ئاکۆ برایم: ریفراندۆم چى یە؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێمەى نەخوێنەوارو نەزان، پەى بەزۆر شت و باس و خواسى سیاسى نابەین و تەقەى سەرمان دێت، بەڵام شوکر و هەزار حەمدو و سەنا بۆخۆا، کەوەک تۆڵەکەو دڕک و داڵ سیاسى و موحەلیلمان زۆرە، کە ئەگەر لەبرى سیاسەتمەدارانە قەل و قازمان هەبوایە، ئێستا ساحێبى گەورەترین کێڵگەى دەواجن بووین، مەجبور نەئەبوین مریشک و هێلکە لەملاو لا هاوردە بکەین.
نەخوێنەوارە سیاسى یە، فوول عەشایەرە سیاسى یە، کەللە پووتە سیاسى یە، خڵەفاو و هێر و گەمژەیە سیاسى یە. بەکورتى و بەکوردى چۆن گشتمان ئەزانین شوفێرى بکەین، ئەوهاش ئەتوانین وەزع و باس و خواسى سیاسى و گۆڕانکارى ئیقلیمى و جیهانی یەکان بتەحلیلێینن.
زۆر وتن قورئان خۆشە، بێ عەیەبى نەبێت لەحزورتانا منیش وەعدم یاوە بەختى خۆم تاقی بکەمەوە، لەسەر ئەم حاڵ و زروفەى تێی کەوتوین رەئى خۆم و بۆچونەکانم لەسەر ریفراندۆم بخەمە روو، بفەرموون ئەگەر بەدڵتان نەبوو، هەقى گلەیتانە و قسەى خۆتان بکەن.
1- ریفراندۆم باشترین تلیاک و مۆرڤین و ئاریتن و ڤالێۆمە، ئەتوانین زۆربەى کات میللەتى خەواڵوى پێ بێهۆش و مودمین بکەین، مەعاش و ئاو و کارەبا و خزمەگوزاریى لەبیر بەرینەوە.
2- ریفراندۆم عەجیبترین پاک کەرەوەیە، چەشنى فاست و سابوون و دیتۆڵ و تایت، ئەتوانین هەرچى چڵک و عارەق و پیسى و شەرمەزارییە لە خۆمانى پاک بکەینەوە.
3- ئەو ریفراندۆمە حەیاتە گەورەترین دەهۆڵە، هەتا لێى دووربیت دەنگى خۆشە، ئەشتوانیت گەورە و بچووکى پێ بێنیتە هەڵپەرکێ.
4- ئەو ریفراندۆمە ئازیزە باشترین زەخیرەیە بۆ موستەقبەلى هەنێ سیاسەتمەدار، تا بیکات بەتڕو منەت بەسەر میللەتى کڵۆڵەوە بڵێت لەعانى فەرمانڕەوایى مندا هەول و هیمەتى سەربەخۆیم یاوە، لاکین باو باپیرانتان منەتیان پێ نەبووە.
5- ریفراندۆم خۆشترین و شیرینترین خەوە هەموو کەسێک حەز ئەکات بیبینێت و خەبەرى نەبێتەوە.
6- ئەو ریفراندۆمە ئەتوانێت ببێتە کۆمپانیاو مارکێت بەهۆیەوە کۆمەڵێک سیاسى و بەرپرس بکاتە توجار و بزنس مان.
7- ریفراندۆم ئاوێکى لیخن و چڵکاوە، کەس نازانێت بنەکەى چى یە، کەچى لەخۆمانەوە حەز ئەکەین بچینە ناوى مەلەى تیا بکەین وژێرى ببینین.
8- ریفراندۆم لاستیکێکى خەت کوژانەوەیە، ئەتوانین سەرلەبەرى غەڵەت و شتە ناشیرین و خەتە خوارو خێچەکانى پێشووى پێ رەش بکەینەوە.
9- ریفراندۆم تازەکردنەوەى گرێبەست (عقد)ە لەنێوان سەرۆک و کورسییە تاقانەکەیا.
10- ریفراندۆم کەشتى و پاپۆڕێکى حکومەتە، ئەیەوێت لەزەریاى پڕ لە قەیران و برسێتى رزگارمان بکات و بمانبات بۆ ناو جیهانى سواڵ و سک هەڵگوشین و ئیفلاسى.
11- ریفراندۆم لەیلایە و خەڵکیش مەجنونە تا ئەبەد بەیەک ناگەن
12- ریفراندۆم سەیارەیەکى شەق و شڕى چوار تایە پەنچەرە، کەچى سایەقەکەى عینادو کەللە رەقەـ ئەیەوێت بەپاڵ و شەڕەشەق بیگەیەنێتە مەنزڵ.
13- ریفراندۆم مناڵێکى تازە پێگرتووە، چووە بەچاڵى نەعلەتا و ئەیەوێت بە سەر لوتکەى قەندیلدا هەڵگەڕێت.
14- ریفراندۆم یارییەکى فتبۆڵێنە لەنێوان هەڵبژاردەى کوردستان و هەڵبژاردەى ئەڵمانیا، سور ئەزانین کە شکست ئەهێنین کەچى زۆر چاو قایمانە ئەچینە ساحەوە.
15- ریفراندۆم قوربانى کردنى ئیسماعیلەکانى میللەتە بۆ حەزرەتى ئالى ئەلکورسى.
16- ریفراندۆم گەورەترین (حاویە) زبڵدانە ئەمانەوێت هەرچى پسى و پۆخڵەواتى رابردووە لەناو ئەودا بیشارینەوە.
17- ریفراندۆم تاکتیکێکى موعاێیرە بۆ شەرعەیت دان بە پیرۆز هێشتنەوەى خێڵ و بنەماڵە و قەوم و عەشرەت.
18- ریفراندۆم دەرپێ کورتى خانمێکى نازدارە، حەساسترین شوێنى پێ ئەشارێتەوە.
19- ریفراندۆم راپرسى یە بۆ ئازادى و سەربەخۆیى، تا لەرێگەیەوە زمانى رۆژنامە نووسان و نەیاران لەبنا ببڕێت و تێڵاتڕێنیان بکات.
20- ریفراندۆم حەبى دیکسۆنە، حکومەت پەناى بۆ ئەبات تا لە لەڕو لاوازى و زەعیفى پێ پەردەپۆش بکات.
21- ریفراندۆم بلیتى یانسیبێکى ماوە بەسەر چووە، چاک ئەزانین قیمەتى نى یە کەچى هەر ئەیکڕین
22- ریفراندۆم میکیاجکردنى سەرو فەساڵى ناشیرینى ئەو بەرپرسانەیە کە نیو سەدەیە زوخاوە سکیان کردوین.
23- ریفراندۆم ساختەکردنى ناسنامە و مێژووى ناپاکیە، بۆ وڵاتپارێزى.
ریفراندۆم زۆر فەقیرە. فریودانى گەنج و پیرە.. دەستیشم بەهەویرە هەر ئەوەندەم لەبیرە

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت