Stare

ستارە عارف: مەترسیەکانی ڕیفراندۆم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بارزانی گرفتی تێگەیشتنی هەیە و وەک سەردەمی قیادە مۆقەتە ڕەفتار دەکات، ڕای گشتی ناوخۆ و نێودەوڵەتی هاوار دەکەن، کە ڕیفراندۆم لەم ڕەوشە پڕ لەقەیرانەی کوردستاندا سەرکەوتو نابێت، چونکە کۆ دەنگی نیە و ماڵی کورد شپرزە و لێکترازاوە، ڕیفراندۆمیش بە کەسانی پۆخڵ ناکرێت، سێ بەشی کوردستان بارزانی بە سەرۆکی خۆیان نازانن و 26ساڵە ئەم میللەتە باجی ستەمکاری ئەوان دەدەن، بارزانی نە کاریزماییە و نە تێکۆشانێکی تژی لەڕاستگۆیی و دەستپاکی و نیشتمانپەروەری تۆمارکردوە، تا خەڵکی کوردستان بە پیریەوە بچن، توانای ڕێکخستنەوەی ناو ماڵی کوردی و دروستکردنی ڕای گشتی نیە، هەر هەنگاوێک بهاوێژێت زۆرینەی باشوری کوردستان ڕەتیدەکەنەوە، کەچی موزایەدە بەپرسی سەربەخۆیەوە دەکەن و وا هەست دەکەن، ئەم دەنگانە هەموو جاشن و ئەوان قارەمان و تێکۆشەری گۆڕەپانەکەن، لەکاتێکدا هەر ئەم دەنگانە بون لەساڵی 2005دا، کە بارزانی سەرقاڵی دروستکردنەوەی عێراقی عەرەبی بو، ئەوان بە پراکتیکی خەباتیان بۆ جیابونەوە و سەربەخۆی کورد دەکرد، بۆیە بارزانی و حزبەکەی دوا کەسن و لەدوای هەموانەوە دەبێت باسی سەربەخۆی کوردستان بکەن.
خۆیان وتویان و ئێمەیش دەمێکە دەزانین، کە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردی نیە، کەواتە:
یەکەم: بۆ درێژەدانە بەم حوکمە دیوەخانیەی بارزانی، کە پەرلەمان و دام و دەزگا چاودێریی و یاساییەکانی لەکارخستوە و تەواوی جومگە گرنگەکانی بەخۆیەوە بەستۆتەوە، لەبەرئەوەی دەنگ بە درێژکردنەوەی پۆستەکەی لەپەرلەمان نەدرایەوە، بەم گاڵتەجاڕییە هەوڵی تۆڵەکردنەوە لەخەڵک دەدات و میرنشینێکی نەوتی دروست دەکات.
دوهەم: لەبەرئەوەی ئەم بنەماڵەیە هەمیشە لەبەرەی دژە کورد و خەباتدا بون، لەڕێگەی ڕیفراندۆمەوە مەترسی بۆ سەر دۆزی کورد زیاد دەکەن و دەیانەوێت ئەو هەلە لەبار بەرن، کە بۆ دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان ڕەخساوە و ڕای نێودەوڵەتی و ناوخۆیی پشتگیری دەکەن، بەو مەرجەی لەڕێگەی پەرلەمانەوە و بەشێوەی یاسایی ئامادەکاری بۆ بکرێت و ڕای کوردستان بە گشتی لەدەوری کۆببنەوە و ژیان و گوزەرانی خەڵک باشبکرێت و گەمارۆی ئابوری هەڵبگیرێت و لەبارێکی ئاساییدا پشتیوانی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ کۆبکرێتەوە، پەرلەمانی کوردستانیش لەبڕیاری ژمارە(١)ی ساڵی٢٠٠٥رایگەیاندوە، کە (پەرلەمانی کوردستان تاکە مەرجەعی سیاسی ‌و دەستورییە بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە چارەنوسسازەکانی گەلی کوردستان)، نەک دیوەخانەکەی بارزانی.
سێهەم: تورکیا پشتیوانی ڕیفراندۆمەکەی بارزانیە، هەرچەندە لێرە و لەوێ بۆ تاکتیک ناڕەزایی دژ نیشاندەدات، بەڵگەیش بۆ ئەوەی نیەتیان لەم ڕیفراندۆمە پاک نیە، هەر ئەمڕۆ ئەردۆغان هەرێمی کوردستانی بە باکوری عێراق ناوبرد!، جا دەوڵەت یان ڕیفراندۆمێک ئەردۆغان و تورک پشتگیریبکەن، دەبێت چی جەللادخانەیەک بێت دژی کورد؟، بەڵام ئەگەری زۆرە تورکیا پشتیوانی بارزانی ئەو کاتە بکات، کە ڕیفراندۆمەکەیان ڕەتدەکرێتەوە و پیلانیان دانابێت، بۆ ئەوەی ئاشبەتاڵێکیتر لەکوردستان دوبارەبکەنەوە، کە ناتوانن بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان و لایەنەکانیتری دژە ئەم گاڵتەجاڕیە، دەبێت ئاگاداری دەرەنجامی ئەم کارە بن و گفتوگۆی ورد وعەقڵانی بۆ سنوردارکردنی ئەم پیلانە لەگەڵ ڕای گشتی ناوخۆیی و دەرەکی پێشبخەن.
چوارەم: ڕۆژ بە ڕۆژ ڕەوشی ئابوری و خزمەتگوزاری و کۆمەڵایەتی و ئاسایش لەم هەرێمە خراپتر دەبێت و کوشتن و تاوان بونەتە ڕۆژانە و سنورەکان کراوەن و گروپی مافیا و ساختەکردنی پارە و سوتەمەنی و خۆراک و هتد..زیاد دەکەن و هیچ لێپرسینەوە و چاودێریەک بەدیناکرێت، لەناو ئەم گێژاو و گۆمە لێڵەدا بارزانی دەیەوێت بە فێڵی ڕیفراندۆم درێژە بە کورسیەکەی بدات و ژێر بە ژێر خەریکی دزی و ڕێککەوتنە نەوتییە نهێنیەکانیان بن و ڕەوشەکە وەک خۆی بمێنێتەوە.
پێنجەم: وەک کاری هەمیشەیان دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە لێکترازانی زیاتر بخەنە ناو خەڵکی باشورەوە و ڕکابەرێتی زیادبکەن، بارزانی نە سەرکردەیە و نە توانای دامەزراندنی دەوڵەت و سەربەخۆیی هەیە، دروستکردنی ئەم هەڵایە بۆ ئەوەیە شتێک بخەنە سەر ئەو مێژوەیان، کە سورە بە خوێن و ڕۆژێک لەڕۆژان بڵێن ئەوە بارزانی هەوڵیدا شتێک بکات و لایەنەکانیتر نەهاتنە پێشەوە، ئەوەتا کەوتونەتە هەڕەشە و چاوسورکردنەوە لەوانەی دژی ئەم گاڵتەجاڕیەن و تەخوینیان دەکەن، ئەگەر ڕاستگۆن و دڵسۆزی گەل و وڵاتەکەن، چۆن بوێری ئاوا کارێک دەکەن؟.
شەشەم: لەئاستی نێودەوڵەتیدا پشتگیری لەڕیفراندۆم ناکرێت، چونکە ڕای نێودەوڵەتی ئاگادارن بارزانی نایاسایانە دەستی بە کورسیەکەیەوە گرتوە و بە مەبەستی سیاسی قەیرانی ئابوری بۆ خەڵک دروستکردوە و سیاسەتی برسیکردن پەیڕەو دەکات، ئەزمونێکی قێزەونیان ڕاهێزاوە و ئەم هەرێمە بۆتە ئۆقیانوسێکی پڕ لەقەیران و تاوان، کە لەئاستی ناوخۆ و دەرەوەیشدا ئەم ئەزمونە بێزراوەی حزبەکەی بارزانی و تاڵەبانی ڕەتکراوەیە و پشتگیریناکرێت.
حەوتەم: سیستەمی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان پێویستی بە گۆڕینی ڕیشەییە، گۆڕانکاری ڕیشەیی بە کودەتایەکی مەدەنی، ڕاپەڕین یان هەر جۆرە خەباتێکیتری مەدەنی یان چەکداری دەکرێت، کە سیستەمی سیاسی وەربچەرخێنێت و خەڵک لەو دۆزەخەی بە دەستی جوت حزبەکە ئافرێنراوە ڕزگار بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانین هەلی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ لەکاتی خۆیدا، بە شێوە ئاسایی و یاساییەکەی بەگەڕ بخەین، چونکە لەئەگەری سەرنەکەوتنی ئەم گاڵتەجاڕیەدا بارزانی هیچ دور نیە، پەنا بۆ داعش و تورکیا بە ئامانجی تێکدان ببات، پێویستە دەستەبژێر و ڕێکخراو و لایەنەکان بە جدی بێنە پێشەوە و هەوڵی ڕاگرتنی ئەم گاڵتەجاڕیە بدەین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت