئامۆژگاری سەرۆكەكەی ئەكا كە لەسەر بستێ زەوی گوندێكیش بێت سەربەخۆیی رابگەیەنێ ئەگەر یەكێتیش نەهاتە پێش با دەریان بكات. ئەمە حەقیقەتی مەعدەنی پارتییەو جۆری بیركردنەوەی سەركردەكانییەتی. جا كێ ئەڵێ دوای راگەیاندنی دەوڵەتەكەشیان یەكێتی و حزبەكانی هاوشێوەی لەهەولێر ماون دەریان ناكەنە دەرەوە. ئەوە نیە راوێژكارێكی سەرۆكەكەیان ئەڵێ ئەوەی سواری شەمەندەفەری سەرۆك نەبێ بەجێ ئەهێڵرێ.
لەمدواییانەدا مۆدیلێكی تازەش پەیدا بوە ئەویش سەرۆكایەتیكردنی مەسعود بارزانییە بۆ كۆبونەوە هاوبەشەكانی یەكێتی و پارتی، ئەمە خۆی لەخۆیدا ئاماژەیە بۆ رازیبونی ئەو چوار پێنج سەركردانەی یەكێتی بە مەرجعیەتكردنی مەسعود بارزانی، ئەگینا كە وەفدەكانی پارتی سكرتێری مەكتەبی سیاسی و جێگرەكەی بارزانی بەشدار بن، چ پێویست بە حزوری مەسعود ئەكات. پارتی یارییەكە بەشارەزایی ئەكات یەكێتییەكانیش بەئاسانی ئەكەونە ناو تەڵەكانیەوە.
تەنانەت ئەو هاشوهوشەی ریفراندۆمو دامەزراندنی دەوڵەتی كوردیش تەڵەیەكە دانراوە بۆ یەكێتی و حزبەكانی تر بۆ ئەوەی لەهەمو دونیا بگەیەنن كەوا مەسعود بارزانی سەركردەو رەمزی میللەتەو، ئەو كاپتنی كەشتیەكەی سەربەخۆییە ئەوانی تریش تەنها نەفەرێكن لەم كەشتیەدا، كارەساتیش لەوەدایە بارزانی كە تا ئێستا هیچ دەسكەوتێكی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ میللەتەكەی وەدەست نەهێناوە ئەم پۆزە بەسەر میللەتە ئەیات، لەخیانەت و سەركوتكردن و كوشت و بڕی نەیارەكانی و كوشتنی رۆژنامەنوس و كپكردنی دەنگی ئازادیخوازان و تێكۆشەرانی پارچەكانیتری كوردستان هیچیتری لەباردا نەبوە، بەیانی گەر ببێتە پاڵەوانی سەربەخۆیی، ئەبێ چ غرورێك خۆیو حزبەكەی بگرێ و چارەنوسی ئەو میللەتە بەچی ئەگات؟.
هەڵبەت زۆر كەس قەناعەتی وایە كەوا ئەم هاشوهوشەی ریفراندۆم و سەربەخۆییش تەنها یارییەكە بۆ خۆسەپاندنی مەسعودو حزبەكەی، منیش هەر لەو قەناعەتەم چونكە ئەگەر بارزانی بەراستیەتی و، ئەیەوێ ئەم دەوڵەتە داهاتووە دامەزرێنێ، ئەدی خێرە لەپێناو دەستكەوتێكی مێژوویی گەورەی وەك دەوڵەتدا ئامادە نیە رازی بێت بە گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمان؟ بۆچی رێگا نادا بەشێوەی قانونی راست و رەوان ئەم كەشتییە بەرێبكەوێ و لەناو میللەتانی دونیادا بەسەربەرزییەوە ئەم هەنگاوە رابگەیەنێ؟. بۆچی لەپێناو ئەو دەوڵەتە چاوەڕوانكراوەدا كە بەسەرۆكایەتی خۆیەتی ئامادە نیە سازشێكی بچوك بۆ بزوتنەوەی گۆڕان بكات و بەكاراكردنەوەی پەرلەمان هەموو حزب و میللەتەكەش بەدوای خۆیبدا و سواری شەمەندەفەرەكەی سەربەخۆییان بكات. یان ئەوەتا قسەكەی هەردو كادیرەكەی پارتی راستن كە هەردوكیان بەراشكاوی وتیان ئەوەی كۆیلەمان نەبێ بابچێتە دەرەوە. چارەنوسی یەكێتیش بێگومان بۆ دەرەوەیە، مەگەر تەنها ئەو چوار پێنج سەركردەیە نەبێ، كە تا ماوەیەك بەبۆنی نەوتە دزراوەكەی میللەتەوە نەشئە ئەیانگرێ و دواتر یا ئەوەتا وەكو باڵە دۆڕاوەكەی حزبی زەحمەتكێشان خۆیان بەدەستەوە ئەدەن و لەدەوروپشتی خوانەكانی بارزانی و پارتەكەیدا چاوەڕوانی پشكێك بن، یاخود ئەوانیش ئاوت بۆ دەرەوەی بازگەی دێگەڵە.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە