شێرزاد شێخانی: روح فهم پارتی ئاغا…
ئەگێڕنەوە لەزەمانی عوسمەنلیەكاندا كوڕێك رۆژانە لەدایكی وەرئەگرێ، رۆژێك دایكی ئەیەوێ رۆژانەكەی كەمكاتەوە، كوڕەش زۆر تووڕە ئەبێ و قسە ناخۆشی پێ ئەڵێ. دایكەش سوێند ئەخوات بچێتە لای والی شكاتی لێبكات. دایكە ئەچێتە لای والی ئەڵێ كوڕەكەم قسەی توندی لەگەڵا كردوم. والی بەجەلادەكەی ئەڵێ لەگەل ئەو ژنەیا بڕۆ ئەو كوڕەم بۆ بێنن با تێر داركاری بكەم. دایكی كوڕەش كە ئەبینێ جەلادەكە بەشمشێرەكەی دەستی و چەند زەرتە زەلامێك بەدوای كوڕەكەوەن، دڵی بەكوڕەكەی ئەسوتێ و لەناو بازار كوڕێكی تر ئەبینێ ئەڵێ ئەمە كوڕەكەمە. ئیدی ئەیگرن و ئەیبەنە لای والی. والی ئەڵێ: ئەوە تۆ چۆن قسەی رەق بەدایكت ئەڵێی, نازانی خوا لێت تووڕە ئەبێ. ئەویش ئەڵێ: جەنابی والی بەخوا من دایكم دە ساڵە مردوەو ئەو ژنە ناناسم. هەڵبەت ئەو زەمان دەفتر نفوس و ناسنامە نەبوە بیسەلمێنێ كە ئەوە دایكی نیە. والی ئەڵێ: ئەوە بێ حورمەت ئینكاری لەدایكیشت ئەكەی بیبەن داركاریی كەن تا ئیعتراف ئەكا، ئەگەر ئیعترافیشی كرد با دایكی بخاتە كۆڵی لەناو شار بیگێڕێ. كوڕەش لەترسی داركاری ئەڵێ: بەڵی دایكمەو ژنە ئەخاتە سەرپشتی و ئەیگێڕێ بەناو شاردا. برادەرەكانی كوڕە ئەیبینن بەو حاڵەوە لێی ئەپرسن: كوڕە فلان ئەو ژنە كێیە بەكۆڵتەوه ئەیگێڕی. ئەویش ئەڵێ: ئەوە دایكمە. پێی ئەڵێن:كوڕە دایكی تۆ دە ساڵە مردوە. ئەویش ئەڵێ: من ئەزانم دایكم مردوە، بەڵام ئێوە برۆن ئەوە لە ئەحمەد ئاغا بگەیەنن تا تێبگا”!.
منیش لەبەرنامەی پانۆرامای كوردسات نیوزدا لەوەڵامی پرسیارێك سەبارەت بە پەیوەندییەكانی كورد بەدونیای دەرەوە ئاماژەم بەوەدا، كە كورد ئەمڕۆ لەلایەن ئەمریكاو ئەوروپاوە ئیستغلال ئەكرێ. لەجیاتی ئەوەی سوپای خۆیان بێنن شەڕی داعشی پێبكەن و هەر رۆژەوە پەنجا شەست تەرمیان بۆ بچێتەوە، ئەو شەڕە بە بەچەك و بەپارە بەپێشمەرگە ئەكەن، وەكو ئەوەی پێشمەرگە چەكێكی بەكرێگیراو بێت. من بەم وتەیەم بەرگریم لەپێشمەرگە كردوەو وتومە ئەمریكاو ئەوروپا شەڕی خۆیانیان بەپێشمەرگە ئەكەن و مناڵی ئێمە بەكوشت ئەدەن، كەچی وەزارەتی پێشمەرگە بەتەمان بمدەنە دادگا بەتۆمەتی سوكایەتیكردن بە پێشمەرگەو وەسفكردنیان وەك هێزێكی بەكرێگیراو؟ّ.
كاتی خۆیشی هەمان شتیان لەگەڵ خاتو سروە عبدالواحید كرد كاتێك بەرگری لە پێشمەرگە كردو وتی ژنەكانیان برسییانە، ئەوە بۆ نەیانتوانی قەناعەت بەخەڵكەكە بێنن بێنە سەر جادە، چون دوو هەزار پێشمەرگەی زێرەڤانیان هێنایە سەر جادە. من ئەمەم ئەزانی بۆیە لەكۆتایی بەرنامەكەدا ئاماژەم بەوەدا كە پارتی دوور نیە بچێت دیسان زێرەڤانی بێنێتە سەر شەقام، بۆیە ڕونكردەوەمدا كە من مەبەستم ئەوەیە هێزی پێشمەرگە لەلایەن ئەمریكا و ئەوروپا وانیشان ئەدرێ كە هێزێكی بەكرێگیراوە. بەڵام وادیارە برادەرانی پارتی زۆر درەنگ تێئەگەن بۆیە كردویانە بەهەڵڵا، بەڵكو ئەمە خوایە سۆزی جەماوەر رابكێشن بۆ لای ریفراندۆمە ساختەكارییەكەی بەتەمان بیكەن.
داوا لەهەمو خەڵكی كوردستان ئەكەم سەیری ئەو فیدیۆیەی بەرنامەكە بكەن لەسەر سایتی كوردسات نیوز بۆ ئەوەی حەقیقەتی مەسەلەكە بزانن، دواتریش ئەگەر پێیان بكرێ بچن لەپارتی ئاغا بگەیەنن كە مەبەستی من داكۆكیكردن بوە، نەوەك سوكایەتی كە خۆم پێشمەرگەی هەردو شۆڕشی ئەیلول و نوێی گەلەكەمانم.
- Latest Posts by شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts