نەوزادى موهەندیس: ڕیفراندۆم هۆکارێک بۆ یەکبون، دوو هۆکار بۆ پەرت بوون!
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
بەداخەوە ڕیفراندۆم لە هەنگاوێکى یاساییەوە کراوەتە سیاسى تەواو و لە ئامانجێکى پیرۆزى نیشتیمانى و نەتەوەییەوە کراوەتە ئامانجێکى حیزبى و سەرکردەیى و بنەماڵەیى و لە ئەرکێکى ئەم قۆناغە هەستیارەوە کراوەتە دروشمێکى بێ ناوەڕۆک وموزایەداتى سیاسى پێوە دەکرێت و لەجیاتى ئەوەى ببێتە هۆکارێک بۆ خزمەتکردنى زیاترى دۆز و دۆخى مەسەلەى کورد لە باشوور و هەر 3 بەشەکەى ترى کوردستاندا کەچى بۆتە کاڵایەکى هەرزان و تاڵانفرۆش بۆ دەسکەوتى حیزبى و وەدەستهێنانى دەنگى زیاتر لە هەڵبژاردنەکانى داهاتووى پەڕلەمانى کوردستاندا ( ئەگەر لەکاتى خۆیدا بکرێت).
بۆیە بەڕاستى ڕیفراندۆم کە لە بنچینەدا پێویستى بەیەک ڕیزى نیشتیمانى و نەتەوەیى هەیە و پێویست دەکات کە کۆدەنگیەکى سیاسى و میلى لەچواردەور کۆبکرێتەوە و هەوڵبدرێت هەموو ناکۆکیە سیاسیەکان وەلابنرێن و هەموان پێکەوە دەست لەناو دەست کاربکەن بۆ سەرخستنى ئەو پڕۆسە گرنگە و هانى ئەندامان ولایەنگر و تەواوى جەماوەرى پانوپۆڕى گەلەکەمان بدرێت بۆ پشتیوانى کردنى، هەروا هەوڵبدرێت ڕیفراندۆم بکرێتە دەروزاى ئاشتبونەوە و ئاشتەوایى لەنێوان هەموو حیزب و سەرکردە و جەماوەریشدا و ببێتە مایەى سازانى نیشتیمانى و دانیشتن لەسەر مێزى گفتوگۆکردن و یەکخستنى گوتار و کردارى هەموان لەچوارچێوەى پلانێکى وورد و واقعیدا کە بگونجێت لەگەڵ هەموو گۆڕانکارى و ئاڵنگاریەکانى ناوچەکە و دونیا و دەوروبەریشدا و بۆئەوەى ڕیفراندۆم ببێتە مایەى دەسکەوتى زیاتر و بەهێزبوونى بەرەى ناوخۆیى لە کوردستان و ڕەوینەوەى مەترسیەکانى ئایندە و ڕێگەخۆشکردن بۆ قبوڵکردنى دەرودراوسێى و دونیاى دەرەوەش بۆ ئەو مەبەست و ئامانجە ڕەوایەیى میلەتێکى 40 ملیۆن کەسى لەم ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستەدا سەدان ساڵە خەبات و قوربانى بۆ دەدەن، و بۆ ئەوەى ڕیفراندۆم لە جوغزێکى تەسک و بچوکى مەرامى تایبەتى و حیزبیدا بێتە دەرەوە و ببێتە دروشم و ناونیشانى خەباتى ئەم قۆناغەى کوردایەتى کە هەموان تیایدا بەشداربن و بەمەش ڕیفراندۆم ببێتە سەرەتایەکى بێ کۆتاى یەک و یەکگرتنەوە و یەکبونى ڕیزەکان، کەچى بەداخەوە ڕیفراندۆم نەک نەبۆتە هۆکارى پێکەوەکارکردن و لێکنزیکبونەوە بەڵکو تەواو بۆتە هۆکارى پەرتبوونى زیاترى ڕیزەکان و لێکدوورکەوتنەوە و دڕدۆنگبوونى زیاترى سەرکردە و حیزب و جەماوەر لەگەڵ یەکتردا.
ڕیفراندۆم لەجیاتى ئەوەى تەنها یەک مانا و یەک مەبەستى بۆ لێکبدرێتەوە کە ئەویش بریتیە لەوەى کە تەنها ئامانج لێى ڕاگەیاندنى دەوڵەتى سەربەخۆیى کوردیە نەک وەک کارتێکى فشار و مساوەمەکردن بەکاربهێنرێت لەبەرامبەر دەرودراوسێکان و وەک دەسکەوتێکى حیزبیش لێى بخوێنرێتەوە، بەداخەوە بۆتە ئەو دێوەزمەیەى کە هەریەکە بۆ خۆى و لەبەرژەوەندى تەسکى حیزبایەتى خۆیەوە لیێ دەڕوانێت و تەفسیر و تەئویلى جیاوازى بۆ دەکات بۆئەوەى بیکاتە دەسکەوتى خۆى و حیزبەکەى و خۆى ببێتە قارەمان و پاڵەوانى پڕۆسەکە و ئیدى تاهەتاهەتایە ئەم سەرکەوتن ودەسکەوتەمان پێبفرۆشێتەوە و تا مردنیش لەسەر کورسى حوکمڕانى و دەسەڵات بمێنێتەوە.
ڕیفراندۆم بۆخۆى کارى دەستەجەمعى حیزب و سەرکردە سیاسیەکانە بەگەورە و بچوکەوە، ودواتریش ئەرکى تاک بەتاکى میلەتە و پەیوەستیشە بەچارەنوسى هەموانەوە و کاریگەریشى بەباش یان خراپ دەبێت بۆ ئایندەى هەموان، لەبەرئەوە ئەم پڕۆسەیە بەبێ هاوکارى و هەمئاهەنگى و تێگەیشتن و پێکەوەکارکردنى هەموان سەرناگرێت، بۆیە هەرچى دواکەوتن و مراوەغەکردن و تاکتیک و خۆگیڵکردن هەیە دەربارەى چێکردنى ئاشتەوایى و کاراکرکردنەوەى داموزدەزگا شەرعیەکان و لەپێش هەموانیشەوە پەڕلەمانى کوردستان و بەیاسایى کردنى پڕۆسەکە، هیچ هەنگاوێکى تاک لایەنە و خۆسەپێنانە لە ئامانجە ڕاستەقینەکە کە سەرکەوتنى پڕۆسەکەیە نزیکمان ناخاتەوە.
ئەرکى سەرەکى هەموو سەرکردە و حیزبە سیاسیەکانیشە کە هەوڵى جدى بدەن بۆ یەک و یەکخستنى گوتار و کردارى ناوخۆى هەرێمى کوردستان و توندوتۆڵکردن و پتەوکردنى ڕیزەکانى میلەتەکەمانە ئەوەش بە نەرمى نواندن و سازشکردنە بۆ یەکترى و نواندنى خەمخۆرى لە ڕادەبەدەرە بۆ ئایندەى میلەتەکەمان، پێش هەرهەنگاوێک بە ئاڕاستەى دەرودراوسێکان و دەرەوەى ناوچەکە گرنگە بەرەى ناوخۆیى خۆمان و نێوماڵى خۆمان توندوتۆڵبکەین و یەک دەنگ و یەک ڕەنگ بکەین، چونکە مەرجى سەرەکى سەرکەوتنى ئەم هەنگاوە وەستاوەتە سەر هیمەت و خۆڕاگرى و ڕاستگۆیى خۆمان، ئەوسا دەکرێت هۆکارى دەرەکیش یارمەتیدەر بێت لەدواى ئەنجامدانى ڕیفراندۆمەکەوە ببنە پشتیوان و دانبنێن بە ڕەوایەتى و ڕاستودروستى پڕۆسەکەدا و ئیدى دەروازەیەکى گەورەترى ناوچەیى و نێودەوڵەتیمان بەسەردا بکرێتەوە.
لەکۆتایدا ڕیفراندۆم پڕۆسە و هەنگاوێکى یاساییە و ئامانجیش لێى پێکەوەنان و ڕاگەیاندنى دەوڵەتێکى سەربەخۆیە کە ببێتە ئەندامێکى کارا لە نێو کۆڕو کۆمەڵە نێودەوڵەتیەکاندا و ببێتە ئەندامێکى یاسایى و لەچوارچێوەى یاسا نێودەوڵەتیەکاندا هەڵسوکەوت بکات، هەربۆیەش پێویستە بە هەنگاوە یاساییەکان و دامودەزگا یاسیاییەکانى وڵاتدا تێپەڕببێت، ئیدى پێویست ناکات یاساکان و دامودەزگا شەرعیەکان بۆ مەبەست و بەرژەوەندى بچوکى حیزبایەتى بەکاربهێنرێت، چونکە هیچ دەسکەوتێکى حیزبایەتى لە دەسکەوتە نیشتیمانى و نەتەوایەتیەکان گەورەتر و پیرۆزترنین، بۆیە کارێکى عەقڵانى نابێت کە قوربانى بە ئامانج و مەبەستێکى پیرۆز و ئایندەى میلەتەکەمان بدەین لە پێناو دەسکەوت و بەرژەوەندى تەسک و بچوکى حیزب و سەرکردە و بەنەماڵەکاندا. دەبێت ڕیفراندۆم ببێتە هۆکارێکى ڕاستەقینە و هەوێنى یەکبون و یەکگرتوویى زیاترى ڕیزەکانمان نەک پەرتبوون و لێکترازانى. چونکە بەبێ بوونى کۆدەنگیەک و گشتگیریەکى سەرتاسەرى پڕۆسەى گشتپرسى لەسەر ئایندەى میلەتەکان مەحاڵە سەربگرێت و ئامانجە ڕاستەقینەکەشى بپێکێت چونکە ئەم گشتپرسیە پێویستى بەدەنگى تاک بەتاکى میلەتەکەمان هەیە و بەتەنها کارى نوخبەى سیاسى و سەرکردە و حیزبەکان نیە.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی