دکتۆر محەمەدئەمین عەلی: هاوشێوەکانى مەلا عەلى کەڵەک باشترین بەڵگەن لەسەر نسکۆى وەزارەتى تەندروستى.
هاوکات لەگەڵ زاڵبوونى عەقڵیەتى بازرگانى سەرمایەدارى حیزب و خێڵ و بنەماڵە بەسەر شوناسى فیکرى، حکومڕانى، چەمکەکانى ئازادى، دیموکراسى، مافى مرۆڤ، زانست و شارستانى هاوشێوەکانى مەلا عەلى و داهێنانەکانیان لەزیادبوونن بەجۆرێک چۆکمان بەگشت زاناو بیرمەندە جیهانی و نێودەوڵەتیەکان داوە.
هەڵبەتە داهێنانى پزیشکى ژمارە 114 ى مەلاعەلى کەڵەک و هاوشێوەکانى دوا داهێنانى پزیشکى نابێت، ئەوە بەتەنیا مەلا عەلى نییە داهێنان ئەکات، داهێنانەکانیش بەتەنیا لەزانستى پزیشکى دانین، بەڵکو هەموو جومگەکانى ترى ژیان و ژین و ژینگەى کوردستانى گرتۆتەوە، داهێنانى لەم جۆرە بووە بەشوناسى فیکرى- زانستى- سیاسى ئەزموونى حکومڕانی باشورى کوردستان.
برادەرێکم بەنامە گرتەڤیدیۆیەکى مەلا عەلى کەڵەکى بۆناردم کەباس لەنوێتیرن داهێنانى پزیشکى دەکات کە بەئیزنى خودا چارەسەرى نەخۆشى قۆڵۆنى دۆزیوەتەوە بەبێ دەرمان وە لەخوارەوە نوسیبووى، کوا وەزارەتى تەندروستى، کوا وەزارەتى خوێندنى باڵاو کۆلێژە پزیشکیەکان، کوا سەندیکانى پزیشکان.
منیش لەوەڵامدا بۆم نووسى: ڕاست ئەکەیت ئەم لایەن و دەزگا تەندروستیانە بەرپرسن، بەڵام ئێمە زیاتر لەوان چونکە خومان بەگەندەڵى و جەهل و نەزانى ئەم بەناو دەزگایانە ڕازین، هەرچەند نامەوێ پاساو بۆ مەلاعەلى و هاوشێوەکانى بهێنمەوە بۆ ئەم کارە قێزەوانە، بەڵام هەر بەتەنیا مەلا عەلى داهێنانى سەرسوڕهێنەرى تراژیدى و هەزەلى نییە؟ هاوشێوەکانى زۆرن و هەموو جومگەکانى ژیانیان تەنیوە هەریەکە بەشێوەیەک لەژێر ناوى شەرعیەتێک لەشەرعیەتەکان، هەندیک لەژێر ناوى شەرعەیەتى خودا، هەندێکى تر لەژێرناوى شەرعیەتى زانستى و ئەوانى دى لەژێر ناوى شەرعیەتى شۆڕشگێرى و هەندێکى تر لەژێر ناوى شەرعیەتى حکومڕانى.
هەڵبەتە دەسەڵاتى سیاسى و حکومەتى هەرێم بەگشت وەزارەت و دەزگاکانیەوە بێ بەش نییە لەداهێنانى سەرسوڕهێنەرى تراژیدى و هەزەلى ! ئەوەنیە بلیمەتەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەژێرناوى شەرعیەتى حکومڕانى داهێنانى سەیرو سەمەرە ئەکەن، پاشەکەوتکردنى مووچەى فەرمانبەران یەکێکە لەو داهێنانە هەزەلیانەى! کەلەهیچ کونجێکى ئەم جیهانەدا ڕووى نەداوە و ڕووش نادات، وە بە سەرماندا چەسپاوە سەرەڕاى ئەوەش هەموو باجەکانى سەر خەڵک زیادىکردووە! لەکاتێکدا حکومەت ئەوەندە لاوازە ناتوانیت تەنیا کارەبا بۆهاوڵاتى دابین بکات!، لەمەش سەیروسەمەرەتر ئەو سیستم و بەرنامە بایۆمەتریەى بلیمەتەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ دۆزینەوە و چارەسەرکردنى مووچەخۆرى دووبارەو بندیوار داینابوو، نەک دۆزینەوە و چارەسەرى موچەخۆرى دووبارەو بندیوارەکانى نەکرد بەڵکو شەرعیەت و ڕەوایەتى بەمووچەکانی دان!.
وەزارەتى پەروەردە و فیرکردن پرۆسەى فیربوون و گەشەى فیکرى و زانست و مەعریفە سوک و ڕیسوا ئەکات!، بەچ لۆجیکێک بەرنامەو پرۆگرامى سالێکى دوورودرێژى خۆێندن لەماوەیەکى پێوانەیى زۆرکەمدا بەقوتابى تەواوئەکات؟، ئەگەر ئەمە داهێنان نەبێت بۆ زیادکرنى پرۆسەى جەهل ئەبێ چى ناوبنرێت، پرۆسەى خوێندن و فێربوون ستاندەرى جیهانى خۆى هەیە! تکایە تکایە وەزارەتى پەروەردە ستاندەرى جیهانى مەشێوێنە! ئەمەش پرۆسە سیاسیە هەزەلیەکەى کوردستان نییە.
خزمەتگوزاییە نیمچە تایبەتەکەى وەزارەتى تەندروستى هیچى کەمتر نییە لەداهێنانە بلیمەتەکانى مەلاعەلى و هاوشێوەکانى، ئەم جۆرە لەداهێنان لەهیچ سیستمێکى تەندروستى بوونى نیەونەبووە، لەبرى ئەوەى لەسەر سیستمێکى بەڕیوەبردنى تەندروستى جیهانى کاربکەین خۆمان داهێنان ئەکەین، ئەبى وڵاتان لەوەزیرە بلیمەتەکەى ئێمەوە زانست و مەعریفەى بەڕێوەبردنى تەندروستى فێربن!.
ئەى دزینى سامانى سەر ئەرزو ژێر زەوى کوردستان لەلایەن حیزب و حکومەت و پەرپرسەکانیەوە داهێنان نییە؟ لەچ کونجێکى ئەم جیهانە بەرپرسى ئەوها پرۆفشناڵ و بلیمەت هەیە داهێنان لەدزینى ژیان و ژین و ژینگەى گەلێک بکات.
داهێنانەکانى مەلاعەلى و هاوشێەکانى چەندە هەزەلى و ناعەقڵانى بن لەڕووى زانستى پزیشکى و خوداناسیەوە داهێنانەکانى حکومەت و حیزب و خێڵ و بنەماڵەش دە ئەوەندە هەزەلى و ناعەقڵانین لەڕووى زانستى سیاسى و حکومڕانی یەوە، گشتیان ناعەقڵانى و ناشرین و ڕەزاقورسن بەهیچ شێوەیەک خزمەت بەمرۆڤایەتى و خەڵکى کوردستان ناکەن.
ئەوەى من مەبەستمە لێرەدا باسى بکەم نسکۆى وەزارەتى تەندروستى یە لەڕوانگەى داهێنانى هاوشێوەکانى مەلا عەلى ، بەشێوەیەکى گشتى ئەکرێن بەدوو جۆرەوە:
جۆرى یەکەم: ئەوانەى ئاستى مەعریفى وزانستیان زۆر نزمەو مەبەستیان بازرگانیکردنە بەتەندروستى و ژیانى هاوڵاتیەوە کەجەنابى مەلا عەلى و نەنجمەدینى لێزەرهەتا دوایى.
جۆرى دووەم: ئەوانەى ئاستى زانستى و مەعریفیان بەرزەو خاوەن بڕوانامەى زانستین بەناوى شەرعیەتى جیاوازەوە وەک شەرعیەتى خوداناسى و حیزبى و بازرگانى بەشێوەیەکى کاربۆداڕێژراو لەپێناو ئامانجەکانیان خەڵکى ئەگەوجێنن، بەناوى کارى خێرخوازى و خزمەتکردن خەڵکى ڕووت ئەکەنەوە.
ئەگەر ئێمە چاوەڕوانى لێپرسینەوەى وەزارەتى تەندروستى و خوێندنى باڵاو کۆلێژ و سەندیکاى پزیشکان بین بۆ ئەم داهێنانانەى مەلا عەلى کەڵەک و هاوشێوەکانى بەهەردوو ئاستە زانستى و مەعریفى بەرزو نزمەکەیەوە، ئەى کێ لێپێچەنەوە لەحکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتەکانى بکات بەوەزارەتى تەندروستى و پەروەردەشەوە؟ لەکاتێکدا پەرلەمانى کوردستان بەتەواوى پەکخراوە و تەنانەت ناتوانیت بەرگرى لەخۆى بکات.
بۆ مێژوو ئێمە وەک سەندیکاى پزیشکان چەندجارێک لێپرسینەوەمان لەهەندیک لەم داهێنەرە بلیمەتانە کردووە کەسەر بەئاستى عەقلى و مەعریفی جیاواز بوون بەخۆێنەوارو نەخۆێنەوارو خاوەن بڕوانامەى بەرز کەپزیشک و کارمەندیشیان تێدابووە، ئەبێ سەندیکاى پزیشکان کەچەندەها ساڵە گۆنگرەى ئەنجام نەداوە بەهۆى ململانێى سیاسى و حیزبى وە بەپەیڕەو و پرۆگرامێکى کۆنى دواکەوتووى بەسەرچوو لە گەڕەلاوژێیەکى تەندروستى و سیاسى و حکومڕانى سەرمایەدارى چی پێبکرێت بێجگە لەبانگکردن و ئامۆژگاریکردن، ئەو پەیڕەو و پرۆگرامە کۆن و یاسا جلەوگیرەکانى لەئاست فێڵ و ساختەو گۆڕانکاریەکانى ئەمڕۆدا نین، بەبڕواى من کاتێک بەدواداچوون و لێپرسینەوە ئەکرێت کەیاساى تایبەت بەو بوارە پیشبخرێت و خودى یاسا سەروەر بێت.
هاوشێوەکانى مەلاعەلى کەڵەک بەهەردوو ئاستە زانستى و مەعریفى بەرزو نزمەکەیەوە لەگشت جیهاندا هەن و لەزیادبوونن پەیوەست نین بەکۆمەڵگاو جوگرافیایەکى تایبەتەوە، بەڵام ئەوەى کوردستان لەشۆێنەکانى ترى جیهان جیادەکاتەوە سێ خاڵى گرنگە.
یەکەم: دەسەڵاتى سیاسى سوود لەم هاوشێوانەى مەلاعەلى وەردەگرێت بۆ نانەوەى گەڕەلاوژى زانستى و فیکرى وئەتکردنى کۆمەڵگا.
دووەم: هاوشێوەکانى مەلا عەلى بەهەردوو ئاستەکەیەوە ئاستى بەرز و نزم بەتەنیانین حیزب و ئایدۆلۆجیاو ئەجێندایەکى تایبەت و ترسناکیان لەپشتەوەیە لەبرى ئەوەى بەناوى زانستەوە قسەبکەن بەناوى خودا و موقەدەساتى حیزب خەڵکى هەڵ ئەخەڵەتێنن و ئەبنە مەترسى بۆ سەر تەندروستى وژیانى خەڵکى.
سێیەم: لەکوردستان شتێک نییە بەناوى سەروەرى یاسا و سیستم بۆیە هیچ لێپرسینەوەیەکیان لەگەڵ ناکرێت.
شوناسى ئەم جۆرە لەداهێنان لەژێر ناوى خزمەتکردنى کۆمەڵگاو کارى خێرخوازى پێچەوانەى ئاراستەى فیکرى و زانستى و مەعریفی یە، ئەکرێت ناوى بنێین فێڵ و ساختەو کەڵەکەبازى، ئامانج لێى گەوجاندنى کۆمەڵگاو بازرگانیکردنە! ئەگەر دەستکەوتى تایبەتى حیزبى و ئایدۆلۆجى تریشى لەدواوە نەبێت، ئەمەش جۆرێکە لەبازرگانیکردن بەجەهل و گومانەوە بۆ گومان خستنە سەرسێکتەرى تەندروستى میرى لەپێناو گەشەدان بەو سێکتەرە تەندروستیەى سەربەلایەن و حیزبەکانە هەڵبەتە ئەمەش لەڕێگەى بە گەڕەلاوژێ کردنى کەرتى تەندروستى میرى دێتەدى.
بەلاى منەوە مەترسى و قوربانیەکانى خراپ پراکتیزەکردنى پزیشکى ” medical malpractice ” کەلەلایەن هاوشێوەکانى مەلاعەلى لەئاستە بەرزەکەى دەکرێت هیچى کەمترنییە لەداهێنانە سەیروسەمەرەکانى مەلاعەلى و هاوشێوکانى لەئاستى نزم.
باشترین ڕێگەچارە بۆ دیاردەى مەلا عەلى و هاوشێوەکانى لەئاستى بەرز دانانى ئەنجومەنێکى پزیشکى سەربەخۆى پرۆفشناڵە وەک ئەنجومەنى پزیشکى شانشینى یەکگرتووى بەریتانیا بۆ تۆمارو ڕێکخستن و پراکتیزەکردنى کارى پزیشکى و پزیشکان، لەپێناو کەمکردن و ڕێگرتن و لێپرسینەوە لەهەڵە و خراپ پراکتیزەکردنى کارى پزیشکى و کەمتەرخەى بەرامبەر بەنەخۆش و جیاکردنەوەى لەماکە چاوەڕوان نەکراوەکانى نەخۆشى (Malpractice ، Negligence، Medical Error، Complication).