ئیبراهیم عهباس: بۆچی پارتی بەدوای دواخستنی ریفراندۆمەوەیە؟
ئەگەرچی بۆ مانگێک دەچێت بارزانی، لە کوبوونەوەیەکدا حزبەکانی ناچارکرد، لە 25 ئەیلولی ئەمساڵ گشتپرسییەک ئەنجام بدرێت، بەڵام تا ئەم ساتەوەختە جگە لە پارتی تاکە حزبێک و تەنانەت کەسایەتییەکی سیاسی ناوحزبەکانی تر، بانگەشەیان بۆ ئەو ریفراندۆمەی بارزانی نەکردووە، لە کاتێکدا لە هەفتەی یەکەمی دیاری کردنی رۆژی ریفراندۆمەوە، پارتی کەوتۆتە بانگەشەیەکی گەرم، هەر ئەوەندەشنا، کەوتۆتە بەخیانەت ناساندنی ئەو کەسە هوشیارانەی دوای دوا خستنی ریفراندۆم دەکەن، چونکە گوایە دواخستنی ریفراندۆم خیانەتەو هەرچی داوای کردبێت پیاوی مالیکی و ئێرانە!
بەڵام چەندین زانیاری وردم لایە، کە پارتی نێچیرڤان بارزانی راسپاردووە، رێگایەک لە رێگای حزبەکان و دوایش لە رێگای پەرلەمانی کوردستانەوە بدۆزنەوە، تا ریفراندمی پێ دوابخەن! لێدوانەکانی هوشیار زێباری بۆ دوورخستنەوەی زیاتری بزوتنەوەی گۆڕان و سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ لای مامۆستا سەلاحەدین بەهائەدین، بەشێکن لەم هەنگاوەی پارتی بۆ خۆدزینەوە لە ئەنجامدانی ریفراندۆم.
ئەمەش دوای ئەوەی ئیدارەی ئەمریکا بە فەرمی بە پارتیان راگەیاندووە، کە نابێت لە ئێستادا ریفراندۆم بکرێت. بەڵام وەڵامی پارتی لای ئەمریکییەکان ئەوەبووە کە دەتوانن ریفراندۆم دابخەن، بەڵام بەو مەرجەی ئەمریکییەکان خۆیان ساتی دواخستنەکە تا کاتێکی تر دیاری بکەن و نووسراوێکی فەرمیش لەنیواندا هەبێت، کەچی ئەمریکییەکان ئەمەشان رەتکردۆتەوە. لەبەر ئەوە پارتی بەدوای رێگایەکە تا خۆی لە ئەنجامدانی ریفرانۆمەکەی ئەیلولی ئەمساڵ بدزێتەوە.
ئەوە جگە لەوەی بۆ پارتی قورسە کەمپینی نەخێر هەبێت، کە بێگومان ئەو کەمپینەش دەچێتە بواری راگەیاندن و جێبەجێ کردنەوە، ئەمە جگە لەوەی بردنەوەی بەرەی نەخێر ئەگەرێکی کراوەو بەهێزە، ئەوە جیا لەوەی لە ناوچەکانی ئێدارەی پێشووی سلێمانی دەنگی بەڵێ هێندە کەم دەبێت، پارتی روبعێکی دەنگی مووچەخۆرانی خۆی لەو ئیدارەیەش ناهێنتەوە.
پێچەوانەی پێشبینییەکانی پارتی، ریفراندۆم نابێتە ئەو کارتەی بارزانی لە کورسییەکەی بهێڵێتەوەو ئاستەنگە عێراقی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیانیش هێندەی تر بوونە مایەی گۆشەگیربوونی پارتی، لە کاتێکدا پێشبینیان دەکرد بەهۆی کارتی ریفراندۆمەوە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا هەمیشە پێیەکیان لە هەولێر دەبێت، نەک ئەوە رووینەدا، بەڵکو دەرگای ئەوروپاو ئەمریکاش تا ئاستی گۆشەگیری لە پارتی و خودی کاک مەسعود داخرا.
لەبەر ئەم هۆکارانەو دەیان هۆکاری تر پارتی پێوەیە رێگایەیەکی سەلامەت بۆ دواخستنی ریفراندۆم بدۆزێتەوە، رێگایەک کە لانی کەم تا هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەڵبژاردن لە کوردستان دوابخات و ئەو ساڵەش بارزانی لە پۆستەکەی بمێنێتەوە. کە ئەمەش ئاستەنگەکانی زۆرن و بەجۆرێک نەک گۆڕان و کۆمەڵ، بۆ یەکێتیش ئاسان نییە، بێ ئیمتیازێکی گەورە و رازیردنی گۆڕان، بچێتە ژێر ئەو داوایەی پارتی.