کامیار سابیر: سەرەتای ژیان، 580 میلیۆن ساڵ، زووتر دەستیپێکردووە!
چەند زانایەک لە زانکۆی نیوو ساوث وێڵز NSW لە ئوسترالیا- سیدنی و زانکۆی ئۆکڵاند لە نیووزیلاند، لە رێگەی سترۆماتاڵایت stromatolite و بەبەردبووەکانەوە Fossils ، لە توێژینەوەیەکی زانستییدا، سەلماندوویانە کە ژیان 580 میلیۆن ساڵ، زووتر دەستیپێکردووە، لەچاو ئەوەی پێشووتر دۆزراوەتەوە. پێشتر، زاناکان، سەرەتای ژیانیان ( ژیانی مایکرۆبەکان= میکرۆبەکان) بۆ 2,7 تا 2,9 بیلیۆن( میلیارد) ساڵ لەمەوبەر، لەسەر هەسارەی زەویی دەگەڕاندەوە. ئێستا، بە 3,48 بیلیۆن ساڵ، دەخەمڵێندرێت.
پوختەیەک لەسەر ئەم دۆزینەوەیە و سەرنجێک:
1- زاناکان، دوو تیۆرییان بۆ دروستبوون و رەچەڵەکی ژیان هەیە. یەکەمیان ئەوەیە کە لە ناو قووڵایی دەریاکاندا، لە دەرچە گەرماوەکانی قووڵایی دەریادا، دەستی پێکردووە، یان ئەو ڤێرژنەی چارڵس داروین، ئاماژەی پێکردووە کە ژیان لە چاڵاو و کانیاوە گەرمە بچووکەکانی سەر رووی زەوییەوە دەستی پێکردووە. بە کرایتێریای ئەم دۆزینەوەیە بێت، ڤێرژنەکەی داروین، وردتر و تەجریبییترە.
2- لە زمانی تارا جۆکیچ Tara Djokic ەوە( خوێندکاری “پی هەیچ دیPhD “)، ئەم دۆزینەوەیە، ئیمزای بایۆلۆژییانەی خۆی لە دیدی جیۆلۆجییەوە، جێکەوت دەکات و قورسایی زیاتر دەدات بەوەی کە ژیان لە هاوشێوەی ئەو چاڵاوە گەرمانەوە کە لە رۆژئاوای ئوسترالیا، دۆزراونەتەوە، پەیدا بووە. هەروەها، ئەم توێژینەوەیە، بایەخی بۆ دۆزینەوەی ژیان، لەسەر مەریخیش دەبێت کە چۆن لە سەردەمانێکدا، ژیان لە چاڵاوە گەرمەکانەوە، فۆرمۆڵە بووە؟
3- لە زمانی ئەسترۆبایۆڵۆجیست “واڵتەر”ەوە کە یەکێکە لە بەشداربووانی توێژینەوەکە، پێیوایە ئەم دۆزینەوەیە، بەشێوەیەکی ستراتیژیی، ئەو پرسیارە فەلسەفیی و زانستییە، زیاتر دەوروژێنێت کە ئایا ژیان لە گەردووندا، زیاتر لە جارێک دەستی پێکردووە؟ هەروەها، ئەم توێژینەوەیە، زانیاریی باش، بە ناسا دەدات، بۆ ئەوەی کەشتییە گەڕۆکەکانی لە کام شوێنێ سەر مەریخ، بنیشێنێتەوە؟
سەرنج: ئەم دۆزینەوەیە، لاهوتییەکان دەخاتە بەردەم تەحەدایەکی زۆر گەورەوە. داروینیزم و زانستی پەرەسەندن( ئیڤۆلیوشن)، جارێکی تر، مۆرکی باڵادەستیی خۆی لەرێگەی تاقیکردنەوە و دۆزینەوە زانستییەکانەوە، سەلماندەوە. نکۆڵییکردن لە دۆزینەوە بایۆلۆژیی و جیۆلۆجییەکان، لە دۆزینەوە ئەسترۆفیزیاویی و کیمیاوییەکان، لاهوتییەکان و ئەوانەی هەموو شت لە کتێبە ئاسمانییەوەکانەوە دەبینن، دەخاتە مەوقیعێکی زۆر ئایدیۆلۆژیی و خورافییەوە، تەنانەت ناتوانن لەگەڵ زانستی مۆدێرن و تەجریبییدا، خۆیشیان بگونجێنن.
لینکی باسەکە: newsroom