ئاکۆ برایم: ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیە یان بەیعەت دانەوەیە بە سەرۆک؟
سەدان ساڵە بۆ ئازادى و سەربەخۆیى تێدەکۆشین و خەبات دەکەین و قوربانى دەدەین. هەموومان پێمان خۆشە ئازاد و سەرفراز بین و ئاڵاى کوردستان لەنێو ئاڵاى جیهاندا بشەکێتەوە. بەڵام هەموو شتێک عەقڵ و لۆژیکى دەوێت، پێویستە بەر لەهەست و سۆز، بەژیریى و وریایى و عەقڵانییەوە بیر لەو باسە و ئاکام و دەرئەنجامەکانى بکرێتەوە.
من سەرم لەم گەمە و یاریە شاراوەیەى پارتى و سەرۆکەکەى ئاوساوە، بەڕێزى لەسەرێک باسى ریفراندۆم و سەربەخۆیى دەکات، لەولاشەوە لەگەڵ بەغدا لەشەڕدایە بۆ مانەوەى لایەنگر و هەوادارانى لەپۆستەکانى بەغدا، دڵى بەرایى نایەت دەستبەرداریان بێت. لابردنى هۆشیار زێبارى و هەوڵ و تەقەلاکانى پارتى و شاندەکەى بۆ مانەوەى لەپۆستەکەى، گەورەترین شکستى نێچیر و پارتى بوو، کە زۆر هەوڵیدا زۆر تکاو رجا و لایەنى راسپارد کە ئەوکارە نەکەن، سەرەنجام کردیان. بەوەشەوە نەوەستان بابەکر زێباری سوپا سالاریشیان لابرد. لەگەڵ ئەوەشا پارتى تا نها باوەڕ و متمانەى بەبەغدا و حکومەتەکەى هەیە، تا ئێستاش پەرلەمانتار و بەرپرسەکانى لەبەغدان و موچەى ئەوێ وەردەگرن، ئەى کەوایە بۆچى پارتى وەک هەنگاویى یەکەم ئەو کارە ناکات و ئەوان ناکشێنێتەوە؟ دیارە بۆخۆى لەمن و تۆ باشتر دەزانێت کە ئەو باسە ( ریفراندۆم) شتێکى ڕووکەش و سەرپێى و تاکتیکە و بۆ مەرامى تایبەتە.
گریمان کە هەرچەندە بۆخۆشم هیچ متمانەم بەو ریفراندۆمە نى یە، بەڵام گەر کرا و هەنگاوى بۆنرا، ئایا کەس بیرى لەدەرئەنجامەکانى کردۆتەوە؟ ئایا سەرکردایەتى سیاسى کورد و بیرمەندان و ئابوورى ناسان، پێشبینى و پلانى پاش ئەو سەربەخۆییەیان داڕشتوە؟ ئایا ئامادەگى و خۆسازادن بۆ پاش ئەو کارە کراوە؟ بێگومان نەخێر، لەبەر ئەوەى ئێمە تا ئێستاش هەر بەبیرى خێڵەکەى و عەقڵیەتى عەشایەرى و تاک ڕەوانە ئەمانەوێت خۆمان بەڕێوەبەرین. دیکتاتۆریەت و فەرزکردنى رەئى تاکە کەس بەسەر دیموکراسى و دیدو بۆچونى جیاوازدا زاڵە، هەموو ئاوات و ئامانج و خۆزگەیەکمان لە کورسیەکەى سەرۆکدا خڕکردۆتەوە.
چیمان هەیە، تا پاش راگەیاندنى ئەو پرسە خۆمانى پێ بژێنین و لەسەر پێى خۆمان رابوەستین؟ منەتمان بەوڵاتان نەبێت؟!
1- لەبوارى کشتوکاڵ دا زۆر لاواز وهەژارین، خۆ ئەگەر هەشمان بێت ئەوا لەسایەى ئاوى زێى بچووک و سیروان وئەڵوەنە، ئەوەتا ئێران کردوێتى بەگەورەترین کارتى فشار، ئەوە تورکیاش لەوە خراپتر ئەو فشارە بەکاردێنێت، بۆ ئەو مەبەستە دەیان بەنداویان دروستکردووە، هەر کە زۆریان بۆهات یەکەو راست ئاوەکەت لەسەر دەگرێتەوە، ئەى لەماوەى ئەو چەند ساڵەیا بۆ بیرێکتان لەوە نەکردەوە، تا چەندین بەنداو دروست بکەن، چارەسەرى کێشەى کشتوکاڵ و ئاودێرى و کەم ئاوى بکەن.؟! کە تەواوى سیاسى و ئابوریناسانى جیهان پێمان ئەڵێن شەڕى ئایندەى وڵاتان لەسەر ئاو ئەبێت.
2- سەربارى ئەوەش ئێمە لە بەروبوم و خۆراک و کەلو پەل و جل و بەرگ و… چیمان هەیە تا بتوانین خۆمان لەسە رپێى راگرین و بتوانین لەسەرى بژین و پێداویستى ناوخۆ دابین بکەین؟ تۆ تەماشا یەک هەفتە سنورەکان دائەخرێن ئوتوماتیکى نرخى تەماتە و سەوزە کە رەنگە لەچاو شمەکەکانى تردا زۆر پێویست و بایەخدار نەبن، کیلۆى ئەبێت بە 2 هەزار، ئەوە باسى ئاردو برنج و خۆراکى رۆژانە ناکەم. ئەى ئەوانە چۆن دابین دەکرێت؟
3- لەسەرتاسەرى وڵاتدا حکومەت دووکارگەى نى یە کە بتوانێت جووتێک نەعلى لاستیک، سێتێک پوشى موبەریدە دروست بکات، ئەوانەشمان لەدەرەوە بۆ دێت، ئەى بەخێرێ پاش چەند ساڵى تر حکومەت و دەسەڵات دەستیان تێدەچێت کە پارە شارەوەکانیان بێنە دەرەوە، یەک دووکارگەى پێ دروست بکەن، سەربارى ئەوەش ئەمە بۆخۆى باشترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەى کە ئەو بەرپرسانە بۆ یەک رۆژیش لەخەمى میللەت و وڵاتدا نەبوون و، خۆیان بەخاوەن و خەڵکى ئەم وڵاتە نازانن، هەرکامێکیان ئەگریت لە وڵاتانى دەرەوە بەملیارەها دۆلار وەبەرهێنان دەکەن، کەچى باوەڕ و متمانەى بەوڵاتى خۆى نى یە کە بچوکترین کارگەى نانە قەیسیشى تیا دروست بکات، ئەى کە ئەو متمانەى بەوە نەبێت ئەى منێکى مووچە خۆر و گیرفان بەتاڵ چۆن باوەڕ بەو خەیاڵى سەربەخۆیە بکەم.؟
4- هەمانە و نیمانە تەنها و تەنها هەر نەوتە، ئەویش لەبازاڕى جیهان و رێکخراوى ئۆپیک باوەڕپێکراو نین، ئەوەى دەیفرۆشین تەنها هەر بەقاچاغە، بێگومان سبەى رۆژ کە باسى ئەو شتە کرا، ئەوە لەسەدا هەزار تورکیا هەرچى بۆریى نەوتە لێت دەگرێتەوە، ئێران رێگەنادات یەک تانگەر نەوت ئاودیوى سنور بێت، ئەى بەچى ئەو میللەتە ئەژێنێت، تۆ ئێستاکە رۆژانە بە ملیۆنان دۆلارت لەفرۆشتنى نەوت دەست دەکەوێت بەسێ مانگ جارێک چارەکە مووچەیەک دەدەی، ئەى پاش ئەوە بەچەند ساڵ جارێک ئەتوانیت؟ کوا کەرەسەى خاو بۆ بنیات نانى رێگاو بان و ئاوەدانى و خانوو پێداویستى رۆژانە؟ یان وەکو وڵاتانى سەردەمى بلۆکى سۆسیالیست مان لێدێت و لەدونیا دادەبڕێن!
5- پیشەسازى یە نیمانە، کشتوکاڵە نیمانە، بازرگانى یە نیمانە، کەسى شارەزاو بلیمەتە لە ناو حکومەت و حزبدا نیمانە کە رێگەى پێبدرێت، پلان و بەرنامەى ئابوورییە هەر لەسەرەتاوە نەمان بووە، وەک وتم بۆ هەمو شتێک وەک زەڕنەقووتە هەر دەم ئەکەینەوە و چاوەڕوانین لەئێران یان تورکیاوە بۆمان بێت. خۆ بەدڵنیاییەوە لەگەڵ باسکردنى ئەو ریفراندۆمەدا ئەوا یەکسەر سنورت بەڕوودا دائەخەن، ئەى چى دەکەین و چۆن بژین؟ وەک سەرۆک دەڵێت: بامیللەت لەبرسا بمرێت، راست دەکات بۆخاترى سەرکەوتنى پیلان و ئامانجى خۆى هیچ دەربەست نى یە کە میللەت تیا چێت، چونکە ئەو هەر لەئەزەلەوە منەتى بەمیللەت نەبوە، ئەوەتا چوار ساڵە خەڵک ژیانى لێ تاڵ بووە و هەموو شتێکى دۆڕاندوە، کەچى جەنابى هێندەى لەخەمى کورسیەکەیدایە هێندەى پەرۆشى تازەکردنەوەى ماوەى سەرۆکایەتیەکەیەتى، چارەکى چارەکى ئەوە لەخەمى میللەتدا نى یە، ئایا بینیتان یان بیستان، کە رۆژێک لەرۆژان سەرۆک بێتە ناومیللەتەوە؟ سەردانى ماڵى هەژار و بنەماڵەى شەهیدێک بکات؟ بێگومان نەخێر کەچى زۆر ئاسایى هەموو جەژن و بۆنەیەک ئەچێت بۆناو بنەماڵەو عەشیرەتەکەى، کە ئەمەش سەلمێنەرى ئەویە ئەو پیاوە هیچکات خۆى بەسەرۆکى میللەت نازانێت، بەڵکو خەڵک بەزۆر ئەیانەوێت بیکەن بەسەرۆک، لاى ئەو عەشیرەت و بنەماڵەو خزمەکانى لەپێش هەمو شتێکەوەن، ئەوەنىیە ئەوەى جامانەى سوورى لەسەر بێت بۆنى بارزانى لێبێت بەرپرسە و گەورەیە و لەهەمووشتێک مەحفوزە و لەسەر و یاسا و دەسەڵاتەوەیە.
6- بەدڵنیاییەوە ریفراندۆم وسەربەخۆیى ناوچە کێشە لەسەرەکان ناگرێتەوە، چونکە تائێستا کێشەکە بەهەڵواسراوى ماوەتەوە،یەکلا نەبۆتەوە، ئەى چارەنووسى ئەوان چى دەبێت؟ کە نیوەى خاکى کوردستان و نفوسى ئەکات (کەرکوک، خانەقین، جەلەولا، دوز، دوبس، شەنگال، قەرەتەپە، لەیلان، بەشى زۆرى دەشتى نەینەوا، دەوروبەرى سنورى چیاى حەمرین و…) کەواتە ئێمە چیمان کرد؟ لەبەر ئەوەى کە ئێستا باسیدەکەن و ناویدەنێین ریفراندۆم و هەنگاونان بۆ سەربەخۆى نیو سەدە لەمەوپێش لەچوارچێوەى مافى ئۆتۆنومیدا پێمان دراوە. کەواتە چیمان کرد، ئەمجارەش خەڵکانى ئەو ناوچانە ئەکەونە بەر پەلامار و راگواستن و ئازار و ئەشکەنجە وبەتاڵان بردنى موڵک و ماڵیان وەک لەساڵانى حەفتاکان کە دەرهەق بەکوردانى فەیلى کرا.
7- کوردستان لەسەر دەریا نى یە تا بڵێن لەرێگەى دەریاوە ئەتوانین جموجوڵ و چالاکى بازرگانى بکەین، گوشار و ئابڵوقە کارمان تێناکات، رێگەى و شکایش ئەمابەستێتەوە بەوڵاتانى دراوسێ و دژ بەرى ریفراندۆم و سەربەخۆیى، ئەوەى کە ئەمێنێتەوە رێگەى ئاسمانى و فرۆکەیە، جگە لەوەى هاوردە کردن و ناردنى شمەک لەورێگەیەوە زۆر قورس و گران و زۆر ئەکەوێت لەسەر مان. بێجگە لەوەش ئێمە تا نها فرۆکە خانەکانمان پەیوەستە بەعێراقەوە لەژێر فەرمانى ئەودا جموجوڵ ئەکەین ( ئەندامى فڕگەى نێو دەوڵەتى نین) دڵنیاشم مادام وڵاتانى زلهێز پشتگیرى لەریفراندۆم و سەربەخۆى ناکەن، ئەو کاتەش دان بە فرۆکەخانەو گەشتەکانتا نانێت و رێگەمان پێنادرێت، لەورێگەیەوە یەک فرۆکە بێتە فرۆکەخانەکەتەوە، یان لەوێوە گەشت بکەیت، ئەى بۆ ئەوەیان چى ئەکەین، چۆن چارەسەرى بکەین، ئاسمان و وشکایى و دەریات لێ ئەگیرێت. قوڕى کوێ بکەین بەسەرماندا؟
8- سەرکردەو پارت و حکومەتێک بەدرێژایى 26 ساڵ هیچیان بۆمیللەت نەکردوە، هیچ بەرنامە و پلانێکیان بۆ خۆشگوزەرانى و باشکردنى رەوشى ژیانى میللەت نەبوبێت، هەمیشە میللەتیان دادۆشیوە، هەمیشە بونەتە مشە خۆر بەسەر گەلەوە، چۆن ئەتوانن ئێستا وڵات و کیانێکمان بۆدروست بکەن؟، گەر راست ئەکەن ونیەت و ئامانجیان ئەو کارەیە و درۆ لەگەڵ خەڵک ناکەن، با لەخۆیان ببورن ئەو پارانەى کەلە بانکەکان و ژێرزەمینەکاندا شاردویانەتەوە، نەک بیدەن بەخەڵک بەڵکو بیخەنە پرۆژەى وەبەرهێنان و، وڵاتى بێ ببوژێنەوە، بیرمان نەچێت ئەو پارەیەى کە بارزانى کوڕەکەى ساڵانە لەپێشبڕکێى فۆڕمۆلا وەن، لەوڵاتى ئیمارت ئەیدۆڕێنن موچەى یەک ساڵى تەواوى فەرمانبەرانە بەبێ پاشەکەوت، ئەى سەرۆکێک ئامادە نەبێت تۆزێک لە رەفاهیەت و خۆشى و کەیف و سەفاى خۆى ببورێت، چارەکى ئەوپارەیەى لەقومار ئەیدۆڕێنێت بیدات بەکەم ئەندامان بنەماڵەى شەهیدان بێوەژنان و هەژارانى وڵات، ئەى سبەى رۆژ چ دڵێکمان پێى خۆش بێت بەکام گیرفانى پڕ و وێژدانى ئاسوودەوە دەنگى پێ بدەین؟
9- ئێوە کە دەست ئەدەنە کارێکى وا بێگومان بەهەزاران دوژمنت بۆ زیاد دەبێت، هەڕەشەو پەلامار و لەناوبردنت لەهەمو کات زیاتر دەبێت، بۆ ئەوەش پێویستت بەهێز و چەک وسەربازە، ئەى کوا ئێمە سەربازمان هەیە؟ ئەوە خۆبینیتان داعش بەسەد کەسێکەوە لەنزیک شەنگال دوو فیشەکى تەقاند بەسەدان لیوا و فەوج و هیزى سەدان هەزار کەسى تێیان قووچان. ئەى ئەگەر سبەى رۆژ سوپاى تورکیا و حەشدى شەعبى هێرشیان کرد، کێ پارێزگارى دەکات؟ کێ لەسەرت دێتە وەڵام؟ یان بەکام پێشمەرگەى برسى گیرفان خاڵى ئەتەوێت سنورى وڵاتەکەت بپارێزیت؟ کە ئێستا حکومەتى بەغداشت لەپشتە بەنوێژى نیوەڕۆ تورکیا بەهەزاران کیلۆمەتر دەبڕێت بۆردومانت دەکات ،ئێران هەر بۆخۆشى و بەئارەزوو دەیان کیلۆمەتر دێتە پێشەوە و خاکت داگیر دەکات؟
ئەوەى کەماوە بیڵێم ئەوەیە مەسەلەکە نە ریفراندۆمە و نەسەربەخۆیە، چونکە بارزانى بۆخۆشى گەیشتۆتە ئەوباوەڕەى کە تەواوى متمانەو باوەڕى خەڵکى لەدەست داوە، هەروەها هیچ پاساوێکیش نى یە بۆ ئەوەى جارێکى وەک سەرۆکى هەرێم خۆى بناسێنێت، بە هەموو پێوەرە دیموکراسى و نێو دەولەتییەکان ئەو پیاوە ئیدى ئەبێت لە پۆست و بەرپرسیاریەتى حکومى دووربکەوێتەوە، رێگەى پێنەدرێت جارێکى تر ببێتەوە بەسەرۆک، بۆ ئەوەش ئەو بیرۆکەیەى بەمێشکدا هاتووە، تا وا لەخەڵک بگەیەنێت و قەناعەتیان پێ بکات کە مادام ئەو پیاوە هەوڵى سەربەخۆى و ئازادى و دروستبونى کیانێک بۆکورد ئەدات، پێویستە و ئەرکە لەسەر شانمان کە ئێمەش چاوپۆشى لەمانەوەى لەسەر کورسیەکەى بکەین، بۆخولێکى تریشى رازى بین ببێت بەسەرۆک و بەیعەتى پێ بدەین، جوداى ئەوە هیچ مەبەست و مەرامێکى دیکەلە لەپشت ریفراندۆمەوە نى یە. بیریشمان نەچێت قسە فەقیرە و هەموو کەس پێى دەوێرێت.