شێرزاد شێخانی: سێبەرەكەی كاك نەوشیروان.
هەمو كەسێك بەئاواتە دوای مردنی لەتەنیشت خۆشەویستەكانی خۆیدا بنێژرێ، حیكمەت لەوەدا چییە كاكە نەوە وەسیەت ئەكات لەسەر گردەكەی زەرگەتە بینێژن؟. دادە شوعلە چەندین ساڵ لەتەك خۆیدا ئازارو نەهامەتی بینی. لەشاخ و دۆڵ و پێدەشتەكانی كوردستاندا وەكو ژنە پێشمەرگەیەكی تێكۆشەر هەرچییەكی هەبو بەهاوسەرەكەی بەخشی. هەق وابو وەكو وەفایەك كاكە نەوە داوای بكردایە لەتەنیشت ئەوەوە بنێژرێ، بەڵام ئەو لەمردنیشدا وانەیەكی گەورەی پێداین. ئەو تەنانەت ماڵ و مناڵەكانیشی كردە قوربانی میللەتە چەوساوەكەی.
سەرباری ئەو پێگە گەورەیەی خۆی لەناو كایەی سیاسی وحزبایەتیشدا، بۆ ساتیك نەیوستوە لە ئێشو ئازاری میللەتەكەی دوور بكەوێتەوە، لەگەڵ میللەتە هەژارەكەی ژیا، لەپێناو رەنجدەران و زەحمەتكێشان تیكۆشا، بزوتنەوەی گۆڕانی لەخزمەتی ئەواندا دروستكرد، هەمو ئومێدێكی خستە سەر بزوتنەوەكەی بۆ ئەوەی بتوانێ پاشەرۆژێكی باشتر بۆ میللەتەكەی دابین بكات، بۆیە بە حیكمەتەكەی خۆیەوە داوای كرد لەسەر گردی زەرگەتە بنێژرێ بۆ ئەوەی هەمیشە سێبەرەكەی باڵبكێشی بەسەر هاوڕێكانی رێبازەكەی، بۆ ئەوەی هەمودەم لەنزیك هاوڕێكانیەوە وەكو رەمزی یەكگرتوویی بمێنێتەوە.
بیرمە كاتێك لەگەڵی دانیشتبوم لەژوورەكەی خۆی لەخانووە بەكرێیەكەی شارەوانی لەگردی عەلی ناجیدا لێمپرسی، بۆچی ئەو بزوتنەوەیەی ڕاگەیاندو لەیەكێتی دوور كەوتەوە كە خۆی دامەزرێنەری بوە. لەوەڵامدا وتی: من خۆم بەقەرزارباری هەمو ئەو جوتیارە گوندییانە ئەزانم كە رۆژانێك دەرگای ماڵەكانیان بۆ مەفرەزەكانی ئێمە ئەكردەوەو پێخەفی مناڵەكانیان ئەدا بەئێمە.. قەرزارباری ئەو كوڕانەم كە لەناو سەنگەردا لەتەك منەوە شەهیدو بریندار بون. قەرزاری ئەو خەڵكانەم كە دەنگیان بە بزوتنەوەكەماندا، بۆیە ئەبێ ئەمڕۆ من قەزرەكانیان بدەمەوە بەوەی ژیانیان چاك بكەمەوەو خۆشگوزەرانیان بكەم.
ئەو كەڵە سەركردەیەی وەكو گیڤارای شۆڕشگێڕو، وەكو حەلاجی زاهید لەماڵ و سەروەتی دونیا، وەكو غاندی رێبەری خەباتی مەدەنی، وەكو ماندیلای سەركردەی سیاسی، وەكو هەمو ئەوانە ژیا، شایستەی ئەوەیە ئێمەش قەرزەكانی ئەو بدەینەوە.
قۆناغەكانی پێش دامەزراندنی گۆڕانمان لەبیرە، كەچۆن سیستەمی سیاسی كوردستانی بەتاڵاندا، چۆن لەپێناو پۆست و پایە ملمڵانێی حزبەكان میللەتیان پەریشانكرد. چۆن حزبەكان بۆ پاراستنی دەسەڵاتەكانیان كەوتنە وێزەی رۆشنبیرانەوە، بیرمانە پەرلەمان چۆن ببوە دەزگایەكی مردوو بەدوای یاسای قەدەغەكردنی جگەرەوە بێت و، بیری نەچێتە سەر ئێش و ئازارەكانی میللەتەكەی. بیرمانە چۆن سەدان ملیۆن دۆلاری بەشە بودجەی میللەتەكەمان بۆ كەیف و سەیفی بەرپرسانی حكومەت تەرخان ئەكرا بەبێ حەسیب و رەقیب تەخشان و پەخشان ئەكرا. بینیمان هاتنی گۆڕانیش بۆ ناو كایەی سیاسی و بردنەوەی كورسیەكانی پەرلەمان چ شۆرشێكی بەرپاكرد بۆ راستكردنەوەی سیستەمی سەقەتی سیاسی و هێنانەكایەی ئۆپۆسزیۆنێكی كاراو كاریگەر بۆ ناو پەرلەمانو سەر شەقام.
كاك نەوشیروان لەژیانی سیاسی خۆیدا رێبەرایەتی دوو شۆڕشی مەزنی كردوە، یەكەمیان رێبەرایەتی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان لەتەك هەڤاڵی دێرینی مام جەلال و، دوەمیشیان شۆرشی دروستكردنی ئۆپۆسزیۆن لەرێگەی دامەزراندنی بزوتنەوە سیاسییەكەیەوە، ئێستاش دوای ماڵئاوایكردنی شۆڕشی سێیەمی كەوتۆتە ئەستۆی هاوڕێكانی.
بیرمە لەكۆنگرەی بزوتنەوی گۆراندا كەلەهەولێر بەسترا لەوتەكەیدا كاك نەوە ئاماژەی بەوەدا كە ئەوان مەبەستیانە كلتورێكی تازە بێننە ناو كاری حیزبی، ئەویش دەستاودەستكردنی دەسەڵاتو بە دامەزراوەییكردنی جومگەكانی حزب، بۆ ئەوەی حزب بە مردنی سەركردەكانی هەڵنەوەشێتەوە. ئەمڕۆ ئەركی سەرشانی گۆرانخوازانە ئەو قسەیەی كاكە نەوە بكەنە هەوێنی خەباتێكی راستەقینەی خۆیان و نەهێڵن شوێنەكەی كاك نەوشیروان بەبەتاڵی بمێنێتەوە.
لەم سۆنگەیەوە، پێموایە لەدوای دوركەوتنەوەی مام جەلال بەهۆی نەخۆشیەكەوەو ماڵئاویی كاكە نەوە، كە دوو رەمزی گەورەی شۆڕشگێڕیەتی بون لەبەرامبەر دەسەڵاتی ستەمكارو مافیاو نەوتدز، پێویستە هەوڵ و توانای هەردو حزبی یەكێتی و گۆڕان یەكبخرێن بۆ ئەوەی بەیەكەوە خەبات بكەن لەپێناو چاكردنی سیستەمی سیاسی لە كوردستاندا. ئەمڕۆ لەگشت كاتێك زیاتر پێویستیمان بەهەماهەنگی و هاوكاری ئەم دوو حزبەیە بۆ ئەوەی لەكۆتاشدا یەكبگرنەوەو بەیەك دەست لەبەرامبەر بەرەی دیكتاتۆرییەت بوەستنەوە. پێویستە دڵسۆزانی یەكێتی و گۆڕان بەیەكەوە كارێ بكەن ریزەكانیان پاك بكەنەوە لەخەڵكانی گەندەڵ و خۆفرۆش و بەرژەوەندخواز، بەیەكەوە شۆڕشێكی نوێ دەستپێبكەنەوە بۆ رزگاركردنی میللەت لەدەست دیكتاتۆرییەتی تاكحیزبی. بەمەش هەم خەون و ئاواتەكانی مام جەلال و هاوڕێی تەمەنی كاكە نەوە دێتە دی، هەم میللەتەكەشمان هەناسەیەكی دێتەوە بەرو لەدەستی چەپەڵی بەرەی دیكتاتۆریەت و گەندەڵكاران رزگاری ئەبێ.
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts