بورهان شێخ ڕەئوف: ئەمریکا گەڕایەوە بۆ عێراق.
باراک ئۆباماى سەرۆکى پێشووى ئەمریکا لە کاتى بانگەشەى هەڵبژاردنەکانى دا بەڵێنى بە دەنگدەرانى دابوو کە ئەگەر سەرکەوتن بە دەست بهێنێت ئەوا یەکسەر هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق دەکێشێتەوە و هەر بەڕاستیش وایکرد و ئاکامەکەیمان بینى عێراق چى بەسەرداهات .
بەڵێ ئەمریکا لە ژێر فشارى هێزە تیرۆریستیەکان و دەستێوەردانى گەلێک لایەن و وڵاتى ناوچەکە لە عێراق زۆر بە پەلە و بە پەلە قاژە کشایەوە وەکو دیارییەکى جوان پێشکەش بە خەڵکى تر کرا ، وەکو وەزیرى دەرەوەى پێشووترى عەرەبستان ئەمیر سعود ئەلفیسەل وتى کە ئێستا لە ژیاندا نەماوە ،بەڵام دەکرێت بپرسین ئەو فاکتەرانە چین وایان لە ئەمریکا کرد جارێکى تر لە پەنجەرەو خۆى بکاتەوە بە عێراقدا؟
عێراق جگە لە پێگە ئیستراتیجى و گرنگەکەى بۆ ئەمریکا گرنگى ئابورى و سیاسى وئەمنیشى هەیە و لە هەمانکاتدا لە دواى پێشڕەوییەکانى ئێران لە ناوچەکە بە گشتى و فراوان بوونى ڕووبەرى هەژموون و دەستەڵاتى بەسەر وڵاتانى ناوچەکە بە گشتى وەکو سوریاو یەمەن و لوبنان و بەحرێن و عێراق بە تایبەتى لە دواى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە 2011 کە هەموو تێچووى پرۆسەکە و قوربانیەکانى ئەمریکا چووە ژێرى و ئێستا خەڵکى تر بەرووبوومەکە ى بخۆن ئەمە خاڵێکى قورس و پڕ ئازارە بۆیان.
لەلایەکى ترەوە گەراِنەوەى ڕوسیا بۆ ناوچەکە و بە تایبەتى لە سوریا و هەوڵدانى جارێکى تر پێگەى خۆى قایم بکات لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە دواى شەڕى سارد بۆ یەکەم جار مایەى نیگەرانیە بۆ ئەمریکا، هەروەها پێویستیەکانى شەڕى تیرۆر و دەوڵەتى ئیسلامى داعش واى دەخواست ئەمریکا جارێکى تر بە هێزەوە بگەڕێتەوە بۆ عێراق و بە تایبەتى پاش ئەوەى زۆرێک لە شرۆڤەکاران و ناوەندەکانى لێکۆڵینەوەى ئەمریکا گەیشتبوونە ئەو بڕوایەى کە سەرهەڵدانى داعش ئاکامى زوو کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا بوو لە عێراق.
هێزەکانى ئەمریکا لە کوێ جێگیرکراون قەبارەیان چەندە لە عێراقدا ئێستا؟
هەرچەندە ئەمریکا لە دواى ڕوداوەکانى مانگى حوزیرانى 2014 هەنگاو بە نگاو پچڕ پچڕ هێزەکانى هێنایەوە بۆ عێراق یەکەمجار 170 سەربازى هێناو دواتر تا کۆتایى ساڵى 2014 کردى بە 1550 سەرباز کە ئەرکەکانیان پێشکەشکردنى ڕاوێژو ئامۆژگارى بوو بۆ هێزە ئەمنیەکانى عێراق، دواتر لە ساڵى 2015 دا هێزە سەربازییەکانیان گەیشتە 4 هەزار کە پێکهاتبوون لە ڕاهێنەرو ڕاوێژکارى سەربازى و ئەمنى و تەکنیکارو، دواتر لە ساڵى 2016 دا قەوارەى هێزەکان زیادکرا تا گەیشتە 6 هەزار کەس جگە لەوەى نزیکى 1800 کەسى لە باڵوێزخانەى ئەمریکان لە بەغدادکە ئەمانە کارو ئەرکى تایبەتى و نهێنى بە جێ دێنن و ناچنە ڕیزى هێزە جەنگاوەرەکانەوە.
لە ئێستاشدا هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەڕۆن کە ئەمریکا هێزى زیاتر رەوانەى عێراق بکات دواى ئەوەى دەسەڵاتى تەواو دراوەتە وەزیرى بەرگرى کە هەرکات پێویست بوو بێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرێس هێزە ڕەوانەى عێراق و سوریا بکات.
هێزەکانى ئەمریکا ئێستا لە زۆر بنکەو پێگە و بارەگا لە باکوورو ناوەڕاست خۆرئاواى عێراق جێگیر بوون لەوانە بنکەى تاجى و بنکە فڕۆکاخانە ى بەغدادى نێودەوڵەتى و بنکەى عێن ئەسەد وبنکەى حەبانیەو بنکەى بەلەدو بنکەى سپایکەر و بنکەى گیارە کە تازە لە دەستى داعش ڕزگارکراوە ئەمانەو بنکەى تریشیان لە نزیکى حەماعەلیل و بەنداوى موسڵ هەیەو جگە لە سەربازگەى تر لە هەرێمى کوردستان لە هەولێرو سلێمانى و دهۆک.
ئەرک و ئامانجى ئەم هێزانە لە عێراق هەروەکو پێشتر ئاماژەم پێدا جگە بەرگرتن بە هەژموونى ئێران ڕاوێژو ڕاهێنانى هێزە چەکدارەکانى عێراقەو پشتیوانى کردنیانە لە کاتى پێویستدا و هەوڵدانە بۆ گێڕانەوەى ئارامى و سەقامگیرى بۆ ناوچە تازە ئازادکراوەکان لە داعش.
لە کۆتاییدا نابێت ئەوەشمان لە یاد بچێت کە بوونى ئەم هێزانە ڕووبەڕووى زۆرێک لە کۆسپ و تەگەرەى گەورە دەبێتەوە لە دواى شەڕى داعش ئەویش هێزەکانى حەشدى شەعبى شیعەیە کە پێکهاتوون لە سرایا السلام و عەسائیبى ئەهلى حەق و کەتیبەکانى حزبو ئەڵا و ئەمانە لەو بڕوایەدان کە ئەمانە هێزى داگیرکەرن و نابێت بمێننەوە لە عێراق جارێکى تر بەڵام لە هەمان کاتدا تەنها کوردو هەندێک هێزى سوونە لایەنگرى مانەوەى ئەو هێزانەن لە عێراق.