شه‌ریف هه‌ژاری: ئه‌گه‌ره‌كانی به‌رده‌م گۆڕان پاش مردنی نه‌وشیروان مسته‌فا و، باشترین كه‌س بۆ ڕێكخه‌ری گشتی!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئه‌مه‌ حه‌قیقه‌ته‌: هه‌رچی سه‌ركرده‌ی‌ باشوری كوردستانه هه‌ر‌ له‌ لوتكه‌ی (پارتیی و یه‌كێتی )یه‌وه‌ تا ئه‌گات به‌ لوتكه‌ی حیزبه‌ ئیسلامیه‌كان، بمرن، هێنده‌ی (نه‌وشیروان مسته‌فا) له‌ ناو دڵی هه‌ژاران دا نین، هۆكاره‌كه‌ی ئاسانه‌، ئه‌م دوو نیوه‌دێڕه‌یه‌‌ كه‌ سێ مانگ پێش ئێستا نووسیم: تا له‌ شوێنكه‌وته‌یی خه‌ڵك‌ و، تاڵانچێتی به‌رپرسه‌كان وردنه‌بیته‌وه‌: مه‌زنێتی نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌ست پێ ناكه‌ی!.

هه‌ر پاشه‌كشه‌كردنێكی جولانه‌وه‌ی دژ به‌ بنه‌ماڵه‌گه‌رای كردنی‌ حوكمڕانی هه‌رێم، پاشه‌كشه‌یه‌ بۆ هه‌موو مرۆڤێكی پێشكه‌ونخوازی كورد له‌ هه‌مو به‌شه‌كان دا و، به‌مانای پاشه‌كشه‌ی بیری پێشه‌كه‌وتوخوازانه‌ دێ له‌ ململانێكردنی هزری ته‌نگه‌تیله‌ی خێڵه‌كی- بنه‌ماڵه‌گه‌رایی حوكمڕانیی كوردی. هه‌ربۆیه‌ نه‌ك ئه‌ركی هه‌مو تاكێكی هوشیاره‌، بگره‌ فه‌رزی سه‌ر شانیشیانه‌ دژی به‌ بنه‌ماڵه‌ییكردنی جومگه‌كانی حوكمڕانیه‌تی كوردی بن.

هه‌ر قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستێك به‌رگری له‌ به‌ بنه‌ماڵه‌ییكردنی جومگه‌كانی حوكمڕانیه‌تی كوردی بكا، یاخود: كاریان بۆ بكا: (هه‌ر له‌ ڕه‌نج سه‌نگاوی و هیوا جه‌ماله‌وه‌ تا ئه‌گات به‌ جه‌مال عه‌بدوڵا و زۆری تر) كه‌سانێكی هه‌لپه‌رستی به‌رژه‌وه‌ندیخوازن و به‌كارده‌هێنرێن.

چونكه‌ زۆر به‌ڕوونی ئه‌مانه‌ ئه‌زانن ئه‌و شوێنگانه‌ی كاری تێدا ئه‌كه‌ن، ناوه‌ندی به‌رگرییه‌ له‌ تالانكردنی سه‌روه‌ت و سامانی ولات، ناوه‌ندی جوانكردنی ده‌سه‌لاتی وه‌ره‌ساتگه‌رایی كوردییه‌. كه‌وابو: ناوه‌ندی به‌لاڕێدابردنی كۆمه‌ڵگایه‌ له‌ هوشیاركردنه‌وه‌ی ته‌ندروست‌ ڕووه‌و ڕاسته ‌ڕێ.

هه‌رچی قه‌له‌م به‌ده‌ستی پارتیی و یه‌كێتیی و ئیسلامیه‌كان هه‌یه‌، هه‌ر هه‌موویان به‌سه‌ر ته‌رمی سه‌ركرده‌كانیان دا په‌خشان ڕێك بخه‌ن، (سه‌رۆ قادر خۆی بگرێته‌ قوڕ بۆ مردنی مه‌سعود به‌رزانی، ڕه‌نج سه‌نگاوی و جه‌مال عه‌بدوڵا پرچی خۆیان بۆ مردنی نێچیر به‌رزانی بڕنن، یادگار فایق قوڕ بۆ مردنی مه‌سرور بپێوێ، تا ئه‌گات به‌ یه‌ك به‌ یه‌كی په‌خشانوسه‌كانی یه‌كێتیی و ئیسلامیه‌كان)، ئینجا ناتوانن كار له‌ خه‌ڵكی ڕه‌شوڕوت و هه‌ژاران بكه‌ن و، سه‌ركرده‌كانیان لای خه‌ڵك خۆشه‌ویست بكه‌ن، هێنده‌ خۆیان و سه‌ركرده‌كانیان له‌ به‌رچاوی میلله‌ت كه‌وتون، چونكه‌ به‌سه‌ر تاڵانی قوتی میلله‌ته‌وه‌ ئه‌ژین.

ئه‌گه‌ره‌كانی به‌رده‌م گۆڕان پاش مردنی نه‌وشیروان مسته‌فا:

1- كاركردنی باڵی ده‌سه‌لاتداری یه‌كێتی بۆ جه‌زبكردنی گۆڕان، بێ به‌رهه‌مه‌، بۆ!؟

كه‌ ئه‌ڵێم بێ به‌رهه‌مه‌، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ نییه‌ له‌ سیاسه‌ت دا ڕێی تێ ناچێت كه‌ باڵی ده‌سه‌لاتداری یه‌كێتیی و گۆڕان یه‌كگرن (هه‌رچه‌نده‌ پێموایه‌ ئه‌وه‌ كارێكی ئه‌سته‌مه‌). به‌ڵام مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌: گه‌ر باڵی ده‌سه‌ڵاتداری یه‌كێتیی و گۆڕان یه‌كیش بگرن، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌توانم بڵێم زیاد له‌ %80 ی جه‌ماوه‌ری گۆڕان ده‌نگ به‌ یه‌كێتیی ناده‌ن.

چونكه‌ ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی كه‌ ده‌نگیان به‌ گۆڕان داوه‌ هێنده‌ له‌ یه‌كێتیی و پارتیی ناڕازین، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نه‌وشیروان مسته‌فاش زیندوو بێته‌وه‌ ناتوانێت جه‌ماوه‌ری گۆڕان ڕازی بكات كه‌ ده‌نگ بده‌ن به‌ یه‌كێتیی یا پارتیی.

بۆیه‌ پێموایه‌: باڵی ده‌سه‌لاتداری یه‌كێتیی له‌ هه‌وڵی یه‌كگرتنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان ئاسنی سارد ئه‌كوتن. چونكه‌ گه‌ر ته‌واوی به‌رپرسه‌كانی گۆڕانیش بچنه‌وه‌ ڕیزی یه‌كێتیی (كه‌ ئه‌سته‌مه‌)، ئه‌وا ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ ناڕازیه‌ی كه‌ ده‌نگی به‌ گۆڕان داوه‌ هه‌ر ده‌نگ به‌ یه‌كێتیی ناده‌ن. چونكه‌ ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ به‌ ته‌واوی له‌ پارتیی و یه‌كێتیی زویر بوون، هێنده‌ پارتیی- یه‌كێتیی زوڵم و زۆرداریان دژی خه‌لك كردووه‌.

هه‌روه‌ك چۆن نه‌وشیروان مسته‌فا نه‌خۆشكه‌وتنی مام جه‌لالی نه‌قۆزته‌وه‌ بۆ مه‌رامی سیاسیی، ئاوهاش هه‌ق وایه‌ سه‌ركرده‌ و كادیره‌كانی یه‌كێتیی كۆچی دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا نه‌قۆزنه‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حیزبیان.

پێموایه‌: به‌شداربوونی به‌رفراوانیشیان له‌ پرسه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فادا ئه‌ركی سه‌رشانی یه‌كێتییه‌كان بوو. چونكه‌ ئه‌وه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا بوو یه‌كێتیی گه‌یانده‌ ململانێكاری سه‌ره‌كی پارتی (حیزبی تاقانه‌ی شۆرشی ئه‌یلول!). به‌لام دیمان كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ یه‌كێتیی هاته‌ ده‌ره‌وه‌، یه‌كێتیی به‌ ملیاران دۆلاریان له‌به‌رده‌ست دابوو، مانگانه‌ هه‌زاران ته‌نكه‌ر نه‌وتیان ئاودیو ئه‌كرد. كۆسره‌ت ره‌سول و به‌رهه‌م سالح یان هه‌بوو.  موفه‌كیری هه‌موو بواره‌ زانستیه‌كانی جیهان (مه‌لا به‌ختیار) تیۆریای بۆ داده‌ڕشتن. سه‌رۆك فوئاد مه‌عسومیشیان هه‌بوو. به‌لام به‌ پشتیوانی پارتیی و به‌ گزی و فزیه‌كانیشه‌وه‌ ئینجا 18 كورسیان هێنا، نه‌وشیروانیش له‌ گرده‌كه‌وه‌ به‌ بێ پاره‌ 24 كورسی هێنا،!!

پێموایه‌: ئه‌وه‌ش‌ حه‌قیقه‌ته‌، نه‌وشیروان كه‌ له‌ یه‌كێتیی هاته ‌ده‌ره‌وه‌، یه‌كێتیی شڵه‌قا و، تائێستاش نه‌یتوانیووه‌ خۆی ڕێكبخاته‌وه‌. ئه‌وه‌ ئه‌یسله‌مێنێت نه‌وشیروان مسته‌فا چ كاریگه‌ری و ڕۆڵێكی (ژیان)یی له‌ بنیاتنان و ئاراسته‌كردن و گه‌شه‌كردنی یه‌كێتیی دا هه‌بووه‌!!

ڕاسته‌ نه‌وشیروان مسته‌فا خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندی ئه‌رێنیی و نه‌رێنیی بوو له‌ كایه‌ی سیاسیی و مێژووی سیاسیی دا، به‌لام: نه‌وشیروان مسته‌فا كاراكته‌رێك بوو له‌ خۆی نه‌ئه‌گۆڕا، فشه‌كه‌ر نه‌بوو، خۆده‌رخه‌ر نه‌بوو، ته‌واو خاكی بوو، وه‌ك به‌رپرسه‌كانی پارتیی- یه‌كێتیی دزی له‌ قوت و سامانی میلله‌ت نه‌ئه‌كرد.

2-كاركردنی باڵی به‌رهه‌م ساڵح و سێبه‌ره‌كانی بۆ جه‌زبكردنی به‌رپرس و كادیرانی گۆڕان، ترسناكه‌‌، بۆ!؟

پێموایه‌: ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندنه‌كان و ڕۆژنامه‌نوسان دركیان پێ نه‌كردوه‌، كاركردنی نهێنیكارانه‌ی به‌رهه‌م سالح و سێبه‌ره‌كانیه‌تی له‌سه‌ر به‌رپرس و كادیرانی گۆڕان. به‌جۆرێك ئه‌توانم بڵێم: به‌نهێنیی جه‌زبكردنی هه‌ندێكیانی مه‌یسه‌ر كردووه‌. (نامه‌وێت وردتر شی بكه‌مه‌وه‌ و، به‌لام به‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگی ئه‌زانم كه‌ نوسه‌ری كورد تائێستا بایه‌خی پێ نه‌داوه‌!!). ئیدی با ئه‌وه‌ بوه‌ستێت به‌ دوری نازانم چونی شاسوار عبدالواحید بۆ ئه‌مریكا، هه‌ر ساتوسه‌ودای ئاراسته‌كاری د.به‌رهه‌می تێدا بێت!! بۆیه‌ هه‌لسه‌نگاندنی من وایه‌: دکتۆر به‌رهه‌م به‌ چه‌ندین ئاراسته‌وه‌ (هه‌ول ئه‌دات زۆرزانانه‌ و نهێنیكارانه‌ بێت) ئه‌جێنداكه‌ی گه‌شه‌ پێ ئه‌دات!!

هه‌ربۆیه‌ گرنگترین پرس بۆ گۆڕان، ده‌بێت ئاگاداری كاركردنی دکتۆر به‌رهه‌م و سێبه‌راكانی بن بۆ جه‌زبكردنی به‌رپرس و كادیرانی گۆڕان. چونكه‌ پێموایه‌: به‌رهه‌م سالح له‌م كاره‌دا به‌رهه‌مدار ده‌بێ، بۆیه‌ به‌ ترسناكی ئه‌زانم له‌سه‌ر گۆڕان!! واته‌ كاركردنی به‌رهه‌م سالح له‌سه‌ر گۆڕان به‌كاریگه‌رتر و به‌ به‌رهه‌مدارتی ئه‌زانم تا كاركردنی باڵی ده‌سه‌لاتداری یه‌كێتیی له‌سه‌ر گۆڕان.

هه‌رچه‌نده‌ به‌ لای منه‌وه‌، ئه‌و به‌رپرسانه‌ی گۆڕان پاش مردنی نه‌وشیروان مسته‌فا ڕووبكه‌نه‌ حیزبی تر، به‌ ڕاستی ئۆپۆرتۆنیستن!! هه‌روه‌ك چۆن پێشموایه‌: هه‌ندێك له‌ كادیرانی گۆڕان ته‌نهاو ته‌نها بۆ ئه‌ندام په‌رله‌مانی ڕویان له‌و حیزبه‌ كردووه‌ و پێویسته‌ گۆڕان زۆر وریایان بێت. بێ گومانیشم ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی په‌رله‌مانتاره‌كانیان به‌ دوای موچه‌كانیانه‌وه‌ن!!!

2- كاركردنی پارتیی له‌سه‌ر گۆڕان: پێموایه‌ ڕه‌قیبی سه‌ره‌كی پارتیی و مه‌سعود به‌رزانی خودی نه‌وشیروان مسته‌فا بوو.

هه‌میشه‌ بڕوام وابووه:‌ پارتیی كه‌سانی ڕوێنراوی گرنگی له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌یه‌. له‌ شه‌سته‌كانه‌وه‌ كاركردی پارتیی وابووه‌ كه‌ له‌ ناو حیزبه‌ ڕكابه‌ره‌كانی دا ته‌نها گرنگی به‌ ڕواندنی سه‌ركرده‌ی سیخوڕ بدات (تا به‌وردی له‌ مێژوو شاره‌زا نه‌بێت، به‌ دیقه‌ته‌وه‌ ئاگاداری ئه‌م باسه‌ نابیت).

بۆیه‌ پێموایه‌ پارتیی هه‌ر له‌ ڕێی ڕوێنراوه‌كانی خۆیه‌وه‌ كه‌ له‌ ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دان ئیش له‌سه‌ر گۆڕان ده‌كات.

گرنگترین بابه‌تیش بۆ پارتیی نه‌مانی نه‌وشیروان مسته‌فایه‌، كه‌ من نزیك به‌ دوو‌ ساڵ پێش ئێستا بابه‌تێكم نوسی به‌ناونیشانی: (ورد لە مێژوو ڕامێنن !! پارتی بۆ وا بە نەوشیروان مستەفا دەکات ؟)  له‌م لینكه‌وه‌ ئه‌توانن خوێنه‌ری بن:

https://www.wtarikurd.info/%D8%B4%DB%95%D8%B1%DB%8C%D9%81-%D9%87%DB%95%DA%98%D8%A7%D8%B1%DB%8C-%D9%88%D8%B1%D8%AF-%D9%84%DB%95-%D9%85%DB%8E%DA%98%D9%88%D9%88-%DA%95%D8%A7%D9%85%DB%8E%D9%86%D9%86-%D9%BE%D8%A7%D8%B1%D8%AA/

بابه‌تی ناوبراو پڕ خوێنه‌رترین بابه‌تی ساڵ بوو. له‌و بابه‌ته‌دا ئاماژه‌مان به‌وه‌ دابوو: (تاکە ڕەقیبی مەسعود بەرزانی مابێت و دژی بیریی خێڵایەتیی بێت لە باشوری کوردستانا سەرکردەیەکە بەناوی ” نەوشیروان مستەفا ”). كه‌وابو ئیدی مه‌سعود له‌ ساحه‌كه‌دا ڕه‌قیبی بۆ نه‌ماوه‌، بۆیه‌ گرنگه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕاستگۆییانه‌ به‌رده‌وامی هه‌بێ و هه‌ر پشتیوانی ده‌نگی ناڕازی و زوڵم لێكراوان بێت.

3- كاركردنی ئیسلامیه‌كان له‌سه‌ر گۆڕان دوای نه‌مانی نه‌وشیروان مسته‌فا.

پێموایه‌: كاركردنی عه‌لی باپیر بۆ جه‌زبكردنی گۆڕانخوازه‌ عاتیفیه‌كان سودێكی وه‌های نابێت. ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵی ئیسلامی بشتووانن بشگه‌نه‌ (ده‌ كورسی په‌رله‌مان) تاڕاده‌یه‌ك هه‌روه‌كو ئێستا ئه‌بن.

ئه‌مه‌ سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی هوتافه‌كانی به‌شێك له‌ گۆڕانخوازان بۆ عه‌لی باپیر زیاده‌ڕۆیی تێدابوو. چونكه‌ عه‌لی باپیر ئه‌جێندایه‌كی نوێی نیه‌ كه‌ له‌وه‌ی پارتیی- یه‌كێتیی پێشكه‌وتوتر بێت. ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خودی عه‌لی باپیریش هه‌ر بنه‌ماڵه‌گه‌رایی ئه‌كا، هه‌میشه‌ خۆی و زاواكه‌ی (عبدالستار مجید) بۆ په‌رله‌مانتاری به‌غدا و پۆسته‌ وه‌زاریه‌كانی كوردستان ئاڵوگۆڕ پێ ئه‌كات. ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ر عه‌لی باپیره‌ كه‌ وه‌زیره‌كه‌ی له‌م كابینه‌ی حكومه‌ته‌ وه‌ره‌ساتگه‌رایی- چه‌پاولگه‌رییه‌ نه‌كشاندۆته‌وه‌ و، هه‌ر عه‌لی باپیریش بوه‌ خانویه‌كی (ته‌خشان و په‌خشان پێكراوی) نێچیر به‌رزانی قبول كرد كه‌ له‌ هه‌ولێر پێی به‌خشی. ئایا نێچیر هه‌روا به‌ ئاسانی كۆشك ئه‌به‌خشێت!؟

ئه‌وه‌ ڕوونه‌ یه‌كگرتووی ئه‌ردۆگانیزم سه‌ر به‌ توركیان بۆیه‌ له‌ پارتییه‌وه‌ نزیكن. ڕونیشه‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامیش سه‌ر به‌ ئێرانن. به‌لام چۆن ئێران هه‌ول ئه‌دات هه‌میشه‌ كۆمه‌ل له‌ یه‌كێتیی نزیك بكاته‌وه و هاوبه‌ره‌ بن‌، كه‌چی كۆمه‌ل له‌گه‌ڵ پارتیش سات و سه‌ودایان هه‌یه‌ و، عاقیبه‌تیش ئه‌یبینن.

4- په‌كه‌كه‌ و گۆڕان: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گۆڕان كێبركێ كاری پارتییه‌، بۆیه‌ له‌ په‌كه‌كه‌وه‌ نزیكه‌. به‌ڵام من ئه‌وه‌ به‌ نزیكایه‌تییه‌كی كاتیی ئه‌زانم. چونكه‌ په‌كه‌كه‌ جگه‌ له‌ خۆیان كه‌سی تر قبول ناكه‌ن و، گۆڕانیش هێزێكی ڕه‌خنه‌گره‌، بۆیه‌ تاسه‌ر پێكه‌وه‌ هه‌ڵناكه‌ن.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا په‌كه‌كه‌ به‌هۆی ئێرانه‌وه‌ زیاتر له‌ یه‌كێتیی نزیكتره‌. چونكه‌ پێموایه‌ له‌ لای ئێران یه‌كێتیی په‌سه‌ندتره‌ تا گۆڕان. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی به‌ یه‌كێتیی ئه‌كرێت كه‌ بۆ ئێرانی بكات (كه‌ یه‌كیتیی هێزی چه‌كداری هه‌یه‌)، ئه‌وا ئه‌وه‌ به‌ گۆڕان ناكرێت كه‌ بۆ ئێرانی بكات.

ئه‌مه‌ سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی گه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دانه‌مه‌زرایه‌ ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی ئه‌و لاوه‌ خوێنگه‌رمانه‌ی كه‌ ڕویان كرده‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕویان ده‌كرده‌ ناو ڕیزه‌كانی په‌كه‌كه،‌ چونكه‌ چانسی دیكه‌یان له‌ به‌رده‌م دا نه‌بوو، یاخود به‌شێكی كه‌میشیان ڕویان ئه‌كرده‌ ڕیزه‌كانی گروپه‌ ئیسلامیه‌ ڕادیكاڵه‌كان.

5- باشترین كه‌س بۆ ڕێكخه‌ری گشتی. پێموایه‌ باشترین كه‌س بۆ پۆستی ڕێكخه‌ری گشتی (عومه‌ری سه‌ید عه‌لی) یه‌.

چونكه‌ وای ئه‌بینم كه‌سایه‌تی (عومه‌ری سه‌ید عه‌لی) هه‌م ئه‌زمونداره‌ و هه‌م گوێگریشه‌ له‌گه‌ڵ ته‌واوی توێژه‌كان دا. هه‌رچه‌نده‌ ڕونه‌ له‌ ناو گۆڕان دا هیچ كه‌سێك ناتوانێت ببێته‌ نیوه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا. به‌لام لای من (عومه‌ری سه‌ید عه‌لی) باشترین كه‌سه‌ كه‌ ببێته‌ ڕێكخه‌ری گشتی گۆڕان. پێویستیشه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كاری حیزبیان (وه‌ك حیزبێكی سه‌ربه‌خۆ) درێژه‌ پێ بده‌ن. ڕێ نه‌ده‌ن ئه‌م بێ- سه‌روبه‌ره‌ییه‌ی ڕێكخسته‌كانیان به‌رده‌وامیی هه‌بێت، به‌ڵكو پێویسته‌ خۆیان به‌ دامه‌زراوه‌یی و به‌ دیسپلین بكه‌ن. بێ گومانیشم گه‌ر گۆڕان له‌ ناو خۆیان دا ته‌با بن و خۆیان به‌ دیسپلین كه‌ن، ئه‌وا بێ گومانم جه‌ماوه‌ریان زیاتر ئه‌بێت و كاریگه‌رتریش ئه‌بن، گه‌ر واش نه‌كه‌ن: پێچه‌وانه‌كه‌ی ڕاسته‌.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت