ئیبراهیم عەباس: ریفڕاندۆم وەکو دوا کارتی بارزانی!
چوار ساڵی رابردوو بۆ بارزانی، پڕ بوو لە ئیراجی گەورەو حەزی زۆری ئەو سەرکردەی کورد بۆ دەسەڵات، سەرجەم بەڵێنە بێ کردارەکانی بەرای گشتی خەڵک ناساند. ئەوەش راستە پێشتریش نەیتوانیوە، نە بینای سیستەمێکی باش بۆ هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکات و نە لەپەنا ئەو هەموو دەسەڵاتە راهایە، شانازییەک بۆ یەکخستنی پێشمەرگەو رەواندنەوەی تەمی شەڕی ناوخۆ و ریفۆرم و چاکسازی و سزادانی تاوانباران و سەروەربوونی یاسا و دەیان پرسی گرنگی تر بەباڵای خۆی ببڕێت.
رێک بە پێچەوانەوە بارزانی بۆ خۆ سەپاندن بەسەر کورسییەکەیدا، مێژووی خۆی بەهەدەردا، کە پەکخستنی پەرلەمان و بڕینی مووچەی خەڵک بەناوی پاشەکەوت و متمانەنەمان بە یاسا، بەقەدر مێژووی رەشی شەری براکان، بووە خاڵی لاواز بۆ مێژووی دوای خۆی، کە هیچ پاساوێکی لۆژیکیان نەبووەو نییە.
تەنگاوبوونی سەرۆکی هەرێم و پەلەکردن بۆ هەنگاونان بۆ ریفراندۆم کە بریارە لە ئەیلولی ئەمساڵ بکرێت، دەرخەری ئەو راستییانەیە کە بوونەتە ئیجراجی سیاسی بەرامبەر دۆستانی کورد لەدەرەوەی وڵات، کەچی بەشێکی زۆر لە حزبەکانی کوردستان، وەکو ئاگاداری ئەم واقعە نەبن، بێ هیچ مەرجێک، پەیمانی ریفڕاندۆمیان بۆ بارزانی واژۆ کرد. پەیمانێک کە گومانی تێدانییە، گەر بارزانی گرەنتی سەرۆکی هەتا هەتایی بۆ دەستەبەر نەکرێت، هەموو هەریمی کوردستان دەخاتە ریسک و مجازەفەوە.
لە بەڕێز تاڵەبانییەوە تا کاک نەوشیروان مستەفا و حزبە ئیسلامییەکان چەندان دەرفەتیان بە بارزانی بەخشی، بەو هیوایەی هەرێمی کوردستان رووەو ئاراستەیەکی باشتر وەرچەرخینێت، کەچی جەنابی بارزانی، هەر وەکو سەرۆکی خێڵەکەی خۆی و سەرۆکی پارتی رەفتاری کرد، تا ئەو جێگایە هەرگیز نەتوانی خۆی لە گرێ کوێرەی دووبەرەکی دەرباز بکات و وەکو دوڵەتمەدارێک رەفتار بکات. هاوڕییەکی نزیک لە کاک نەوشروان بۆیگێڕامەوە، لە کاتی پەیمانی نێوای بارزانی و نەوشیروان مستەفا بۆ چوار ساڵ ئارامی لە 2013 دا، سێ جارو دوو دووبەدوو کاک نەوشیروان بە جەنابی بارزانی وتووە، با دامەزاوەکانی وڵات وەکو حزبەکان لێ نەکەین، با بۆ کوڕو کەسە نزیکەکانی خۆمان و کەسانی شایستە جێیان بهێڵین، ئەگەرچی بارزانی ئەو بەلینەی سێ جار بە کاک نەوشیروان داوەو لەسەر ئەم بناغەش چوارساڵی ئارامی خراوەتە رۆژەڤەوە، کەچی سەرئەنجام لە حوزەیرانی 2015، بارزانی جارێک فازڵ میرانی و جارێکیش نێچیرڤان بارزانی دەنێرێتە، لای کاک نەوشیروان کە دووساڵ ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم درێژ بکرێتەوە، ئەگەرچی ئەمە بێ بەڵێنی بارزانی بووە لە پێناو مانەوەی لە کوردسییەکەی. بەڵام کاک نەوشیروان رەتی نەکردۆتەوەو وتویەتی ئالیەتیك بدۆزنەوەو لەرێگای پەرلەمان چارەسەری بکەن، کە دواتر لە جیاتی دۆزینەوەی میکانزم و ئالیەت، پەرلەمانی پەکخست!.
لەو تەمەنە درەنگەدا، سەرەڕای دەیان دەلاقەی گەورە لەو بێ بەڵینییەکەی بارزانی بەرامبەر خەڵکی کوردستان کردوونی و بەرپرسیارەتی مێژووی لەسەرشانە، دەستی بردووە بۆ کارتی ریفڕاندۆم بەو هیوایەی:
1/ خۆیان گوتەنی وەکو کارتی فشار بەرامبەر بەغدا بەکاری بهێنن.
2/ بە ئەمریکی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بڵین کە خەڵک متمانەی بە بارزانی ماوەو لەگەڵیدان.
3/ وای وێنا بکات کە خەڵک ئاشتدەکاتەوەو شەرعیەت لە ئەوان وەردەگرێت.
4/ ئەو هەموو فشارە گەورەیەی خەڵک و نارازییەکان بۆ ماوەیەک کپ بکات.
5/ ئەو خۆسەپاندنە لەبیر خەڵک بباتەوە کە لە پەناوەیەوە پەرلەمان پەکخراو بەزۆر دەستیان گرت بەسەر مووچەو بژێوی خەڵکدا.
6/ هەر دەنگێک نارازی بە ئەجندای دەرەکی و بەتایبەت ئێران وێنا بکات، لەکاتێک ئاماژەکانن روونن کە چەندان سەبقەی نهێنی لەنێوان بارزانی و ئێران لە بوارەکانی سەربازی و ئەمنی و هەوڵگری هەن.
7/ ئەمانەو دەیان هۆکاری تر، کە هەموویان دەکەونە خزمەتی بارزانی و سەرئەنجامیش خەڵکی کوردستان هەروەک چۆن لە 2009 بە نزیکەی لە 70٪ دەنگیان بەبارزانی دا، کەچی بارزانی نەک هیچی بۆ خەڵکی کوردستان نەکرد، بەڵکو لە رووداویکی تەمومژاویدا پشتی لە ئیزیدییەکان کردو بۆ داعش بەجێهێشتن.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، نازانم ئەو متمانەیە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە، کە بازرانی هێندە دڵنیایە لە دەنگی بەڵێ، ئەگەر ئەمە بەچاوی هەولێرو روانین بێت بۆ کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، هیچ گرەنتییەک نییە رەنج بەخەساری بەدواوە نەبێت!. بەتایبەت گەر ئەنجامی کەرکوک و شەنگال نەخێر بێت؟. ئەی چ گرەنتیەک هەیە ناوچەکانی ئیدارەی سلێمانی و گەرمیان و راپەرین و هەڵەبجە، لەسەروی 51٪ بەڵێ بێت؟ ئەو لایەنانەی بێ هیچ مەرجێک بەیعەتیان بە بارزانی بەخشی، ئەو بارزانییەی بەڵینیدا لە رێگای سندوقی کەپکۆوە هاوڵاتیان سودمەندی راستەوخۆی داهاتی نەوت بن!، کەچی لە بێ ئیرادەیی بەرێزیان حکومەت سەری مووچەشی خواردو، لە پارەی نەوتیش هەر بگەڕێ، چونکە بەشە نەوت یان بەرمیلە نەوتەکەی خەڵکە هەژار ونەدارەکەش بۆ خۆمان خۆش، ئاخر هاوین هات هێشتا خەڵک وەری نەگرت.