عه‌تا قهرەداخی: ( دیدارى ته‌مه‌ن ) تكایه بۆ په‌ند لێوه‌رگرتن بیخوێننه‌وه نه‌ك بۆ ئاڵۆزكردن!
هه‌ر كه‌س خاوه‌نی كه‌سێتی و ره‌وشت و ره‌فتارو مۆراڵی تایبه‌تی خۆیه‌تی، به دڵنیاییه‌وه هه‌رچۆن هه‌ر تاكه‌كه‌سێك شووناسی تایبه‌تی خۆیی هه‌یه، به هه‌مان پێوانه‌ش هه‌ر تاكه‌كه‌سێك خاوه‌نی ره‌فتارو مۆراڵی خۆیه‌تی. هیچ كه‌سیش خاوه‌نی ره‌فتارو مۆراڵی نموونه‌یی نیه له‌و روانگه‌یه‌وه كه هه‌ر تاكه‌كه‌سێك دوو رووى كه‌سێتی هه‌یه روویه‌كی ئاشكرا‌و روویه‌كی شاراوه. به‌شێكیش له رووى ئاشكراى كه‌سه‌كان بریتیه له نمایش، یان ترس له داب و نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی. واته رووى راسته‌قینه‌كه‌ى مرۆڤ، رووه شاراوه‌كه‌یه‌تی.
مانشێتی ئه‌و رهنانهى رۆژنامه‌ى ئاوێنه كه بۆ كتێبه‌كه‌ى كاك سه‌لاح ره‌شیدى كرووه ( دیدارى ته‌مه‌ن) كه بیره‌وه‌رى یان دیداره‌كانی مام جه‌لاله، به‌رجه‌سته‌ى ئه‌و بۆچوونه ده‌كات: سالار‌و مه‌لا به‌ختیار فڕیان به‌سه‌ر ره‌وشت و بیروباوه‌ڕى ئارامه‌وه نه‌بووه. بێگومان ئه‌گه‌ر رسته‌كه بێ مه‌به‌ست بگوترێت رسته‌یه‌كی درووسته‌و له رووى راستیه‌كه هه‌ریه‌كه له‌م دوو كاره‌كته‌ره كه‌سێتی سه‌ربه‌خۆى خۆیانیان هه‌یه، هه‌رچۆن شه‌هید ئارامیش كه‌سێتی خۆیی هه‌بووه‌و به‌و پێیه‌ش ره‌فتارو ره‌وشت و ئه‌خلاق بیروباوه‌ڕیی خۆیی هه‌بووه. به‌ڵام لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا مام جه‌لال بۆچی ئه‌و قسه‌یه ده‌كات؟ دیاره له‌و نامانه‌شی كه كاتی خۆى مام جه‌لال بۆ كاكه حه‌مه‌ى حاجی مه‌حمودى نووسیووه له‌سه‌روبه‌ندى ئاڵاى شۆڕشدا، هه‌مان شتی بۆ كاكه حه‌مه نووسیووه. به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه بۆچی له ناو هه‌موو كتێبه‌كه‌دا رۆژنامه‌ى ئاوێنه ئه‌و رسته‌یه ده‌كات به مانشێت؟ هه‌روه‌ها مام جه‌لال چه‌ندینجار سه‌رسامی خۆى به كه‌سێتی مه‌لا مسته‌فاى بارزانی ده‌رده‌بڕێت، بۆچی ئەو رسته‌یه بره‌وى پێده‌درێت كه ده‌ڵێت: بارزانی پیاوكوشتن و ئاوخواردنی( ده‌بوا بنووسرایه ئاو خواردنه‌وه) لا وه یه‌ك بوو.
به‌ڵام با بگه‌ڕینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى ئایا ئه‌گه‌ر سالار‌و مه‌لا به‌ختیار هه‌ڵگرى ئه‌خلاقی شاسوار جه‌لال نه‌بن ئیتر ماناى ئه‌وه‌یه ئه‌م دوو كاره‌كته‌ره هیچ نین؟ به‌ڕاستی به‌لاى منه‌وه سه‌یره ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو به‌ڕێزه ئه‌و قسه‌یه‌یان به‌لاوه ناخۆش بێت. هیچ گومانی تێدا نیه هیچ كه‌س له ناو یه‌كێتیدا هه‌ڵگرى ئه‌خلاقی مام جه‌لال نیه به‌دڵنیایشه‌وه مام جه‌لالیش هه‌ڵگرى ئه‌خلاقی هیچ كه‌سی تر نه‌بووه به مامۆستا برایم ئه‌حمه‌دیشه‌وه. هه‌روه‌ك هیچ به‌رپرسێكی تر‌ى ناو یه‌كێتیش هه‌ڵگرى ره‌فتارى نه مام جه‌لال و نه شه‌هید ئارام و نه شه‌هید شه‌هاب و نه شه‌هید ئازاد هه‌ورامی و نه هیچ شه‌هیدو كه‌سێكی تر نیه. واته هه‌ركه‌س هه‌ڵگرى ئه‌خلاقی خۆیه‌تی.
بێگومان ئه‌وه‌ى گرنگه ئایا ئه‌خلاقی تاكه‌كه‌سه‌كان وه‌كو خۆیان چۆنه؟ واته ئێستا پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا سالار‌و مه‌لا به‌ختیار كه كراونه‌ته مانشێت و له دوێنێوه زۆرێك له ماڵپه‌ڕو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان وه‌كو ئه‌وه‌ى هه‌نگونیان له كلۆره داردا دۆزیبێته‌وه باسی ئه‌و ناونیشانه ده‌كه‌ن و هه‌ندێ له‌و سیاسی و به‌رپرسانه‌ى كه له رووى ئه‌خلاقیه‌وه زۆر له دواى ئه‌و دوو كارهكترهوهن خه‌نی و شاگه‌شكه‌ن كه گوایه مام جه‌لال ئه‌و قسه‌یه‌ى به ئه‌و دوو كه‌سێته گوتووه. پرسیارى ئێستا ئه‌وه‌یه ئایا له رووى گه‌نده‌ڵیه‌وه له‌سه‌دا چه‌ندى به‌رپرسانی یه‌كێتی و گۆڕان و پارتی و … له‌م دوو كه‌سه باشترن؟ ئایا له رووى ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه، له رووى كوشتنی نه‌یاره‌كانیان له پشته‌وه، له رووى دزى له سامانی گشتی، له رووى خوێنده‌وارى، له رووى بوونی فایل و ده‌ست تێكه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ یه‌عس، له‌گه‌ڵ وابه‌سته‌یی بۆ ئێران، بۆ توركیا، بۆ شیعه‌و سوونه‌ى عێراق، له رووى نه‌به‌زین و له رووى سوكایه‌تی پێكردنه‌وه له‌لایه‌ن هاوڕێ و هاو خهباتهكانیانه، له رووى دنیابینی و سه‌یركردنی ئاینده‌ى كورد‌و سه‌ربه‌خۆییه‌وه، چه‌ند له‌به‌رپرسانی ئێستاى كوردستان له‌م دوو كاره‌كته‌ره باشترن؟ به‌هه‌رحاڵ ئه‌مه واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی كوردیه به تایبه‌تی واقیعه نه‌خۆشه‌كه‌ى سیاسه‌ت و ناوه‌نده زه‌لكاو ئاساییه‌كه‌ى سیاسه‌ت و حیزبایه‌تی كه ئه‌وه‌نده به بێ به‌ها سه‌یرى كه‌سه‌كان ده‌كات و ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ من بوویت ئه‌وه شه‌یتانیش بیت لاى من فریشتهیهت، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ منیش نه‌بیت فریشته‌ش بیت هه‌ر شه‌یتانیت. ( له راستیدا من كاتێك ئه‌مه ده‌نووسم پێشتر زیاد له جارێك نامه‌ى تووند‌و پڕ له ره‌خنه‌م بۆ كاك مه‌لا به‌ختیار نووسیووه له‌سه‌ر هه‌ندێ تهسریحدان و قسه‌كردن و دڵنیاشم ئه‌گه‌ر گوێی له ره‌خنه‌كانی من بگرتایه پێگه‌ى له ناو یه‌كێتیدا زۆر له‌وه‌ى ئێستاى به‌هێزتر ده‌بوو، ئه‌وه‌ش بۆ یه‌كێتی و بۆ كوردیش باشتر ده‌بوو چونكه تاكو ئێستا تاكه به‌رپرسی یه‌كێتیه كه به‌ده‌نگی به‌رز باسی گه‌نده‌ڵی حیزبهكهیی و هاواڵەكانی له سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حیزبه ده‌كات.
تۆبڵێی ئه‌گه‌ر ئه‌میش به‌ئه‌ندازه‌ى زۆرێكی تریان گه‌نده‌ڵ و فایلداربووایه بوێرى ئه‌وه‌ى هه‌بووایه به‌وجۆره باسی گه‌نده‌ڵی بكات. دیاره مه‌به‌ست له‌م قسه‌یه ئه‌وه نیه كه ئه‌م كاره‌كته‌ره بێ خه‌وشه. چونكه هه‌ر هیچ نه‌بێت گریمان بچوكترین گه‌نده‌ڵی نه‌كردووه به‌ڵام هاوه‌ڵی به‌شێك له گه‌نده‌ڵكارانه، به گوێره‌ى كاك سالار عه‌زیز من بێجگه له چه‌ند ده‌مه‌ته‌قێ و گفتوگۆیه‌كی ئاسایی هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی نزیكم له‌گه‌ڵیدا نه‌بووه‌و نیه، به‌ڵام له هیچ لایه‌كه‌وه باسی دزى، گه‌نده‌ڵی، یان كه‌موكورتی ئه‌خلاقی ئه‌م پیاوه ناكرێت، بۆیه حه‌قه دوور له شه‌هید ئارام و وه‌كو خۆى شانازیى به ئه‌خلاقی خۆیه‌وه بكات. من هه‌ست ده‌كه‌م له‌م بابه‌ته‌دا به‌جۆرێك غه‌در له‌م دوو كه‌سێتیه ده‌كرێت، هه‌ربۆیه ئه‌م وتاره كورته‌م نووسی. بیره‌وه‌رییه‌كانی مام جه‌لال به باش و خراپیه‌وه به شێكه له مێژووى رووداوه‌كانی باشوورى كوردستان له شه‌ست ساڵی رابردوودا، بۆیه هیوادارم وه‌كو ئه‌زموونی سه‌ركرده‌یه‌كی كورد بیخوێنینه‌وه‌و سوود له لایه‌نه گه‌شه‌كانی وه‌ربگرین و له لایه‌نه تاریكهكانیشی ده‌رس و عیبره‌ت وه‌ربگرین چونكه بیره‌وه‌رییه‌كانی ئه‌و به‌شێكه له مێژووى ئێمه‌و ناشێت قسه‌و باسه‌كانی ئه‌و بۆ دژایه‌تیكردنی یه‌كترى و بۆ سووكایه‌تی كردن به یه‌كترى و بۆ زیاتر ئاڵۆزكردنی ناوماڵی كورد‌و زیاتر لێكدوورخستنهوهمان به‌كاربهێنرێت. هه‌روه‌ك هیوادارم بڵاوكردنه‌وه‌ى كتێبه‌كه له‌لایه‌ن كاك سه‌لاح ره‌شیده‌وه له‌م كاته ناسك و ئاڵۆزه‌دا هیچ ئامانجێك له پشتیه‌وه نه‌بێت بێجگه له دڵسۆزى و خۆشه‌ویستی بۆ گه‌ل و نیشتیمان.