شێرزاد شێخانی: دو عەبقەری هەولێری.
هەولێریات(36)
لەزەمانی مەدا وەكی ئێستا نەبو كۆمپیتەرو لاپتۆپ و ئەنتەرنێِت و مۆبایل و تەرەماش هەبی. ئەو زەمانە حەمو شتەك سادە وساكار بون، مەتاڕ نەبو،بە هەژدە نەفەری لەسەر رێیەكی شەق و شڕ سەفەری بەغدامان دەكرد،حەتا دەگەیشتینە ئەوێ حەڤدە نەفەر لەناو نێرنەكە دەڕشانەوە، چونكی رێیەكەی حەموی هەورازو نشێو بو، هەرچییەكت بخواردبایە لەمەتعەمەكانی دوزخورماتو، لەكن عزێم حەموت دەهینایەوە. تەبعەن سەیارەو كۆستەریش وەكی ئێستا نەبون، بە پەستی هاتو چوی گوندەكانمان دەكرد، ئەوجا لەكورسیەكەی تەنیشتت چار پێنج مەنجەری ماست داندرایە، لەپشتیشت مێگەرەك مەڕو بزن باعە باعت لۆ دەكەن، حەتا دەگەیشتیە گوندەكەت لۆ چار پێنج سەعات لە عالەم الحیوان دەژیای.
ماستاوی توركی نەبو، مام سابیر چاوشین بەخۆیو پەقرەجەكەی لەناو بازاری هەولێرێ دەگەڕاو هاواری دەكرد “ماستاوی سارد كەلەتەزێنە”. با لەبیرم نەچی پێتان برێم، لەو سەردەمانەدا لەو هەولێرە پانو بەرینەدا بەس مام سابیر ماستاوی سارد دەكردەوە، ئەوڕۆ دەبینین جەیشەكی سەتان هەزار كەسی ماستاو لۆ مەسئولان سارد دەكەنەوەو كەلەیان دەتەزێنن لۆ مشتەك پارەی دزراوی نەفتەكەمان!!.. تخوا وازم لێبینن با ناویان نەهینم، چونكی دەرێن لەو زەمانەدا هەر قسەیەك بەو مەسئولانە برێی یەكسەر تەلەفۆن لۆ مەكتەب سیاسییەكەت دەكەن و داوا دەكەن ئیجرائاتی حزبیت لەگەر ده كەن، ئەگەر نا دو سێ هەزار زێرەڤانیت لۆ دەهیننە سەر جادەو داوای ئیعدامت دەكەن!.
عەلا كولین با بەمەوزوعەكە نەگۆڕم، وەكی گۆتم ئەو زەمان كۆمپیوتەرومۆبایل و شتی وەها نەبون. تەلەفۆنیش لەماران زۆر كەم هەبو، خەتەكەشی رەبت ببو بە بەدالەوە. یەعنی ئەگەر بتویستابایە تەلەفۆن لۆ یەكەكی بكەی دەبایە داوا لە بەدالەی بكەی لۆتی وەربگری. ئەوەی من بەحسی دەكەم سارانی شێست و حەفتاكانە، ئەو بەدالانەش لەسارانی بیستەكانەوە لەئەوروپا نەمابو، یەعنی پەنجا سار لەوێش دواكەتبوین.
مەئمور بەدالەیەك هەبو ناوەكەیم لەبیر نەمایە، بەراستی ئەو پیاوە عەبقەری بو بە مەعنای كەلیمە. رەقەمی هەر كەسەكت لێ داوا بكردابایە یەكسەر بەبێ دواكەوتن بە یەك سانییەش پێی دەگۆتی رەقەمەكی ئەوەیە. زۆر عەجایب بو باوەڕ ناكەن ئەگەر برێم مێشكی لەكۆمپیوتەری ئێستا دەچو، بیستو دوو هەزار رەقەمی حەمو هەولێری لەبەر بو!!. زۆرم حەز دەكرد رۆژەك لەرۆژان بیبینم و رەسمەكی لەگەر بگرم، بەس ئەو وەختی سیلڤی و میلڤی نەبو، دەبایە بگەڕێم بەدو ئەبو سەباحی مسەور و لەگەر خۆم بمبردبایە بەدالەی تەلەفۆنات، ئەوەش ئاسان نەبو، بێ لەوەش لەزەمانی مەدا ئەگەر رەسمەكت بگرتبایە دەبایە دە دوازدە رۆژ چاوەڕی شوشتنى بی حەتا دەیاندایەوە، خۆ ئەگەر رەسمەكەش ملەوەن بایە دەبایە بینێرنە بەغداو پاشی یەكدو مانگ ئەوجا دەهاتەوە.
عەبقەرییەكی دی لەو هەولێرە مامۆستا كازمی كتێبخانەی گشتی بو واتە” مەكتەبە عامە” ئەو ئوستازە لە مەكتەبەكەی لەوانەیە 100 هەزار كتێب هەبوبی، هەر كتێبەكت بویستبایە یەكسەر دەچوە سەر رەفەكەو بەیەك لەحزە كتێبەكەی لۆ دەردەكردی. ئەویش مێشكەكی زۆر عەجایبی هەبو حەمو كتێبەكانی لەبەر كردبو دەشیزانی لەكێی دانایە،خۆ ئەگەر كتێبەكەشت تاخیر كردبایە لەبن عەرزیش بای دەیتییەوەو كتێبەكەی لێ وەردەگرتی.
ئێستا ئەو پیاوە عەبقەرییانەمان نەمایە، بچیە مەكتەبە عامە داوای كتێبەكی بكەی، جارێ پێش حەمو شتەكی كارەبای نیەو موەلیدەی گەرەكیشیان تێكچوە. كە كارەباش هاتەوە كۆمپیەتەرەكەیان باش ئیش ناكا، كە موزەفەكەش لەدوی كتێبەكەت دەگەڕی، فكری لای خۆی نیەو لەسایتەكان دەگەڕێ بزانی كەینی روبعە معاشەكەی دەدەنێ، ئەوجا ئەتو ئەگەر داوای كتێبی جەنگ و ئاشتی لێ بكەی، ئەو كتێبی هونەری چێشتلێنانت دەداتێ.. كاكە لێیان مەگرن ئەو وراتەی مە هیچی لەسەر هیچ نەمایە ئەوجا دێن باسی ریفراندۆمیشمان لۆ دەكەن.. باقی وەلسەلام.
- Latest Posts by شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts