کاوسێن بابەکر: بەڵێ مەلابەختیار دوور خەنەوە!
ئەم هەواڵە لەچەند سایتێکدا دەبینرێ، دیارە لەخۆشیەوە نەهاتووە، گوایە چەند کەسێک لەسەرکردایەتی و میم سینی بەڕێز، ئەم بیرۆکەیەیان بۆ هاتووە! ڕاستیەکەی من هیچ سەرسام نەبووم بەم هەواڵە، چونکە دەمزانی دەبێ ئەم بەڕێزە دوور خرێتەوە بەپێی ئەو سیاسەت و عەقڵیەتەی خەریکە یەکێتی دەخاتە نیو لەپی خۆیەوە.
قسەو کرادارەکانی مەلابەختیارو کەسانی وەک ئەو ئازاری دەدەن و پێیان قەڵس دەبێ، پیلانەکانی بەکۆمپانیاکردنی یەکێتی کە هەر تۆزێکی ماوە لی تێک دەچێ!
مەلابەختیار دوور خەنەوە، ئاخر چۆن دەبێ ئەو پیاوە ڕۆژێک لە دیار بەکر، باسی مافی چارەنوسی کوردان و ئازادکردنی ئۆجەلان دەکات و. جاریکی تر لەکۆنگرەی سۆشیالدێموکراسیەکان و کاتێکی تر لەبەغداو هیچ کۆڕ بەندو بۆنەیەک نییە قسەی خۆی و هەڵوێستی خەمخۆرانەو نیشتمانیانەی ڕەسەنی یەکێتی بەدەنگی بەرز بەیان نەکات.
دووریی خەنەوە ئاخر ئەو پیاوەیە کێشە بۆ نەوتفرۆشەکان دروست دەکات، گڵۆپ لەسەر فەردەپارەکانی ژێر زەمینەکان دادەگیرسێنێ، ئەو پیاوە چەندین کۆپانیاو چاڵەنەوت و سەدان دۆنم زەوی داگیر کردووە، ڕێک وەکو مەسئولەکانی تر!!
ئەو پیاوەیە تەسلیمی سایسەتی نەگۆڕان و نەپارتی نابێ و بەدوای هاوپەیمانیەتیەکی هاوسەنگیدا دەگەڕێ لەگەڵیان،
دووریی خەنەوە، باهیچی کە، هەوڵی ئاشتەوایی نێوان پارتەکان و بەتایبەت پارتی نەدات، ئاخر ئەو کابرایە پێی وایەو سوریشە لەسەر هێنانەوەی پارتی و گۆران بۆ نیو کۆڕی خەباتی پێکەوەیی!
دووری خەنەوە، ئەو بوو نەیهێشت یەکێتی لەڕێچکەی مامی گەورە لابداو پێگەی سیاسی و جەماوەری و هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی لەدەست بدا، لەکاتێکدا جەنابی مام جەلال نەخۆش کەوت و باڵباڵێن و پشێوی سەرجەم یەکێتی گرتەوە، دەستەی کارگێڕ و خودی مەلابەختیار ڕۆڵی باشیان بینی و لەکارکردن نەوەستان، ئەگەر چی لەئاستی پێویستیشدا نەبووبێ!
دووری خەنەوە، ئەوە ئەو کەسەیە کە باڵباڵێن دەکات،
دووری خەنەوە، دوور دوور ئاخر ئەو پیاوە ڕووناکبیرە سەنگەرێکی فکریشی دژی بیری دۆگماو چەقبەستوویی فیکری ئایینی لەکوردستان لێداوە، کە تاقە سەنگەرە لەو شێوازە. نەپلینیۆم ببەستن نەکۆنگرە بگرن نە دامودەزگاکان ڕێکخەنەوە و ئەو بەرپرسە حزب و حکومیانەی خەریکە لەکۆنیان و لە بێدەنگیان لەبیردەچنەوە دەست لێ مەدەن، تەنها ئەو دوورخەنەوە .
لەکۆتاییدا، دۆزیتانەوە بەدوورخستنەوەی ئەو سەرکردەیە ئاو بەئاگردا دەکەن و ئیدی یەکێتی دەچێتەوە سەر سکەی خۆی!