PUK-1

كادرێكی پێشكەوتویی یەكێتی: ئایا یەكێتی بونیش، بوو بەعەیبە؟

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەگەڵ نەخۆشكەوتنی بەڕێز مام جەلال، كێشەكانی یەكێتی رۆژ لەدوای رۆژ قوڵتر بونەوە. پێشتر ململانێیەكی ئاشتییانە لەنێوان باڵەكانی ناوەوەی یەكێتیدا هەبون، بەڵام دوای چۆڵبونی شوێنەكەی مام، باڵەكان كەوتنە سەر شكاندنی ئێسقانی یەكتر. كار گەیشتە ئەوەی باڵی ناوەندی بڕیار، دابمەزرێ. ئەگەر خۆڕاگری بنكە جەماوەرییەكەی یەكێتی نەبوایە بەرەو ئینشقاقێكی زۆر خەتەرناك ئەرۆشتن و چارەنوسی یەكێتی ئەدرایە دەست قەدەرێك، كە هیچكات لەبەرژەوەندی یەكێتیدا نەبوە. بەتایبەتیش دوای نەخۆشكەوتنی مام و هەوڵەكانی پارتیش لەولاوە بۆ دەستەمۆكردنی سەركردایەتی یەكێتی و، زەعیفكردنی رۆڵە سیاسییەكەی. كار گەیشتە ئەوەی مەسعود بارزانی خۆی بەخاوەنی یەكێتی بزانی و وەك جێگرەوەی مام جەلال خۆی نمایش بكات. بە دەلیلی ئەو هەمو كۆبونەوە هاوبەشانەی لەگەڵ مەكتەبی سیاسی كە بەسەرپەرشتی خۆی ئەكران. بەمەش ئیرادەی یەكێتی بەتەواوەتی درایە دەست نەیارێكی سەرسەخت و، وردە وردە یەكێتی بڕیاری سەربەخۆی خۆی لەدەستدا. بەمەش وەزعی یەكێتی تێكچو ناوەندێك نەما بۆ بریار. ئەوەی خۆی هاوێشتە باوەشی پارتی بەهەر هۆكارێ، ئەوەی تریش خۆی راگرت لەبەرامبەر ئەو شەپۆلە توندەی پارتی بۆ تواندنەوەی یەكێتی. بەمەش یەكێتی نەیتوانێ هیچ بریارێك وەربگرێت، نەك لەسەر ئاستی مەسەلە سیاسییە چارەنوسسازەكانی میللەت، بەڵكو لەبڕیارە ناوخۆییەكانیشدا نەیتوانی مەركەزییەت بگەڕێنێتەوە بۆ ناو حزب.
مەكتەبی سیاسی كە باڵاترین دەسەڵاتی ناو یەكێتییە، ئێستا ناتوانێ بڕیاریی گواستنەوەی بەرپرسێكیش دەربكات، یا كەسێك لەپۆستەكەی بگۆرێ، چونكە بەرەڵڵاییەكی زۆر لەناو حزب هەیەو كەس بەكەس نیە، بڕیاری ناوەندەكان لەسنورێكی زۆر تەسك بترازێ كەس پێوەی پابەند نابێ. لەولاشەوە نزیكبونەوەی بەشێك لەسەركردایەتی یەكێتی تا حەددی كۆیلەبون و تەسلیمبون بە ئیرادەی پارتی وایكرد، یەكێتی تەنانەت لەناو جەماوەرەكەشیدا سوك ببێ.
لەم رۆژانەدا لەكۆمینتی برادەرێ لەفەیسبوكدا پرسیاری ئەوەی كردبو” تا ئێستا پارتیبون عەیبە بو، تۆ بڵێی ئێستا یەكێتیبونیش بوبێتە عەیبە؟!. ئەم كۆمینتە جەرگبڕە بۆ یەكێتییەكان، چونكە یەكێتی بۆ ئەوە دروستبو ببێتە ئەلتەرناتیفێكی پارتی و، وەكو حزبێكی پێشكەوتوخوازو دیموكراتخواز هاتە مەیدانی خەباتەوە بۆ ئەوەی رۆڵی روخێنەری پارتی لەشۆڕشەكانی كورددا راستبكاتەوەو كۆمەڵگا بەرەو ئامانجەكانی ببات دوور لەخییانەت و خۆفرۆشی و بێگانەپەرستی.
وتەی ئەم برادەرەی فەیسبوك هەمو رۆڵەكانی میللەتەكەشمان هەستی پێئەكەن، ئەگەر ئەوان لەپەرۆشییانەوە بۆ رۆڵو خەباتی یەكێتی ئەم رەخنەیە بگرن، ئەبێ سەركردایەتی یەكێتی زۆر بەقوڵی بیر لەو وەزعە بكاتەوە كە میللەتەكەمان و قاعیدەكەی یەكێتی گەیاندە حاڵەتی شەرمكردنەوە لەیەكێتی بونیان.
ئەو سەركردانەی یەكێتی كە ئەمرۆ وەكو كۆیلەیەك خۆیان تەسلیم بەپارتی كردوە، هەقوایە واز لەیەكێتی بێنن و بچنەوە ناو پارتی، هەندێكیان زۆر ئازایانە ئەو هەنگاوەیان ناو خۆیان یەكلا كردەوە، هەڵبەت ئەمانە زۆر شەریفترن لەوانەی ئێستاش لەناو یەكێتیدا ماونەتەوەو كار بۆ ئەجینداكانی پارتی ئەكەن.
بەشەزەردەكەی ناو سەركردایەتی یەكێتی تەواو ئیرادەی خۆیان تەسلیم بەپارتی كردوەو كار بۆ ئەجینداكەی ئەكەن، وەك:
1- سزادانی هەمو ئەو سەركردەو كادیرانەی یەكێتی كە رەخنە لەپارتی و سیاسەتەكانی ئەگرن.
2- داكۆكیكردن لەولایەتە بەسەرچوەكەی سەرۆكی هەرێم تا ئەمڕۆش وەكو سەرۆكی هەرێم و مەرجەعی بریار مامەڵەی لەگەڵا ئەكەن.
3- چاوپۆشیكردنیان لەداخستنی دەرگای پەرلەمان و لایەنگیری لەبریارە نایاساییەكانی دەسەڵاتەكەی پارتی.
4- دژایەتیكردنی بزوتنەوەی گۆڕان و هەڵوەشاندنەوەی رێكەوتنی دەباشان و جەختكردنەوە لەرێكەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتی.
5- چاوپۆشی لەدزین و تاڵانی نەوت و سامانی میللەت و نانبڕینی خەڵكو پاشەكەوتی زۆرەملێ و سیاسەتی برسیكردنی كۆمەڵگا.
6- پشتگیری كردنی پارتی لەسیاسەتە تاكڕەوەییەكانی لەسەر ئاستی عیراق و ئیقلیم و دەرەوە.
7- رێگریكردن لەهەر هەوڵێكی چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی لەرێگەی كۆنگرەوە.
كاتێك ناوەندی بریار راگەیەندرا ئەوانەی لەگەڵ ناوەندەكە رۆشتن تەنها 17 ئەندامی سەركردایەتی بون، واتە كەمینەی سەركردایەتی. ئەوانەی مانەوە 33 ئەندام بون، واتە زۆرینە. بەڵام بەدرێژایی ئەو ماوەی جولانەوەكە سەریهەڵداو سەرباری ئەوەی جاڕدانی ناوەندی بڕیار كارێكی وەك جیابونەوەبوو، بەڵام باڵی زۆرینە هیچ كاردانەوەیەكیان نەبو، بیریان لەوە نەكردەوە سزای تەنانەت یەك ئەندامی ئەو گروپە بدەن لەكاتێكدا بەپرەنسیپە حزبیەكانیش بوایە ئەیانتوانی كۆبونەوەیەك سازبكەن و بەبڕیاری زۆرینە سزای ئەو ناوەندە بدەن. ئێستا نازانین بۆچی تەنها دو كەسی ناو مەكتەبی سیاسی ئەو دەسەڵاتەیان بەخۆیان داوە بەدەر لەرای زۆرینەی سەركردایەتی سزای هەر كەسێك بدەن كەپارتی بیەوێ بەسەرۆكی ئەنجومەنی ناوەندی حیزبیشەوە؟. ئایا یەكێتی ئەتوانێ داوا لەپارتی بكات سزای تاكە ئەندامێكی پەرلەمانیان بدات كە سوكایەتی بەیەكێتی و مێژوەكەی ئەكەن؟. ئەتوانن نوسەرێكی پارتی دەمكوت بكەن كە تەشهیر بە رەمزە گەورەكانی یەكێتیەوە ئەكەن؟.
یەكێتی بەبریاری زۆرینەوە نەخشە رێگایەكی دارشتوە بۆ چارەسەری كێشەو قەیرانەكانی هەرێم، بەڵام ئێستا باڵەكەی پارتی بەبێ گوێدانە ئەم نەخشەیەو تەنانەت رێزگرتن لەئیمزاكانیشیان كوێرانە كەوتونەتە دوای پارتی و نەخشەكەیان لەژێر پێیان ناوە.
یەكێتی رێكەوتنێكی مێژوویی لەگەڵ گۆڕاندا هەیە كە رێكەوتنێكی ئومێدبەخشبو بۆ هەمو یەكێتی و بنكە جەماوەرییەكەوە، بەڵام بە فیتی پارتی باڵەزەردەكە ئەویشیان هەڵوەشاندەوە بەبێ ئەوەی كەس جورئەتی ئەوەش بكات هیچ موحاسەبەیكی ئەوانە بكات كە تەنانەت رێزیان لەحزوری مام جەلال و ئیمزاكەی جێگری سكرتێری گشتیش نەگرت.
كۆنگرەی یەكێتی چوار ساڵە دوائەخرێ، هۆكاری دواخستنیشی تەنهاو تەنها ئەوەبو كەوا باڵی زۆرینە لەگەڵ كۆنگرەی تەوافوقیدا نەبونو، جەختیان لەسەر دیموكراسیەتی ناو كۆنگرە ئەكرد، ئێستا دوای چوار ساڵ كارگێڕی مەكتەبی سیاسی باسی كۆنگرەی تەوافوقی ئەكات. خۆ ئەگەر زۆرینە بەمە رازیبونایە كەواتە بۆچی كۆنگرە چوار ساڵ دوائەخراو چ پێویستی بەم هەمو كێشانە ئەكرد كە خەریكە یەكێتیەكەمان لەناو ئەبات؟. ئەو برادەرانەی لەدیموكراسیەتبونی كۆنگرە ئەترسن، دڵنیان لەوەی كەلەگۆنگرەی داهاتو دەرناچن و بەر رەخنەی ئەندامانی ئەكەون و هەق و حیسابات دێتەگۆڕێ، ئەگینا بۆ رێگری ئەكەن لەبەستنی كۆنگرەو كۆتاییهێنان بەكێشە ناوخۆییەكانەوە.
یەكێتی بەرەو هەڵدێر ئەبرێ، كار وابڕوا بەتەواوەتی ئیرادەكەی لەدەستئەدات و تەسلیمی پارتی ئەبێ وردوە وردە ئەپوكێتەوە قسەی ئەو برادەرەی فەیسبوك دەبێتە راستی كە یەكێتی بونیش ببێتە عەیبە.
ئەو سەركردانەی ئەمڕۆ بەنەغمەی پارتی ئەخوێنن خۆیان و مێژووی خەباتی خۆشیان رەش ئەكەن ئەگەر ئەوان بۆ مشتێ دۆلارو هەندێ پۆست خۆیان فرۆشتوە بەپارتی، كاتی ئەوە هاتوە باڵە زۆرینەكە پەرۆشی حزبەكەیان بن و، هەوڵێك بدەن بۆ چارەسەری، چونكە تاخیركردنی ئەو مەسەلەیە لەقازانجی پارتی و كلكەكانییەتی و رۆژ لەدوای رۆژیش خەڵكی دڵسۆز لەیەكێتی دوورئەكەونەوە.
ئێستا كاتی بریاڕی جەریئانەیە، ئەویش بەستنی كۆنگرەیە. سەركردایەتی ئەتوانی كۆببێتەوەو مەسەلەی كۆنگرە بخاتە ئەجینداكەی و رۆژێك دەسنیشان بكات بۆ بەستنی كۆنگرە، ئەوەی خۆی بەیەكێتی ئەزانێ بابێتە ناو كۆنگرە، ئەوەی بریاری خۆیشی داوە، بابچێتە پاڵ ئاغاكانیەوەو پارتی بونی خۆی دوپات بكاتەوەو واز لەیەكێتی بێنێ، چونكە یەكێتی تەنها بەشی ئەو دو سێ سەركردە خۆفرۆشانە نییە، بەڵكو خاوەنەكەی خوێنی شەهیدان و بریندارانی سەنگەرو پێشمەرگە ماندوەكان و رێكخستنە تێكۆشەرەكانە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت