عه‌دنان كۆچه‌ر: شه‌نگال، جوگرافیایه‌كى راده‌ستكراو.
ئه‌دۆنیس، شاعیر‌و بیرمه‌ندى عه‌ره‌ب، ئه‌وده‌مه‌ى شه‌نگال راده‌ستى داعش كرا، بێبه‌ریبوونى خۆى له‌ناسیۆنالیزمى چه‌په‌ڵى عه‌ره‌بی راگه‌یاند، چونكه له‌سایه‌ى ئه‌و هه‌ژموونه نه‌ته‌وه‌په‌رست‌و ئیسلام ویسته‌ى عه‌ره‌به‌وه شه‌نگال بووه پارچه‌یه‌كى گه‌وره له زام‌و برین، نه‌ك هه‌ر ئه‌و، به‌ڵكو زۆرێك له‌هێزو ده‌وڵه‌ت، له‌رێی ده‌ربڕینى هاوسۆزیی له‌گه‌ڵ قوربانییه‌كان پشتیان كرده ئه‌و ئایدۆلۆژیا نه‌ته‌وه‌یی‌و ئاینییه‌ى داعشی هاندا شار‌و پێكهاته‌یه‌كى ئاینیی جینۆساید بكات، مه‌گه‌ر پێشوازییه‌كه‌ى (سیسی)و پیاوانى ئه‌زهه‌ر، به‌رپرسانى گه‌وره‌و باڵاى كوێت‌و عێراق له‌نادییه موراد، به‌شێك نییه له‌و پرۆسه‌ى به‌خۆداچوونه‌وه‌ى كه ده‌رهه‌ق به پێكهاته ئاینیی‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى ئه‌و ناوچه‌یه ده‌كرێت، كه‌چی هێشتاش ئێمه هێزى به‌خۆداچوونه‌وه‌مان نییه.
ئێزدییه‌كان، له‌دوا فه‌رمانى داعش به سێ فاكته‌ر باجیاندا، باجی یه‌كه‌م ئاینیی‌و دووه‌م نه‌ته‌وه‌یی‌و سێهه‌میش لاوازى ستراتیژییه‌تى به‌رگریى‌و فه‌شه‌ل‌و شكستى جه‌نه‌ڕاڵه‌كانى پارتى بوو، ئاخر له‌گرتنى موسڵدا، ئه‌وده‌مه‌ى داعش، په‌لامارى كاكه‌یی، مه‌سیحى‌و ئه‌وانى دیكه‌یدا، هه‌مووان ده‌یانزانى كه ئامانجى داهاتوو ئێزدییه، كه‌چی نه‌ك له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و شه‌پۆلی به‌ربه‌ریه‌تییه نه‌پارێزران، به‌ڵكو بێ ته‌قه، لوله‌ى تفه‌نگه‌كان روو له‌زه‌وى له پشتى پیكابه‌كانه‌وه گواسترانه‌وه‌و هه‌زاران هاوڵاتی سڤیلیان راده‌ستى سوپا چه‌قاوه‌سوه‌كه‌ى داعش كرد، له‌و فه‌رمانه نه‌گریسه‌دا، هه‌زاران كه‌س بوونه قوربانى‌و بۆ ئه‌به‌د ژیانیان لێسه‌ندرایه‌وه، كه‌چی هێشتاش عه‌رابه‌كانى كوردایه‌تى وه‌ك ئه‌دۆنیسی عه‌ره‌ب بوێریی ئه‌وه‌یان نه‌بوو به‌خۆیاندا بچنه‌وه‌و خۆیان له‌و تاوانه پاكبكه‌نه‌وه. ئاخر:
1- لیژنه‌كه‌ى بارزانى بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌كه‌وتنى شه‌نگال وه‌ك زۆرێك لیژنه‌ى دیكه دیزه به‌ده‌رخونه كرا‌و راكردوه‌كانى به‌ره‌كانى شه‌نگال‌و پاڵه‌وانكانى راده‌ستكردنى ئه‌وێ، نه‌ك هه‌ر روبه‌ڕووى سزا‌و لێپیچینه‌وه نه‌بوون، به‌ڵكو له‌هه‌موو كات زیاتر شان‌و باڵیان به”نوگ شجاعه”ى ئازایه‌تى پڕكرایه‌وه، له‌كوێی دنیا ئه‌وه روده‌دات پارچه‌یه‌كى گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه بخرێته ژێر چه‌قۆى تیرۆره‌وه‌و راكردووه‌كانیشی پله به پله به په‌یژه‌ى كوردایه‌تیدا سه‌ربخرێن‌و بكرێن به‌واجیهه‌ى مه‌ردایه‌تى‌و كوردایه‌تى‌و جوامێریی.
2- رزگاركردنى شه‌نگال له‌ژێر چه‌پۆكى داعش، نه‌ك نه‌بووه نیشانه‌ى دڵشادى ئه‌و هێزه راكردووه، به‌ڵكو هه‌ر چه‌ند حه‌وتوویه‌ك دواى ئازادبوون، جارێكى دیكه پاڵه‌وانه‌كانى ماراسۆنى چل كیلۆمه‌ترى جێهشتنى شه‌نگال به‌خۆیان‌و جبه‌خانه‌كانیانه‌وه گه‌ڕانه‌وه سنووره‌كانى شارى خوێن‌و برین‌و ده‌ستیانكرده‌وه به ته‌قه، به‌ڵام ته‌قه‌ى ئه‌مجاره بۆ روبه‌ڕووبونه‌وه‌و تێكشكاندنى داعش نه‌بوو، به‌ڵكو بۆ سه‌ركوتكردنى خه‌ڵكى پارتی نه‌ویستى ئێزدی‌و هێزه‌كانى یه‌كینه‌كانى پاراستنى شه‌نگال بوو، ئه‌و هێزه‌ى له‌سایه‌ى پاراستنى ئه‌ودا شه‌نگال ده‌كرێته وێرانه، ده‌بوو بۆ ئه‌به‌د هه‌ڵگرتنى چه‌كیشی له‌ناو شاره‌كه‌دا وه‌ك رێز بۆ ناخ‌و ده‌روونى بریندارى خه‌ڵكه‌كه‌ى قه‌ده‌غه كردبا، نه‌وه‌ك چه‌كه دیارییه‌كانى ئه‌ڵمانیاى له‌سه‌ر جه‌سته‌ى كچان‌و ژنانى ئه‌و شاره به‌كارهێنابا.
3- كه‌وتنى شه‌نگال‌و مه‌رگه‌ساتى ئێزدییه‌كان، ده‌بوایه وانه‌یه‌ك بووایه، كه گوتارى كوردى له‌به‌رامبه‌ر مه‌ینه‌تى نه‌ته‌وه‌یه‌ك یه‌كخستبا، كه‌چی به پێچه‌وانه‌وه سیاسه‌تى خاڵى له حیكمه‌تى ده‌سه‌ڵاتدارانى ئه‌وێ، نه‌ك هه‌ر به‌و ئاراسته‌یه‌دا نه‌جوڵا، به‌ڵكو له‌رێی دروستكردنى هێزى موزه‌یه‌ف‌و روخساری نا ئێزدییه‌وه هه‌وڵى په‌رتكردنى هێزو یه‌كگرتوویی ئێزدییه‌كانیشیدا، به‌داخیشه‌وه ئه‌و سیاسه‌تى په‌رتكردن‌و لێكدابڕینه به‌روونى له‌ناو ئێزدییه‌كاندا ره‌نگیداوه‌ته‌وه به‌جۆرێك له‌ناو كۆڕ‌و كۆمه‌ڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش ئه‌و خاڵه لاوازه بۆته نه‌نگی.
4- كاره‌سات‌و مه‌ینه‌تى ئێزدییه‌كان، به ستراتیژێكى نه‌ته‌وه‌یی‌و مرۆیی مامه‌ڵه‌ی له‌ته‌كدا نه‌كرا، به‌پێچه‌وانه‌وه رێگای بۆ كۆچی یه‌كجاریی ئێزدییه‌كان خۆشكردو دوا ئه‌ڵقه‌كانى ئاینداریی ره‌سه‌نى ناوچه‌كه‌و شوێنه پیرۆزه‌كانیان به‌ره‌و پوكانه‌وه چوو، ئه‌و سه‌رى خۆهه‌ڵگرتنه‌ى به‌شی زۆرى ئێزدییه‌كان، جگه له‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ى گۆڕینى دیموگرافیاى كوردستان بۆ داهاتوو لێده‌كه‌وێته‌وه، له‌هه‌مانكاتدا ووجود‌و مانه‌وه‌ى پێكهاته‌یه‌كى مێژووییش ده‌خاته به‌رده‌م نه‌مان‌و له‌ناوچوونه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌بوایه له‌رێی كۆمه‌ك‌و پشتیوانی‌و به‌خۆداچوونه‌وه‌ى ستراتیژى واكرابا ئێزدییه‌كان متمانه‌یان بۆ گه‌ڕابایه‌وه‌و خاك‌و مه‌وته‌نى راسته‌قینه‌یان جێنه‌هێڵن.
شه‌نگال، دوو دیوى هه‌یه، بۆ ئه‌وانه‌ى رۆح‌و دڵیان له‌وێیه هه‌میشه به مانه‌وه‌و له‌سه‌ر پێ وه‌ستانى سه‌ربه‌رزن‌و ئه‌وانه‌شی كه نه‌یانتوانى بیپارێزن‌و ئێستاش ته‌قه‌ى لێده‌كه‌ن، جگه له‌شه‌رمێكى مێژوویی هیچیان ده‌ستناكه‌وێت.