بورهان شێخ ڕەئوف: بۆردوومانى پێگەکانى پێشمەرگە و شەڕڤانان.
بەرەبەیانییەکى زووى ڕۆژى سێ شەمە 25/4/ 2017 چەندین سرب لە فڕۆکە جەنگیەکانى تورکیا بنکەو بارەگاکانى پێشمەرگە لە چیاى شەنگال وشەرڤانان لە چیاى قەرەچووغ لە ڕۆژئاواى کوردستانیان کردە ئامانج ئەگەر لە ڕابردوودا بنکەو بارەگاکانى پارتى کرێکارانى کوردستانیان لە قەندیل و شوێنەکانى تر کردبێتە ئامانج بە بیانووى چالاکى و پرۆسیسە چەکدارى و سەربازى و سیاسیەکانى ئەو حزبە لە باکوورى کوردستان ئەوا ئەم ئۆپەراسیۆنە ئاسمانیەى تورکیاى لە 25/ نیسان ماناو مەدلوولى خۆیە هەیە دەکرێت لە سەرى بووەستین.
ئەم بنکەو بارەگانەى کە بەر ئەو هێرشە کەوتن جگە لە وێستگەى کارەبا وەکو ژێرخانى ئابوورى، بنکەکان ئەو بارەگانەن کە لە ڕابردوو ئێستاش بنکەى دواوەوە ى بەرەى شەڕى تیرۆر و داعشن لە کاتێکدا پاساوى تورکیا بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنانە ئەوەیە کە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشى وڵاتەکەیان و دەڵێت کە ئەم ئۆپەراسیۆنە تەرازووى هێزى گۆڕى، بەڵام دەکرێت بڵێین ئەم ئۆپەراسیۆنانە تەرازووى هێز لە گەڵ دەوڵەتى ئیسلامى داعشدا دەگۆڕێت چونکە ئەم پێگەو بنکانە بەرەى جەنگى تیرۆرو داعشن نەک تورکیا.
لەلایەکى ترەوە دەکرێت بپرسین ئەگەر هێزى یەپەژە ى سەر بە پارتى کرێکارانى کوردستان لە چیاى شەنگالن و بۆ بەرگرى لە ئێزدییەکان، خۆ لە ڕۆژئاواى کوردستان هێزیکى ترەو لە سەر خاک و ماڵى خۆیانن ئەوانتان بۆ کردۆتە ئامانج ؟
لە هەمان کاتدا ئەگەر سەرۆکى نوێ ى ئەمریکا دۆناڵد ترامپ لە داوى بەکارهێنانى چەکى کیمیاوى لە خانشیخون لە سوریا یەکسەر هەڵوێستى دەربڕى و 59 ڕۆکیتى ئاڕاستەى بنکە ى هەوایى شعێرات کرد کە کۆمەڵێک مەسج و و مەبەستى خۆى هەبوو بۆ ناوچەکەو جیهانیش ئەوا ئەردۆگانیش بەم ئۆپەراسیۆنە هەواییە بۆ سەر جەنگاوەرانى کورد لە باشوورو ڕۆژئاواى کوردستان کە هاوپەیمانى نزیکى ئەمریکاو دۆستى تاقانەو نزیکى ئەون لە ناوچەکەدا ئەمیش مەسج و بروسکەى خۆى دەنێرێت ، هەوڵدەدەین لە خوارەوە زیاتر تیشکى بخەینەسەر:
پێویستە ئەوەش بخەینە ڕوو کە بنکەو بارەگاکانى شەڕڤانان لە خۆرئاوا زۆر نزیکە لە بارەگاو بنکەى ڕاوێژکارە ئەمریکییەکان
هەرچەندە بڕیارە لە ماوەیەکى نزیکى داهاتوودا ئەردۆگان سەردانى ئەمریکا بکات، وادیارە پێش سەردانەکەى ئەم مەسجانەى ناردووە کە خوازیارە ئەمریکا واز بهێنێت لە کۆمەکى یەکینەکانى پاراستنى گەل و پەیەدە لە سوریا ئەو دۆسیە ڕادەستى ئەو تورکیا بکات و جا ئیتر لە ژێر ناوى ناوچەى ئارام یان هەر ناوێکى تردا بێت لەلایەکى ترەوە خوازیارە کە ئەو پەیوەندى و هاریکارییە سەربازییانەى ئێستا لە مەیدانى شەڕى تیرۆر دا هەیە نەگۆڕێت بۆ بوارى سیاسى وباسى سیستمى فیدراڵى بۆ باکوورى سوریا نەکرێت و پەیەدەش بخرێتە ناو لیستى تیرۆرەوە چونکە باڵى پەکەکە لە سوریا.
لە بەرامبەریشدا ئەردۆگان هەر چەندە پێشتر زۆر جار لە هەڵوێست و بڕیارەکانى پاشگەز بووەتەوە دوورنیە ئەمێستاش جارێکى تر دەستبەردارى هاوکارى کۆمەک گروپە تیرۆریستەکان بێت و بگەڕێتەوە ژێر باڵى ئەمریکا.
لەلایەکى ترەوە نامەیەکە بۆ پەیە دەو پەکەکە کە پێیان دەڵێت ناتوانن بێ ڕەزامەندى تورکیا کۆمەک و پشتیوانى بە دەست بهێنن وئەو کۆمەک و هاوکاریانەى ئەمریکا بۆ ئێوە جگە لە بوارى سەربازى ناچێتە خانەى هەڵسووکەوتى سیاسى و فەرمیەوە جگە لە دیفاکتۆیەکى کاتى گرنگیەکى ئەوتۆى نیە.
لەلایەکى ترەوە بە ڕووسەکان دەڵێت دەتوانم بچمەوە ناو باوەشى ئەمریکا وەکو سەردەمى جەنگى ساردو کۆمەک و یارمەتیەکانى ڕووسیا بۆ شکست بە کودەتاکەى 15 تەمووزى ساڵى ڕابردوو بەس نەبوون بۆ ئەوەى تورکیا ببێتە هاوپەیمانى سیاسى بەڵکو هەر سیکتەرى ئابوورى گرتەوە ، وادیارە بوو ڕق و کینەى هاوبەشیان بۆ ئەوروپا نەیتوانى درێژە بە هاوپەیمانیەکەیان بدات چونکە ڕووسەکان لە سووریا نەیانهێشت لە ناوچەى باب زیاتر تورکیا پێشڕەوى بکات لە کاتێکدا ئەوان تورکیا حەزیان لەوەبوو ڕۆژئاواى کوردستان هەمووى داگیربکەن.
ماوەتەوە بپرسین ئەرێ ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیان کە هێشتا شەڕى داعش تەواو نەبووە بەم شێوە هەڵسووکەوت لە گەڵ کوردا دەکەن کە هاوپەیمان و هاوبەشى سەرەکى بوون لە شەڕى تیرۆر و دەوڵەتى ئیسلامى داعشدا کە لە سەر زمانى خۆیانەوە لە بەرزترین ئاستدا دانیان پیدا ناوە ، ئایا ئێستا ئیتر یارو نەیار هەقیان نیە بپرسن ئەرێ کورد کەرەسە بوو یان هاوبەش لەم جەنگەدا؟