بورهان شێخ ڕەئوف: کاتى تیمارى برینەکان هاتووە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ماڵپەڕى ساسە پۆست بابەتێکم خوێندەوە لە ژێر ناونیشانى هەشت لە گەورەترین و کاریگەرترین وتارى سیاسى لە مێژووى نوێ دا.
ئەوەى زۆر سەرنجى ڕاکێشام وتارەکەى نیلسۆن ماندیلا بوو، کە یەکێک بوو لەوانە هەرچەندە وتارەکانى تر هى حەوت کەسایەتى مێژوویى و جیهانى و گرنگ بوون، لەوانە مارتن لۆسەر کینگ و جۆرج و اشنتۆن و و ینستۆن چرچڵ و جەمال عەبدولناسرو غاندى و جۆن کینیدى و نیکیتا خرتشۆف، کە هەریەکە لەوانە لە چرکە ساتێکى مێژوویى گرنگدا ئەو وتارانەیان پێشکەش کردووە. بەڵام من بە باشم زانى ناونیشانى وتارەکەى ماندێلا بکەم بە ناونیشانى وتارەکەى خۆم کە ئەو ڕستەیەى سەرەوەیە (کاتى تیمارى برینەکان هاتووە).
هەرچەندە بەپێویستى نازانم لێرەدا ماندێلاى مەزن بە خوێنەران بناسێنم چونکە ئەو 27 ساڵى تەمەنى لە زیندان بەسەریەکەوە لە پێناو ئازادى و یەکسانى و دژ بە ڕژێمى ئاپارتاید بەسەر برد و ئەو وتارەى کە بە یەکێک لەو هەشت وتارە سیاسى یەى کە لە سەرەوە ئاماژەم پێداوە، پۆلین کراوە کە زۆر بە هێمنى و بە شکۆوە هەست و سۆزى خۆى بۆ هاوڵاتیانى وڵاتەکەى ئەفریقیاى باشوور دەربڕى، دواى ئەو ماوە درێژەى زیندان هیچ پەناى بۆ تۆڵەو ڕق و کینە نەبرد و هەر بڕواى بە پێکەوە ژیان و لێبووردەیى هەبوو، بەڵێ لە ئاهەنگى دەستبەکاربوونى وەکو یەکەم سەرۆک کۆمارى ڕەش پێست لەو وتارەدا وتى :
ماندێلا ڕووى دەمى لە هەموو هاوڵاتیانى وڵاتەکەى کرد بەبێ جیاوازیى، سەرەتاى سەردەمێکى نوێى ڕاگەیاند و وتى: جارێکى تر هەرگیزاو هەرگیز، هەرگیز نابێت لەم وڵاتە جوانەدا سەرکوتکردن و چەوسانەوەى مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە ڕووبدات و دەمى تیمارى برینەکان هاتووە.
مەبەستى من لەم پێشەکى و وتە جوان و ناوازەو دەگمەنانەى ماندێلاى مەزن وەکو ئەزموونێکى جوانى گەلان و کەڵک و پەند وەرگرتنە لێى بۆ ئەزموونى ئێستای باشووریى کوردستان و قەیرانە قورس و گورچکبڕەکانى.
باشوریى کوردستان کە زۆرترین قوربانى و خوێناوی ترینى ڕووداوەکان هەر لە شۆڕشى ئەیلول و ناکۆکیەکانى هەناوى ئەو شۆڕشەو هەرەسهێنانى و ڕاگواستنى گوندەکان و سەرهەڵدانەوەى شۆڕشى نوێ و گفتوگۆ لە گەڵ ڕژێمى سەدام لە ساڵى 1984 و شکستهێنانى گفتوگۆ و دواتر ئەنفال و کیمیابارانى هەڵەبجە، دواتر ڕاپەڕینى ئازارى 1991 و وەدەرنانى بەعس و کۆڕەوى ملیۆنى خەڵکى کوردستان و دواتر گەڕانەوەو گفتوگۆى بەرەى کوردستانى و بەعس و ناوچەى ئارام و دژە فڕین و و پێکهێنانى پەرلەمان و حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەو ڕووداوانەن کە دەریاییەک خوێن و فرمێسکیان لەگەڵ خۆیاندا ڕێژاوە.
لە ئێستادا کە گۆڕانکارى و ئاکامەکانى شەڕى تیرۆرو داعش بەرەو کۆتایى دەڕوات کورد قوربانى گەورەى دا لەو شەڕەدا و پێگەیەکى گرنگى بۆخۆى بەدەستهێنا بە گەواهى زۆرێک لە سەرکردەکانى ئەوروپاو ئەمریکا، بەڵام لە ڕووى ناوخۆیى نێو ماڵى کوردەوە هەرگیز لە 14 ساڵى ڕابردوودا بەم شێوەى ئێستا ماڵەکەى شێواو و پرژ و بڵاوو بێ بەرنامە نەبووە بۆ پێشهات و دەرئەنجامى گۆڕانکارییەکانى ناوچەکە .
بۆیەجێى خۆیەتى لە کاربەدەستانى وڵات بپرسین ئەرێ کاتى تیمارى برین و دەردو کۆڤانەکانى کورد و کوردستان نەهاتووە؟
ئایا خوێنى هەموو شەهیدان و قوربانییەکانى ئەنفال و بەرزانییەکان و هەڵەبجە و وێرانکردن و ڕاگواستنى زیاتر لە 5 هەزار گوندو شارۆچکە بەس نین بۆ ئەوەى چارەسەرى ئەم دەردانە بکەن و کۆڵ لە ململانێى ناڕەواو یەکتر سڕینەوە بدەن؟
ئایا کاتى ئەوە نەهاتووە یاسا سەروەر بێت و دامودەزگاکانى دەوڵەت کاراو چوست و چالاک بن؟
ئایا کاتى ئەوە نەهاتووە شەفافیەت لە دۆسیەکانى نەوت و غازو بەڕیۆەبردنى دامودەزگاکانى وڵاتدا بەرقەرارو پیادە بکرێت؟
کاتى ئەوە نەهاتووە کاڵا بەقەد باڵا و پیاوى گونجاو لە شوێنى گونجاو دابنرێت؟
تۆ بڵێى ناکۆکى و ململانێکانى نێوان ئەم لایەنانەى کوردستان لە ناکۆکى و نێوان ڕەش پێست و سپى پێستەکانى باشوورى ئەفریقیا و ڕژێمى ئاپارتاید گەورەتربێت.
ئایا سەرکردەکانى کورد کامیان ئەو شەرەفەو ئەو تاجى سەروەرییە لە سەرى خۆیان دەنێن ئەمجارە کۆتایى بەم لاپەڕە شوومەى ناکۆکى و بنبەست دێنن؟

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت