دکتۆر کەمال میراودەلی: فەلسەفەی من. بەشی یەکەم.
١. پ ؟؟ر ؟؟س ؟؟؟
بە نیازم کتێبێک بنووسم بە ناونیشانی: فەلسەفەی من.
وەک دەبینن ناونیشانەکە وەک کلیلیک وایە بۆ ناو لاپەڕە قفڵدراوەکانی یان هێشتا نە نووسراوەکانی کتێبەکە.
بەلام ئەم ناونیشانە خۆشی لە قفڵ یان ئالۆزیی یان مەتەڵیی زمان بێبەش نییە.
فەلسەفەی من؟
ئایا مانای فەلسەفەیەک هی منە، هی خۆمە و بە خوێندەواری دەڵێم چییە؟
چۆن هی منەو لە کوێم هێناوە؟
یان مەبەستم نووسینی فەلسەفەی من ـە. فەلسەفەیەک بۆ لێکدانەوەی من:
فەلسەفەی ئەز.
گەرواش بێت: مەبەستم لە فەلسەفە چییە؟
مانای ‘ ئەز’ چی دەگەیەنێت؟
سۆکرات دەڵێ: کەسێک کە کۆزانەکانی پێناسە نەکاو روونیان نەکاتەوە گومڕادەبێ و گومڕا دەکات.
کەوایە ناشێ ناونیشانێکی ئاوا قەبە دابنێین بە بێ ئەوەی پێناسەیان بکەین.
پێناسەی من، پێناسەی فەلسەفە.
مەبەست گرفتە سۆکراتییەکەیە: پێناسەی بابەتەکەت، باوەڕەکەت، کۆزانەکەت، زاراوەکەت، بکە تا بزانین کە دەزانی چ دەزانی و چ دەڵێی!
بەلام ئەمە خۆی تەڵە فەلسەفییەکەیە کە سۆکرات کەسە ناودارو خۆ بە زۆرزانەکانی دەخستە ناو.
تووشی ئەرستۆکراتێک دەبێ دەڵێ: ئەمڕۆ بابی خۆم بە گرت دا، چونکە کاری خراپی کردبوو. بەڵام ئەو کارەی خۆی بە ئەرکێکی پیرۆز ناو دەبا.
سۆکرات لێی هەڵدەپیچێ پێناسەی پیرۆز و پیرۆزیی بۆ بکات.
سەرسام دەبێ: ئاه، پیرۆزیی شتێکە دەبێ هەموو کەس بیزانێت!
ئاه، هەموو کەس زۆر شت دەزانێ تا ئەو کاتەی پێیان دەڵێی: پێناسەی بکە!.
ئەوسا دەزانی زۆربەی هەرە زۆر ئەوانەن کە وا دەزانن دەزانن و نازانن. ئەوانە نەزانی ڕەبەقن.
زەلامەکەی ئەرستۆش رەنج دەدا شتێ بڵێ: قنیات بە ئەرستۆ بێنێ و لە کۆڵ خۆی بکاتەوە. ناتوانێ. خۆی تووشی کۆمەڵێ ناکۆکی و ئالۆزیی و زیگزاگ دەکات نازانێ چۆن لێی دەرچێت.
ڕاستیی، ئێمە چۆن دەکارین هیچ شتێ پێناسە بکەین؟
پێناسە خۆشی پێویستی بە پێناسە کردنە.
پێناسە هیچ شتێ نییە روونکردنەوەی وشە نەبێت بە وشەی تر، شت بە شت. وتار بە وتار.
هەر وشەیە، بە پێوەندیی شتەکان، پێوەندیی بە وشەی دیکەوە،. کە دەبێ بە کۆزان (کۆنسێپت)، وێنە، میتافۆر، رەمز، بیرۆکە، گریمان، ناو، ئاوەڵناو، پەرەدۆکس و… هتد،و… هتد.
ئەمانەش دووبارە هەر بە وشە لە ڕستەدا شی دەکرێنەوە و ناوک و کاکڵی زانینەکەیان، وەک کاکڵەگوێزی ساغ یان پووچەڵ دەردەهێنرێتەوە.
بەڵام هەموو وشەیەک ناوکەژیان و ژینگەو کۆئاخن و دامێن و داوای خۆی هەیە.
هەر وشەیەک ئەگەری بوونی بە کۆزان هەیە: ڕاستییەکەی هەموو وشەیەک/ ناوێک کۆزانە [کۆکەرەوەی زانین یان کۆمەلە زانینیک] کە یان تێیدا شاردراوەتەوە یان بە بەرکەوتن و هاوپێوەندی و دژەکاری لەگەڵ وشەی دی دروست دەبێت.
ئەوەش خۆیایە: وشە خۆی خۆی نییە، رەمزە، ئاماژەیە، نیشانەیە بۆ شت، بۆ وابوو، بۆ بابەت، بۆ دنیا. وشە دنیا دروستی کردووە. ئەو دنیا دروست ناکا. مەگەر دنیای بیرو زانینی خۆی.
وشە پرە لە بیر، لە مانا، لە هەستیی (وجودییەت)
بەڵام وشە نە قەت دەبێتە شت، وا، دنیا
نە قەت دەتوانێ بیاننوێنێ و بیانگەیەنێت یان وەسفی تەواویان بکات، وەک ئەنجامی پرۆسەی ئەزموونگەریی زانستی نەبێت.
کەوایە دووفاقییەک، دابڕانیک، مەودایەک، بۆشییەک، بەتاڵایی یەک لە ناو خودی وشە خۆیدا هەیە.
فەزایەکی فرە فراوانترلە نێوان وشەو بابەت، زمان و وا دا هەیە.
هەموو پێناسەیەک پرسیار دروست دەکات. چەندین پرسیار دروست دەکات.
هەموو پرسیارێک وەلام داوا دەکات.
هەموو وەڵامێک پرسیاری زیاتر دەوروژێنێ.
پرسیار و پرسیاریی پتر بێ کۆتایی، بێ سنوور، بێ سەرەتا و…
نەفرەتی یان خۆشنوودیی گەڕان بە دوای وەڵامە بێ کۆتاییەکاندا.
ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئێمە لە گەردوونێكی ىێ سنوورو بێ کۆتاییدا دەژین، کە هەمیشە لە هەوڵ و پرۆسەی تێگەیشتنی داین.
سەرنجدان پانۆرامای سەرسامییمانە
عەقڵ تاکە ئامرازی وردبوونەوەو لێکدانەوەمانە
پرسیار تاکە ڕێبازی تێگەیشتمانە
دۆزینەوە تاکە کلیلی کردنەوەی ئەلقەکانی زنجیری عەقڵە.
بۆیە دەکرێ جیاوازی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان و کۆمەڵگا دواکەتووەکان، و کۆمەڵگا ئازادەکان و کۆمەڵگا کۆیلەکان، کۆمەڵگا داینامیک و کۆمەڵگا وەستاوەکان، کۆمەڵگا دیمۆکرات و کۆمەڵگا ستەمدیدەکان، ئەوانەی تاکەکانیان بیر دەکەنەوەو ئەوانەی بیر ناکەنەوە: وەک جیاوازی نێوان ئەو کۆمەڵگایانە بزانین، کە پرسیار دەکەن و ئەوانەی کە پرسیار ناکەن: ئەگەری پرسیارکردنیان لە خۆیان بڕیوە یان لێیان ىڕدراوە، یان قنیات بە وەڵامە کۆنەکان، خەرافاتە ئەبەدییەکان، عەقیدە مردوووەکان، بابەتە بەسەرچووەکان، کێشە دابراوەکان لە پرۆسەو پانایی بێ کۆتایی و بێ سنووری ژیان دا، دەکەن.
ئەوەی بیر بکاتەوە دەپرسێ.
ئەوەی بپرسێ، ناترسێ.
ئەوەی بپرسێ، کۆیلە نابێ.
ئەوەی بپرسێ، نابێ بە بەرد و ناکەوێتە ژێر پێ.
ئەوەی بپرسێ، هەرگیز باری باو وەک خۆی قبوڵ ناکات.
ئەوەی بپرسێ، بۆ ژیان دەژی نەک بۆ مردن.
ئەوەی بپرسێ، پێ دەگاو دەدۆزێتەوە.
کۆمەڵێ بپرسێ، نابێ بە مێگەل و قەسابخانەکان ئاوەدان ناکاتەوە.