نەوزادی موهەندیس: ئەرێ شەمەندۆفێرەکەى دەوڵەتى کوردى ڕاوەستاوە یان لە پێشڕەویدایە؟
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
بەپێى حەتمیەتى مێژوویى هەردەبێت دەوڵەتى کوردى سەربەخۆ دابمەزرێت و ڕابگەیەنرێت،جا ئیدى ماوەتەوە سەر زەمین و زەمانى گونجاو بۆ ئەو کارە، ئەو کارەو ئەو دروشم و ئامانجە پیرۆزەش کار و گوتارى جدى و گەرموگوڕى گەرەکە نەک دروشمبازى لە پێناو دەسکەوتى حیزبى و خۆییدا، کارى بنیاتنان و پێکەوەنان و دامەزراندنى دەوڵەتێکى گەورەى سەربەخۆ وەکو کوردستانى گەورە یان لانى کەم وەک بەشێک لە بەشەکان لە باشور بێت یان ڕۆژئاوا یان باکور و ڕۆژهەڵات بێت کارێکى هێندە ئاسان و ساکار نیە، بەڵکو کوردستانى گەورەش بۆخۆى دەبێتە مەترسیەک بۆ سەر دەرودراسێکان و بەرژەوەندى گەورە زلهێزەکانیش چونکە لەڕووى جیۆپۆلەتیک و دەوڵەمەندى بەسەرچاوە سروشتیەکان لە ( ئاوى شیرین و نەوت و غازى سروشتى) و زۆرى ژمارە دانیشتوان ( 50 ملیۆن کەس ) و پانوپۆڕى جوگرافیاکەشیەوە ( 600 هەوار کیلۆمەتر چوارگۆشە) لەم ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى پڕ خێرو بێر و بەرژەوەندیەکاندا کارێکى ئاسان نابێت، بەڵکو ڕێگاکە پڕە لە لە دڕکوداڵ و مین و بۆسەنانەوە لەلایەن دەوڵەتانى سەردەستى ناوچەکە لە تورکیا و ئێران و عێراق و سوریادا و لەدەرەوەى ئەوانیش وڵاتانى سونە مەزهەبى وەکو میسر و سعودیە و قەتەر و… هتد. و دواتریش ڕەنگە هەندێک لە گەورە زلهێزەکانى دونیاش ئەم کارەیان پێخۆش نەبێت و لانى کەم هانى کورد نەدەن بۆ ئەو هەنگاوە.
بەربەست و ڕێگریەکان زۆرن و کەم نین، بەڵام خۆ ناشکرێت ئاوات و ئامانج و خەونى 50 ملیۆن کورد زیندە بەچاڵ بکرێت و قاچ و دەست بەسراوانە و دەستەوئەژنۆ دابنیشین و هیچ هەنگاو و پەرچە کردارێکمان نەبێت دژى ئەو هەموو پیلان و ئاڵنگاریانەى لەدەورەوبەرمان ڕوودەدەن و هەن.ئاشکرایە ڕێڕەو و ئاڕاستە و شەمەندۆفێرى گۆِرانکاریەکان لەم ناوچەیەدا بەردەوام لە پێشڕەویدایە و ناکرێت و نابێت مێژوو بەتەنها زوڵم هەر لەکورد بکات و ئەم شەمەندۆفێرە بەگەڕکەوتوە هەر لەکوردستاندا هیچ وێسگەیەکى ڕاوەستان و پشوودانى نەبێت. ئێمەى کورد گەر تائێستا وەک نەفەرێکى سادەى ناو ئەم شەمەندۆفێرە بەڕێکەوتبین و بەناچارى گەلێک هەوراز و نشێومان بەڕێکردبێت، ئیدى پێم وایە کاتى ئەوە هاتوە دەنگى خۆمان بەبەرزى و بەربەرچاوى هەموانەوە بەرزبکەینەوەو داوایەکى بوێرانە بکەین بۆ ڕاوەستان و دابەزینمان لەسەر وڵاتى سەربەخۆى خۆمان لەم شەمەندۆفێرە بەڕێکەتوەدا.
کورد لە ئێستادا بۆتە سیمبوڵى قوربانیدان و مقاوەمەتى دژ بە تیرۆریستان و هەر لەم پێناوەشدا بە هەزاران لە ڕۆڵەکانى خۆى بەخشیوە و قارەمانێتیەکى بێوێنەى نواندوە لەبەردەم هەموو دونیاى دیموکراسى و دیکتاتۆریەتدا و ئەوان ئێستا پشتیوانیەکى زۆر گەرم لەمەسەلەى کورد و داوا ڕەواکانى دەکەن و لەکۆڕو کۆبونەوە نێودەوڵەتى و عەرەبى و ئیسلامیەکاندا بەگەورەیى باسى کورد دەکەن، کورد پێشوازى گەرم و فەرشى سوورى بۆ ڕادەخرێت لەسەر ئاستى وڵاتانى ناوچەکە و ئەوروپا و دونیاشدا، کورد بەهۆى دەوڵەمەندى و زۆر و زەوەندى سەرمایە و سەرچاوەکانى وزەى نەوت و غازى سروشتیەوە بۆتە قیبلەنماى وڵاتان و کۆمپانیا ئابوریە زەبەلاحەکانى نەوت و غاز و کێبڕکێ دەکەن لەسەر وەبەرهێنان و کڕین و گەشەپێدانى ئەم وڵاتە. هەموو ئەم هەنگاو و پێشوازى و بەگەرمى مامەڵەکردنە گەر نیوەشى ڕاستبێت ئەوا ئاماژەیەکى گرنگە بۆ ئایندەیەکەى گەش بۆ کوردستان و هەنگاونان بۆ دامەزراندنى دەوڵەتى کوردى و ڕێگە خرشکردنیشە بۆ پشتیوانى زیاتر و دانپیادانانى. مەحاڵە ئەم هەموو گرنگیپێدانە بە کوردستان چ لە ڕۆژئاوابێت یان باشوور لە خۆڕا هاتبێت و ئەم هەموو سەرۆک و وڵاتانە بەگەورەو بچوکەوە بەبێ پلان و بەبێ حساب کردن بۆ ئایندە پشتیوانى لە کورد بکەن، ڕاستە ئەوانیش بەرژەوەندى خۆیان هەیە و بەئاسانیش دەست لە دۆست و هاوپەیمانە دێرینەکانیان بەرنادەن، بەڵام ڕاستیەکى حاشا هەڵنەگریشە کە هاوکێشەو هاوسەنگى ڕووداو وپێشهات و گۆڕانکارى و هێزەکانیش لەگەڵ سەردەم و قۆناغەکاندا دەگۆڕێن و پلان و بیرۆکە و دۆست و یاریکەرى نوێش پەیدا دەبن و جێگۆڕکێکردنیش پێیان کارێکى مەحاڵ نیە. بۆیە دەشێت کورد لەم گەمە سیاسى و ئابورى و سەربازیەى ناوچەکەدا جێگە بەهەندێک لە یاریزانە دێرینەکان چۆڵ بکات و خۆى ببێتە جێگرەوەیان گەر یاریزانێکى باش بێت و لە یاسا و ڕێساکانى یاریکە باش تێبگات.
بۆیە پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئەرێ شەمەندۆفێرى دەوڵەتى کوردى بەکوێ گەیشتوە؟ ڕاوەستاوە ؟یانیش بەردەوامەو لەپێشڕەویدایە؟ دەکرێت کورد ببێتە خاوەنى دەوڵەتى خۆى؟ یان هەروا بێ دەوڵەت و بێ خاوەن دەمێنێتەوە؟ کارى جدى و لەپێشینە چیە بۆ دامەزراندنى ئەم دەوڵەتە و؟ دەتوانرێت چى بکرێت؟
وەڵامى ئەم پرسیارانە، کورت و کرمانج بەڵى دەوڵەتى کوردى بەڕێوەیە و شەمەندۆفێرەکەى لەجوڵەى بەردەوامدایە و زۆر نزیکیشە کوردستان ببێتە وێسگەیەکى هەمیشەیى و خەونى 50 ملیۆن کورد بێتەدى و کوردیش وەکو هەموو گەلانى ترى ناوچەکە و دونیا ببێتە خاوەنى دەوڵەتى سەربەخۆى خۆى، دەوڵەتى کوردى خەونى هەموانە و ئامانجى هەموو سەرکردە و حیزبێکى کوردى بوە لە 100 ساڵى ڕابووردوى خەباتى کوردایەتیدا، بۆیە هەوڵدان بۆ ئەم دەوڵەتە کارى هەموان و پشتگیرى هەموانیشى گەرەکە، بۆیە کارى پێکەوەنان و پلانداڕشتن بۆ ئەم هەنگاوە زۆر پیرۆزە پێویستى بەهەمئاهەنگى و کارى پێکەوەیى و لێکتێگەیشتن و خەمخۆرى هەموانى دەوێت، و بەبێ ئەم کارى هاوبەشیە لەنێوان سەرکردە و پارتەسیاسیەکان و جەماوەرى گەلەکەماندا مەحاڵە بە تەنها سەرکردە و حیزبێک چێ ببێت!! هەربۆیە پێویستە کە هێواش هێواش و لەسەرخۆ و بەبیرکردنەوەى قوڵ و بەرنامەى واقعى و بەخوێندنەوەى هاوکێشە و گۆڕانکاریەکانى ناوچەکە و دونیا و بە حسابکردن بۆ بەرژەوەندیە سیاسى و ئابوری و سەربازیەکانى وڵاتان و کۆمپانیاکان کارى ڕاست و بوێرانە بکرێت بەو ئاڕاستەیە، کارى یاسایى و ئاشتیانە دوور لە توندتیژى و شەڕ و جەنگى خوێناوى، ئامانجمان پێکەوەنانى دەوڵەتێکى یاساییە هەربۆیە دەبێت هەنگاوەکانیشمان یاسایى بن، بۆیە ئەوەى کە ئامانجمانە دەوڵەتى سەربەخۆیە نەک ( شێخ نشێنێک یان ئیمارەتێکى دواکەوتوى کۆنەپارێزى بچوک بەوێنەى وڵاتانى کەنداو)، کە ئەم دەوڵەتە کوردیەش پێویستى بەدامودەزگاى شەرعى و پتەو و دامەزراوەیى هەیە. هەربۆیە پێویست دەکات کە ئەوەى هەمانە لەم بەشەى کوردستاندا لە باشوور بەهێزى بکەین نەک پەکیان بخەین و لەناویان بەرین، ئەم ئامانج و هەنگاوە کارى گەورە و لێبڕانى تەواوى دەوێت بۆیە دەبێت سەرەتا نێوماڵى کورد ڕێکبخرێتەوە و دڕدۆنگى و ناتەبایى و لێکترازانەکان چارەسەر بکرێن، دامودەزگا شەرعیەکان لە پەڕلەمان و حکومەت کارا بکرێنەوە، متمانەى جەماوەر بەم دەسەڵات و حوکمڕانیە پتەوبکرێتەوە، سەروەت و سامانى نیشتیمان بخرێتە خزمەت گەشە و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانى هاوڵاتیانەوە، هێزى پێشمەرگە و پۆلیس و چەکدار ببنە هێزێکى نیشتیمانى و یاسا سەروەر بێت و یەکسانى و ئازادیى و دیموکراسیش ببنە دروشمى ڕاستەقینە و ڕێز لەماف و ئەرکى هاوڵاتیانیش بگیرێت.
لە کۆتاییدا نابێت دامەزراندنى دەوڵەتى کوردى بۆ موزایەدە و وەکو دروشمێکى بێناوەڕۆک ئیعلان بکرێت و تەنها بۆ دەسکەوتى حیزبى و بۆ چەواشەکردنى ڕا و شەقامى ناوخۆیى بێت، گەر بەو نیازە کار دەکرێت ئەوا نەک دەوڵەتمان بۆ دانامەزرێت بەڵکو دەبینە ئاردى ناو دڕک و بۆ 100 ساڵى ئایندەش خەونەکانمان بە زڕى و نەزۆکى دەمێننەوەو شەمەندۆفێرەکەش تێدەپەڕێت و ئیدى چاەوڕوانى و بێئومیدیش دادمان نادات.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی