پشکۆ ناکام: کورسیڕاندۆم.
شکست و هەنگاوە فاشیلەکانی دەستەڵاتی کوردی و بەناو حکومەتەکەی، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر کەڵەکە ئەبێت و وا بڕوات بنەماڵە و پارتی پاشکۆی ئەبێت چەن “سایلۆ” یەک بۆ هەڵگرتنی قەیرانەکان دروست بکەن، لە گەرمەی ڕوو بەڕوو کردنەوەی بەرپرسیارێتی فەشەلەکان بەرامبەر بە دەستەڵات، تازە بەتازە ئەیەوێت مۆدێلێکی تری خۆڵ کردنە چاو بهێننە کایەوە بۆ داپۆشینی ڕۆڵ و بەرپرسیارێتیان لە دروست کردنی قەیرانەکان کە ئەو خۆڵەش ریفراندۆمە، گوایە بنەماڵە و دەستەڵاتەکەی ئەوەنە دیموکراسین بۆ پرسکردن ئەگەڕێنەوە بۆ خەڵک! ئەم پرسە گورگانەیە عەرەب واتەنی “سابق لاوانه. گەر بنەماڵە و حکومەتەکەی ڕێز لە ڕای خەڵک ئەگرن خەڵکی هەرێم جارێک بڕیاری خۆی بە “بەڵێ” یاوە، ئەی بۆ کار بە سەرئەنجامی ئەو ریفراندۆمە ناکرێ؟ یان ئەم ماستە گوریسێکی تیایە.! گەر سەرۆکی بنەماڵە ڕێز لە ڕای شەقام ئەگرێت، بۆ ڕێزی لە ڕای خەڵک نەگرت کاتێک لەسەر و بەندی 17/ی شوبات زیاتر لە سەدو پەنجا هەزار ئیمزا لە دوو سەعاتا کۆکرایەوە بۆ پاڵپشتی هەڵوێستی خەڵک لە دروشمی نا بۆ دەستەڵاتی بنەماڵە و سەرۆکەکەی.
بنەماڵە ئەیەوێت خۆڵ بکاتە چاوی کێوە ؟. ئەو خەڵکەی بەناوی شۆڕشەوە! چواردە ساڵ قوربانیان پێ یا و دوایی دەرکەوت بزوتنەوەکە لە ژێرەوە بە ” مقاوەلە” درا بوو بە شای ئێران و ئەویش کەی ویستی ووتی ” تەواو” ئەوانیش ووتیان بەڵێ” کاری ئێمە تەواو بوو” و هەموو قوربانیەکان و خوێن و زەحمەتی ئەو خەڵکەیان گۆڕییەوە بە دۆلاری جانتاکانیان و خۆیان گەیانە ئەودیو سنور، ئێستاش ئەیانەوێ بەناوی ڕیفراندۆمەوە سەرلەنوێ هەرێم تووشی نەهامەتیەکی گەورە بکەن، ئاخر ریفراندۆم پرسێکی نیشتمانیە، بنەماڵەش بەو ڕابردووەی هەیەتی هەر لە ئاشبەتاڵ و قیادە مەوقوتە و 31/ی ئاب و…. و… هتد. ناسنامەی بنەماڵە و حیزبێکی نیشتمان پەروەری نیە و پرسی ریفڕاندۆم خەڵکی خۆی هەیە نەکئەوان.
ریفراندۆم بە دەنگی خەڵک ئەکرێت، ڕای خەڵکیش پارلەمانە، بنەماڵەش پارلەمانی پەکخستوە،کەواتە ئیدیعاکردنی ریفراندۆم و پەکخستنی پارلەمان دوو هەنگاوی دژ بەیەکن. هەر کە پارلەمان جورئەتی کرد و باسی کورسی سەرۆکایەتی هەرێمی کرد ئیتر کێچ چوە کەوڵی بنەماڵە و نەیتوانی چیتر لە ژێر پەچەی دیموکراسیا خۆی بشارێتەوە و کودەتای لەسەر کرد. بنەماڵە لە بزوتنەوەی ئەیلول داوای لە خەڵک کرد بۆ سەربەخۆیی”ئۆتۆنۆمی..!” بەرگری بکەن و قوربانی بەن (بێ ئەوەی خۆیان بگرێتەوە.. )، سەرئەنجامەکەی ئاش بەتاڵ بوو، ئێستاش هەر هەمان بنەماڵە ئەڵێت: بۆ ریفڕاندۆم خۆتان برسی بکەن !! وەک ئەوەی ئێستا خەڵک زۆر لە های لایف یا بژی.
بەرهەمی چواردە ساڵ قوربانی بە چی گەیشت برسی کردنی خەڵکیش بەناوی ریفراندۆمەوە هەر هەمان بەرهەمی ئەبێت. جیاوازییەکەی ئەوەیە کە لە ئاشبەتاڵی یەکاما خۆیان کرد بە ئێرانا و لە ئاشبەتاڵی ریفڕاندۆما خۆیان ئەکەن بە تورکیا یا. کەسیش نازانێت گەرەنتی بەجێ گەیاننی ئەم بەناو ڕیفراندۆمە چۆن و چەنە..بنەماڵە و پارتی پاشکۆی چۆن ئەتوانێت باس لە سەربەخۆیی دوای ریفراندۆم بکات کە خۆی دەستەڵاتێکی سەربەخۆ نیە، تۆ جارێ بێ زەحمەت ئەو چەن بنکە و معەسکەرە (قارداش) نشینانە بکەرەوە بەودیوا تا بزانین ئەتەوێت سەربەخۆ بیت، ئەنجا بۆ باس کردنی ریفڕاندۆم خوا کەریمە..” تۆ بڵێیت ئەو هەموو قارداشانە بۆ ئەوە لە هەرێمن تا دەنگ بە ریفڕاندۆم بەن. هیچ کەس و لایەک ناتوانێت باسی سەربەخۆیی بکات گەر خۆی سەربەخۆ نەبێت، لەبەر ئەوە هەقە پارتیی پاشکۆی بنەماڵە کە باسی سەربەخۆیی کرا بۆ خۆی فیکە لێبا و خۆی مەشغوڵ بکات چونکە شمولی ئەو ناکات.
ئەم بنەماڵەیە ئەبێت ئەو ڕاستیە بزانێت کە سەبارەت بە رابردووەکەی، کۆمەڵانی خەڵک گومانیان لە هەر هەموو جوڵەیەکی خۆی و پارتە پاشکۆکەی هەیە، گەر وانەبێت و خەڵک ئەم هەنگاوی ریفڕاندۆمە بە ” علوج” نەزانێت چۆن ئەو هەموو خەڵکەی سلێمانی وگەرمیان و کەرکوک و هەڵەبجە . و ناوچەکانی تر بە ئاشکرا لە ئێستاوە ئەڵێن” نەخێر” بۆ ریفراندۆمەکەی بنەماڵە، تۆ بڵێی ئەو هەموو خەڵکە خائین و جاشی “مالک”بن، یان ئەوەیە خەڵکەکە باش لە رابردوو و مەرامی ئێستای موبتەکیرانی هەنگاوی ریفراندۆم تێ ئەگەن، ئەو خورمایەی بنەماڵە ئەیخوات، دەنکەکەی وا لە گیرفانی کۆمەڵانی خەڵکا، ئەو خەڵکەی خوا بنەماڵە بگرێت جارێک ئاشبەتاڵی پێ کرا، بەڵام ئەگەر ئەمجارە ئاشبەتاڵی پێ بکرێت، خوا خۆی بگرێت. خەڵک لە نەفامییەوە دژی ئەم تاکتیکەی ریفراندۆم نیە، کە سەرۆکی بنەماڵە ئەڵێت ئەو لە ژێر ئاڵای کوردستانا لە دایک بوە، ئەی هەر هەمان ئاڵا لەسەر بینایەی پارلەمانی کوردستان نەبوو کە دەبابەی بەعسی هێنایە سەرو و بە تۆپخانەی بەعس هێرشی کردە سەر!! هەموو کەس مافی ئەوەی هەیە رابردووی خۆی لەبیر بەرێتەوە کە ئەوەش زەحمەتە، بەڵام ناتوانێت ئەو رابردووە لە بیر خەڵک بباتەوە،، جا ئەوە رابردووەکە خۆ ئێستاکەتان لەوەی دوێنێتان پاکتر نیە.
خەڵکیش چاک لە وە تێگەیشتوە و کاغەزی سپی ئەخوێنێتەوە بۆیە بڕیاری .”نەخێر”ی خۆی بۆ هەنگاوی گوماناوی ڕیفڕاندۆم هەڵبژاردوە و نایەوێت جارێکی تر بەدەستی خۆی چاڵ بۆ خۆی هەڵکەنێت…. و هەر لەم سیاقەشا کاتێک کۆمەڵانی خەڵک کورسییەکەی سەرۆکی بنەماڵە و هەنگاوی ریفراندۆم ئەبەستن بە یەکەوە وەک توانجێک ناویان ناوە ” کورسیڕاندۆم.
- Latest Posts by
پشکۆ ناکام: بەرد…
-پشکۆ ناکام: دەستکێش..
-پشکۆ ناکام: دوور لە خوا.
- All Posts