newshirwan-serkewtn

مەجید ساڵح: نەوشیروان مستەفا ئەركی سەرشانی تەواوبووە.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەدوای حەفدەی شوبات بوو، رۆژنامەنووس و بیرمەندی ئیرانی ماشەڵا شمس واعزیین” سەردانی كاك نەوشیروانی كرد و، تا درەنگانی شەو بیروڕایان گۆڕیوە.

یەكێك لەپرسیارەكانی كاك نەوشیروان ئەوەبوو لە شەمس: بۆچی پاكستان كە هێشتا نەریتی خێڵ تێدا باڵا دەستە لە ئێران دیموكراسیترە، كە دەمێكە خاوەنی شارستانیەتن؟
لە وەڵامدا شەمس وتی: چونكە بریتانیا كە پاكستان و هیندستانی داگیر كرد، حاكمەكان ئینگلیز بوون و نەریتی دیموكراسی خۆیانیان پەیڕەوكرد. بەڵام لە ئێران بریتانییەكان لە رێگەی شایەكەوە فەرمانڕەوایی ئێرانیان دەكرد، كە هەر بە مولهوڕی و نەریتی رەعیەت و حاكم پەروەردەكرابوو. بۆیە تا ئێستاش ئەو نەریتە لە پاكستان ماوە، لە ئێرانیش هەمان نەریتی فەرمانڕەوایی هەیە.
لە دیدارەكەدا شەمس وتی: لە خیلالی چاودێریم بۆ كوردستان دوای دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان و بوونی بە ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز، لە پەرلەمان تێگەیشتم كە نەریتی دیموكراسی و ئۆپۆزسێۆن لە كوردستاندا خەریكە دەچەسپێت و، ئەمەش لەسەر دەستی تۆیە. هەروەها وتی: پێم وایە تۆ ئەگەر لەمەولا هیچ ئیشێكیش نەكەیت، ئەركی خۆتت بەرامبەر بە میللەتەكەت جێبەجێ كردوە، كە توانیووتە نەوەیەك پەروەردە بكەیت لەسەر باوەڕ بوون بە دیموكراسی و بە ئاشتیانە كاركردن بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات. بەڵام ئەوەشی وت: كە پێ ناچێ دەسەڵاتدارانی هەرێم زۆر باوەڕیان بە لەدەستدانی دەسەڵاتەكانیان بێت، بۆیە بۆ ئەم قۆناغە تۆ بە ئەركی سەر شانی خۆت هەستاویت و باقی ئەركەكە بەجێ بهێڵە بۆ نەوەی داهاتوو.
ئەم قسانەی شەمس زۆر واتادار بوون، بە تایبەتی پێش ئەوەی بێت بۆ سلێمانی ژیانی پڕ رەفاهیەتی دەسەڵاتدارانی هەولێری بینیبوو، پێی وابوو كە ئەوان بە ئاسانی مل بۆ لەدەستدانی دەسەڵات و ئەو رەفاهیەتە نادەن كە تێدا دەژیان. شەمس كە سادەیی و بەساتەتی ژیانی كاك نەوشیروانی بینی زۆر سەرسام بوو كەسێك كە ئەو هەموو ساڵە خەباتی كردبێت ونەخشەی راپەڕینی داڕشتبێت كەچی ئێستا بە تەمای هیچ نەبێت جگە لە بەختەوەری گەلەكەی و بەرقەراركردنی سیستمێكی دیموكراسی. دوایی شەمس تێگەیشت ئەركەكانی كاك نەوشیروان هێشتا لە سەرەتادایە و تواناو وزەی ئەو پیاوە بۆ تێكۆشان كانیەكە وشك كردنی بۆ نییە. ئەو نەریتە لە تێكۆشان لە ئێستادا بووتە خوویەك نەك هەر بۆ گۆڕانخوازان، بەڵكو بۆ دەیان گەنج و لاوی ئەم نیشتمانە و هەمیشە پێیان وایە قەرزاری گەل و نیشتمانەكەیانن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت