ئاکۆ برایم: گیان بازى پیشەى مەردانە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕزگارکردنى (سەیدئەحمەد سورچى) بۆخۆى مانایەکى گەورەی هەیە، و گەڕانەوەى ژیانە بۆ مردوویەک، بەخشینەوەى ئومێدە بە خێزانێکى هەژار و کەم درامەت، ئاشتکردنەوەى بزە و خەندەیە بۆسەر لێوان. مژدەو بەرچاو روونى یە بۆ کەسوکارى هەموو ئەوانەى کە کوڕو رۆڵەکانیان لاى داعش دیل و دەست بەرسەرن، ئەوانیش چاویان لەوەیە کە رۆژێک لەرۆژان لە هەڵمەت و دەرفەتێکدا رۆڵەکانیان رزگاربکرێت و بەدیدارى کەس و کاریان شادببنەوە، بێجگە لەوەش رزگارکردنى ئەو پێشمەرگەیە ورەو باوەڕێکى مەزن و گەورە دەبەخشێت بە پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکان، کەلێیان دڵنیابین و ئومێدى سەرکەوتن و کاریى گەورە و مەزنتریان لێ چاوەڕوان بکرێت.
ئەو چالاکییە، ئەو ژیان بەخشنەوەیە بەو پێشمەرگە دیلە، هەرکێ کردبێتى، هەرکێ گیانى خۆى خستبێتە مەترسیەوە جێگەى رێز و ستایش و پێزانینە، کە ئەوە گەورەیى و ورە پۆڵاینى پێشمەرگە دەردەخات، کەچى بەداخەوە هەزار حەیف هەنێک ماڵپەر و لایەنى پارتى بەو چالاکى و کارە پیرۆزە تەواو سەغڵەت و قەڵس بوون، پێى نارەحەت و نیگەرانن، لێرەو لەوێ ئەو کارە سووک کەم بایەخ دەکەن، درۆ و فیشاڵ و سینارێوى ناڕاست بۆ ئەو چالاکییە دادەڕێژن، لەزۆر شوێندا بەئاشکرا دەبینرێت کە بەئەندازەى داعش بەو چالاکیە سەغڵەتن .من پێشتر لام ئاسایى بوو وتم: ئەوە کارى کۆمەڵێک دۆست و لایەنگرى پارتى یە، ئەوە ئاکار و پیشەیانە. لەوە خراپتریشیان لێ چاوەڕوان دەکرێت. بەڵام کاتێک وردبوومە و تەماشام کرد وەک پێشتریش ئاشکرا بووە ئەو کارە لەلایەن دەزگایەکى گەورەو گرانى پارتى کە دەزگاى راگەیاندنەوە ستافێکى تایبەتى بۆ ئەوە تەرخانکردوە و لەلایەن ( سەرۆ قادرو ئازا حەسیب و ئاریان جەلال و کۆمەڵێک کادیر و نووسەرى پارتیەوە) پاڵپشت دەکرێن و بە ئیعاز و رێنمایى سەرووخۆیان ئەو کارە دەکەن.
زۆر سەیرە لەلایەک برادەران و راگەیاندنى پارتى باسى هاوهەڵوێستى و کۆدەنگى و یەکڕیزى نیشتمانى دەکەن، کەچى بۆ چالاکى و کارێکى وا کێچ دەچێتە کەوڵیان و، بەقەدەر هەموو دونیا پێى نیگەران و غەمبارن ، کەواتە بەم هەڵوێستەى ئەوان ئەگەینە ئەو باوەڕەى کە هاو هەڵوێستى و یەکڕیزى و کۆدەنگى لەفەرهەنگى ئەواندا بریتیە لە: ( بەیعەت دانەوە بەمەسعود بارزانى، رازیبوون بەوەى کە تا رۆژى قیامەت ئەو سەرکردەو رابەربێت،) لاى ئەوان یەک دەنگى و هاو هەڵوێستى لەوەدا خۆى دەبینێتەوە. کە هەموو لەسەر بەرژەوەندى تەسک و خێڵەکى پارتى کۆک بین، شایەتومان بەدینى پارتى و سەرانیان بێنین. ئەگەرنا بۆ رزگاکردنى کەسێکى هەژار و بێ پشت و پەنا، کە لایەنێکى غیرى خۆى کردویەتى ئەیخەنە قاڵبى رق و قین و ناڕەحەتیەوە، ئەیانەوێت لەسەنگ و بەهاى ئەو کارە کەمبکەنەوە، تەنها لەبەر ئەوەى نەیارەکانیان پێى هەستاون. و بۆ خۆیان دورو نزیک ناتوانن توخنى چالاکى وابکەون.
کێ هەیە بە رزگارکردنى گیانى مرۆڤێک دڵخۆش نەبێت؟! کێ هەیە بەو کارە شادو ئاسودە نەبێت،؟! کە نەک پێشمەرگە بگرە ئەگەر حەشدى شەعبى و لایەنى دیکەش بیان کردایە، لاى هەمووان کارێکى باش و پڕ بایەخ بوو.کەچى تۆ هەستیت لەبرى دەستخۆشى و پشتگیرى و هەماهەنگى لەگەل ئەواندا بۆ رزگارکردنى گیانى ئەوانەى کە تا نها لەژێردەستى داعشدان، بکەویتە تۆمەت بەخشینەوە و، بێ بەها کردنى ئەو کارە.چەند جوان دەبوو کە پارتیش لەبرى ئەوە ئەویش هەستایە چالاکییەکى گەورەتر و فراوانترى بکردایە، چەند پایە و پێگەو ناوبانگى پارتى بەرزدەبۆوە کە ئەوانیش لەسنورى خۆیان هەستانایە گیانى چەند خێزانێکى ئێزدیان رزگار بکردایە، کە بۆ ئەمڕۆ و بۆ ریفراندۆمەکەیان زۆر پێویستیان پێدەبوو، بەڵام ئیدى دەڵێى چى کارى ئازا ومەردانە کەسى خۆى ئەوێت، لێبوردەیى و گیان بازى و ژیان بەخشینەوە بەخەڵکى و، خۆخستنە مەترسییەوە، بۆرزگارکردنى گیانى کەسەکان، بە خەڵکى ترسنۆک وبێ مۆڕاڵ ناکرێت، بۆیە هەر دەبێت ئەوەیان چاوەڕێ لێ بکرێت، من دڵنیام کە ئەو برادەرانە هێندە پەستن، هێندە قەڵس و نیگەرانن کە ئەگەر ئێستا چەقۆیان لێ بەیت خوێنیان لێ نایەت، سوێندى قورسیش ئەخۆم، کە تەواوى ئەو چەواشەکارانە پڕ بەڵ حەزیان دەکرد و تەمەنایان دەخواست کە ئەو پێشمەرگەیە ( سەید ئەحمەد سورچى) وەک شەهید هوجام سەرببڕایە، نەبوایەتە سیبمول و شانازى بۆ ئەو هێزو لایەنەى ئەو چالاکى یەیان ئەنجام داوە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت