بەرهەم کادار: دەوڵەتی کوردی بەکێ، کەی دروست دەکرێت؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئایا باشوری کوردوستان یان کوردوستانی خۆرئاوا ئەگەریی زیاتر بون بەدەوڵەتی لێدەکرێت؟ بەمانایەکی تر بارزانی بەپێی ئەزمونی چەندساڵەی حکومرانی خۆی یان ساڵح موسلیم سەلێمێنەرو سەرنجراکێشن بۆ دروستکردنی دەوڵەت؟، ئایا ڕیفراندۆم کافیە بۆ راگەیاندنی دەوڵەت؟، ئایا کەی کاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتە؟ ئایا ئەمریکیەکان کە دارێژەری دروست کردنی نەخشەی نوێی خۆرهەڵاتی ناوەراست بن، بەشی ئەوە بیریان لە هەرەشەکانی سەر دەوڵەتی کوردی نەکردۆتەوە؟
سەرتا دەوڵەت بەدروشم یان بەخەباتی مێژوی یان بەخەباتی شاخ یان بەعەقڵی شاخ یان بەهەموو ئەو قسە بودەڵانە دروست نابن، کە هیچ بنەمایەکی نیە. دەوڵەت بەو ئەمرە واقعە دروست دەبێت کە عیراق و سوریای تێ کەوتوە، بەو ئەمرە واقعە دروست دەبێت، کە دەبێت ئیران و تورکیای تێ بکەوێت، یان بەمانایەکی تر بەو ئەمرە واقعە دروست نابێت کە ئیرانی بەهێزو تورکیای بەهێزی تێدایە.

عیراق
لەکاتی ئێستادا ئەو عیراقەی کە نازانی سیادەی چی لێهاتوە، ئەوسیادەی کە وەهمێکە دەبێت دەوڵەت سیادەی بپارێزرێت، وەک مەبدەئێک لەنێوان دەوڵەتان خۆیاندا. بەڵام سەیر نیە باسی بابەتیک بکرێت کە بونی نیە، لیێرەوە بەگوێرەی ئەو واقعەی تێیدایە عێراقێکی سێ پارچەی دان پیانەنراویی کار بۆکراویی چەوساوە دروست بوە. بەس ئەوەندەی پێویستە عەقلێ عەرەب بگاتە ئەو ئەنجامەی لەپەرلەمانی مەرکەزیی دەنگ لەسەر ریفراندۆمی هەرێمی هەرسێ ( پارجەی شیعەو سونەو کورد) بدرێت. بەڵام ئەم هەنگاوە بەهۆی تورکیاو ئیرانەوە کارێکی ئەستەمەو کاریی بۆ ناکرێت. کەواتە ئەوەی من بەگونجاوی دەبینم بەردەوامی دانی ئەم دۆخەیە لەگەڵ بەغداو، تیکدانی شیرازەی یەکپارچەی خاکی عیراقە، تاکو ئەودۆخەی کەلێرە هەیە، دەگوێزرێتەوە بۆ هەریەکە لە ئیران و تورکیا. جا بەهەر پاساوێکی( داعش یان کودەتا )یان هەر بابەتیکی تر کەپێویست بەدروست کردنی بکات، لەئەگەری دروست بونی دەوڵەتیکدا لەباشوری کوردوستان بەهۆی ئەو جوگرافیایەی ئەم هەرێمەی تیکەوتوە. بەهۆی ئەو عەقڵە میلیشایەی لێرە هەیە ئەگەریی بونی خەونی دەوڵەتی کوردی لەبار دەبات، لەڕووی جوگرافیەوە مادام جوگرافیا خۆی هێزە، بەڵام باشوریی کوردوستان مادام ناکەوێتە سەر سنورێکی جوگرافی ئاوی خۆی هۆکارێکە بۆ شکستی ئەو خەونە، جا سەرەرای ئەوەی حکومەتێک و سەرکردەیەکت هەبێت کار بۆ بێسەرەو بەرە کردنی بدات.

سوریا
من پێم وایە هێندەی بەم دۆخە خراپەوە ئەگەری دروست بونی دەوڵەت لە رۆژ ئاوا هەیە، هێندە ئەو ئەگەرە لە کوردوستانی باشور نیە. بەڵام ئەمە لەڕووی کاتەوە کاتی ماوە. بۆنمونە لەڕووی سەرکردەوە کوڕی سەرکردەکان لەگەڵ سەڕەڤانان شەهید دەبن و، سەرکردەکان بەئاسای سادەی شۆرشی خۆیان دەکەن. لەڕووی هێزی بەرگریەوە ئەم هێزانە مۆرکی میلشیاییان پێوە نیە، کار بۆ لەیەکدانی کانتۆنەکان و هەوڵدان بۆگەیشتن بۆ سەر دەریا دەدرێت. لەهەمەن کاتدا ئەمریکیەکان بەو پەری توانایانەوە یارمەتی یەپەگە دەدەن لە ڕۆژ ئاوا. لەهەمان کاتدا لەڕووی میدیاییەوە داوای یەک پارچەی خاکی سوریادەکەن. پرسیار لەسەر دۆخی سوریا ئەوەیە، ئایا ئەمریکیەکان ئەو یەک پارچەیی و دویموکراسیەی بۆ عیراق دەیانەویست هەمان ئەو فلیمەیە لەسوریا دووبارە دەکەنەوە؟ هەمان ئە وفلیمەیە دووبارە دەکەنەوە کە کورد لەڕۆژئاوا داوای ڕیفراندۆم لەدیمەشق بکات؟ ئایا ساڵح مسلیم بە پاساویی خەبات دەست بەرداریی سەرۆکایەتی ئەو هەرێمە نابیت کە دروست بکریت؟ ئایا حکومەتی کوردیی تاچەند کار بۆ لەیەکدابرانی لەگەڵ رۆژئاوا دەکات، وەک ئەوەی کردویەتی؟ بۆیە ئەوجوگرافیەی کە سوریای تێدایە زۆر بەهێز ترە لەڕووی جیۆپۆلۆتیکیەوە، ئەگەری دروستبونی دەوڵەت زۆر بەهێز ترە، لەو هەرێمە. سەرەرای ئەو متمانە سیاسیەی، کە کوردەکانی ڕۆژئاوا لای ئەمریکیەکان بەدەستیان هێناوە. سەرەڕای هەبونی تاکە هەرەشەی جوگرافی کەتورکیایە. بەڵام کوردوستانی باشور هەم ئیران هەم تورکیا هەرەشەن لەسەری.

ئیران و تورکیا
ئەودۆخ و دەسەڵاتەی ئیران و تورکیای تیدایە زۆر بەهێزەو، نەگەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی یان ئەو بارودۆخەی کە عیراق و سوریای تێدایە، نە کودەتاکەی تورکیا هۆکار بووە بۆ تێکدانی سیستەمی سیاسی و، نە هۆکارەبووە بۆ ڕاپەرینی هاوڵاتیەکانی تاکو باروودۆخی ناوخۆی بە ئاستێک بگات، کە ببێت بەدەرفەت بۆ خودی کوردەکان، ئێرانیش بەهەمان شێوە سەرەرای ئەو فشارە ئابوریەی لەسەریەتی، سەرەرای ئەوەی ئەم دوو وڵاتە هەردوکیان لەسەر لێواری تەقینەوەی ناوخۆیدان، کە پێدەچێت لەیەک دوو ساڵی ئایندەو لەهەڵبژاردنی داهاتو ئەو دووڵاتە ژیانی سیاسی تێک بچێت و دەرفەتێک بۆ کوردەکانی باکورو رۆژهەڵات دروست ىیت، هەمان ئەزمونی هەرێمی کوردوستان دوبارە بکەنەوە، وەک هەرێمێکی دیفاکتۆ.

ئەنجام
پێم وایە لەڕووی کاتەوە ئەگەر فاڵی بۆبگرینەو سێ بۆ جوار ساڵی تر پێویستە بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی، ئەویش سەرەتا لە رۆژئاوا. بەڵام لەباشوری کوردوستان دەکەویتە سەر ڕازی بونی حکومەتی ناوەندواتە نەبەم 258ی ئەیلول نە بە ئەیلولێکی تر ئامانجەکە ناپێکێت. سەرەرای هەمو ئەو کێشە سیاسی و ئابوری یاساییە کەهەیە، بەڵام بۆ پارچەکانی تر کارێکی پێشبینی نەکراوە. پێویستە هەر یەک لەئیران و تورکیا توشی شلەژانی ناوخۆی یان پلانێکی دەرەکی ببنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت