شه‌ریف هه‌ژاری: ئایا پێویسته دروشمی جولانه‌وه‌ی (باكور و خۆرهه‌لات) بكرێت به سه‌ربه‌خۆیی؟
هه‌لگرتنی هه‌ر دروشمێك له لایه‌ن جولانه‌وه‌ی هه‌ردو به‌شی (باكور، یان: خۆرهه‌لات) پێویسته له ڕوی سیاسیی و مێژووییه‌وه به وردی ته‌ته‌ڵه بكرێ و، لۆژیكیانه له‌گه‌ل هاوكێشه ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان زه‌مینه‌ی مومكیناتی به‌ده‌ست هێنانی دروشمه‌كه دیاری بكرێت.
جولانه‌وه‌ی كورد له به‌شه‌كانی (باكور و، خۆرهه‌لات) به چه‌ندین قۆناغ له ڕوی ده‌ستكه‌وتی سیاسیی و چنگخستنی مافی یاساییان، له دوای جولانه‌وه‌ی باشوری كوردستانن كه خۆی گرتووه و، له كۆنفیدرالیهتهوه (كه به دروشم باشوری كوردستان: فیدراڵیه) ڕووه‌و (سه‌ربه‌خۆیی) هه‌نگاو ئه‌نێت.
لای هه‌موان ڕونه: هه‌مو نه‌ته‌وه‌یه‌ك هه‌قی ته‌واوی یاسایی و سروشتی خۆیه‌تی كه به گشت مافه‌كانی بگات به ده‌وله‌تی نه‌ته‌وه‌شه‌وه، به‌لام (له‌سه‌ر هه‌قبوون) جیایه و (مومكیناتی چنگخستنی ده‌ستكه‌وتی سیاسیی)ش جیایه.
هه‌ڵگرتنی هه‌ر دروشمێكی ستراتیژی بۆ جولانه‌وه‌كانی (باكور و خۆرهه‌لات) ده‌بێت پشت به (مومكیناتی به‌ده‌ست هێنان)یه‌وه ببه‌سترێت. ئه‌گینا ئاساییه و مێژووییشه كه بڵێیت: (كورد كۆنترین نه‌ته‌وه‌ی خۆرهه‌لاتی ناوه‌ڕاسته و ده‌بێت داوای سه‌ربه‌خۆیی بكا و، سنوره‌كانیشی له باشوری خۆرهه‌لاته‌وه كه‌نداوی عه‌ره‌بی یه و، له باكوری خۆرئاواشییه‌وه ده‌ریای ناوه‌ڕاسته). به‌ڵام دروشم لێدان و داواكاردن جیایه و، مومكیناتی به‌ده‌ست هێنانیشی جیایه. بۆ نمونه:
له سالانی په‌نجان به‌شێكی زۆری هاوبیرانی ڕێكخراوی (كاژیك) دروشمیان (سه‌ربه‌خۆیی كوردستان) بوو. ته‌نانه‌ت دواتر توانجیان له دروشمه‌كانی (قاسملو، مه‌لا مسته‌فا، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و مام جه‌لال)یش ده‌گرت كه دروشمیان (خودموختاری یا حوكمی زاتی) بوو.
پاشتر، پاسۆكهكانیش دروشمی سه‌ربه‌خۆییان هه‌ڵبژاردبو و، دیسانه‌وه ڕه‌خنه‌یان له (قاسملو و مام جه‌لال و مه‌سعود به‌رزانی) ده‌گرت كه دروشمی (خودموختاری یاخود: حوكمی زاتی)یان كردبووه ئامانجی ستراتیژ.
سه‌یر ئه‌وه‌بوو، به‌شێكی پاسۆكیهكان زۆر له ئێرانه‌وه نزیك بون و ده‌شیانزانی دروشمه‌كه‌یان چ له ئاست نێو ده‌وڵه‌تی و چ له دانوستانی ناوخۆ له‌گه‌ڵ داگیركه‌ری عه‌ره‌بی عێراق هێچی لێ سه‌وز نابێت.
كه‌چی مافێكی سروشتی-یاسایی نه‌ته‌وه‌یه‌كیان كردبوه دروشم، به‌بێ ئه‌وه‌ی هێنده تێفكرینی سیاسیان هه‌بێت كه دروشمه‌كه‌یان له ئاستی نێوده‌وله‌تی دا گوێی لێی ناگیردرێت.
چونكه كاتێك كه داگیركه‌ران به‌وه‌ش ڕازی نین تۆ به زمانی دایك بخوێنی و، تۆش داوای سه‌ربه‌خۆیی ده‌كه‌یت، وه‌ك ئه‌وه وایه: پێت له یه‌كه‌م پلیكانه‌ی په‌یژه‌یه‌ك دابێ و، له خه‌یاڵت دا وابزانیت له كۆتا پلیكانه‌ی په‌یژه‌كه دایت و، به یه‌ك هه‌نگاو ده‌چیه سه‌ر سه‌ربانه‌كه‌وه!!
هه‌روه‌ك چۆن په‌كه‌كه له‌سه‌ره‌تادا به دروشم (سه‌ربه‌خۆیی) یان هه‌ڵبژاردبوو، به‌ڵام دوای چه‌ندین ساڵ كاتێك زانیان كه له یه‌كه‌م قۆناغی پێش ڕزگاری دا ئه‌سته‌مه دروشمێكی وا هه‌ڵبژێریت، ئه‌وكات كردیانه (كۆنفیدراڵ)ی و، پاشتریش (فیدراڵ)ی و، ئینجا (خۆسه‌ری)، تا ده‌گات به (كانتۆن)یی و برایه‌تیی گه‌لان.
مرۆڤی سیاسیی ده‌بێت له‌وه تێ بگات كه له دوا پلیكانی په‌یژه‌كه‌دا به یه‌ك هه‌نگاو ده‌گاته سه‌ر سه‌ربانه‌كه، نه‌ك وابزانێت له یه‌كه‌م پلیكانه‌وه به یه‌ك هه‌نگاو ده‌گاته سه‌ر سه‌ربانه‌كه!! چونكه گه‌روا بزانێت، بێ گومان ده‌كه‌وێته خواره‌وه!!
جولانه‌وه‌ی (باكور و خۆرهه‌لات) هێشتا زۆر پێویستی به پشتیوانی نێوده‌وله‌تییه بۆ ئه‌وه‌ی به به‌شێكی سه‌ره‌تایی مافه‌كانی خۆی بگات. بۆیه هه‌ڵگرتنی دروشمی (سه‌ربه‌خۆیی) له ئێستادا بۆ جولانه‌وه‌ی (باكور یا خۆرهه‌لات)، ناسیاسییهت-زانییه. وه‌ك وتم: ڕاسته كورد مافی خۆیه‌تی، ڕاسته له ڕوه‌كانی (دین، فكر، خاك و یاسا) ئاساییه ئه‌و دروشمهت هه‌بێت، به‌ڵام نائاساییه‌كه له‌وه‌دایه كه تۆ به‌وردی هه‌لبژاردنی دروشم و چۆنیه‌تی جهزبكردنی سۆزی ولاتان بۆ دۆزه‌كه‌ت له یاد بكه‌یت.
ئیدی با ئه‌وه بوه‌ستێت بۆ ناوخۆی ده‌وڵه‌تانی ده‌سكردی (توركیا و ئێران)یش، گه‌ر له ئێستادا جولانه‌وه‌ی كورد دروشمه‌كه‌یان بكه‌نه سه‌ربه‌خۆیی، له قازانجی تورانیه‌ت و فارسیزم دایه.
چونكه ئه‌وان به فێڵوفڕی خۆیان ده‌یانه‌وێت تۆ دروشمێكی وا هه‌ڵگریت بۆ ئه‌وه‌ی له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیی دا ڕه‌وایه‌تیی یاسایی بدۆزنه‌وه بۆ قه‌تڵ و عام كردنت و په‌یاكردنی بیانویی یاسایی دژی دۆزه‌كه‌ت.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌وله‌تانی دگیركهر به پڕوپاگه‌نده‌ی به‌رگری كردن له یه‌كگرتویی خاكی ده‌وڵه‌تێكی خاوه‌ن سیاده‌ی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان، هه‌موو دڕندایهتییهكیان بۆ ده‌چێته‌سه‌ر.
ئه‌و ده‌وڵه‌ته داگیركه‌رانه ده‌شیانه‌وێت گوتارێكی ناواقیعی بۆ جولانه‌وه‌ی كورد بێته‌بوون كه له ئاست پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تیی دا یه‌كنه‌گرێته‌وه و به ناپه‌سه‌ند ته‌ماشا بكرێت. بۆیه ناكرێ و نابێت به كرده‌وه فاشیستییه‌كانی (تورك و فارس) ئیدی خێرا كورد (له‌سه‌ر كاغه‌ز) سۆزی هه‌ستێ و بڵێ (سه‌ربه‌خۆی)یم ده‌وێ، به‌ڵكو ده‌بێت سیاسییه‌كانی كورد زۆر فێڵاویتر بن له فاشیسته‌كانی تورك و فارس.
چۆن فێڵاویتر ده‌بن!؟
په‌سه‌ندترین دروشم ئه‌وه‌یه جولانه‌وه‌ی ئه‌و دوو به‌شه دروشمه‌كه‌یان: (مافی جاره‌نوس به شێوازی فیدراڵی) بێت، بۆ!؟
چونكه تۆ له ڕوی په‌روه‌رده‌وه ئه‌ندام و كادیرانت به ئایدیاكانی چاره‌ی خۆنوسین گۆش ئه‌كه‌ی و، له ڕوی نیودهوڵهتیشهوه ئه‌توانیت پشتیوانی بۆ دۆزه‌كه‌ت (توركیای فیدراڵی، یان: ئێرانی فیدراڵی) به‌ده‌ست بێنیت.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م دروشمه ناته‌باش نیه له‌گه‌ل یاسا-دروستكراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان كه بۆ سیاده‌ی ده‌وله‌ته‌كان داڕێژراوه. به‌ڵام كاتێك ئه‌ڵێیت: سه‌ربه‌خۆیم ئه‌وێ، ئه‌و دروشمه دژایه‌تی یاسا-نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه بۆ ده‌وڵه‌ته (به‌ناو) خاوه‌ن سیادهكانی توركیا و ئێران.
لێره‌دا هونه‌ر و فێڵه سیاسییه‌كه چیه!؟
ئه‌وه‌یه بۆ نمونه: گریمان سبه‌ینێ تۆ به‌و دروشمه (مافی چاره‌نوس به‌شێوازی فیدراڵی) توانیوته به‌شێكی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و به‌شێك له فارسه‌كان به‌لای خۆت دا جه‌زب بكه‌ی و، له‌گه‌ڵیشی دا زۆرێك له ده‌وڵه‌تانی دونیا پشتیوانی له‌و دروشمهت ده‌كه‌ن.
بۆیه له هه‌ر ئانوساتێكدا كه ئێران شه‌ڕی تێ بكه‌وێ و ڕژێمی ئێران بڕوخێت، زۆر ئاساییه به پلانی تۆكمه و ورد و مێژووزانانه ته‌واوی ناوچه‌كانی خۆرهه‌لاتی كوردستان تا كوردهبهختیاریهكان و تا ئه‌چیه سه‌ر پنتێكی بچوكی كه‌نداوی فارس ڕزگار بكه‌ی و، سه‌ربه‌خۆیی ڕاگه‌یه‌نیت.
ئه‌وه پێی ده‌ڵێن: سیاسه‌تمه‌داری به پلان و فێڵاوی.
بۆ نمونه: كه‌مال ئه‌تاتورك چی كرد (كه هه‌قوایه تورك به په‌یامبه‌ری نه‌ته‌وه‌یی خۆیانی بزانن)!؟ سه‌ره‌تا كورده‌كانی فریودا.
به‌بیانوی برایه‌تی ئاینیه‌وه شێخ عه‌بدولقادری نه‌هری له باكوری كوردستان بۆ پشتیوانی جولانه‌وه‌كه‌ی وه‌گه‌ڕ خست. پاش ئه‌وه‌ی توانی هێزه‌كانی یۆنان و به‌ریتانیا له قوسته‌نتنیه (ئه‌ستانه: ئیسلام بوڵ: ئه‌سته‌مبوڵی ئه‌مڕۆ) بشكێنێت، ئه‌وكات ده‌وڵه‌تی توركیای نوێی ڕاگه‌یاند و پایته‌ختی جیاكرده‌وه و، له %80 ی یۆنانیه‌كانی ئیسته‌مبوڵی جینۆسایدكرد و، تاهه‌تایه له شارێكی یۆنانیه‌وه كردیه شارێكی توركی. ئینجا كه‌وته كشتوبڕی ئه‌رمه‌نه‌كان و، به‌شێكی ئه‌و كشتوبڕانهشی به كورده جاشه‌كان ئه‌كرد. دوای جینۆسایدی یۆنان و ئه‌رمه‌ن، ئیدی كوردهجاشهكان و كورده شۆڕشگێڕهكانیشی ته‌فروتونا كرد.
هه‌ربۆیه سه‌ركرده‌ی سیاسیی پێویسته قۆناغ له به‌رچاو بگرێ. خۆی نه‌خاته ئاستی ده‌ستكه‌وته‌كانی باشوره‌وه. یان له‌به‌ر لاوازبوونی جولانه‌وه‌ی كورد له خۆرهه‌لات هه‌ڵه‌ی تر نه‌كا و واتێنه‌گات كه هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه: دروشمه‌كه سه‌ربه‌خۆیی نییه!!
به‌ڵكو ئه‌بێت ته‌واو فێڵاویانه ستراتیژ و پلان دابڕێژێت. هه‌موان ئه‌زانن كه ئێران ئاژاوه‌ی تێ بكه‌وێت، نه‌ته‌وه‌كان به‌ریه‌ك ده‌كه‌ون. كورد زۆر به‌ئاسانی ئه‌توانێ هه‌له‌كه بقۆزێته‌وه و، هه‌ر له شه‌ڕه‌كانی سه‌ره‌تادا لای كورده‌وه بهختیارییهكانهوه بچێته سه‌ر پنتێكی كه‌نداوی عه‌ره‌ب. ئه‌وكات ئه‌توانێت (له‌و بگره و لێنیشهیهدا!) ده‌ستێك به‌سه‌ری ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ی تردابێنێت كه له‌سه‌ر ڕێی ورمێ دان، یاخود تێكه‌لاوی ناوچه‌كانی كورده به‌ختیارییه‌كان بون!!
ئه‌گینا له چه‌ندین به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی (به‌تایبه‌ت له كه‌ناڵی كه‌ی-ئێن-ئێن كه ئێستا ڤیدیۆیه‌كه‌ی له یوتوب دا هه‌یه) باسم له‌وه كردووه كه: وڵاتانی داگیركه‌ری كوردستان به‌ئاسانی نابنه ولاتێكی دیموكراسی. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا تۆ هه‌ر ده‌بێت دروشمێك هه‌ڵببژێریت كه بتوانیت هه‌م سۆز و پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی به‌لا دا جه‌زب بكه‌یت و، هه‌م بیانوو نه‌ده‌یه ده‌ست تورك و فارسه‌كان تا وه‌ك چه‌كێك له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی دا دژت به‌كاری بێنن.
خۆ گه‌ر وردبینه‌وه ه ده‌سكه‌وته‌كان، ئایا ده‌ستكه‌وته‌كانی باشوری كوردستان كاژیك و پاسۆكهكان به‌ده‌ستیان هێنا، یاخود پارتیی و یه‌كێتیی!؟
بێ گومان: به‌شی هه‌ره زۆری پارتیی و یه‌كێتیی به‌ده‌ستیان هێناوه. چ له 11ی ئازاری 1970 و چ ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی 1991.
خۆ ئه‌گه‌ر پارتیی و یه‌كێتیش وه‌ك كۆنه پاسۆكیهكان دروشمی (سه‌ربه‌خۆی)یان هه‌ڵببژاردبایه، ئه‌وا نه ده‌وڵه‌تی عێراق دانوستانی له‌گه‌ل ئه‌كردن و، نه كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیش پشتیوانی دۆزهكهیانی ئه‌كرد.
بۆ سیاسه‌تزان و پلانداڕێژ گرنگه هه‌م حه‌وسه‌ڵه‌ی هه‌بێ و، هه‌م ته‌واو فێڵباز بێ و گه‌ر ده‌رفه‌ت خولقا، به‌ته‌واوی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بیقۆزێته‌وه (كه باشوری كوردستان زۆرجار ده‌رفه‌تیان له ده‌ست داوه).
ئه‌گینا تۆ تائێستا له (باكور و خۆرهه‌لات) له ڕوی جوگرافیی سیاسیی و ته‌نانه‌ت له ڕوی جیۆپۆلهتیكیشهوه (ئه‌و دوو چه‌مكه جیان و زۆر كه‌س تێكه‌ڵیان ئه‌كات!) نازانیت سنوریت نه‌ته‌وه‌یت تا كوێیه، یاخود: به سنوری نه‌ته‌وه‌یی خۆت نهگهشتویت، بۆچی هه‌ر له ئێستاوه دروشم لێ ده‌ده‌یت!؟
كێ ده‌ڵێت ڕوداوه‌كانی داهاتوو ده‌رفه‌تێكی وا به تۆ نابه‌خشن كه (دوو شارۆچكه‌ی ئاسایی) كۆنترۆل بكه‌ی و، سنورت بكه‌ویته سه‌ر پنتێكی بچوكی كه‌نداوی عه‌ره‌ب، كه پێشتر خۆشت به سنوری خۆرهه‌لاتی كوردستانت نه‌زانیوه!!
هه‌میشه وه‌ك شه‌ریف هه‌ژاری پێموایه دوو تایبه‌تمه‌ندی بۆ مرۆڤی سیاسیی و سه‌ركرده‌یی سیاسیی گرنگه:
1- مێژووناس بێ.
2- زۆرزان بێ.
له ساڵی 2009 له كۆبونه‌وه‌ی خوێندكاره یه‌كه‌مه‌كانی كوردستان كه من نوێنه‌ریان بوم، د.به‌رهه‌م ساڵح پێی وتم: ده‌مه‌وێت له‌مه‌ولا كتێبی مێژوویی بخوێنمه‌وه!!
وه‌ك (شه‌ریف هه‌ژاری) پێموایه: هه‌ندێك له هه‌ڵه‌كانی سه‌ركرده‌كانی كورد نه‌ناسین و په‌ند لێ وه‌رنه‌گرتنه له ڕووداوه سیاسیه‌كانی ناو مێژوو!
بۆ وردتر زانینی ئه‌وه‌ی: ئایا جولانه‌وه‌ی (باكور، یا: خۆرهه‌ڵات) كام دروشمه ستراتیژییه هه‌ڵببژێرن، ئه‌م لینكه‌ی سایتی وتاری كورد بكه‌نه‌وه كه بابه‌تێكی پێشترمه، له‌و بابه‌ته‌ش دا به وردی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌م شی كردۆته‌وه: نه‌زانی سیاسییه دۆزی كورد له ( خۆرهه‌لات و باكور ) وه‌ك دۆزی باشور خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت!