كه‌مال ره‌ئوف: دیمەنی هەڵبژاردنەكانی ناو گۆڕان لەگۆشەیەكی ترەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوای كاك نەوشیروان، من یەكێك لەو كەسانە بووم، كە راموابوو بزووتنەوەكە بەرگەی ئەو گوشار و لۆدە زۆرە ناگرێت لەسەری دروست كرا بوو، ئەزموونی حیزبایەتی لەباشوور ئەو وێنەیەیی نیشاندابووین، غیابی سەركردە، یانی غیابی ئەقڵ و یەكسان و هاوتایە بەمردنی رۆحی زیندووی هەموو ئەندامانی حزب.
لێرەوە بەدەر لەو رەخنەو سەرنجانەی لەسەر چۆنیەتی هەڵبژاردنەكە هەیە، دەتوانین دیمەنەكە بەشێوەكەی تریش ببینین، كە برێك ئینساف‌و وردبینی زیاتری تێدابێت، لەوانە:
A- لەماوەیەكی كەمدا گۆران ئیرادەی نیشاندا بۆ پركردنەوەی ئەو پۆستانە بە پۆستی رێكخەری گشتیشەوە.
B- گۆڕان بەم هەنگاوەی توانی ناوماڵی خۆی لەپرشوبڵاوی كۆبكاتەوەو رێگە نەدات گرەو لەسەر ئەوە بكرێت مەرگی سەركردەكەیان یەكسانە بەمەرگی بزووتنەوەكە.
C- رێكخەر بەچەپڵە رێزان پۆستەكەی وەرنەگرت و سەرباری ئەوەی منافسیشی نەبوو، بەڵام لەهەڵبژاردندا كۆمەڵێك دەنگی سپی هەبوو.
D- گۆڕان وەك پارتەكانی تر، كەسی خانەوادەی كاك نەوشیروان بەشداری كێبەركێكەیان نەكرد، تەنیا كاك حەمە تۆفیق كەئەویش وەك ئەوانی تر هەقی خۆی بوو بەشداری هەڵبژاردنەكە بێت، دیارە كەمترین دەنگیشی هێناو 22 دەنگی سپی هەبوو.
E- كێبەركی لەسەر پۆستەكان وەك ململانێی باوی حیزبایەتی بەرادەی ئێسك شكاندنی یەكتر توند نەبوو، ئەوەش وایكرد تارادەیەك هێمنی ناوخۆیان بپارێزن و بەپێچەوانەی ئەوەی لەناو زۆربەی پارتەكان ئەبینرێ‌، لەدوای پۆست دابەشكردن گرژی زۆردروست دەبێت، لەناو گۆڕان تارادەیەك ئاشتبوونەوەش هاتە پێشەوە بوە رەواندنەوەی هەندێك لەگرژییەكانی پێشوویان.
F- سەرباری هەژموونی پارتەكانی دەسەڵات، یەكێتی و پارتی، هەروەها كاریگەری ئیقلیمی و ناوخۆی عێراقیش، گۆڕان تارادەیەكی زۆر توانی ئەوەبكات، كە خۆیان قەناعەتیان پێی هەبوو.
بۆیە سەرباری هەر تێڕوانینێكی رەخنەگرانەی تر، كە گۆڕان دەیتوانی لەوەباشترو سەركەوتوانەتر هەڵبژاردن بكات، بەڵام بەم هەنگاوەیان توانیان مەترسییە گەورەكە تێپەرێنن، كە ئەویش پاراستنی یەكێتی ناو بزووتنەوەكەیان بوو، بۆیە لەپاڵ رەخنەو تێبینییەكان شتێكیی تریش هەیە هەقی خۆیەتی وەك قەبارەی خۆی ببینێرت‌و تیشكی لەسەربێت.

 

لەشارپرێس وەرگیراوە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت