لەتیف فاتیح فەرەج: تورکیا چۆن باشورى کوردستانى داگیر کرد.
توکیا بە کردەوە لە دواى ساڵى 1996ەوە دەستى بەسەر بە شێکى زۆرى هەرێمى کوردستاندا گرتوەو بە هاوکارى پارتى تا قوڵایى دەیان کیلۆمەتردەتوانێ بە ئارەزوى خۆى بێتە ناوەوە، تەنانەت کار گەیشتە ئەوەى لە کورتەک خانەوادەیەک بە تەواوەتى لە ناو بدات بۆ بۆردومانى فڕۆکە، ئەوە جگە لە بۆردومانەکانى دۆڵى بالیسانى ساڵى 1997 کاتێ لە شەڕى ناوخۆدا هاوکارى پارتى دیموکراتى کوردستانى دەکرد بۆ لێدانى یەکێتى، تورکیا لەو کاتەوە ئیدى لەوە بێئومێد بوو کە یەکێتى هەمان رۆڵى پارتى بۆ دژایەتى کوردستانى باکورو پەکەکە بۆ بگێڕێ، بۆیە بۆ ئەوە پارتى بەس بوو ، لەو ساڵانەش بە دواوە ئیدى دەستى کرد بە جێ پێ قایم کردنى خۆى لە هەرێمى کوردستان و بەتایبەت زۆنى زەرد ، لە ساڵى 2000 تورکیا یەکەم کۆمپانیاى خۆى ناردە هەرێم، دواى 17 ساڵ ئێستا لە کۆى 3200 کۆمپانیاى بیانى لە هەرێم 44%ى کۆمپانیاى تورکین، واتە نزیکەى نیوەى کۆمپانیاکانى هەرێم تورکین، لە دواى 2003ەوە تورکەکان هەر بە هەرێمى کوردستان دانەساکان هاتنە کەرکوک و موسلیشەوە لە رێى هەرێمەوە، لە هەڵبژاردنى 2005ى کەرکوکدا ناسنامەى چەند میتێکى تورکى دەستى بەسەردا گیرا کە من ئەو کات کۆپى یەک دوانێکیم دەستکەوت، دواتریش پەیتا پەیتا تورکیا بنکەى سەربازى لە هەرێم بەشە زەردەکەى کردەوەو ، دەرگاى بە ڕوى ماڵباتى بارزانیشا خستە سەر پشت نەک هەر بۆ تورکیا تەنانەت بۆ نێو ماڵى ساین ئەردۆغانیش، لام وایە یەکەم جارە کەسێکى ناسراوى کورد بەو جۆرە سەردانى نێو ماڵ و خێزانى سەرۆکێکى تورک بکات، تێکەڵیەکە گەیشتە رادەى ئەوەى بارزانى و ئەردۆغان بەبەر چاوى دنیاوە دەست بخەنە ناو دەستى یەکتر لە ئامەدو هاوسەرگیرى بە کۆمەڵ بە رێبخەن، نەک هەر ئەوە واشبکەن کە شیڤان پەروەرو تاتڵیساز پێکەوە گۆرانى بڵێن.
تورکەکان، بە تایبەت ئاکەپە و ئەردۆغان ئێستا بە شێوەیەکى بەرفراوان حوکمى هەرێمى کوردستان دەکەن، کاتێ کە ئەحمەد داود ئۆغڵو بە پاسەوانەکانى نێچیروانەوە هاتە ناو کەرکوک و پرسى بەغداى نەکرد، گوتى: هاتوم بۆ لاى خزمەکانم پرسى ناوێ، دواتریش لە چەندین رێگەوە تورکیا هەوڵى کۆنترۆڵى تەواوى سیاسەت و ئابورى کوردستانى دا، تورکیا لە گەرمەى ئەوەدا کە” گوین تى ڤى ” لە سەر بەرنامەى زارۆکان بە کوردى و ناوهێنانى کوردستان لە لایەن بایدەمیرەوە لەو کەناڵە سزا دەدا و رۆژنامەنووسانى ئازادیا وڵاتى تیرۆرو دەستبەسەر دەکرد، بۆ جانقایە داوەتى رۆژنامەنوسانى باشورى کوردستانى دەکردو کەناڵى کوردى تەرەتە شەشى دەکردەوە، نەک هەر ئەوە پارەیەکى کاشى هەڵبەت لە نەوتى خۆمان دەخستە خزمەتى میدیاکارانى باشورەوە بۆ ئەوەى شەڕى پەکەکەو نەیارانى تورکیاى پێبکەن، ئێستاش ئەو شەڕە بەردەوامە.
ئێستا تورکیا رێکەوتنى 50 ساڵەى نەوتى و 25ساڵەى گازى لە گەڵ پارتى و بە هاوکارى بازرگانەکانى یەکێتیەوە هەیەو بە نیازە لە 2018 بردنى گاز لە کوردستانەوە بۆ تورکیا بگەیەنێتە 10 ملیار مەتر سێ جاو لە 2022 بیگەیەنێتە 20 ملیار مەتر سێ جا، هەڵبەت بەردەوامیشە لە سەر کڕینى خەڵک، تەنانەت لە رێى هەندێ بازرگانەوە کارى لە سەرکڕینى دەیان سەرکردەو سیاسى کردووە، کە ئێستا کاتى ناوهێنانیان نیە، ئەوانە بەشێکیان یەکێتین و ئێستا هەندێکیان بیانوو دەدۆزنەوە بۆ دورکەوتنەوە لە یەکێتى .لە ڕوى سەربازیەوە تورکیا 19 بنکەى سەربازى بچوک و گەورەى لە هەرێمى کوردستان هەیە ، لە زۆربەى شوێنەکان میت و موخابەراتى هەیە، فڕۆکەکانى دەتوانن لە پێنجوێنیش بۆردومان بکەن بە بیانوى پەکەکەوە، لە ڕوى بازرگانیەوە ئێستا ئاڵ و گۆڕى بازرگانى نێوان هەرێم و تورکیا نزیکەى 37%ى کۆى ئاڵو گۆڕى هەرێم پێکدێنێ، لە ڕوى سیاسیەوە تورکیا خۆى بە خاوەنى هەرێمى کوردستان و تەنانەت کەرکوکیش دەزانێ و ئێستا بە ئاشکرا نەوتى هاڤاناو باى حەسەن دەبات و بیر لە بۆڕى نوێش دەکرێتەوە، لە ڕوى میدیاییەوە تورکیا تا رادەیەکى زۆر دەستى بەسەر بەشێکى میدیاى کوردستاندا گرتوەو تەنانەت میدیاکارهەیە حەز دەکات لە برى پارێزگار والى بە کار بێنێ، کە تورکەکان بە کارى دێنن.
لە گەڵ هەموو ئەوانەدا تورکیا رێگرى لە ریفراندۆم و سەربەخۆیى کوردستان دەکات تا ئەوکاتەى دەتوانێ گۆڕان و یەکێتى و لایەنەکانى دیکەش بە تەواوەتى دەخاتە خزمەتى خۆیەوە، بۆ ئەمەش بەردەوام لە رێى پارتى و خەڵکانى ترەوە دەیەوێ وا پێناسەى ئەوانى تر بکات مادام لە گەڵ پارتى نین، سەر بەسەغەوى و کۆمارى سێدارە و شیعەگەران، بۆ ئەمەش هەموو شتێ دەکات و سەدان دەمشڕو جنێو فرۆشیان خستوەتە بازاڕەوە کە لە باوک و براى خۆشیان سڵ ناکەنەوە.
- بابەتەکانی تری لەتیف فاتیح فەرەج
لهتیف فاتیح فهرهج: له چ دهستێكی نا ئهمینداین.
-لەتیف فاتیح فەرەج: دەربارەی ئاکاری کوردی.
-لهتیف فاتیح فهرهج: قوربانیه بادینیهكان و موستهشارهكان.
- All Posts