چۆمان ئەمین: مێژووی ڕاست مرۆڤی ڕاست دروست دەکات ، مرۆڤی ڕاستیش ژیانی ڕاستە.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
کوردی زیندو کوژی مردو پەرەست.
زیندوکوژی سیفەتێکی لەبن نەهاتوی کوردەکانە ، کەلەهەموو لاپەڕەکانی مێژوو دوبارە ئەبێتەوە.
حەسەن زیرەک [پێغەمبەری هونەری کوردی]لە ڕۆژانی ژیانیدا دەیان جار بە زیندوویی ئەکوژرا، خەڵک لەگەڵی ئەیخواردەوەو گۆرانی بۆ ئەوتن و لەدوای، بەسەربردنی کاتی خۆش سەرەی تێهەڵدانی ئەهات، لێدانی ئەو زۆرجاران نزیکی مەرگی ئەکردەوە، لە ماڵی حاجی برایمی چەرمەگا لەپاش دانیشتنێک دەبرێت لە چەمێکدا سەرەوخوار هەڵئەواسرێ.
بۆیە حەسەن زیرەک لە تۆمارکراوێکی دەنگی کە یازدە خولەکە باسی خیانەتی [محمد عارف جەزراوی و تەها عارف جەزراوی ] ئەکات، کاتێک ئەڕۆن بۆلای حەسەن لە ڕۆژهەڵات بۆئەوەی لە ڕادیۆی کوردی تاران و کرماشان گۆرانییان بۆ تۆمار کات ، هەژدە ڕۆژ لەماڵی حەسەن ئەمێننەوە، پاش چەند ساڵێک حەسەن دێت بۆ باشور ، بە[ساواک] تۆمەتباری ئەکەن و ئەیدەن بە گرت.
لەدوای ئەم ڕووداوە حەسەن ئەگات بەم ئەنجامەو ئەڵێت؛من هیوام بە کورد نییە ، ئەبەد نابێت بە هیچ، لە ناو خۆیاندا پیسن ، ناپاکن. (نزیکەی ٤۰ساڵ پێش ئێستا).
ژیانی سیاسی کوردەکان ڕێک وەک ژیانی کۆمەڵایەتییان وایە.
نەوشیروان مستەفا لە دوای جیابونەوەی لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، پاش بێ ئومێد بوون لە ڕێفۆرم ڕێکخراوێکی تری دامەزراند ، گرژی و ئاڵۆزی زۆر، لە نێوان [یەکێتی و گۆڕان] ڕویدا یەکتری تۆمەتبار کردن دەستی پێکرد (جەلال تاڵەبانی) بە ناڕەسمی بە نەوشیروانی وتبوو، (لە بابی بابەوە جاش بووە) بەڵام نەوشیروان زۆر گوێی پێنەدا وەک خۆی ئەڵێت : تا ڕۆژانی 29 هەتا 31ی 10ی 2009 ،یەکێتی نیشتیمانی لە هۆڵی تەلاری هونەری شاری سلێمانی، بە ئامادە بونی ( 1600)کەس چوارەمین پلینیۆمی بەست. قسەکانی تاڵەبانی کەلە ڕاگەیاندن و ئۆرگانەکانی یەکێتی بڵاو بوویەوە، نەوشیروان ناچار بوو وەڵامی تاڵەبانی بداتەوە وەک ئەڵێت:
تاڵەبانی پاش ئەوەی نەوشیروان و هاوڕێکانی تۆمەتبار ئەکات بە جاش و بە تێوەگلان لە (ئەنفال)، نەوشیروان بە کتێبێک وەڵامی ئەداتەوە بە ناوی[ لە هاوخەباتییەوە بۆ تەخوین] .
لە کتێبەکە نەوشیروان ئەڵێت: پێم ناخۆشە پاش 40 ساڵ لە تەمەنی هاوڕێیەتی و هاوخەباتی تەنها لەبەر ئەوەی چیتر لە ژێر چەتری یەک ڕێکخراودا کارناکەین بە زمانی “تەخوین” قسە لەگەڵ یەک بکەین .
نەوشیروان لەسەر داوایەکی تاڵەبانی درا بە دادگا.
دواتر دەڵێ: تاڵەبانی باوەڕی وابو ڕوخانی رژێمی سەدام بە “عامیلی خاریجی” و بە “هێزی دەرەكی” ئەكرێت. هەر بۆیە بایەخێكی تایبەتی ئەدا بە سوریاو لیبیا بە هیوای سازدانی ئینقیلابی عەسكەری. كە لەوان بێ ئومێد بو پەنای بردە بەر كۆماری ئیسلامی ئێران كە ئەو كاتە لەگەڵ جەیشی عێراق، لە جەنگێكی خوێناویەوە گلا بو، بەشكو بە هاوكاری جەنگی و سیاسی ئیران، عێراق بروخێ.
نەوشیروان موستەفا ئاماژەش بۆ ئەوەدەكات ” لەمانگی 10 ی 1986 دا لەتاران، بە نوێنەرایەتی یەكێتی لە لایەن تاڵەبانی و بە نوێنەرایەتی ئێران لە لایەن محەمەد باقیر زولقەدر (فەرماندەی ئەوسای قەرارگای رەمەزان) رێككەوتنێكی جەنگی و سیاسی و لۆجستی بۆ هاوكاری و هاوئاهەنگی هێزەكانی هەردولا دژی جەیشی عێراق لە هەمو بوارەكان دا ئیمزا كرا کە تەنها تاڵەبانی بەشداربوو، بە پێی ئەم رێكەوتنە ئەبو هێزەكانی یەكێتی لە هەمو بوارێكی جەنگی دا، هاوكاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەكانی ئێران بكا و، تا روخانی سەدام درێژە بە شەڕ بدا و بێ ئاگادرای ئێران و رەزامەندی ئەو هیچ مفاوەزەو ئاشتیەك لەگەڵ عیراق نەكا.
دوای ئەم رێككەوتنە زنجیرەیەك عەمەلیاتی عەسكەری هاوبەشی پێشمەرگەی یەكێتی و لایەنەكانی تر لەگەڵ سپای پاسداران بە ئاشكرا لە ژێر ناوەكانی “فەتح” و “نەصر” و “فەجر” … دەستی پێ كردو بەدوای ئەویش دا دەیان عەمەلیاتی تر ئەنجام درا، كەیەكێكیان “داستانی رزگاری” بو لە ناوچەی چوارتا نزیك بارەگاكانی سەركردایەتی یەكێتی، كە لە ژێر سەرپەرشتی راستەوخۆی خودی تاڵەبانی دا بو، بە هاوكاری و هاوئاهەنگی راستەوخۆ لە گەڵ محەمەد باقیر زولقەدر، دواتر سەرۆكی ستادی سپای پاسداران، و عەلی شەمەخانی، دواتر فەرماندەی نیروی دەریایی ئینجا وەزیری دیفاع. هەر هاوكاریو هاوئاهەنگیەك لە نێوان من یان هەر سەركردە یان فەرماندە یا پێشمەرگەیەكی یەكێتی لەگەڵ هێزەكانی ئیران كرابێ، بە پێی ئەم رێكەوتنە بووە، كە ئاغای تاڵەبانی ئیمزای كرد بو. پاكانە بە بیانوی بێئاگاییەوە لەم عەمەلیاتە، لە لێپرسراوێتی سیاسی و قانونی ئەو كەم ناكا.
لەو سەردەمەدا كە ئێمە بە دڵی شكاو و دەرونی بریندارەوە باسی ئەوەمان ئەكرد چۆن هەوڵی ”ئازادكردنی هەڵەبجە” بو بە “كارەساتێكی ئینسانی”، ئاغای تاڵەبانی بێ هیچ سڵەمینەوەیەك ئەیوت: كیمیابارانی هەڵەبجە مەسەلەی كوردی بردە ناو مەیدانی ناودەوڵەتیەوە… ئاخ بۆ دووسێ هەڵەبجەی تر.
تیرۆری کەسایەتی بەرامبەر ئوج ئالانیش کرا ، ئەوکاتەی کە یەکێتی و پارتی ڕێکەوتنیان لەگەڵ تورکیا هەبوو بۆ لێدانی pkk پاش گرتنی ئۆج ئالان ، کە دادگایی کرا ڕاگەیاندنەکانی هەردوو لا ، بۆ ماوەیەکی کاتی توانییان کەسایەتی تیرۆر بکەن، کە لە دادگایی کردنەکەدا ” وەک پاڕانەوە ئۆجەلان وتویەتی (من دایم تورکە) یان بە تورکی قسەی کردووە و کوردی نازانێ، بەڵام ئەوە لە یاسای تورکیایە کە دادگایی جگە لە زمانی تورکی بە هیچ زمانێک ناکرێ . پاش چەندین ساڵ لە زیندان کە محمدی برای ئەچێتە لای و ئەم تیرۆرە کەسایەتییە ئەبیستێتەوە، وەڵامێکی تەواویان ئەداتەوە.
ڕاگەیاندنەکانی یەکێتی کەلەکاتی هەڵبژاردنەکان چەندین ڤیدیۆیان بڵاو کردەوە بۆ تیرۆری کەسایەتی نەوشیروان، ئێستا ڤیدیۆدەگمانەکانی بۆ پیاهەڵدان بڵاو ئەکەنەوە.
ڕاگەیاندنەکانی گۆڕانیش، کە ئێستا لە ڕێکەوتنە 25خاڵییەکەدان خەریکن مێژوو ئەشێوێنن ، تەنها لەبەر 25 خاڵ کتێبی (لەهاوخەباتییەوە بۆ تەخوین ) بڵاوناکەنەوە.
مێژوو مەشێوێنن ، با مرۆڤەکان ڕاست بن.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە