kamaran-wriya-3

کامەران وریا قانع: ریفراندۆم و ترسه‌كانى.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سه‌ره‌تا با بزانین، پارتى چۆن له‌ گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ى ریفراندۆم مامه‌ڵه‌ ئه‌كات، ئایا ریفڕاندۆم ئاینێكى تازه‌ى پارتییه‌ بۆ كۆمه‌ڵگاى كوردى؟ به‌جۆرێك ئه‌وه‌ى لێی لابدا به‌ ده‌یان شێوه‌ سزا ئه‌درێت.
پارتى مه‌سه‌له‌ى ریفرادنۆمى كردوه‌ به‌ بابه‌تێكى ئاینى له‌ نێوان ( ئیماندار و كافر، پیرۆزى و نه‌فره‌ت لێكراو و… هتد). هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ هه‌ڵگرانى ئه‌م ئاینه‌ هه‌ره‌شى توند له‌وانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ نایه‌نه‌ سه‌ریى. هه‌ڵگرانى ئه‌م ئاینه‌ تازه‌یه‌ هه‌ر له‌ ئێستا لیستى هه‌مه‌جۆرى سزایان ئاماده‌ كردوه‌ هه‌ر له‌ برینى لوت و گوێچكه‌وه‌ بۆ دروست كردنى فایلى تایبه‌ت له‌وانه‌ى كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى ئه‌م ئایینه‌ن و بێبه‌ش كردنیان له‌ هه‌ر پله‌و پۆستێك له‌ داهاتوودا، به‌ جۆرێك ده‌گاته‌ ئاستى ده‌ركردن و نه‌فى كردنیان له‌ زێدى باو باپیران.
ئه‌وهه‌ره‌شانه‌ى پارتى به‌ كارتى ریفراندۆم ده‌یكات زۆر له‌ مه‌سه‌له‌ى هۆلۆكۆستى جوله‌كه‌كان ده‌چێت، كاتێك نازییه‌كان بۆ چه‌سپاندنى دیكتاتۆریه‌تى هیتلر، چه‌ندین دوژمنى وه‌هه‌میان دروست كرد بۆ ده‌وڵه‌ته‌كه‌، هه‌ر له‌ كۆمۆنیسته‌كان، قه‌ره‌جه‌كان، جوله‌كه‌كان، دواجار كه‌وتنه‌ په‌لاماردانى هه‌موو كه‌سێك و لایه‌نه‌ێك كه‌ هه‌ستیان ده‌كرد رێگرن له‌و خه‌ونه‌.
پارتى و هێز درێژكراوه‌كانى هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ مرۆڤى كوردیان دابه‌ش كردوه‌ بۆ ( ره‌سه‌ن و نا ره‌سه‌ن) ڕه‌نگه‌ لێدوانى سه‌رۆكى سه‌له‌فیه‌كانى كوردستان به‌وه‌ى( هه‌ر كه‌سێك ده‌نگ نه‌دات به‌ به‌ڵێ كوردێكى ره‌سه‌ن نیه‌) ئه‌مه‌ هه‌مان به‌هاناى نازییه‌كان بوو كاتێك ویستیان كۆمه‌ڵگاى ئه‌ڵمانى پاك كه‌نه‌وه‌ له‌ خوێن پیسه‌كان و ته‌نها ئه‌لمانى خوێن پاك و ساف بمێنێته‌وه‌.
ئه‌مرۆ پارتى زۆر مه‌به‌ستیه‌تى پشتیوانى ئایینى بۆ ئه‌م ریفراندۆمه‌ په‌یدا بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌موو دەرگاكان ده‌كاته‌وه‌ بۆ سه‌له‌فیه‌كان كه‌ زۆرترین ده‌ركه‌وتنیان هه‌بێت له‌ گۆره‌پاكه‌نه‌كه،‌ به‌مه‌ش ئه‌م ڕه‌وته‌ ترسناكه‌ زۆر به‌هێزتر ئه‌بن له‌ دواڕۆژێكى نزیك، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات هێزه‌ ئیسلامیه‌كانى تریش به‌ تایبه‌تى یه‌كگرتوو به‌ هه‌مان ئه‌ندازه‌ى سه‌له‌فیه‌كان پشتگیرى ئه‌م ریفراندۆمه‌ بكه‌ن له‌ ترسى له‌ ده‌ست چونى گۆره‌پانه‌ ئیسلامیه‌كه‌ و ته‌سلیم بوون به‌ سه‌لفیه‌كان.
كه‌واته‌ ئه‌و ترسه‌ى كه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگاى كوردییه‌ دروست ئه‌بێت دواى ڕیفراندۆم زۆر زیاتره‌ له‌و ترسه‌ى كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى دێن ڕووبه‌رووى هه‌رێم ده‌بێته‌وه‌، به‌جۆرێك كۆمه‌ڵگا ئه‌گه‌ر جاران دابه‌ش بوونێكى قوڵى به‌سه‌ر هات له‌ نێوان جه‌لالى و مه‌لایی به‌ ڤێرژنى كۆن و تازه‌یه‌وه‌، دابه‌ش بوونێكى ترى خه‌تارناكتر به‌رێوه‌یه‌ له‌ نێوان كوردى ره‌سه‌ن و نا ره‌سه‌ن.
پارتى مه‌به‌ستیه‌تى ئه‌م شه‌ڕه‌ له‌گه‌ڵ ڕه‌هه‌نده‌ كوردایه‌تیه‌كه‌ى !! ره‌هه‌ندێكى ئاینیشى له‌ پشته‌وه‌ بێت، كه‌ سه‌له‌فیه‌كان باشترین لایه‌نن بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌.
له‌ كۆتایدا هاوكێشه‌یه‌كى سه‌یر دروست بووه‌، گه‌وره‌ترین كێشه‌ى ڕیفراندۆم ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وانه‌ى هه‌وڵێكى گه‌وره‌ى بۆ به‌ده‌ستهێنانى به‌ڵێ ئه‌ده‌ن، یه‌كه‌مین كه‌س و لایه‌نن كه‌ بڕوایان به‌ مه‌سه‌له‌كه‌وه‌ هه‌ر له‌ بنه‌ره‌ته‌وه‌ نیه.‌ زۆرترین خیانه‌ت و گه‌نده‌ڵیان تۆمار كردووه‌ به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگاى كوردى . ئه‌وانه‌ى ده‌نگیش به‌ نه‌خێر ئه‌ده‌ن، زۆرترین بڕوایان به‌ مه‌سه‌له‌كه‌ هه‌یه‌. ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ن كه‌ گه‌نده‌ڵ نین و خیانه‌تیان نه‌كردوه‌، به‌ڵام بروایان به‌ خودى ئه‌و كه‌سه‌ نیه‌ كه‌ بوته‌ ده‌مراستى هه‌مووان!.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت