عه‌دنان كۆچه‌ر: ئاراسته‌ى سێهه‌مى ریفراندۆم.
كه‌مپینى نه‌خێر بۆ ریفراندۆم”، كه چه‌ند رۆژێكه وه‌ك ههڵتۆقینێكى سیاسیی نوێ ده‌ركه‌وتووه، هیچ نییه جگه له‌دیوى دووه‌مى ئه‌و كهمپینهى دیكه كه “به‌ڵێ بۆ ریفراندۆم” به‌بێ تێفكرین‌و خوێندنه‌وه‌یه‌كى راست‌و دروست ده‌كات، چونكه بنه‌ڕه‌تى هه‌ردوو كهمپینو بزاوته‌كه، هێنده‌ى له‌سه‌ر پهرچهكردارو لۆژیكى توڕه‌یی كارده‌كات، هێنده هێزى ئه‌وه‌ی نییه تواناى شرۆڤه‌ى ڕه‌هه‌نده جوداكانى ریفراندۆمى ههبێتو خوێندنه‌وه‌یه‌كى دروستى بۆ بارودۆخى نێوخۆیی‌و نێوده‌وڵه‌تى كردبێ‌و ئه‌و لێكهوتانهى له‌به‌رچاو بێت كه ده‌شێت به‌هۆى ڕیفراندۆمه‌وه له‌سه‌ر خاك‌و خه‌ڵك روبدات.
ریفراندۆم‌و سه‌ربه‌خۆیی له‌خه‌ونی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌وه ئێستا بۆته ئامرازی خۆ به‌پاڵه‌وانكردن، گروپێك بێ هیچ خوێندنه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندن شوێن بارزانى كهوتوونو به‌شێكیش به‌بێ هیچ پاساوێك ره‌تیده‌كه‌نه‌وه، له‌كاتێكدا رێگاى دروست نه سه‌ركێشی بارزانییه‌و نه ره‌تكردنه‌وه‌ى شاسوار عه‌بدولواحید، چونكه نه ئه‌وه‌ى یه‌كه‌م به‌ره‌نجامى كوردایهتییهو نه ئه‌وه‌ى دووه‌میش ئه‌ركی دیموكراسییه، له‌به‌رئه‌وه‌ى گوتارى هه‌ردوو ئاراسته، ده‌شێت زیان له‌خه‌ونی نه‌ته‌وه‌یی بدات‌و خواستى ریفراندۆم بۆ گه‌یشتن به‌ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی چه‌ندین ساڵ‌و سه‌ده پاشبخات، ئاخر به‌دبه‌ختى كورد له‌وه‌دایه له‌سه‌ر چاره‌نوسیش ناتوانین یه‌كده‌نگ‌و یه‌كڕه‌نگ بین‌و پێكه‌وه ستراتیژێكى كوردانه‌ى پشت ئه‌ستوور به یاسا‌و دامه‌زراوه‌ی شه‌رعی بۆ سه‌رخستنى ریفراندۆم دابڕ‌ێژین.
ماوه‌ى رابردوو، (لاهور تاڵه‌بانى) هاوڕێ له‌گه‌ڵ به‌شێكى زۆر لهسهركردایهتىو مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتى‌و به‌شێك له بژاره‌ى روناكبیرییو سیاسیی هێزه‌كانى دیكه، ته‌رحى ئاراسته راست‌و دروستهكهى بۆ سه‌رخستنى ریفراندۆم ده‌ست داوه‌تێ، ئه‌و تهرحو تێفكرینهى ئاراسته دووربینه‌كه بناغه‌ی كاركردن بۆ ریفراندۆم له “به‌ڵێی مه‌رجدار”دا ده‌بینێته‌وه، بهڵێو پشتیوانى بۆ پرۆسه‌یه‌ك كه دواجار له‌ئاستى ناوخۆیی پشت ئه‌ستوور بێت به شه‌رعیه‌تى یاسایی‌و پهرلهمانییو كۆده‌نگى هێزه‌كان‌و په‌یوه‌ستكردنه‌وه‌ى جوگرافیاى كۆى باشوور به پرۆسه‌كه‌وه، له‌ئاستى ده‌ره‌وه‌شدا هه‌وڵدان بۆ زێتر خوێندنه‌وه‌ى هه‌ڵوێستى كۆمه‌ڵگاى نێودهوڵهتىو كاركردن له‌سه‌ر دروستكردنى پشتیوانى‌و هاوسۆزیی بۆ ئه‌و خه‌ونه دێرینه دیموكراسیی‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌ى كورد له باشوورى كوردستان، كۆی ئه‌و رێكارانهش ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌ماى یهكترقهبوڵكردنو كۆدهنگىو یه‌كگرتووى هێزو لایه‌نه‌كان‌و شه‌قام بێته به‌رهه‌م، بێگومان پرۆسه‌كه به‌رهه‌مدار دهبێتو له‌سه‌ر چاره‌نوسی نه‌ته‌وه‌یی كورد ده‌بێته هه‌نگاوێكى گه‌وره.
ماوه‌ى رابردوو ده‌رهه‌ق به ئاراسته‌ى یه‌كه‌مى پرۆسه‌كه كه بارزانى سه‌ركردایه‌تی ده‌كات قسه زۆر كرا، كۆى قسه‌كانیش له‌سه‌ر ئه‌و ستراتیژه ناڕۆشنه نه‌ته‌وه‌ییه ده‌وه‌ستان كه بارزانى بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌كه ده‌ستى پێكردووه، ریفراندۆمێك به‌بێ په‌رله‌مان، به‌بێ یاسا‌و شه‌رعیه‌تى یاسایی، به‌بێ ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم، به‌بێ كۆده‌نگى ناوخۆیی، به‌بێ هه‌نگاونان بۆ چاره‌سه‌ركردنى قه‌یرانى دارایی، به‌بێ رێگریكردن لهپێشێلی ئازادییهكانو سه‌ركوتكاریی ناوخۆیی، به‌بێ رونكردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌نجامی ریفراندۆم، هه‌موو ئه‌وانه بۆ داهاتووى پرۆسه‌كه ده‌بنه عه‌یبه‌یه‌كى گه‌وره، به‌ڵام هێشتاش ره‌تكردنه‌وه‌ى تهواوهتىو پێكهێنانى كه‌مپین بۆ نه‌خێرى پرۆسه‌كه، عهیبهتره، چونكه ئه‌وه‌ى پێیوایه دروستكردنى “كه‌مپینى نه‌خێر” بۆ به ئامانجگرتنى بارزانییه هه‌ڵه ده‌كات، به‌ڵكو راستیه‌كه‌ى ئه‌وه به ئامانجگرتنى داهاتووى نه‌ته‌وه‌و دیموكراسیشه.
ئه‌و ئاراسته ههڵتۆقیوهى دووه‌م، كه هێشتا ده‌رهه‌ق به‌مێژووی به‌رخودانى كورد له‌پێناو گه‌یشتن به‌سه‌ربه‌خۆیی نامیلكه‌یه‌كى نه‌خوێندۆته‌وه، هه‌ڵه‌یه‌كى كوشنده ده‌كات كه‌مپین بۆ نه‌خێری ریفراندۆم به‌رز بكاته‌وه، راسته مافی بێ چه‌ندو چوونى دیموكراسیانه‌ى هه‌ر كه‌سێكه ده‌نگ به “به‌ڵێ”، یان “نه‌خێر” بۆ پرۆسه‌كه ده‌دات، به‌ڵام كارێكى یاسایی‌و دیموكراسیش نییه كه‌مپین دژى به‌رێوه‌ببرێت، چونكه هێنده‌ى ئه‌و جۆره له‌بیركردنه‌وه‌و هه‌نگاوه هه‌وڵى خۆ بهپاڵهوانكردنو ته‌وزیفكردنى نیگه‌رانییه‌كانى خه‌ڵكه بۆ بردنه‌وه‌ى ده‌نگ، هێنده‌ش هه‌وڵى به ئامانجگرتنى ئارامى‌و سه‌قامگیریی سلێمانییه، له‌كاتێكدا دووفاقی مێژوویشه، راسته، ئه‌و ریفراندۆمه‌ى بارزانى له‌سه‌ر ئاستى شه‌قام هێشتاش په‌سه‌ندكراو نییه، به‌ڵام كه‌مپینى نه‌خێر، پێچه‌وانه‌ى ئه‌و هه‌نگاوه مێژوویانه‌یه كه كورد له‌پێناو ئه‌و ئامانجه ناویه‌تى، نزیكترینیان ریفراندۆمه نافهرمییهكهى 2005 بوو، كه زۆرینه‌ى خه‌ڵكى كوردستان به به‌ڵێ ده‌نگیان پێدا.
نه‌خێر بۆ ریفراندۆم ئه‌وكاته‌ى لهویستێكى خۆڕسكى شه‌قامه‌وه ده‌بێته سه‌ره‌تاى ده‌ركه‌وتنى بزووتنه‌وه‌ى سیاسیی، ده‌بێت ستۆپ له‌به‌رده‌م ئه‌و هه‌نگاوه دابنرێت، چونكه ئیدى ریفراندۆم‌و چاره‌نوس نابێت ببێته چه‌كى ململانێی بارزانى‌و ئه‌وانى دیكه، چونكه هه‌ر ناكۆكییه‌ك له‌گه‌ڵ بارزانى‌و ئاراسته‌ى یه‌كه‌م ده‌بێت خۆى له‌وه‌دا ببینێته‌وه ریفراندۆم له بارزانى بسه‌نێته‌وه‌و بیداته‌وه خه‌ڵك‌و خاك، نه‌ك ره‌تی بكاته‌وه‌و دوژمندارى له‌گه‌ڵ خه‌ونی نه‌ته‌وه‌دا بكات.
ئه‌وه‌ى لاهور تاڵه‌بانى‌و هه‌ڤاڵه‌كانى له‌ماوه‌ى رابردودا له‌پێناو رۆشنكردنه‌وه‌ى ستراتیژیه‌تى نه‌ته‌وه‌یی هه‌نگاویان بۆ ناوه، دوژمندارى نه‌بووه له‌گه‌ڵ ریفراندۆم، به‌ڵكو هه‌وڵدان بووه بۆ نشتیمانیكردنى ئه‌و چه‌مكه‌و سه‌ندنه‌وه‌ى له حزب‌و ده‌سه‌ڵات، هه‌وڵێك بووه له‌پێناو دروستكردنى كۆدهنگىو كۆبوونه‌وه له‌ده‌ورى یه‌كتر به‌ستراتیژیه‌تێكى كوردانه‌وه، كاركردن بووه له‌سه‌ر رێگریكردن لهسهركێشیو گوتارى توندوتیژ ده‌رهه‌ق بهدهوڵهتانى ههرێمییو نێوده‌وڵه‌تى، بۆ ئه‌وه‌ى باجى سه‌ر خه‌ڵك گه‌وره‌تر نه‌بێت، هیمه‌تێك بووه له‌پێناو ئه‌وه‌ى ریفراندۆم نه‌كرێته كارتێك بۆ سازش له‌گه‌ڵ عێراق‌و زلهێزانى جیهانییو نه‌شبێته رێگایه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردن‌و بردنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن. كاتێك تیمى سێهه‌م به‌دنیابینى خۆیانه‌وه بیر له ریفراندۆمێكى یاسایی ده‌كه‌نه‌وه، له‌هه‌مووان پتر ده‌زانن هیچ فۆڕمێكى به یهكهوهژیان له‌گه‌ڵ عێراق به‌ره‌نجامى نه‌بووه، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ربه‌خۆیی بگاته ئه‌نجام نابێت له‌سه‌ر حسێبی لاوازكردنى پایه‌كانى دیموكراسی‌و حوكمڕانى بێته‌دى، ناخوازن له‌سه‌ر حسێبی برسیكردنى خه‌ڵك‌و تاڵانیی نهوتو ههرزانفرۆشكردنى نشتیمان ئه‌و هه‌نگاوه جێ بگرێت، ئه‌وه‌شه ئێمه له‌و دوو ئاراسته جیاده‌كاته‌وه، كه نه بیر له‌پێش ریفراندۆم ده‌كه‌نه‌وه‌و نه خه‌یاڵیشیان له‌پاش ئه‌نجامدانى ریفراندۆمه.
ریفراندۆم وه‌ك میكانیزم بۆ ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆ ئێستا پێویسته لهسایكۆلۆژیاى پڕ له‌توڕه‌یی ئاراسته‌ی یهكهمو دووه‌م بهتاڵبكرێتهوهو كه‌س مافی ئه‌وه‌ى نه‌بێت خه‌ونی نه‌ته‌وه‌یه‌ك بكاته وه‌ك كارت بۆ گهورهبوونو خۆ به پاڵه‌وانكردن به‌كاربهێنێ.