24-06-2017 Dr-Muhamad-Ali

دکتۆر محەمەدئەمين گەناویی: فەرهەنگی ئابوری.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

له‌پێشه‌وه‌ وه‌ك پێناسه‌، فه‌رهه‌نگ / ثقافه ‌یان culture چیه‌؟
له‌زۆر بوارو شوێنا باس و پێناسه‌ی جۆراوجۆر بۆ فه‌رهه‌نگ كراوه‌، به‌ڵام به‌رای به‌نده فه‌رهه‌نگ بریتیه ‌له‌: فكر ، هه‌ست، تێڕوانین، ‌تێگه‌شتن، سلوك/ مامڵه‌ی وه كاردانەوەى تاك و كۆمه‌ڵه بۆ ژیان و ده‌وروبه‌ری به‌ئاستی جیاواز، كه‌هه‌موویان پێكه‌وه‌مانای فه‌رهه‌نگ دروست ئەكەن. وه ‌جیاوازي له‌فكر، هه‌ستكردن، تێڕوانین/ بینین، تێگه‌شتن وه‌ سلوك/ مامەله‌ چ له‌سه‌ر ئاستی تاك یان كۆمه‌ڵ بنه‌مان وه‌پێناسه‌ن بۆ جیاوازی فه‌رهه‌نگی تاك، كۆمه‌ڵ وه ‌كۆمه‌ڵگاو نه‌ته‌وه‌كان.
هه‌ر كایه‌یه‌كی ژیان بۆ خۆی فه‌رهه‌نگی خۆی هه‌یه‌ لای تاك یان گروپ و كۆمه‌ڵ و نه‌ته‌وه‌كان بۆ نموونه‌ فه‌رهه‌نگی سیاسی، فه‌رهه‌نگی كارگیڕی و دارای، فه‌رهه‌نگی كار تا ئه‌گاته‌ فه‌رهه‌نگی ژیاني ناو خيزان، خؤراك/خواردن، مامه‌ڵه‌و په‌یوه‌ندی مرۆڤەکان لە گه‌ل یه‌كا و… هتد.
فه‌رهه‌نگی هه‌ر كام له‌م لایه‌نانه‌ی ژیانیش كه‌باسكران دووباره‌ له‌فه‌رهه‌نگی سه‌ره‌كی تاك وه‌ كۆمه‌ڵگا وه‌ سه‌رچاوه‌ ئه‌گرن، ئه‌وه‌ی كه په‌یوه‌ندی به‌ فه‌رهه‌نگ و ئابوریه‌وه‌ بێ، پێش چه‌ند ساڵ له‌گۆشه‌ی هه‌فتانه‌ی ئابوری ئه‌و كاتی ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی شرۆڤه‌ی ئه‌وه‌م كرد بوو، كه‌ چۆن جۆرو ئاستی فه‌رهه‌نگی تاك وه‌ گه‌لان وه هەتا ئاينەكان ڕۆڵيان هەيه لەسەر پێشكه‌وتنی ئابووری، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ فه‌رهه‌نگی ئابووری چیه‌و ‌په‌یوه‌ندی چیه بەكۆى ‌فه‌رهه‌نگی گشتي نەتەوەو گرو‌پەكانەوه. هه‌ڵبه‌ته‌ فه‌رهه‌نگی ئابوریش دووباره‌ په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه‌ به‌فه‌رهه‌نگی تاك و كۆمه‌ڵگا به‌هه‌موو ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ی كه‌ فه‌رهه‌نگ ‌پێك ئەهێنن كه له‌سه‌ره‌تاوە وه‌ك پێناسه‌ باسمانكردن.
واته‌ فه‌رهه‌نگی ئابوریش وه‌ك فەرهه‌نگى هه‌ر بوارێكی تر بۆ نمونه فه‌رهه‌نگی خۆراك، كار، مامەڵه‌ی كه‌سه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌ك وه هەتا كاردانەوەى تاك وه كۆمەڵ لەگەڵ بەرامبەر ڕووداوەكان، جا چ خۆش يا ناخۆش بێ و …. هتد، له‌فكرو تێگه‌شتن و تێڕوانین و هه‌ستی تاك و كۆمه‌ڵه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ئه‌گرێ چ له‌سه‌ر ئاستی فه‌رهه‌نگی ئابوری تاك یان ‌كۆمه‌ڵگا و نه‌ته‌وه‌یه‌ك.
كه‌باس له‌فه‌رهه‌نگی ئابوری ئه‌كرێ بێ گوومان ئه‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌ی ئه‌و شته‌ی كه‌ئه‌بێته‌ بناغه‌و هێزی سه‌ره‌كی ئابووری له‌هه‌ر شوێن و كاتێكا كه‌لێره‌دا مه‌به‌ست ‌كاڵایه‌، واته‌ به ر‌هه‌م هێنانی كاڵا به‌هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌به‌شدارن له به‌رهه‌م هێنان، به‌كارهێنان وه مامەڵەی كاڵا.
له‌مێژووی كۆن و تازه‌دا له‌ناو هه‌ر نه‌ته‌وه‌و ‌گروپيكا كاڵایه‌ك به‌رهه‌م هاتووه‌، كه‌بووه‌ته‌ ناسنامه‌ی ئابوری ئه‌م نه‌ته‌وه‌و گروپه، ‌وه ‌ئه‌م ناسنامه‌یه‌ش كه پاشخانەكەى كارە، هێزی بیر، هونه‌رو ته‌كنیكی كار ‌وه ئاستى ‌هه‌ستی جوانی و كارامه‌ییه‌ ئه‌بێته‌ فه‌رهه‌نگ و عاده‌تی ئه‌م نه‌ته‌وه‌و گروپه له ‌به‌رهه‌م هێنانی كاڵایه‌ك یان چه‌ند كاڵایه‌ك كه ئەبنه ناسنامه‌ی ئابووری نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌گه‌ر سه‌یری كاڵای هه‌ره‌كۆن و تازه‌كانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك بكه‌ین له‌ئه‌فریقیا، ئاسیا ‌تا ئه‌گاته ‌ئه‌ورپاو ئه‌مریكای لاتین، ئه‌بینیین كه‌ به‌ كاڵاكانیان ئه‌توانين نه‌ته‌وه‌و گروپ و وڵات و كشوه‌ره‌كان بناسينەوه .
بۆ نموونه ‌له هه‌ندێ كاڵای خۆراك، جل و بەرگ يا بەرهەمي تكنيكي ئه‌توانیت بزانی خاوه‌ن و ناسنامه‌و فه‌رهه‌نگی ئابووری ئه‌م شوێنه‌ كۆیه وەهي كام نەتەوەيه، بۆ نموونه‌ خورما، په‌نیر، برنج، قاوه‌، مۆز، ئه‌ڤۆگادۆ، ئه‌ناناس، كێوی تا ئه‌گاته جۆرهها ئامێری تكنيكي كۆن و تازه و…. هتد، هه‌ریه‌كه‌یان نیشانه‌و ناسنامه‌ی گه‌ل و گروپێكن،  وه‌ ئه‌م كاڵایانه‌ به‌ هه‌موو ڕەهه‌نده‌كانی به‌رهه‌مهێنان و به‌كار هێنانيانی فه‌رهه‌نگ وه‌شارستاني ئه‌م گه‌ل گروپانه ‌له‌گه‌ل خۆیان هه‌ڵ ئه‌گرن.
‌له‌جیهانی پیشه‌سازی و تكنلوجی دا به‌هه‌مانجۆر هه‌ندی كاڵا هه‌یه‌ كه‌ ناسنامه‌ن بۆ فه‌رهه‌نگی ئابووری وه‌ڵات و نه‌ته‌وه‌ی به‌رهه‌م هێنه‌ر، بۆ نموونه‌ مارسیدس و بی ئیم ناسنامه‌ن بۆ ئه‌ڵمانیا، ‌مایكروسوفت و Apple ناسنامه‌ن بۆ ئه‌مریكا وه به‌هه‌مان جۆر تویوتا و سۆنى و چه‌نده‌ها كاڵای تر ناسنامه‌ن بۆ یابان و… هتد.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ كاڵاكان چ كلاسیكی و تقلیدی بن یان تازه‌و مۆدێرن جگه لەوەى كه خۆيان میژوو فەرهەنگن بؤ ئابوورى له له‌گه‌ڵ خۆیانا ناسنامه‌و فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌یه‌ك يان گروپ و ناوچەیەک هه‌ڵ ئه‌گرن، بۆ نمونه كلاشى هەورامي له هەمان كاتيشا ‌ئه‌بنه‌ نیشانه‌ بۆ ناسینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كه‌یان كه‌ له‌ كام وڵات، وه به‌ده‌ست كام نه‌ته‌وه‌و گروپ به‌رهه‌م هاتوون. ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ی كه‌كاڵاكان له‌گه‌ڵ خۆیانا هه‌ڵی ئه‌گرن له‌هه‌مان كاتا وێنا كردن (تصور) imagination دروست ئه‌كه‌ن له‌هه‌ر شوینێكی بوونیانا له‌سه‌ر ئه‌م وڵات و گروپ و نه‌ته‌وه‌ی كه‌به‌رهه‌میان هيناون، وه ئه‌م وێنا كردنەش بۆ خۆی كاریگه‌ری هه‌یه ‌له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیەكان ‌چ له‌سه‌ر ئاستی تاك، كۆمه‌ڵ، وه‌ هه‌تا سیاسی و دبلوماسی. بۆ نموونه‌ وێناكردنی ئیمه بۆ ‌خه‌ڵكی ئه و شوێنانه كه‌كاڵاكانیان په‌سه‌ندی ئێمه‌ن كاریگه‌ریی هه‌یه‌ له‌سه‌ر مامەڵه‌مان له‌گه‌ڵ هه‌ر تاك و گروپێكی ئه‌م وڵاتانه‌ وه هەروەها كاریگه‌ریشى هەيه لەسەرپه‌یوه‌ندی لەسەر ئاستی سیاسی، ئابوری وه دبلوماسی له نێوان نەتەوەكان.
فه‌رهه‌نگی ئابوری كه‌ له‌ كاڵاكانا به‌رجه‌سته‌ ئه‌بێ به‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانیه‌وه‌ په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆى هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی شارساتنی گروپ و نه‌ته‌وه‌كان.
‌له‌سه‌ر ئاستی جیهانی، ئه‌و نه‌ته‌و‌انه‌ی كه‌ له‌ فه‌رهه‌نگی ئابوری دا ده‌وڵه‌مه‌ندن به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ش له‌فه‌رهه‌نگی گشتی نه‌ته‌وه‌ییا ده‌وڵه‌مه‌ندن وه‌فه‌رهه‌نگی ئه‌وان ئه‌بێته‌ فه‌رهه‌نگی باڵاتر، ‌گه‌شەتر وه حەز لێكراوتر، بۆ نمونه فەرهه‌نگی ڕۆژئاوا، یابانی، كۆري يا چيني ‌له‌سه‌ر ئاستی جیهان بونەته ‌نمونه/ مۆد ‌بۆ چاولێكردن، واته‌ فه‌رهه‌نگی ئابووریی ئاوێته‌ی فه‌رهه‌نگی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌و گروپه‌كان ئەبێ ‌چ له‌سه‌ر ئاستی بچوك یان گەوره.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت