کاوسێن بابەکر: لێپرسینەوە، لە قوباد تاڵەبانی بکەین یان لە میم سین؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

واژووکردنی ڕێکەوتننامەی نێوان کۆمپانیای ڕوسنەفت و حکومەتی هەرێم لە سانپترسبورگی ڕوسیا، بەئاگاداری خودی پۆتین و بەئامادەبوونی نێچیربارزانی و قوباد تاڵەبانی، لەکاتێکدا هێشتا ناوەرۆکی ئەم ڕێکەوتنە بەتەواوی ڕوون نەکراوەتەوەو هێشتا نازانرێ جەدوای ئەم ڕێکەوتنە لەڕووی سیاسی وئابوریەوە بۆ خەڵکی کوردستان چییە، لایەنگیرانی واژووکە بەدەهۆڵ و زووڕنا پێشوازیان لێکردوو بە سەرکەوتنێکی بێ وێنەو کۆتایی قەیرانەکانیان لەقەڵەمداودژەکانیش بە شکەست و داڕوخانی  حکومەت.

کادیران و لایەنگیرانی یەکێتیش وەک خەڵکی تر دابەش بوون بەسەر لایەنگرو دژداو هێندێکیان داوای دادگایی و لێپرسینەوە دەکەن لە قوباد تاڵەبانی کە جێگری سەرۆکی حکومەتە لەسەر بەشی یەکێتی و ئامادەبووی ڕێوڕەسمی واژووکردنەکە بوو.

لەکاتێکدا هێشتا دەیان پرسیاری بێ وەڵام لەسەر دارایی هەرێم و گرێبەسەتە نەوتیەکان و بەتایبەتی گرێبەستی 50ساڵەی لەگەڵ تورکیا و ناشەفافی و قەیران هەیەو پەرلەمان لەکارخراوە تا چاودێری بکات و دەزگاکانی تری چاودێریش لەئاستی پێویستدا نین، ئەم ڕێکەوتننامەیەشی بەدوادادێت، بێمتمانەیی وایکردووە هەر بەناوهێنانی گرێبەست بێ ئەوەی بزانن ناوەرۆکەکەی چییە دژی بوەستنەوەو کادیرانی یەکێتیش داوای لێپرسینەوەی قوباد تاڵەبانی بکەن.

قوباد تاڵەبانی کادیرێکی یەکێتیەو لەلایەن میم سینەوە کاندیدکراوە بۆ جێگری سەرۆکی حکومەت و بەپێی یاساوسەڵاحیاتەکانی خۆی ئەرکەکانی ڕادەپەڕێنێ، وەزیرەکانیش بەهەمانشێوە، ئەوە میم سینە دەبێ چاودێری ئەوو وەزیرو فەرمانبەرەکانی خۆی لەحکومەتدا بکات و بەشێوەی دەوری و بەردەوام کۆبوونەوەیان لەگەڵ بکات و لەکارەکانیان بپرسێتەوەو ڕێنوینیان پێبدات، میم سینە نەخشەدارێژەری سیاسی و ئابوری و ڕوناکبیری حزبە لەوێشەوە لەڕێگەی کادیرەکانیەوە لەحکومەت دا شۆڕیان بکاتەوە، بەرنامەو دروشمەکانی ڕەنگ پێبداتەوەو لەگەڵ ئەو بەڵێنانەی بەخەڵکی داون جێبەجێیان بکات، بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان، ئەگەر کەم و کوڕییەک لەوان دا هەبێ دەبێ لێبپرسینەوە لەمیم سین و سەرکردایەتی بکرێ نەک قوبادو وەزیرەکان، ئەگەر ئەم ڕێکەوتنە زەرەر بە خەڵکی کوردستان دەگەیەنێ دەبێ میم سین بێتە جواب و دەستی قوباد بگرێ و واژووی نەکات، ئەگەر وەک دەڵێن سەرکەوتنێکی گەورەشەو قەیرانی کوردستان بەم ڕێکەوتنە کۆتایی دیت دەبێ هەر میم سین بۆ هەموانی ڕوونکاتەوە، سەرکەوتن و قازانجەکەمان لەکوێدایەو دەستخۆشیش لەقوبادو ستافەکە بکات بەم سەرکەوتنە گرنگ و چارەنوس سازە. بۆیە قوباد جگە لەئەرکی خۆی شتێکی تری نەکردووە و ئەوەی کردووشیەتی بە پێی سەڵاحیەتەکانی و ڕێنوێنی میم سین بووە، هەروەک خۆی جارێکیان ووتی: ئەگەر بەکارەکانم ڕازی نین بۆچی میم سین داوام لێناکات دەست لەکارەکەم بکێشمەوە؟ دیارە میم سینی بەڕێز بەکارەکانی قوبادو وەزیرەکانمان ڕازیە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت