فەرمان ناشاد & ئیبراهیم عەباس: ڕازێک لە حەوتەمین ساڵیادی شەهید سەردەشت عوسماندا.
گەیشتن بە گڵکۆی شەهیدی هەمیشە زیندوو سەردەشت عوسمان، لەماڵەکانمان و لەناو شاری هەولێرەوە بۆ گوندی گردعازبان، کەمتر لە نیو کاتژمێر دوورە، چونکە سەردەشت لە گۆڕستانەکانی ناوشاری هەولێر بەخاک نەسپێدراوە، ئەگەرچی نەمان پرسی هۆی چی بوو ماڵباتی ئەو شەهیدە سەربەرزە لە شاری هەولێر بەخاكیان نەسپاردووە، لە کاتێکدا هەزاران گەنج و خەڵکی ئازادیخواز حەزدەکەن سەردانی ئارامگەکەی بکەن، بەڵام هیچ بەدووری نازانین بەشێکی پەیوەست بێت بەو شاربەدەرکردنەی بە گۆڕی دڵداری شاعیر کردیان.
ئاخر دڵداری خاوەنی ئەی رەقیب، کە لەهەر چوار پارچەی کوردستان، سرودی نەتەوەیی کوردە، لەلایەن هەمان ئەو دەستانەی سەردەشت عوسمانیان تیرۆرکرد، بۆ پڕۆژەیەکی بازرگانی قەبری دڵداریان لە هەولێر شار بەدەرکرد و بۆ شاری کۆییەیان ناردەوە، ئەم چیرۆکە بۆ کاتێکی تر هەڵدەگرین، تەنها ئەوەندە دەڵێین، کەسوکاری شەهیدی هەمیشە زیندوو سەردەشت عوسمان بەهەر هۆکارێکەوە بێت، کارێکی باشیان کرد کە سەردەشتیان بردەوە گوندەگەی خۆیان، ئارام لە باوەشی ئەو گوندە جوانەی دەشتی شەمامک بخەوێت، چونکە هیچ بەدوور نەدەزانرا، هەر وەک چۆن بۆ پرۆژەیەکی بازرگانی دڵداری شاعیریان لەخەو راپەڕاندەوەو ئێسک و پروسکی ئەو شاعیرەی کوردیان لە گۆڕ هەڵدایە دەرەوە، رەنگە دەمێک بوو ئەگەڕ سەردەشتی هەمیشە زیندوو لە هەولێر بنێژرابوایە.
بکوژانی سەردەشت، بەبەهانەی ئەو شەهیدە رۆژنامەنووسەوە، ئارامگەی هەزاران خەڵکی هەولێریان نەشیواندبایە و کەسوکارەکەیان ناچار بەدەرهێنانەوەی گۆڕەکانیان نەکردبایەوەو وەکو ئەوەی ساڵی ٢٠٠٥ بەرامبەر قەبرستانی ناو لەنگەی هەولێر کردیان.
چەند رۆژێکی تر حەوت ساڵ بەسەر رفاندن و تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان، تێپەڕ دەبێت، ئێستاش لەبەرچاوی خەڵکی تێکۆشەرو ئازادیخواز هەر دەڵێت ٢٠١٠/٥/٥ و هەمان ئەو ساتەیە کە سەردەشت لە بەردەرگای کۆلیژی ئەدەبیات لە هەولێر رفێندراو بۆ رۆژی دوایی تەرمەکەی لە موسڵ دۆزرایەوە.
چونکە هێشتا پەرۆشی خەڵکی بۆ مەرگی ناوادەی سەردەشت لەناو دڵی خەڵکی کوردستان دایە، بەڵام هیچ کات بەقەدەر ئێستا مێژووی رەشی بکوژانی سەردەشت و دەستە باڵاکان بە چاو و گوێی خەڵک ئاشنا نییە و هاورێبازانی سەردەشت، رۆژنامەنووسانی بوێر، خەڵکی تینوی ئازادی، بە کارو دڵسۆزیان ترسیان خستۆتە دڵی ستەمکاران.
ئێمە لەگەڵ خانەوادەی سەردەشت هاوڕاین كه كهیسی سهردهشت كهیسی خهڵكی كوردستانه، كهیسی ئهو خهڵكانهیه كه زوڵمیان لێكراوه، لهههر شوێنێك باسی یهكسانی ههبێت، لهههر شوێنێك زوڵم و ستهم ههبێت سهردهشت لهوێیه، لەسایەی ئەم بوێرییەی سەردەشت و خانەوادەکەی ئێسته وێنه و مێژوو ناوی سهردهشت لهگهورهترین گهلهری جیهانی لهواشنتۆنی پایتهختی ئهمهریكا لهڕیزی ئهو پیاوانهیه كه لهڕێگهی ئازادیدا تیرۆركراون، هەر ئەوەندەشنا هەر ئازادیخوازێکی کوردستان بگاتە وڵاتانی ئازاد، بگاتە دبلۆماسییەکانی دونیا، ناوو ناوبانگی سەردەشت بەسە بۆ بوێری رۆژنامەنووسی کورد و دەرخستنی زوڵم و ستەمی نوخبەیەکی سیاسی خۆسەپێن، کە لەترسی کەیسە زۆرەکانی کوشتن، ناتوانن دەستبەرداری پۆستەکانیان بن، چونکە بەبێ پۆستەکانیان دەرگاکانی دونیایان بەسەردا دادەخرێت.
نەمری بۆ سەردەشت کە تا دونیا هەبێت، ناوی سەردەشتیش دەبێت، ئەو سەردەشتەی باوکی بە هەژاری و نەداری پێگەیاند و لەدوا ساتەکانی تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ، وەکو فێرخوازێکی بەشی ئینگلیزی، دەیتوانی بە تواناو بڕوانامەکەی پاداشتی دایک و باوکە هەژارەکەی بداتەوە، کەچی نەیان هێشت.
رازێک کە دوێنێ بەگوێی سەردەشتمان دادا هەر باسی بوێرییەکەی نەبوو کە ئێمەی رۆژنامەنووسانی بوێر فێرکرد، بەڵکو لەسەر گڵکۆ ئارامەکەی پێمان وت: گەر تۆ لەم جێگا ئارامەدایت، هەندێک لە بکوژانت، نەک لە تۆ تراژیدی تر کۆتایان بە ژیانیان هات، بەڵکو دوو مەتر قەبریشیان بەنسیب نەبوو، چونکە بەجۆرێک پەروەردەگار تۆڵەی بۆ وەرگرتییەوە، هەتا کەسوکاری بکوژانت ماون، شوێن و جێگای نەزانن.