عەلی مەحموود: شەڕی حاجی ئۆمەران سەرەتایەك بۆ جینۆسایدی كورد.
تێبینی: سەرنجێکی کورت بۆ ئەم نوسینە لە خوارەوە زیاد دەکەین.
كاتێك بارزانییەكان لە هەمبەر بەشداری پارتی لە شەڕی حاجی ئۆمەران بە كۆمەڵ جینۆساید كران, كورد نەك ئەزموونی وەرنەگرت, بەڵكە دوای 3 ساڵ, هەمان هەڵەی كوشندانەتر لە لێدانی چاڵە نەوتییەكانی كەركوك دوبارە كردەوە, ئیتر بۆ هێزەكانی ینك, پدك, حسك, بزوتنەوەی ئیسلامی لە سێ ساڵی داهاتوو بووە نەرێتی باو, تەنانەت كەوتنە پێشبڕكێی یەكتر لە كەوتنە پێش سوپای پاسداران, ئەم پێشبڕكێیەش گەیشتە ئەو ئەنجامەی ببینە خاوەند زۆرترین كەیسی جینۆساید لە جیهانداو قوربانی نمرە یەك لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە.
ئەو حیزب و كەسایەتیانەش كە بڕیار بەدەستی ئەو تاكتیكە كوشندەیە بوون, نەك بۆ جارێكیش وەك ئەركێكی ئەخلاقی دانیان بە هەڵەكانی خۆیاندا نەنا, بگرە بێ دەربەستانە لە نوسین و یاداشتەكانیانا یان باسیان نەكرد وەك ئەوەی هیچ ڕووینەدابێت, یاخود ئۆباڵەكانیان خستە سەر بەرامبەرەكانیان, یاخود بێ منەت لە خەڵك و قوربانیان كارەكان خۆیان بەرز نرخاند.
دەبوایا خەڵك ئەم لایەن و كەسایەتیانەی سزای سیاسی بدابایا, ئەمانە گەلیان لە كارەساتێكەوە بۆ خراپتر بردووە بەردەوام, ئەزمونیان لە هەڵەو پێشێلكارییەكان وەرنەگرتووە, باجی هەڵەكانیان تا ئێستا نەداوە, تەنانەت دوای راپەڕین و تا ئێستاش هەر كارەكتەری سەرەكی سیاسەتكردن بوونە لە كوردستان, بێ ئەوەی دان بە راستییەكاندا بنێن, داوای لێبوردن بكەن, قەرەبوی قوربانیان بكەنەوە لە بەرامبەر هەڵەكانیان, تەنانەت لە یاداوەریەكانیشیان بەشداری ناكەن و تاوانبارانی جینۆسایدیش لە ریزەكانی خۆیان داڵدەدەن.
بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر شەڕی حاجی ئۆمەران سەرەتایەك بۆ جینۆسایدی كورد.
سەرنج؛ دوو ئاراستە هەیە بۆ شەڕی حاجی هۆمەران، ئاراستەیەک وەک ئەوەی بەرێز عەلی مەحموود ئاماژەی پێداوەو. ئاماژەی دووەم، حاجی هۆمەران بەشێکە لە تەسفیەکردنی ناو خودی بنەماڵەی بەرزانی لەگەڵ مردنی نادیاریی پڕ تەمومژاویی خوا لێخۆش بوو ئیدریس بەرزانی. پرسیارەکە ئەوەیە بۆ تەسفییەکردن؟
ئەگەر ژیرانە بڕوانین، ئەو بەرزانیانەی لە بەحرەکە و دەوروبەریی بوون، هیچ پەیوەندیەکیان بە پارتییەوە نەبوو، بگرە لەبەرەی دژی پارتی بوون و زەمەنێک لەگەڵ بەعس دژی بنەماڵە چووبوونە بەرەیەکەوە تا ئەو ساتەی ڕووەو مەرگیان بردن، ڕاستە ئەوان بەرزانی بوون، بەڵام ئەوان لە ساڵی 1973 وە وەک هێز و پشتگیریی لەگەڵ سێ کوڕی موستەفا بەرزانی لە کێشەی ناوخۆی خێزانیدا چووبوونە بەرەی دوژمنەوە، کەواتە چ پەیوەندییەکیان بە کردەی شەڕی حاجی هۆمەرانەوەیە؟.
هەواڵێک بۆ یەکەمین جار، وا لە وتاریکوردەوە دەیخەمە ڕوو وەک بەڵگە، من وەک لاوک کونجرینی لەگەڵ 5 پێشمەرگەی هاوڕێم، پاش ئەوەی ساڵێک و سێ مانگ لەتورکیا گیراین، سەرەتای ساڵی 1988 بوو. بەهۆی ئەوەی کەوتبووینە سنورەکانی بەناو خاکی تورکیا لە مەرزی هەکاریی، دواتر ڕادەستی ئێران کراین. بەهەوڵی دڵسۆزانەی کوردی باکور لە ڕێی گرتنی کۆمەڵێک پارێزەرەوە. دواتر ڕاپێچی بارەگای ئیتالاعاتی سەنتەری ئورمییە کراین. پاش لێکۆڵینەوەو لێپێچینەوەی زۆر، گەیشتنە ئەو ڕایەی لێتێگەیشتنێک پەیدا ببێت و دواتر بەهۆی ئۆتۆمبیلی سەربازییەوە لە ئورمییە دوریان خستینەوە بۆ سەربازگەیەکی تێکەڵ لە پاسدار و سەرباز نزیک لە سنوریی نێوان تورکیاو عێراق. بەڵام وەک شێوەیەک دەستبەسەریی. ماوەیەک لەوێ بووین، پێش ئەوەی بەتەواوی ئازادمان بکەن، ئەفسەرێک بانگی کردم و کەوتە قسەکردن لەگەڵم. لەپاش قسەکردن لە سەر کۆمەڵێک باس، ئینجا زانی کە من بەرزانی نیم و خەڵکی شاری سلێمانیم و سەر بەیەکێتی م، تومەس دۆسیەکەمان هەر بەناویی بەرزانی و پارتییەوە هاتبوو. ئەو بەرێکەوت قسەی لەسەر شەڕی حاجی هۆمەران دەکرد و شتێکی باسکرد، من تا ئێستا لە زەهنمدا دێت و دەچێت، ئەویش وتی: من ئەوسا پلەی سەربازیم وەک ئێستا بەرز نەبوو، بەس بەئاگا بووم لە زۆر کاریی سەربازی ناوچەی ئورمێ و کوردستان، بەرزانی زۆر سوور بوو لەسەر ئەوەی بە هاوبەشی پەلاماریی حاجی هۆمەران بدەین، بەڵام ئیران رازی نەبوو، ئەویش نەمان دەویست جەبهەیەکی تری شەڕ بکرێتەوە، چوونکە ئێرانی ئیسلامی نوێ بوو، هێزە سەبازییەکانی نەکەوتبووە سەر پێ وەک پێویست. بەڵام سوور بوونی بەرزانی و پەنا بردن بۆ ئاستی سەرۆکایەتی تا ئەو کارە بکرێت، دواتر بڕیار درا. منیش ووتم: هۆکاری چی بوو وا بەرزانی سوور بوو دەبێت بکرێت، لەوەڵامدا وتی: منیش نەمدەزانی. یەکسەر ڕەشەکوژییەکی بەرزانییەکانیم بە زەهندا هات و وەک تەسفییەیەکردن لەنێوان دوو دووژمندا، دووژمنێک لە خوێن و، دوژمنێک وەک دووژمنی هەموولایەک. چونکە سوور بوونەکەی بەرزانی لە خۆڕا نییە، ئەوان لەبەرەی دژی بەرزانیدا بوون و بە ڕەوشێکی تەموومژاویی لەناو بران.