لوقمان مستەفا: تکایە تەنگەژەی سیاسی بە هەڵەی یاسایی چارەسەرمەکەن.
هەرکاتێک تەنگەژەی سیاسی و قەیرانە درووستکراوەکان، بازاڕیان گەرم بێت، لە نێوان هێزو لایەنە سیاسیەکاندا. لەبری چارەسەری گونجاو بۆ کێشە سیاسیەکان بدۆزرێتەوە، تا لەورێیەوە ڕێگری بکرێت لەو تەنگەژە سیاسیەی کە تێی کەوتوون زیاتر تەشەنەنەکات، کەچی بەپێچەوانەوە وەک مەلەوانێکی نەشارەزا خۆیان دەخەنە گۆمێکی مەنگی لێخنەوە، کە دواجار دەربازبونیان لێی مەحاڵ دەبێت.!! هەروەک دەبینین بێ گوێدان و پابەند نەبوونیان بە دەستورو یاسا بەکاربەرەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، لە شوێنێکی نایاسایی مەرج بۆ شوێنێکی شەرعی یاسادانان دادەنێن و دەبنە بڕیاردەر لە کێشە چارە نوس سازەکاندا، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا پێچەوانەی یاسایە، چونکە بە گوێرەی بڕیاری ژمارە 1ی ساڵی 2005ی پەرلەمان و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان ژمارە 1ی ساڵی 1992 ماددەی 56 بڕگە 2 کە دەڵێت: بڕیاردان لەسەر رێکەوتنەکان و یەکلاکردنەوەی کێشە چارەنوسسازەکانی گەلی کوردستان/عێراق، و دیاریکردن پەیوەندی یاسایی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی، یەکێکە لە ئەرکەکانی پەرلەمان.
کەواتە ریفراندۆم و سەربەخۆیی، لەبازنەی پرسە چارەنوسسازەکانی گەلەکەماندایە، کە ئەوەش کرۆکی ئیشی پەرلەمانە نەک سەرۆکی هەرێم یا سەرۆکی حزب و لایەنە سیاسیەکان. بۆیە ناکرێت بۆ کارا کردنەوەی دەزگایەکی شەرعی وەک پەڕلەمانی هەرێمی کوردستان وابەستەی مەرج ومەرجداری بکرێت، چونکە داوایەکی نالۆژیکی و ناپەسەندە لە ڕووی یاسایی یەوە.
مەخابن لەووڵاتی ئێمەدا لۆژیکی یاسا تەنها بۆ جوانکردنی قسەی سەر مێزی سیاسیەکانەو هەمیشە لە ژێر پێنراوە. هەر بۆیە سەروەری یاسا بەردەوام جەخت لەسەر نەھێشتنی کردارە زۆردارەکیەکان دەکاتەوە، و لە ھەمانکاتیشدا رەوایەتی بە هەموو ئەو شتانەش دەدات کە بۆ ئەم مەبەستە جێبەجێدەکرێن ” بەگوێرەی یاسا” ھەتاوەکو زۆرینەی خەڵکیش دژ بەم رێوشوێنانە بن.
بەڵام بە پێچەوانەوە لە هەرێمەکەی لەمەڕ ئێمەدا لۆژیکی سیاسەت لەسەرووی یاساوە کاری پێدەکرێت و دەستورو سەرجەم مادە یاساییەکانی مل کەچ دەکرێن بۆ ڕێکەوتننامەی سیاسی چ بە شێوەی ئاشکراو چ بە شێوەی نهێنی.!!
ئاخر گەلۆچۆن دەکرێت بۆ پرسێکی واهەستیارو مێژوویی کە پرسی ڕیفراندۆمە و پاشانیش سەربەخۆیی کوردستان، هیچ زەمینە سازی بۆ نەکرێت و زۆر بێ منەتانە دامەزراوە شەرعیەکان لەکار بخرێت و بەلاوە بنرێت.!! پاشانیش بۆ کاراکردنەوەشێ مەرج و مەرجکاری بە ئامانج بگیرێت.!
بەڕاستی بیروبۆچونێکی لەو چەشنە نالۆژیکیە، نەک لەگەڵ ئەم بارودۆخە پڕلە کێشمەکێشم و قەیراناویە ناگونجێت بەڵکو پێچەوانەی داب و نەریت و دەستورو بنەما یاسایی یەکانیشە.
بەڵام.. کاتێک سەرکردایەتیە سیاسیەکان پێ دەزانن و دێتەوە یادیان کەچی هەڵەیەکیان کردووە وەک پێشینان دەڵێن: تازە کار لەکار ترازاوەو دەستیان لەبنی هەمانەکەوە دەرچووە.!! چونکە چارەسەرکردنی تەنگەژەی سیاسی بەهەڵەی یاسایی چارەسەر ناکرێت، بەڵکو ڕێکەوتنامەی سیاسیەکان شتێکە و بابەتە دەستوری و یاسایی یەکان بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە چارەنوسسازەکان کە پێویستیان بە بڕگەو مادە یاساییەکان هەیە شتێکی ترە، پێویسته دهسهڵاتی سیاسی ڕێز لە یاساکان بگرن و پێوهی پابهندبن، لەهەمان کاتیشدا شکست و تەنگەژە سیاسیەکانی خۆیان تێکەڵ بە بنەمایاساییەکان نەکەن، لەبەر ئەوەی لەدونیادا سەروەری یاسا بووە بە بەشێک و بنەمایەکی باو بۆ چارەسەرکردنی کێشە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ و بنەما دیموکراسیەکان، کەلە ئێستادا لەو پەڕی لوتکەدایە لە نێوان ووڵاتە پێشکەوتوەکانی جیهاندا.
- Latest Posts by لوقمان مستەفا سالح
لوقمان مستەفا: ھەسەدە نەبنەماڵەیە و نە میرنشین.
-لوقمان مستەفا: هەڵبژاردن تەنھا ڕێگایە بۆ گۆڕانکاری.
-لوقمان مستەفا: لە پشتی یاساوە لە کەرکوک چی دەگوزەرێ!
- All Posts