شێرزاد شێخانی: ناهەقمانە دژی ڕیفراندۆمەكەی بارزانی بین.
ئەو كارتەی لەرۆژی ڕیفراندۆمدا دەنگی لەسەر ئەدرێ پرسیارێك لەهاوڵاتیان ئەكات (ئایا لەگەڵ سەربەخۆیی یان نا). كەواتە خودی پرۆسەكە، پرۆسەیەكی دیموكراتیانەیە بۆ زانینی رای جەماوەر لەبارەی مەسەلەیەكی چارەنوسسازی وەك سەربەخۆیی كوردستان، مرۆڤیش لەهەر پرۆسەیەكی دیموكراتیدا ئازادە لەدەربڕینی ڕای خۆی ئەمەش یەكێكە لەكۆڵەگەكانی دیموكراسیەتی راستەقینە.
ئێمەی بەشێك لەنوسەرو رۆژنامەنوس و رۆشنبیرانی ئەم هەرێمە بەو چەمكەی دیموكراسییەوە ئازادین لەگەڵ یا دژی ریفراندۆم بین، چۆن رۆشنبیرانی پارتی و لایەنگرانی ئازادن لەپشتگییری كردنیان بۆ ڕیفراندۆمەكەی بارزانی، ئێمەش ئازادین لەدژایەتیكردنی. هەر لایەك ڕوئیای خۆی هەیە لەسەر مەسەلەیەكی وا چارەنوسسازدا.
ئەو چیینە رۆشنبیرە دژ بە ریفراندۆم لەسۆنگەی پەرۆشیان بۆ ئاییندەی میللەتەكەیان كەوتونەتە سەر هەڵویست وەرگرتن لەریفراندۆم، بەئاشكراش راوبۆچونی خۆیان نوسیوەو پەیامی خۆیان گەیاندوە، بەوەی پێویستە بەر لەهەر پرۆسەیەكی وا مەترسیداردا زەمیینەیەكی گونجاو بێتە ئاراوە بۆ ئەوەی میللەت دوچاری باجێكی گەورە نەبێ وەك ئەوەی مەسعود بارزانی ئاماژەی پێدا كە بەیانی دەرگاكانی لێ بگیرێ و لەبرسا بمرێ.
ئەوانەی دژی ڕیفراندۆمن خەڵكی ئەم وڵاتەن، رەنگە كەسانی وایان تیا بێت بەقەدەر تووكی سەری هەر سەركردەیەكی پارتی خەباتی شاخ و شارو ژێر زەمینەكان و زیندانەكانی بەعس و رژێمە دیكتاتۆرەكانی دژ بەكوردی هەبێ. لەجیاتی ئەوەی رێز لەڕاوبۆچونیان بگیرێ، كاكە مەسعود دەزگایەك دروست ئەكات بۆ ڕوشاندن و تیرۆركردنی كەسایەتیەكانیان، ئەم ئەركەش ئەسپێرێ بە كۆمەڵێك رۆشنبیرانی دەربار كە قێزەوەنترین كەسایەتیان هەیە لەناو میللەتەكەیاندا.
مرۆڤی كورد تەنها چاوێك بە لیستی ناوی ئەو 88 كەسەدا بخشێنێ كە پارتی ئەیەوێ كەسایەتییەكانیان تیرۆر بكات، بەراودردی بكات لەگەڵ ناوی ئەو 14 ئەندامەی ژووری عەمەلیاتەكەی پارتی، هەقیقەتی مەسەلەكەی زۆر بەرونی بەرچاو ئەكەوێ كە ئەمانە كێن ئەوانیش چ مەخلوقێكن.
لەجیاتی ئەوەی مەسعود بارزانی وەكو سەركردەیەكی پەرۆشی مافی میللەتەكەی بۆ سەربەخۆیی، بنێرێ بەدوای ئەو 88 ناوەو لەگەڵیان دابنیشێ و لێیان تێبگات، ئەچێت ژووری عەمەلیات دائەمەزرێنێ وەكو ئەوەی حەربی ئیستیقلالەكەی ئەو لەگەڵ رۆشنبیرانی وڵاتەكەی خۆی بێت، نەوەك لەگەڵ دوژمنانی مافی چارەی خۆنوسینی میللەتەكەی!.
لەجیاتی ئەوەی لێژنەی ئاشتەوایی لەگەڵ میللەت و لایەنە سیاسی و رۆشنبیرەكان دروست بكات بۆ ئەوەی زەمیینەیەكی لەباری یەكگرتو بێنێتەدی بۆ پشتگییری میللەت لەریفراندۆمەكەی، هانا بۆ كۆمەڵێك لەقەڵەمفرۆشان و كەسایەتی روشاو ئەباتو بەسەفتە دۆلاریان ئەداتێ بۆ ئەوەی بەیانی باسی عەرزو ناموسی ئەو رۆشنبیرانە بكەن كە هەر ئەمانەن ئەبنە هەوێنی دامەزراندنی دەوڵەتە سەربەخۆكەی كوردستانەوەو ئەبنە ئەداتی پتەوكردنی كایەكانی دەوڵەتداری لەم دەوڵەتە چاوەڕوانكراوەدا.
ئاخر ئێمە ناهەقمان نیە دژی دەوڵەتێك و سەربەخۆییەك بین كە بەمشێوەیە دەست پێبكات و ئەو دەموچاوە ناشرینانەی پارتی ببنە نوخبە بەڕێوەبەرەكەی. بەڵێ ئەمە ئەو دەولەتە سەربەخۆیەیە كە ئێمەومانان دژایەتی ئەكەین.
عەرەب قسەیەكی جوانیان هەیە كە ئەڵێ: جام ئاوەكەی ناوخۆی لێ ئەتكێ.
دەمێكە وتراوە هەر كەسێك لەپارتی نزیك ببێتەوە بە ئاگرەكەیەوە ئەسوتێ، پارتی بەهۆی سیاسەتەكانیەوە ئەوەندە ناشرین بوە لەبەرچاوی میللەتەكەی كە شانازییەكی گەورەیە ئەمرۆ كەسێك لەبەرەی میللەتەكەیدا بێتو لەبەرامبەر دیكتاتۆریەت و فاشییەتی ئەو حزبەدا هەڵوێست وەربگرێ، بەم پێیەش شانازییەكی زۆر گەورەیە بۆ منی خاوەن قەڵەمێكی بچوك، ناوم بچێتە تەنیشت ناوی گەورەترین و جوانترین مرۆڤەكانی ئەم سەردەمە.
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts