بورهان شێخ ڕەئوف: ململانێى ئەوروپا و ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتى ناوین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرچەندە ئەوروپیەکان لە دواى جەنگى یەکەمى جیهان و بگرە پێشتریش و لە دەمى جەنگەکەیشدا(1914- 1918 ) کاراکتەرى کاراى سەر گۆڕەپانى سیاسى و ڕوداوەکانى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین بوون و ڕێکەوتننامەکانى ئەو دەمى دابەشککردنى ناوچەکە و هەر لە سایکس _ بیکۆ و سیڤەر و سان ریمۆ و بەڵێنى بلفۆر گەواهى ئەو ڕاستیەن.
بەڵام لە دواى جەنگى جیهانى دووەمەوە و سەرهەڵدانى جەنگى ساردى نێوان دوو جەمسەرى جیهان بلۆکى سۆسیالستى بە سەرۆکایەتى یەکێتى سۆڤیەتى جاران و بلۆکى سەرمایەدارى بە سەرۆکایەتى وڵاتەیەکگرتووەکانى ئەمریکا، ئەمریکا جێگە و پێگەى پێ لێژ کردن و خۆى سەرکردایەتى جیهانى گرتە دەست کە ئەمە باسێکى درێژە و لەوەیە لێرەدا نەکرێت بە درێژایى باسى بکەم.
ئەوەى مەبەستى منە لەم وتارە کورتەدا باسى بکەم و بیوروژێنم ئەوەیە ئایا ململانێکانى ئەمریکاو ئەوروپا لە ڕۆژهەڵاتى ناویندا جارێکى تر سەرهەڵدەدەنەوەو کێ براوەى ئەم ململانێ دەبێت؟
هەرچەندە وڵاتانى ئەوروپا لە دواى دامەزراندنى یەکێتیەکان یەکێتى ئەوروپا لە هەوڵى ئەوەدان ببن بە خاوەنى بڕیارو دیدى سەربەخۆى خۆیان لە هەمبەر کێشەو قەیران و ڕوداو ململانێکانى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین بەڵام تاوەکو ئێستاش ئەوەى ڕوونەو گەلێک لە چاودێرانى سیاسیش لەو بڕوایەدان کەنەیان توانیووە ببن بە خاوەن بڕیارودیدى سەربەخۆى خۆیان لە ئاست دۆسیەکانى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین بەڵکو ئەوەى دەبینرێت و دەخوێنرێتەوە لە سیاسەتەکانیان پاشکۆیەتى و خۆبەستنەوەیە بە سیاسەتەکانى ئەمریکاوە.
کە ئەمەش زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وڵاتانى ئەندامى یەکێتى ئەوروپا دیدو بۆچوونى جیاوازیان هەیە بۆ ڕوداو ململانێکانى وڵاتانى عەرەبى و ئیسلامى و ناوچەکە بەگشتى و لە هەمانکاتیشدا ئەمە وڵاتانى یەکێتى ئەوروپاى سارد نەکردۆتەوە بۆ هەوڵدان و خۆسازدان بۆ خۆشکردنى زەمینە بۆ وەرگرتنى بڕیارى سەربەخۆ لە ئایندەدا لە سەر ئەو دۆسیەو کێشانەى کە لە سەرەوە ئاماژەم پێدان.
بۆیە هەر لەو چوارچێوەدا بەباشى دەزانم سەرهەڵدانى چەند ئاماژەو هەوڵ و سەرتایەکى ئەوروپیەکان بخەمە ڕوو کە دیدو بۆچوونەکانیان بەرەو سەربەخۆبوون و پێچەوانەى سیاسەتى ئەمریکا دەردەکەون بەرامبەر ڕوداوەکانى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین بە تایبەتى دواى دەستبەکاربوونى سەرۆکى نوێ ى ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ کە دیارترینیان دۆسیەى ئەتۆمى ئێران و قەیرانەکانى سوریا و لیبیاو کێشەى نێوان قەتەر و وڵاتانى کەنداو.
بەڵێ ئەگەر بەراوردى سیاسەتى ئەمریکا و ئەوروپیەکان بکەین لە هەمبەر ئێران و دۆسیەئەتۆمیەکەى و ڕێککەوتنى (5+1) ئەو دەبینین تەواو پێچەوانەى یەکن چونکە ئەوروپیەکان پابەندى ڕێککەوتنەکەن و چى ئەمریکاشە خوازیارى هەڵوەشانەوەى ڕێککەوتنەکەیە و پێکهێنانى هاوپەیمانى وڵاتانى سوونەیە لە گەڵ ئیسرائیلیش دژ بە ئێران و پێشگرتن بە فراوان بوونى هەژموونى ئێران لە ناوچەکە.
لە کێشەى تازە سەرهەڵداوى نێوان دەوڵەتى قەتەرو وڵاتانى کەنداو و میسر ترەمپ پشتگیرى لە عەرەبستانى سعوودیەو ئیمارات و بەحرین و میسر دەکات بۆ چەسپاندنى سزاى زیاتر بەسەر قەتەر و وەزارتەکانیشى ( پنتاگۆن و دەرەوە ) پشتگیرى هەوڵى دیبلۆماسى دەکەن بۆ کپ کردنەوەو دامرکانەوەى کێشەو قەیرانەکان، ئەوە سیاسەتى ئەوروپیەکان هەرلە فەرەنساو ئەڵمانیا و کۆمیسیۆنى ئەوروپاش لە هەوڵى ناوەندگیرى و ئامادەیى خۆیان پیشانداوە بۆ وڵاتانى کەنداو قەتەریش کە هەوڵى خۆیان بخەنەگەڕ بۆ چارەسەرى قەیرانەکەبە ڕێگاى دبلۆماسى.
ئەم هەوڵ و کۆششەى ئەوروپیەکان بۆ دامراننەوەى ئەم کێشانە لە خۆڕا نەهاتووە سەرخستنى زمانى دیالۆگ و دانوسان بۆ ئەو قەیرانە خزمەت بە مسۆگەر کردنى گەیشتنى نەوت و غازە بۆ ئەوروپاو بەرژەوەندییەکى ئابورى پڕسوودە چونکە ناوچەى کەنداو سەرچاوەیەکى گرنگى وزەیە بۆ ئەوروپا و هەر سەرهەڵدانى کێشەو ململانێێ یەک لەو ناوچەیە بێگومان هەڕەشەیە بۆ سەر بازاڕەکانى وزە لە ئەوروپا.
لەسەر کێشەکانى سوریاش فەرەنساو ئەڵمانیاش تەنانەت کۆمیسیۆنى ئەوروپاش حەزیان بە چارەسەرى دیبلۆماسى یەو ناکۆک نیە لە گەڵ هەڵوێستى ڕوسیا و هاوپەیمانەکانى بە ئێرانیشەوە لە کاتێکدا هەڵوێستى ئەمریکا ڕوون و ئاشکرا نیە ڕۆژێک لەگەڵ مانەوەى ئەسەد و ڕۆژێکى لەگەڵ لابردنى هەرچەندە وادیارە لە ئایندەدا بەرژەوەندییەکانیان ئەوە یەکلایى دەکاتەوە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت