نەوزادى موهەندیس: ڕیفراندۆم، لە هۆکارەوە بۆ ئامانج.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
لە ئێستادا نزیکەى کەمتر لە 2 مانگى ماوە بۆ 25/9 کە وادەى چێکردنى پڕۆسەى ڕیفراندۆمە لەهەرێمى کوردستاندا و تا ئێستاش هەنگاوگەلێکى جدى نەنراوە بۆ سازدان و سەرخستنى پڕۆسەکە چ لە ڕووى سیاسیەوە بێت کە پەیوەستە بە بەرنامە و کارى پێکەوەیى و کۆدەنگى نیشتیمانى سیاسى و میللى و پەیوەندى بە ڕێکەوتنى سیاسى نێوان سەرکردە و حیزبە سیاسیەکانەوە هەیە، یان لە ڕووى یاساییەوە بێت کە پەیوەندى بەکاراکردنەوەى پەڕلەمان و دەرکردنى یاسا و ڕێساى تایبەت بەو پڕۆسەیەوە هەیە، یاخود لە ڕووى لۆجستى و تەکنیکیەوە بێت کە پەیوەستە بە کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانەوە لە کوردستاندا.
بەم شێوەیە مەسەلەى ڕیفراندۆم لە گەرموگوڕیەکى سەرەتاوە گۆڕدراوە بۆ مەسەلەیەکى ساردوسڕ و تەنانەت بۆ دژایەتیکردنیشى بەئاشکرا لەلایەن هەندێک کەس و گروپەوە وگرنگى و تۆخى سەرەتاى نەماوە،ئەوەش لەبەر گەلێک هۆکارى تایبەت بەناوخۆى کورد کە کۆدەنگ نین لەسەر چۆنێتى چێ کردنى پڕۆسەکە و هەمئاهەنگى و تەبایى و متمانەى تەواویش لەنێوان لایەنە سیاسیەکاندا نیە و دۆخى دابڕان و لێکدووربوون کاریگەرى گەورەى هەیە لەسەر نزیکبونەوە و لێکتێگەیشتنە سیاسیەکان و لە ئێستاشدا باس لە دواخستنى پڕۆسەکە دەکرێت هەمووشى لەبەر ئەوەى لەناوخۆى هەرێمدا کەشوزهەواى لێکتێگەیشتن و نزیکبونەوە و کاڵکردنەوەى ململانێکان زاڵتر نیە بەسەر کەشو هەواى عینادى سیاسى و پێداگیرى مناڵانە لەسەر خواست و ویستە سیاسى و حیزبیەکان.لە سەر ئاساتى عێراق و ناوچەکە و دونیاش هەموان زۆر بە ڕاشکاوانە ڕایانگەیاندوە کە کاتى چێکردنى ڕیفراندۆم گونجاو نیە و دەکرێت لە ئایندەدا و لەکات و ساتى گونجاوتردا ئەو بابەتە گفتوگۆى لەبارەوە بکرێت، چونکە هێشتا بیانوى شەڕى داعش ماوە و ناوچەکەش بەرگەى گۆڕانکارى و تێکچوون و خراپتربوونى بارى سیاسى و ئابورى و ئەمنى تازە ناگرێت.
ڕیفراندۆم هێندەى لەبارەوە گوتراوە، لە هۆکار و هەنگاوێکى سەرەتاییەوە بەرەو ئاڕاساتەى سەربەخۆیبوون گۆڕدراوە بۆ ئامانجێکى تەواو و هەموان پێیانوایە بە چێکردنى ڕیفراندۆم ئیدى هەموو خەون و ئاواتەکانمان دێنە دى لە ڕاگەیاندنى دەوڵەتى سەربەخۆى کوردیدا، بەڵام ڕاستیەکەى ئەوەیە کە ڕیفراندۆم هەنگاو و هۆکارە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکى دیاریکراو نەک ئامانجى کۆتایى بێت، لەنێوان پڕۆسەى ڕیفراندۆم و سەربەخۆیشدا مەودایەکى فراوان هەیە و دەکرێت لە ڕێگەى دانوسان و گفتوگۆى ئاشتیانەوە لەناو خۆى کورد و لەگەڵ عێراق و دواتریش لەگەڵ دەرودراوسێکان و ئینجاش لەگەڵ زلهێزەکان و نەتەوە یەکگرتوەکانیش قسەى لەبارەوە بکرێت، جا تا ئەم هەموو کار و هەنگاوانە دەنرێت دەکرێت کاتێکى دوورودرێژتریش پێویست بێت بۆ ڕاگەیاندنى دەوڵەتى سەربەخۆ.
هەربۆیە بەداخەوە ڕیفراندۆم لەلاى هەندێک حیزب و سەرکردە بۆتە بابەتێکى بازرگانى بۆ دەستخستنى دەسکەوتى سیاسى و ئابورى و ئەمنى و هەڵبژاردنەکان و بۆئەوەى بیکاتە دەسکەوتى خودى سەرکردە و حیزبێک و دواتریش بیکاتە مقاشێک بۆ دەستبەسەراگرتنى ئایندەى وڵات و میلەتەکەمان،لەبەرامبەریشدا ژمارەیەک لایەن و سەرکردەى تر دژ بەو هەڵوێستەن و کار دەکەن بۆ ئەوەى ڕیفراندۆم بە مەرج و داواکارى ئەوان جێبەجێبکرێت و ئەوانیش هەمان مەبەستى لایەنى بەرامبەریان هەیە بۆئەوەى خۆیان بکەنە قارەمانى سەربەخۆیى و ڕیفراندۆم و دواتریش سوودى لێوەربگرن بۆ دەسکەوتى حیزبى و هەڵبژاردنەکان.
بۆیە لە ئێستادا پڕۆسەى ڕیفراندۆم کە لە ڕاستیدا یەک تاکە مەبەست و ئەرکى هەیە ئەویش وەرگرتنى ڕاى زۆرینەى میلەتە لەسەر چارەنوسى خۆى لە مانەوە لەگەڵ دەوڵەتى عێراقیدا یان سەربەخۆبوون و جیابونەوە لەو دەوڵەتە.لەمە زیاتر ڕیفراندۆم نابێتە ر فریادڕەسى تەواوى ئامانجەکان، بەڵام لەم نێوەندى ململانێ و ناکۆکى و دۆخە بارگەویەى هەرێمدا ڕیفراندۆم بۆتە کاڵایەکى بازرگانى هەرزان بەها بەدەست هەموانەوە لە سیاسیەکان تا ڕۆشنبیر و نوسەر و ڕوناکبیران و تادەگاتە کۆمەڵە و ڕێکخراوە مەدەنیەکان و سەرتاپاى میلەتەکەشمانى گرتۆتەوە، و هەریەکە گەرەکێتى لەنێوان (بەڵێ ) و ( نەخێر) دا قازانج و سوودێکى بازرگانى بکات و دەسکەوتێک هەرچەندە کەمیش بێت دەستى بکەوێت، بەمەش هەموان پێکەوە دەبنە هۆى مردارکردنەوەى ڕیفراندۆم و بەتاڵکردنەوەى لە مانا و کرۆکە ڕاستەقینەکەى خۆى، ئەمەش بۆ تەنها مەرام و ویست و خواستى تایبەتى سەرکردە حیزب و لایەنە سیاسیەکانە.
بۆیە ئەرکى هەموان و خەمخۆرانى ئایندە و چارەنوسى گەلەکەمانە کە هەوڵى جدى بدەن بۆ سەرگرتن و سەرخستنى پڕۆسەى ڕیفراندۆم و هەموان پێکەوە لە ئامانجە سیاسى و یاساییەکەى دەرینەکەن و بەدوورى بگرن لە ئامانج و خواستى بازرگانى پێوەکردن،چونکە ناکرێت کە بارزگانى و مامەڵە و سەودا هەرزان بەها بە پڕۆسەیەکى وا گرنگ و هەستیارەوە بکرێت کە پەیوەستە بە ئایندەى دەیان ساڵى داهاتووى نەتەوە و نیشتیمانەکەمانەوە لەهەر چوار بەشەکەى کوردستاندا، چونکە سەرنەگرتن و لەدەستدانى ئەم هەنگاو و دۆخ و قۆناغ و هەلەى کە هاتۆتە پێشەوە کاریگەرى گەلێک گەورەى بۆ ئایندە و سەنگ و قورسایى مەسەلەى کورد دەبێت لەناوخۆ و لە عێراق و ناوچەکە و دونیاشدا و بەهەمان شێوەش سەرنەگرتنى پڕۆسەکەش شەرمەزاریەکى مێژووى دەبێت بەتەوێڵى هەموانەوە.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی