ئیبراهیم عەباس: پارتی و گەڕان بەدوای تۆڵەدا!
پەیامە خێراکەی کاک مەسعود بارزانی بۆ ماڵئاوایی کاک نەوشیروان مستەفا، بەم ناوەرۆکە خاڵییە لە هەست و سۆز، ئاماژەیەکی روون بوو، کە سەرۆکی پارتی هەر بەدوای تۆڵە لە نەوشیروان مستەفا دا نین، بەڵکو دەمبەستی خەڵکی خۆیانیان کرد کە بەیەک وشە هەست و سۆز بۆ لەدەستدانی سەرکردەیەکی کاریگەری کوردستان دەرببڕن، کە بەقەدەر خودی بەرێزان بارزانی و تاڵەبانی ئەم پیاوە خاوەنی کوردستانە.
پەیامەکەی جەنابی بارزانی و کاک نێچیرڤان بارزانی و مەکتەبی سیاسی حزبەکەیان و ئامادەنەبوونیان لە مەراسیمی ناشتنی تێکۆشەرێکی خەڵکی کوردستان، ترسە لە بە سمبولبوون و ئەگەری نەمری نەوشیروان مستەفا. چونکە گەر پارتی نانی بەسمبوول بوونی مەلا مستەفا بارزانی بخۆن و خەڵکی کوردستان چاو لەو ژیانی شایانەو سوڵتانیانەی کەس و کارو نەوەکانی مستەفا بارزانی بپۆشن و لەبەر خەبات و خاکەڕایی مستەفا بارزانی باوک، گوێ بە رەفاهییەتی ئەمان نەدەن، ئەوا خاکەڕایی نەوشیروان مستەفا و مردنە هەژارانەکەی، مەترسی راستەقینەیە لەسەر پارتی. هەر بۆیە دەمودەست ترسەکەیان دەرخست.
جوانترین رستەی سەرکردەیەکی سیاسی کە ئەمرۆ گوێ بیستی بووم، وتەیەکی مامۆستا عەلی باپیر بوو کە لە کاتی رێورەسمی بەخاک سپاردنی کاک نەوشیروان وتی “دەبێت سیاسەت بە ئەخلاق بکەین”. ئەو رستە پێمان دەڵێت ئێمە کورد لەسیاسەتدا لە چ بەدبەختی و کڵۆڵییەکداین و بۆ گەڕان بەدوای تۆڵە چەندە ترسناک و بێ باکانە کاردەکەین، کە بەشێک لەسەرکردەکان ئەمەیان کردووە بە میتۆد.
ئێستا نەوشیروان مستەفا گەورەتر لە بزوتنەوەکەیەتی و ئەوە قاعێدەو قەواعیدی ئەو حزبەیە دەزانن و دەتوانن چۆن مامەڵە لەگەڵ بزوتنەوەکەیان دەکەن، ئاساییە دەست بە رێبازی سیاسی رێکخەری گشتیانەوە بگرن و ئاسایشە هەرچی هەیەی بەبای بدەن. بەڵام ئەو سەرکردە بە جۆرێکی هێندە راستگۆ و خاکی و سادە مرد، بووە سمبوولی خەڵکی کوردستان و لەرێزی رابەرە گەورەکانی کوردو دونیاش ناوی دێت.
دەرفەتێک کە پارتی لەدەستی دا ئەوە بوو، ئەگەر بەراست ئەوان بەدوای پرۆژەی سەربەخۆیی کوردستانەوەن و ئەو ملیۆنان و ملیاردۆلارانەیان بە هەدەر نادەن، کە لەم پرۆژە سەرفی دەکەن، دەبوایە مەرگی کاک نەوشیروانیان بۆ ئەو ئامانجە تەرخان کردبوویایە، خۆیان نەک کردبایە خاوەنی کەس و کاری نەوشیروان مستەفاو بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵکو دڵنیایان دابووایە خەڵک کوردستان و پەیامێکیان بە دوژمنانی کورد بدایە، کە بەیەکبوون، بناغەی دەوڵەتی کردیان راگەیاندووە، نەک بەدوای تۆڵەدا بگەڕێن، ئەو تۆڵەی کاتی خۆی حزبەکانی شاخ لە ئازاری ١٩٧٩ لە کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی بەتەمای بوون و پارتی بەهێز تر کرد، هەموو ئاماژەکانیش بۆ ئەوە دەچن، کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا بەرەی دژە گەندەڵی و زوڵم و زۆر و بێ سیستەمی و بێ یاسایی بەهێزتر دەکات.