بێکەس قادر: پرسی راپرسی و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی باشووری کوردستان. بەشی دووەم.
بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان سێ قۆناغمان لە پێشە:
1- قۆناغی راپرسی.
2- قۆناغی راگەیاندنی سەربەخۆیی.
3 – قۆناغی دانپێدانانی نێودەوڵەتی.
1- قۆناغی راپرسی:
مافی راپرسی لە سەر ئەوەی لە عێراق جیا دەبینەوە، یان دەمێنینەوە، مافێکی سروشتییە، لە سەر ئەوە بەند نیە کەوا لە رابردوو چی بەرانبەر بە گەلی کوردستان کراوە و ئێستا چی دەکرێ، ئەگەر عێراق دەوڵەتێکی دیموکراسی بوایە، کوردستان وەک هەرێمێک تەواوی مافەکانی هەبوایە، لە سۆنگەی دیموکراسیەوە گەلی کوردستان مافی راپرسی و جیابوونەوەی دەبوو، بە پێچەوانەوە لە سایەی دەوڵەتێکی غەیرە دیموکراسیش گەلی کوردستان ئەو مافەی هەیە.
لەو قۆناغەدا گرنگترین رەگەز بۆ راپرسی ئەوەیە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی بە پێی بنەما دیموکراسییەکان ئەو راپرسیە ئەنجام بدات و هاوڵاتیانی کوردستان بۆ دەنگی بەڵێ و نەخێر ئازاد و ماف پارێزراو بن ئەمە لە لایەک، لە لایەکی دیکە پێویستە ئامانج لە راپرسی بۆ راگەیاندنی دەوڵەت بێ، تا کوردستان لە عێراقدا بەهەر شێوەو بابەتێ ، بە هەر بیانویەک مافی سەربەخۆیی لێ زەوت بکرێ ، کوردستان کۆلۆنیە و نابێ چیدیکە ژێردەستەیی قەبوڵ بکرێت.
لەو قۆناغەدا دەبێ:
A- ڕەوتی مڵملانی ئاراستەی دەرەکی و نەیارانی سەربەخۆیی بکرێ، دۆزی سەربەخۆیی وەک مەسەلەیەکی سەرەکی گەلی کوردستان تێکەڵ بە مەسەلە لاوەکییەکان نەکرێ.
B- پرسی سەربەخۆیی بە خواستی رەوای خەڵکی کوردستان ببەسترێتەوە، نەک بەوەی چ دەوڵەتێک پشتگیری دەکات و چ دەوڵەتێک دژایەتی دەکا.
C- ڕێی سەربەخۆیی ئەوەندە ئەستەم نەکرێ ، خەڵک بترسێندرێ و ئاو لە ئاشی نەیارانی سەربەخۆیی بکرێ، ئەوەندەش بە بێ باک باس نەکرێ، چونکە سەربەخۆیی بێ ئاستەنگ نیە و بێ ئاستەنگ نابێ ، بۆیە پێویستی بە جۆرێک لە قوربانیدانە.
D- دڵنیایی تەواو بە نەتەوەو پێکهاتە ئایینییەکانی دیکەی کوردستان بدرێ، تا ترسیان لە ئایندەیان نەبێ.
2 ـ قۆناغی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان:
ئەگەر ئەنجامی راپرسی بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی سەرکەوت، لێرەوە قۆناغی راگەیاندنی دەوڵەت دەست پێ دەکات. پێویستە ماوەی نێوان راپرسی و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان دیار و کورتخایەن بێ، لە هەموو ئاستەکان ئامادەکاری بۆ ئەو قۆناغە بکرێ. لێرەوە پێویستمان بە پەیمانی سەربەخۆیی هەیە، پێش ئەوەی بێمە سەر پەیمانی سەربەخۆیی دەبێ وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە، وەک هەندێک وەک پێشمەرجی سەربەخۆیی باسی دەکەن، ئایا پێش راگەیاندنی سەربەخۆیی دەبێ هەموو ئامادەکارییەک لە رووی سیاسی و ئابووری و سەربازی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی کرابێ، ئینجا سەربەخۆیی رابگەیەندرێ، یان دەشێ بەشێک لەو ئامادەکاریانە کرابن، بێگومان هەموو ئامادەکاریەک هەر ناکرێ، بەڵام ئەگەر لە 25 ساڵی رابردوو بە ئاراستەی سەربەخۆیی هەنگاو بنرایە، بێگومان ئێستا زۆرترین ئامادەکاریمان دەبوو.سەرباری ئەوەش هیچ دەوڵەتێک پێش راگەیاندنی سەربەخۆیی هەموو ئامادەکارییەکی نەبوەو نیە، یاسای نێودەوڵەتیش ئەمەی بە مەرج دانەناوە، بەڵکو قەبوڵ ناکا بکرێ بە مەرج و بیانوو، وەک لە راگەیاندنی بەخشینی سەربەخۆیی بە وڵاتان و گەلانی کۆڵۆنیکراو بڕیاری کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارە: 1514 (د ـ 15) ی 14 ی کانوونی یەکەمی 1960 بە پێی خاڵی (3) هاتووە: ( هەرگیز ناشێ کەمو کوڕیی لە مەیدانی سیاسی یان ئابووری یان کۆمەڵایەتی یان پەروەردەیی بکرێتە بیانوویەک بۆ دواخستنی سەربەخۆیی ).
هەرێمی باشووری کوردستان سەرەڕای کەمو کوڕییەکانی، بەڵام لە ئێستا نیمچە دەوڵەتێکە، دەبێ لە نێو ئەو گۆڕانکاریانەی لە ناوچەکە و دەوروبەرمان دا روودەدا، سەربەخۆیی بکەین بە دیفاکتۆی نێو هاوکێشەکان و هەستی خۆ بە کەمزانین و قەبوڵکردنی ژێردەستەیی و فەرمانڕەوایی نەتەوەی سەردەست تووڕ دەین. تا زنجیری ژێردەستیی نەپسێنین، تا گەل و خاک و وڵاتەکەمان ئازادکراو، رزگارکراو و سەربەخۆ نەبێ، بە کردەنی لە نێوخۆدا شەڕی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و سەروەری یاسا و دەوڵەتداری دەست پێ ناکا. لەو پێناوەدا دەبێ پەیمانی سەربەخۆیی هەندێ پرانسیپ لە خۆبگرێ، وەک پەیمانێک و هێڵی ستراتیژی رەنگڕێژی دەوڵەتی کوردستان بکا. کە دەوڵەتی کوردستان بە پێی ئەو بنەمایانە بینا بکرێ:
1 ـ ئازادی تاک و مافی یەکسان و هاوڵاتیبوون .
2 ـ چەسپاندنی مافی نەتەوە و پێکهاتەکان.
3 ـ بێ جیاوازی رێزگرتن لە ئایین و ئایینزاکان.
4 ـ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتدارێتی حزبی و چەسپاندنی بنەماکانی دەوڵەتی دامەزراوەکان .
5 ـ رێکخستنەوەی سوپا و پۆلیس و ئاسایش لەسەر بنەمای نیشتمانی دوور لە هەژموونی حزبی.
6 ـ چەسپاندنی سەروەری یاسا و جیا کردنەوەی دەسەڵاتی جێبەجێ کردن و یاسا دانان و دادوەری.
7 ـ چەسپاندنی سیستەمی دیموکراسی پەرلەمانی و دەستاو دەستکردنی دەسەڵات بە شێوەی ئاشتیانە لە رێگەی هەڵبژادنەوە.
8 ـ دەستەبەرکردنی شەفافیەت لە سەروەت و سامانی وڵات.
9 ـ دەوڵەتی کوردستان پابەند دەبێ بە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و جاڕی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ.
10 ـ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تووندوتیژی.
11 ـ دەوڵەتی کوردستان ئاشتی دۆست و فاکتەری تەناهی دەبێ لە ناوچەکەدا.
12 ـ دەوڵەتی کوردستان پشتگیری لە مافی چارەنووسی گەلان و چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی رەوای گەلی کورد دەکا لە بەشەکانی دیکەی کوردستان.
بۆ مامەلە کردن لە گەڵ دەوڵەتانی دەوربەر، دەبێ بە روونی و راشکاوی پێیان رابگەیەنرێ کە کوردستان بە راگەیاندنی دەوڵەت لە دراوسێیەتی ئەوان بارناکا و ناگوازێتەوە بۆ کیشوەرێکی تر، کوردستان دەستکاری سنوور ناکا لە گەڵ ئەو دەوڵەتانە، بۆیە لە سەر بنەمای هاوسێیەتی و رێزگرتنی بەرانبەر پێویستمان بە هاوکاری دۆستانە هەیە، هاوکاری دۆستانە لە بەرژەوەندی هەموان دایە، لە خزمەتی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە دایە، ڕێگرتن لە ویستی گەلی کوردستان بۆ سەربەخۆیی خزمەتی ئەو ئامانجە ناکا، لەو سەردەمەدا ناکرێ چیدیکە گەلی کوردستان ژێردەستە بێ، خەڵکی کوردستان سەپانی بابی کەس نیە، کوردستان دەستی دۆستایەتی بۆ هەموو لایەک درێژ دەکا، بە پێچەوانەوەی ئەوەش هەر خەڵکی کوردستان زەرەر ناکا.وەک هەمیشەش دەرکەتوە تا سەر پێش بە ویستی گەلان ناگێرێ بۆ رزگاری و سەربەخۆیی.
لە بارەی ئەو پرسیارەی کە ئایا راپرسی بێ رەزامەندی عێراق دەستووریە، یان دەستووری نیە، بەر لە هەر شتێ ئەگەر راپرسی و راگەیاندنی دەوڵەت بە رێکەوتن بێ لە گەڵ عێراق بە رێگەیەکی ئاسایی تێدەپەڕێ، بەڵام کاتێ ئەمە مەیسەر نەبێ، ناکرێ کوردستان هەر لە چاوەڕوانی بێ، ئەمە لە لایەک و لە لایەکی تر، راستە لە دەستووری عێڕاق بە راشکاوی راپرسی ڕێپێدراو نیە، بەڵام هیچ مادە و بڕگەیەکیش لە دەستوور رێگر نیە، بە شێوەی گشتی دەستووری هەر وڵاتێک جەخت لە سەر سەروەری وڵات و پاراستنی یەکێتی خاکی وڵات دەکا، بەڵام لە ئاستی نێودەوڵەتی جیاوازی لە نێوان جیابوونەوە و جیاکردنەوە دەکرێ، کە جیابوونەوە مۆرکێکی نێوەخۆیی و جیاکردنەوە مۆرکی دەرەکی هەیە، لە ئاستی نێودەوڵەتی بۆ یەکەمیان دوور لە دەستوەردان هاوکاری پێشکەش دەکرێ، بەڵام بۆ دووەمیان رەتدەکرێتەوە، وەکو جیا کردنەوە و دابەش کردنی قوبرس لە لایەن تورکیا. سەرباری هەموو ئەمانەش بە پێی مادەی / 8 دەستووری عێراق ، دەوڵەتی عێراق خۆی پابەندی پابەندییە نێودەوڵەتییەکان دەکا. واتە عێراق دەبێ رێز لە راپرسی خەڵکی کوردستان بگرێ، بۆ بڕیاردان لە مافی چارەنووس.
دەبێ پاش راپرسی دەست بە گفتوگۆ بکرێ لە گەڵ عێراق، هەوڵبدرێ پرسی سەربەخۆیی و دیاری کردنی سنوور لە نێوان هەردوولا بە شێوەی ئاشتیانە و دیالۆگ یەکلا بکرێتەوە، لە سەر بنەمای دوو دراوسێی باش و هاوکار لە زۆر بار و بواری جیاواز. بۆ ئەو مەبەسته داوای کۆمەک لە u n و وڵاتە دۆستەکان بکرێ. بە پێچەوانەی ئەوەش کوردستان بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەکاری بکا.
دانپێدانانی نێودەوڵەتی:
International Recognition
بەپێی رێسا نێودەوڵەتییەكان، دانپێدانان ئیلتیزامێكی نێودەوڵەتی نیە لەسەر دەوڵەتان، یاسای نێودەوڵەتی داوا لە دەوڵەت ناكا، دان بە دەوڵەتێكی تر بنێت، ئەو مەسەلەیە بۆ بڕیاری هەر دەوڵەتێك دەگەڕێتەوە، دوو تیۆری جیاواز هەیە، بۆ دانپێدانان بە دەوڵەتدا:
1- تیۆری دانپێدانانی پێكهێنەر (المنشئ ):
بەپێی ئەم تیۆرییە بەبێ دانپێدانان، دەوڵەتی نوێ نابێتە خاوەن كەسایەتی یاسای گشتی نێودەوڵەتی، ئەگەرچی لەرووی كردارییەوە بەپێچەوانەی بنەمای ئەو تیۆرییە سەلمێنراوە، كاتێك دەوڵەتێك دان بەدەوڵەتێكی تر نانێتو دواتر لەهەندێ رووداو بە بەرپرسیاری دادەنێ.
2- تیۆری دانپێدانانی دەرخەر( الاقرار/ الكاشف) :declaratory theory
ئەم تیۆرییە لە رووی لۆژیكەوە پتر لایەنگیری هەیە، پەیمانگای یاسای نێودەوڵەتی لەخولی برۆكسل ساڵی 1936 جەخت لەسەر ئەم تیۆرییە دەكاتو دانپێدانان بەم شێوەیە باس دەكات: ( دانپێدانان بریتی یە لە ویستی ئەو دەوڵەتانە بۆ وەرگرتنی دەوڵەتە نوێیەكە وەك ئەندامێك لەگەڵ خۆیان، ئەم كارەش تەنها كارێكی دەرخەرە”كاشف”، بە نەبوونی لەشوێنەوارە یاساییەكانی بوونی دەوڵەتە نوێیەكە كەم ناكاتەوە)، چونكە دەوڵەتی نوێ ئەگەر مەرجەكانی دەوڵەت بوونی تێدابێ، خۆی بوونی هەیەو خاوەن كەسایەتی نێودەوڵەتییە، دانپێدانان تەنیا دەربڕینێكە بەبوونی ئەو دەوڵەتەدا، كە لەلایەن دەوڵەتانی دانپێدانراوەوە دەردەچێت، دانپێدانان شوێنەواری گرنگی یاساییو سیاسی لەنێوان دەوڵەتە نوێیەكەو ئەو دەوڵەتەی دانی پێداناوە لێدەكەوێتەوە.کە چەند شێوەو جۆری هەیە:
1- دانپێدانانی واقیعی(De facto) ، دانپێدانانی یاسایی(De jure).
2- دانپێدانانی ئاشكرا ( Explicit recognition)، دانپێدانانی نائاشكرا(Implicit recognition).
3- دانپێدانانی بەتاك( Individual)، دانپێدانانی بەكۆمەڵ(Collective).
4- دانپێدانانی مەرجدار(Conditional)، دانپێدانانی بێ مەرج(Non_conditional).
قەبوڵكردنی ئەندام لە UNدا:
ئەندامێتی لە (UN) ، بەپێی مادەی (4) ی پەیمانی نەتەوەیەكگرتوەكان، كۆمەڵێك مەرجی بابەتیو رواڵەتی (رێكاری) هەیە:
یەكەم: مەرجە بابەتییەكان ( الشروط الموضوعیة):
1- ئەو كیانەی داوای ئەندامێتی لە (un) دەكا، پێویستە دەوڵەت بێو سێ كۆڵەگەی سەرەكی (گەلێكی بەردەوام، هەرێمی دیاریكراو، حكومەتێكی سەربەخۆ) ی هەبێ.
2- پێویستە ئەو دەوڵەتە، دەوڵەتێكی ئاشتیخواز بێت.
3- پێویستە ئارەزووی بۆ جێبەجێكردنی ئەركو پابەندێتی پەیماننامەی نەتەوەیەكگرتووەكان هەبێ.
4- پێویستە توانای جێبەجێكردنی ئەو ئەركو پابەندیانەی هەبێ.
دووەم: مەرجە رواڵەتی- رێكارییەكان ( الشروط الشكلیة):
دەوڵەتی نوێ داوا پێشكەش بە سكرتێری گشتی un بكاتو داوای ئەندامێتی بكاتو بەڵێن بدا كە هەموو ئەركو پابەندییەكانی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتوەكان جێبەجێ دەكاتو پابەندی بڕیارەكانی نەتەوەیەكگرتوەكان دەبێ.
Aـ ئەم داوایە لەلایەن سكرتێری گشتی دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشو كۆمەڵەی گشتی.
Bـ دوای دیراسەكردنی داواكە لەلایەن (لیژنەی قبوڵكردنی ئەندامێتی نوێ) داواكە دەخرێتە بەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش كە ژمارەیان (15) ئەندامە. (5) ئەندامی هەمیشەییو (10) ئەندامی ناهەمیشەیی.
Cـ ئەنجومەنی ئاسایش بۆ پەسەندكردنی ئەم داوایە لەكۆی(15) ئەندام پێویستە بەلانی كەم (9) ئەندام رەزامەندی لەسەر بدات، بەمەرجێ هیچ یەك لە پێنج ئەندامە هەمیشەیەكە (وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، فەرەنسا، بەریتانیا، چین، و روسیا) مافی ڤیتۆ دژ بە داواكە بەكارنەهێنن.
Dـ دواجار پێشنیارەكەی ئەنجومەنی ئاسایش دەخرێتە بەردەم كۆمەڵەی گشتی، بە 2/3 ی دەنگی دەوڵەتانی ئەندام پەسەند دەكرێ. ئینجا دەوڵەتی نوێ وەكو ئەندام هەموو مافو ئیمتیازتێكی دەبێ.
3 ـ قۆناغی دانپێدانانی نێودەوڵەتی:
دانپێنانی بە دەوڵەتی نوێ، پێویستییەکی کرنگە بۆ ئەوەی وەک ئەندامێکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتان سوودمەند بێ، بەڵام دانپێدانان مەرجی بە دەوڵەتبوون نیە، وەک عورف و رێز گرتن لە یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان، ئیعترافکردن بە پێش راگەیاندنی دەوڵەت ناکەوێ، چونکە ئەمە بە پێشێلکردنی سەروەری دەژمێردرێت. بۆیە تا راگەیاندنی دەوڵەت هەڵەیە میدیای کوردی داوای دانپێدانان لە بالیۆز و سەرکۆنسوڵی دەوڵەتان بکا، کە دان بە دەوڵەتی کوردستان دەنێن، یان نا، هەڵەیەکی زەقتر ئەوەیە هەندێک خۆیان دەکەن بە وتەبێژی دەوڵەتان و بە ئەرێنی یان نەرێنی لە باتی ئەوان لێدوان دەدەن.
لە نووسینی ئەم بابەتە سوود لەم سەرچاوانانە وەرگیراوە:
1 ـ الدكتور عصام العطية/ القانون الذولي العام – بيروت 2015.
2 ـ ميثاق الامم المتحدة.
3 ـ پ.ی.د تالیب رەشید یادگار/ بنەما گشتییەکانی یاسای نێودەوڵەتی. چاپی دووەم 2013.
4 ـ ئاسۆ کەریم/ دەستوور ، مافی چارەی خۆنووسین، فیدراڵیزم و ریفراندۆم. هەولێر 2008.
5 ـ د. عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق مەحمود/ هۆکارە نێودەوڵەتییەکانی سەرکەوتنی راگەیاندنی دەوڵەت.2013.
6 ـ سەید تایەر حەمە ئەمین/ دەوڵەتی یاسا. سلێمانی2003
- Latest Posts by
بێکەس قادر: پرسی ڕاپرسی و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی باشووری کوردستان.
- All Posts