بەهرۆز جەعفەر: ڕیفراندۆم و پارتی.
دەوڵەت دروستکردن، یان هەر دەوڵەت خۆی لە قانونی سیاسی دا، شەخسیەتێکی مەعنەوییە، یانی هەر دروستکردنی چوارچێوەیەکی جوگرافی نییە، لایەنێکی دەستوریی و یاسایی و نێودەوڵەتی و کەلتورییەو، چونە ناو کەژاوەیەکی ترە لە مێژوودا.
بەشێک لە سۆشیال میدیاو ئامرازەکانی میدیا، بە هۆ بێت یان بێ هۆ گیان یان بخورێ تا ئێمە قسە بکەین، ناوی ئێمەیان تێکەڵ بە بەرەی دژە ڕیفراندۆم کردووە، لەولاشەوە لە بەرەی ڕیفراندۆم، واتە لە خۆیانەوە کردویانین بە ئەندامێک لە جەماعەتی خۆیان. لە ڕاستیا هەروا سەر پێی زەحمەتە لەگەڵ مەجموعەیەک مفتخۆر و بێدەربەستی ناو ئەو جۆرە لە کوردایەتی بکەوین، وە یان لەگەڵ بەعزێ جنێوفرۆش و تەشهیرکەر هوتاف بکێشین.
لام وا بێت، مادام پارتی خۆی بە سەرمەشقی ڕاگەیاندنی دەوڵەت ئەزانێ، ئەبوو لەساڵی (2008) ەوە کە مالیکی هێزی جوڵاند ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان سەرقاڵی سەرپێخستی توانایەکی بەشەریی بەهێز و، قووڵکردنەوەی گیانی نیشتیمانی و، حیوارێکی ئەقڵانی بوایە لەگەڵ خەڵک، لەگەڵ میدیا، لەگەڵ ناوچەی سولەیمانی و کەرکوک. هەروەها ژێرخانێکی ئابوریی بەهێز و توانایەکی دیبلۆماسیی سەردەمیانەی بۆ لۆبی کردن لە ئەمریکاو ئەوروپاو پایتەختە هەستیارەکانی جیهان بە کار بهێنایە.
گریمان، بەشێک لەمانەی کە نەکراون، هۆیەکەی بە تەنگەوە نەهاتن و شوێن نە کەوتنی ئۆپۆزسیۆن بوو. بەڵام لەدوای شەڕی داعشەوە، هەر نەبێت لە دوای گەرمکردنی بابەتی ڕیفراندۆمەوە لە ڕاگەیاندنە ناوخۆیی و بیانییەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان ئەیتوانی ئیش بۆ ئەوە بکات کە ئارگیومێنتێکی نیشتیمانی و زانستی، سەرپێ بخا بۆ موخاتەبەکردن و ڕوونکردنەوەی زیاتر، نەک بچێ ژووری هاوبەش دروست بکا چۆن پەلاماری ئەم و ئەو بدرێ..!.
ئێمە، زوو بۆ پارتی و کادیرە باڵاکانی مان ڕوونکردۆتەوە، بەم ئالیەت و میکانیزمە، بەم زمانە لە قسەکردن، بەم کاراکتەرانەی کە ئەڵێی بۆ شەڕی ناوخۆ حازرکراون، بەم هەموو مرۆڤەی کە وەزیفەیەکی تر نازانن جگە لەوەی بڵێن گۆڕان واو جەلالی واو ئێران واو وا.. بەهەمان شێوەش لای سولەیمانییەوە بەو هەموو کائینە بەتاڵانەی کە هیچ نازانن جگە لەوەی جنێو بە پارتی بەن و، لەسەر ئەو بنەمایانە پلەو پۆستی کۆمەڵایەتی و سیاسیان وەرگرتوەو، وەرئەگرن، لە ڕاستی دا ئاوها پرۆسەی ڕیفراندۆم و دەوڵەت دروستکردن هەرەس دێنێ، بەرپرسیارێتیەکەشی پێش هەر کەس پارتی دیموکراتی کوردستانە ئەوسا ئەوانی تر. ئەو چل پەنجا ملیۆن دۆلارەشی بۆ کۆمیتەی ڕیفراندۆم ئامادەکراوە چاوەڕێی لووشدان و بەهەدەردانە.!.
لەمە زیاتر، بە زۆر نابێت، لایەنەکان چی ئەچێنن ئەوە ئەدورنەوە، جنێو و شەڕە شەق، جنێو و شەڕەشەق، سیاسەت وا ناکرێ و کاتیش درەنگە، ئەتانەوێ پرۆسەی ڕیفراندۆم و دەوڵەت دروستکردن بۆ کوردستان چێ بکرێ، ئەوە ڕێگا چارە و سینارێۆکان ئامادەن.
- Latest Posts by بەهرۆز جەعفەر
بەهرۆز جەعفەر: لەبارەی پاڵێوگە نایاساییەکانەوە.
-بەهرۆز جەعفەر: کورد یان ئەردۆگان دەرفەتیان زۆرترە؟
-بەهرۆز جەعفەر: ئایا ئیسرائیل بەڕاستیەتی؟
- All Posts